ڕاپۆرتی کوردستانی

03:15 - 09/02/2019

چیرۆكی خه‌مناكی شه‌هیدكردنی محه‌مه‌د‌

پەیسەر

لە "سلۆپی"یم. دەچمە ماڵێكی زۆر نەدار لە گەڕەكی "قارشیقایا". لە گۆشەیەكی ژوورەكەدا چەند دۆشەكێكی خەوتن لەسەر یەكتر دانراون، سۆپایەكی كارەبایی هەڵكراوە. لەسەر دیوارەكە وێنەی منداڵێكی بچووك هەڵواسراوە، ناوی محەمەدە، "محەمەد مەتە".
لەگەڵ باوك و دایكی دانیشتووین. باوك لە رابردوو دا شوفێری تڕێلە بوو، لە ئێستادا وەكو چەندین شوفێری دیكەی سلۆپی بێكارە. قژی ماش و برنجی بووە، چاوەكانی رەش و گەورەن، لەناكاو كچێك لە قوتابخانە دەگەڕێتەوە. كچەكە ناوی "مەرجان"ە، دووانەی محەمەدە. 
دایكی وێنەی محەمەدم بۆ دێنێت. دەست بە گێڕانەوەی چیرۆكی ستەمكارانەی كوشتنی كوڕەكەی دەكات:" محەمەدم كوژرا، بچووك بوو. بەڵام كەس پێینەزانی و باسی نەكرد". ئەم نووسینە بۆ گوێگرتن لە دەنگی محەمەد كە كەس گوێی لێنەبووە و لەسەر ئارەزووی دایكی دەنووسم.

رۆژی 21 كانوونی یەكەمی 2015، كە حەوت رۆژ بوو لە سلۆپی قەدەخەی هاتوچۆ راگەیەندرابوو، باوكی محەمەد شوفێری تڕیلە بوو، بەر لە راگەیاندنی قەدەخەی هاتوچۆ لە عێراق بوو. دایك بە تەنیا لەگەڵ چوار منداڵەكەی لە گەڕەكی قارشیقایا لە ماڵەكەی دابوو. 

كاتێك دەنگی چەك و بۆمبا زیاتر دەبێت ترسیان لێ دەنیشێت، لەبەر ئەوەی پێیانوایە پارێزراوترە لە كۆڵانەكەی بەرامبەریان دەچنە ماڵی مامی محەمەد كە دەكەوێتە پشت مزگەوتی گەڕەكەكە. 

ئەو رۆژە ساڵیادی لە دایكبوونی محەمەدە، پێی دەنایە تەمەنی 11 ساڵی. لەسەر قه‌ره‌وێڵه‌كه‌ پاڵ كەوتبوو كە شوێنی نووستنی بوو، بەڵام خەوی لێنەكەوتبوو. هەردوو خوشكەكەشی بە ئاگابوون، لە نزیك محەمەد بوون. "غوربەت"ی دایكی خەریكی راخستنی سفرە بوو. لەو كاتەدا پارچە تەقەمەنیەكی گەورە بەر ماڵەكە دەكەوێت و نیوەی سەری محەمەد دەبات كە لەسەر جێگای خەوتن راكشاوە. منداڵەكانی ناو ژوورەكە هاوار بۆ دایك و ئەوانەی دیكە دەبەن. 


