09:05 - 09/02/2019
پێشمه‌رگه له قوڵایى پڕۆژه‌یه‌كى هه‌ستیاردایه له كه‌ركوك
گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه بۆ
ناوچه جێناكۆكه‌كان له ماوه‌یه‌كى كه‌مدا هه‌نگاوى زۆر چووه پێش،
ئه‌مه‌ریكا ئه‌ندازیارى پرۆسه‌كه‌یه و فشارده‌كات تا به‌زوویى به‌غدا و
هه‌ولێر بگه‌نه ئه‌نجام بۆ پاراستنى ناوچه جێناكۆكه‌كان، ستراتیژى نوێى
ئه‌مه‌ریكا بۆ گرنگیپێدانى زیاتر به عێراق و سفركردنه‌وه‌ى رۆڵى حه‌شدى
شه‌عبییە و هه‌ستیارى ئه‌و وڵاته‌ش به‌رامبه‌ر رۆڵى توركیا له كه‌ركوك
وایكردووه، واشنتن په‌له‌ى بێت له دروستكردنى دۆخێكى نوێ له كه‌ركوك و
ناوچه جێناكۆكه‌كان، بۆیه‌ش هه‌رێم به شپرزه‌یى خۆیه‌وه كه‌وت به‌سه‌ر
دانوستانى گرنگدا.
ئێستا لیژنه هونه‌رییه‌كانى پێشمه‌رگه و سوپاى عێراق سه‌رقاڵى داڕشتنى
نه‌خشه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌كه‌ن، حكومه‌تى عێراقیش له‌ژێر فشارى ئه‌و دۆخه
نوێیه‌ى هاتووه‌ته گۆڕێ هه‌رزوو له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه كه‌وته گفتوگۆ،
هه‌رێمى كوردستانى راكێشایه ناو دانوستانى گرنگ و چاره‌نوسساز، به‌پێى
ئه‌و لێكتێگه‌یشتنه‌ى هه‌ردوولا پێى گه‌یشتوون له‌شه‌نگاله‌وه تا خانه‌قین
پێشمه‌رگه هاوشانى سوپاى عێراق بوونى ده‌بێت، به‌ڵام بوونێكى جیاوازتر
له‌قۆناغى پێش داعش، به‌ڵكو له‌ژێر چاو‌دێر و سه‌رپه‌رشتى به‌غداو ژوورێكى
هاوبه‌شى سه‌ربازیى ده‌بێت.
له سه‌روبه‌ندى سه‌ردانه نهێنییه‌كه‌ى
تره‌مپ بۆ عێراق له كۆتایى ساڵى رابردوو، و هه‌نگاوه‌كانى واشنتن بۆ
كشانه‌وه له سوریا، جموجوڵى خێرا له عێراق دروستبوون ئه‌مه‌ریكا له
یه‌ك كاتدا داواى سه‌ربازگه‌كانى پێشووى كرده‌وه كه پێش كشانه‌وه تێیدا
جێگیربوو، هاوكات سه‌رۆكى ئه‌و وڵاته دڵنیایى دا كه له‌عێراق
ناكشێنه‌وه، دوایین لێدوانیشى له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بایه‌خى زۆرى كۆشكى
سپى پێوه‌دیار بوو بۆ عێراق، تره‌مپ گوتى ئه‌وان له عێراقه‌وه چاودێرى
وردى ئێران ده‌كه‌ن.
له‌وكاته‌وه تره‌مپ رووى به‌ره‌و عێراق وه‌رگێڕاوه، پێگه‌ى حه‌شدى شه‌عبى
رووى له لێژییه، هه‌رچه‌ند به‌رپرسانى ئه‌و هێزه لێدوانى توند له‌سه‌ر
بوونى عێراق ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا ده‌گه‌ڕێته‌وه هه‌ر ناوچه‌یه‌ك
حه‌شد له‌وێ جێگه‌ى له‌ق ده‌بێت، هه‌ستیارترین ئه‌و ناوچانه‌ش ناوچه
جێناكۆكه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدان، ئه‌مه‌ریكا به قورسایى سیاسى و
سه‌ربازى زیاتر سه‌رى كردووه‌ته كه‌ركوك، بۆیه‌ش له‌وێ هێزى هاوبه‌شى
هه‌ردوولا به‌گرنگ ده‌زانێت، بوونى گروپه‌كانى حه‌شدیش كه سێبه‌رى ئێرانن
بۆ ئه‌مه‌ریكا هه‌ستیارى زۆرى هه‌یه.
خواستى زۆرى ئه‌مه‌ریكا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌و گۆڕینى بارودۆخى كه‌ركوك،
له‌هه‌مان كات هه‌ستیارى ئه‌و وڵاته له زیادبوونى پێگه‌ى گروپه‌كانى
حه‌شدى شه‌عبى و ئێران و توركیاش، هاوكێشه‌یه‌كى نوێى هێنایه ئاراوه،
پێده‌چێت ئه‌و هاوكێشه‌یه ده‌ستى كورد بگرێت و ئه‌وه‌ى به‌چه‌ك
له‌ده‌ستیدا به‌شێكى بۆ بگێڕێته‌وه، له‌كاتێكدا پێگه‌ى هه‌ولێر له‌دواى
ریفراندۆمه‌وه هه‌م به‌رامبه‌ر به‌غدا لاوازبوو هه‌م لاى وڵاتانیش
گۆڕانكارى به‌سه‌رداهات، به‌ڵام قۆناغێكى نوێ واده‌خوازێت ده‌ستى
پێشمه‌رگه بگاته‌وه كه‌ركوك، كه له‌دواى ١٦ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه له‌دوره‌وه
سه‌یرى ئه‌وشاره ده‌كات.
بڕیارە ئه‌م هه‌فته‌یه پێنج لیژنەی
وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە بۆ دیاریكردنی ئەو شوێنانەی
پێشمەرگە بۆی دەگەڕێتەوە كۆببنەوە، به‌پێى ئه‌و ئه‌نجامانه‌ى هه‌ردوولا به
سه‌رپه‌رشتى ئه‌مه‌ریكا پێى گه‌یشتوون پێشمه‌رگه و سوپاى عێراق
ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى پێش هاتنى داعش هه‌یانبوو بۆ
به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌و ناوچانه، به‌ڵام ره‌نگه پێشمه‌رگه وه‌ك ئه‌وكات
ده‌ستكراوه نه‌بێت، به‌وپێیه‌ى هه‌م ناوچه‌كانى دیاریده‌كرێت، هه‌م
مووچه‌كه‌شى له‌به‌غداوه دێت و بڕیاره له‌ژێر سه‌رپه‌رشتى به‌غداش
بمێننه‌وه له‌وناوچانه.
پێش ٢٠١٤ پێگه‌كانى پێشمه‌رگه دیارینه‌كرابوو، به‌ڵام له‌م
گه‌ڕانه‌وه‌یه‌دا جوڵه و پێگه‌كانى پێشمه‌رگه دیاریده‌كرێت ئه‌مه‌ریكا
مه‌به‌ستیه‌تى ئه‌و هێزه‌ى پێشمه‌رگه ده‌گه‌ڕێته‌وه لیواكانى وه‌زاره‌تى
پێشمه‌رگه‌بن نه‌ك هێزه‌كانى یه‌كێتى و پارتى، هه‌روه‌ها فشار ده‌كات بۆ
ئه‌وه‌ى زوو رێككه‌وتنه‌كان بچێته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه بۆیه له
ئێستاوه ناوچه هاوبه‌شه‌كان بۆ پێنج میحوه‌ر دابه‌شكراون و هه‌ردوولا
پاراستنى سنورى ئه‌و پێنج میحوره‌یان له ئه‌ستۆ ده‌بێت، كه
میحوه‌ره‌كانى(كه‌ركوك، دیاله، رۆژئاواى موسڵ، رۆژهه‌ڵاتى موسڵ،
سه‌لاحه‌دین)ە هاوكات ژوورێكى ئۆپه‌راسیۆنى هاوبه‌ش سه‌رپه‌رشتى
ئیشوكاره‌كان ده‌كات كه پێشمه‌رگه و سوپاى عێراق و ئه‌مه‌ریكاش
له‌ژووره‌كه‌دان.
به‌پێى پلانه‌كه‌ى ئه‌مه‌ریكا، ناوچه جێناكۆكه‌كان خاڵییه له ده‌سه‌ڵاتى
گروپه چه‌كداره‌كان، به‌تایبه‌تى حه‌شدى شه‌عبى، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت هێزى
فه‌رمى هه‌رێم و عێراق له‌وێ هه‌بن، له شه‌نگاله‌وه تا خانه‌قین ئه‌و
هێزانه ده‌یپارێزن و پێشمه‌رگه‌ش به درێژایى سنوره‌كه هه‌یه، جه‌بار
یاوه‌ر ئه‌میندارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه ده‌ڵێت، چاوه‌ڕێى ته‌واوبوونى
كارى ئه‌و لیژنه هاوبه‌شانه‌ن كه پێكهاتوون بۆ چۆنێتى گه‌ڕانه‌وه‌كه.
یاوه‌ر بۆ په‌یسه‌رپرێس باسیله‌وه‌كرد،
ئێستا پێشهاتى نوێ رووى نه‌داوه له گفتوگۆكانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه و
وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى هه‌یه هه‌ر ئه‌وه‌یه كه
رایانگه‌یاندووه‌و ورده‌كارى گه‌ڕانه‌وه‌كه جارێ ده‌كه‌وێته سه‌ر
ئیشوكارى لیژنه‌كان و ئه‌وانیش چاوه‌ڕێى ته‌واوبوونى كارى لیژنه‌كان.