محەمەد لەوێ گیان لەدەستدەدات. دایك چەندین جار تەلەفۆن بۆ پۆلیس دەكات، تاوەكو ئەمبولانس رەوانە بكەن، بەڵام ئەمبولانس نانێرن. لە ناو قوڕ و زێلاقەدا كە بارانێكی بە خوڕ دەباری، بە هاوكاری دراوسێكانیان، بە زەحمەتیەكی لە رادەبەدەر تەرمی محەمەد دەگەیندرێتە مزگەوت و بە مزگەوتی دەستپێرن كە چۆڵە و كەسی لێنیە.
بەم شێوەیە تەرمی محەمەد دوو هەفتە لەوێ دەمێنێتەوە. دایك كاتێك رووداوەكە دەگێڕێتەوە دەڵێت:" هەرچیمان كرد ئەمبولانسیان بۆ نەناردین. دوای 16 رۆژ پۆلیس تەرمی محەمەد لە مزگەوت هەڵدەگرێت و دەباتە شەڕنەخ. دوای ماوەیەكی زۆر لە گەڕان بەدوای تەرمەكەیان خانەوادەكەی دەزانن كە تەرمەكەیان بردۆتە مەیتخانەی شەڕنەخ. 
دوای حەوت رۆژ بەبێ ئەوەی خانەوادەكەی ئاگادار بكەنەوە، تەرمی محەمەد بەخاك دەسپێرن و به‌خاكسپاردنه‌كه‌شی دوای تێپەڕبوونی 23 رۆژ بەسەر مردنه‌كه‌یدا، بەڵام بەبێ ئەوەی ئازیزانی داوای گەردەن ئازادبوونی لێبكەن. 


ماوەیەك دوای مردنی محەمەد پۆلیس لە دەرگای ماڵیان دەدەن، دایك هاتنی پۆلیس لەم رۆژەدا بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە: " بەجارێك بینیم پۆلیس هاتوون. پرسیاریان كرد محەمەد چۆن مردووە. منیش گووتم ئێوە محەمەدتان كوشت. ئەوانیش گووتیان ئێمە نەبووین، پەكەكە محەمەدی كوشت. منیش ئەمجارە گووتم بەخوای ئێوە كوشتان. پەكەكە تانك و تۆپی نیە. ئەوان بە تانك و تۆپ هێڕشیان نەكردۆتە سەر ئێمە. ئێوە خاوەن تانك و تۆپن. ئێمە سڤیلین، ئەندامی پەكەكە نین. شەڕ لە دەوروبەری ئێمە روویدا. محەمەد لەناو جێگادا كوژرا. ئەگەر بە هەزار ساڵ حوكمی زیندانیم لەسەر بسەپێنن، هەر بەردەوام دەبم لەسەر دووبارەكردنەوەی ئەم قسەیە". 
دواتر خانەوادەكە لەدژی دەوڵەت سكاڵا دەكات، بەڵام سكاڵایان لێ وەرناگیرێت. 

دوای مردنی محەمەد خانەوادەكە بە تەنیا دەمێنێتەوە. دایكە غوربەت لەمبارەیەوە دەێت:" دراوسێكانیش پرسیاریان نەكردین. مردنی محەمەد نەبووە هەواڵ. لەسەرە خۆشیشدا بەتەنیا بووین. كەس گوێی لە شین و رۆرۆیی ئێمە نەبوو". 


پرسیاری لێدەكەم:" هیچ داوایەكت لە من هەیە؟"
دایك دەڵێت:" محەمەد لەناو جێگادا كوژراوە. تەمەنی 10 ساڵان بوو. دەبێت ئەم تاوانە لەبیر نەكرێت. كوژرانی كوڕەكەم بزر نەكرێت. پێویستە هەموو جیهان ئەوە بزانێت، كە منداڵێكی 10 ساڵانە لەناو جێگادا كوژراوە. داوای ئێمە لە بیر مەكە، چونكە خەفەت دەخۆم". 
كاتێك گوێم لە دایكە غوربەت گرت، منیش خەفەتم خوارد. گوێمان لە محەمەد نەبوو، هەروەها گوێمان لە چەندین مردنی دیكەی سلۆپی نەبوو. ئەم نووسینە بۆ دایكە غوربەتە، بۆ محەمەدە، بۆ هەموو ئەو منداڵانەیە كە لەناو جێگادا كوژراون. بۆ ئەوەی ئەوان لە بیر نەكرێن.


نووسینی: نورجان بایساڵ
سەرچاوە: پێگەی ئەحواڵی توركی