هه‌رچه‌نده له ئێستادا گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه بۆ ناوچه كێشه
له‌سه‌ره‌كان بۆ كورد گرنگییه‌كى تایبه‌تى هه‌یه، به‌ڵام پێناچێت كورد
ئه‌وه‌ى بییه‌وێت به‌ده‌ستى بێنێت، به‌وپێیه‌ى ئه‌مه‌ریكا سه‌رپه‌رشتى
دۆخه‌كه ده‌كات و ئامانجى سه‌ره‌كیشى دروستكردنى هاوسه‌نگییه،
له‌به‌رئه‌وه‌ى كورد ناتوانێت بۆ هه‌ژمونى جارانى بگه‌ڕێته‌وه‌و بوونى ئه‌و
له‌چوارچێوه‌ی سیاسه‌تى هاوسه‌نگى ئه‌مه‌ریكا ده‌بێت، هه‌روه‌ها
پێشمه‌رگه ناچێته ناوه‌ندى شاره‌كان و له ده‌ره‌وه سنوره‌كان
ده‌پارێزێت ئه‌وه‌ش به هاوبه‌شى ده‌كات له‌گه‌ڵ سوپاى عێراق.
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج چاودێرى سیاسى، پێى وایه ئه‌مه‌ریكا زیاد له
مه‌به‌ستێكى هه‌یه له‌پرۆژه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه، كه په‌یوه‌ندى
به به‌رژوه‌ندییه‌كانى واشنتنه‌وه هه‌یه له عێراق و ناوچه‌كه‌دا،
به‌ڵام پێشمه‌رگه هه‌رگیز به هێزى جارانه‌وه ناگه‌ڕێته‌وه، چونكه
ئه‌مه‌ریكا مه‌به‌ستى نییه هێزێك باڵاده‌ست بێت، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت
باڵانسێك هه‌بێت له‌نێوان پێكهاته‌كان له كه‌ركوك و ناوچه جێناكۆكه‌كانى
دیكه.
ئه‌و چاودێره بۆ په‌یسه‌ر گوتى"كورد ناچێته‌وه دۆخى جاران له باشترین
حاڵه‌تدا پێشمه‌رگه ده‌توانێت له سنورى ناوچه كوردییه‌كان رۆڵى هه‌بێت
له ناوچه‌كانى دیكه رۆڵى نابێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت
پێكهاته‌كانى ئه‌و ناوچانه هه‌ست به ئه‌مان بكه‌ن، هه‌روه‌ها پڕۆژه‌ى
دیكه‌شى هه‌یه له‌ناوچه‌كه و به‌دواى قازانج و بازاڕ و به‌رژه‌وه‌ندى
خۆیه‌وه‌تى، خودى عادل عه‌بدولمه‌هدیش كاریگه‌رى هه‌یه كه دۆستایه‌تى
له‌گه‌ڵ كورد هه‌یه".
ئه‌و دۆخه نوێیه‌ى له سه‌روه‌ختى
له‌دایكبووندایه له كه‌ركوك به‌رهه‌مى پێكدادانى گه‌وره‌ى
به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌مه‌ریكایه له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كانى له‌ناوچه‌كه،
به‌تایبه‌ت هێزو گروپه‌كانى نزیك له ئێران، به‌شێك له شیعه‌كان له
خواروى عێراق كارتێكى قورسیان دژى ئه‌مه‌ریكا راكێشاوه ئه‌ویش كردنه
ده‌ره‌وه‌ى هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كانه له رێگه‌ى په‌رله‌مانه‌وه، به‌ڵام
وه‌شاندنى ئه‌و به‌رده قورسه ئاسان نابێت، ئه‌مه‌ریكاش له‌ناوچه‌كانى
مادده‌ى ١٤٠ هاوكێشه‌یه‌كى نوێى ده‌وێت كه خۆى داڕێژه‌رى بێت ئێران بكاته
ده‌ره‌وه‌ى بزانه، كورد كه بۆ یه‌كه‌میان بێده‌نگى و بێلایه‌نى
هه‌ڵبژارد به‌ڵام بۆ ئه‌مه‌ى دوایین ده‌یه‌وێت شتێك بچڕێت.
کورد له كه‌ین و به‌ینى به‌ركه‌وتنى به‌رژه‌وه‌ندى زلهێزه‌كان پێده‌چێت
بكه‌وێته قۆناغێكى دیكه، به‌ڵام به‌وجۆره نا كه‌خۆى ده‌یه‌وێت، ئێران و
ئه‌مه‌ریكاش له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوكێشه نوێیه كۆك بوون كه ده‌ستى كوردى له
ناوچه‌كانى ١٤٠ هێنایه ده‌ره‌وه له ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر، هه‌م دۆخى ناوخۆى
كوردیش بۆ ئه‌و قۆناغه نوێیه ئاماده نییه و ته‌نانه‌ت یه‌كێتى و پارتى
له‌سه‌ر پارێزگارى كه‌ركوك رێكنه‌كه‌وتوون، ستراتیژێكى هاوبه‌شى كوردیى بۆ
ئه‌و ناوچانه بوونى نییه كورد له‌پێناوى شه‌ڕبكات.