ڕاپۆرتی کوردستانی

07:07 - 10/02/2019

ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى له‌سه‌ر مێزى دانوستانى حزبه‌كانه‌‌

فه‌رمان حه‌سه‌ن

ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى له‌ هه‌رێمى كوردستان، وه‌ك به‌ركه‌وته‌ى هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر مێزى دانوستانى لایه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌، یه‌كێتى و پارتى هه‌ریه‌كه‌یان هه‌وڵده‌ده‌ن زۆرترین جومگه‌ى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یان له‌ده‌ستبێت، هه‌رچه‌نده‌ به‌پێى ده‌ستور، یاسا كارپێكراوه‌كان، رێككه‌وتنامه‌و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌بێت دادگاكان سه‌ربه‌خۆبن ده‌سه‌ڵاتێكى باڵایان هه‌بێت کە دووربێت له‌هه‌ر هه‌ژمونێك و ناچنه‌ چوارچێوه‌ى رێككه‌وتنى سیاسى و به‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام ئێستا پۆسته‌كانى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ له‌نێو دابه‌شكارى سیاسى حزبه‌كاندایه‌.

په‌یسه‌ر پێشتر ئه‌وه‌ى بڵاوكردبووه‌وە یه‌كێتى داواى نیوه‌ى جومگه‌كانى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى كردووه‌، پارتیش هه‌وڵى ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ پێگه‌ى خۆى به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كه‌وه‌ بهێڵیته‌وه‌، هاوكات به‌پێى پڕۆژه‌یه‌كى یه‌كێتى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى له‌ناو پاكێجى پۆسته‌كان و له‌سه‌ر مێزى گفتوكۆى لایه‌نه‌كانه‌، گۆڕانیش داوایكردووه‌ ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەری خانەنشین بكرێن و خەڵكانی بێلایەن شوێنیان بگرنەوە، بەڵام پارتی و یەكێتی ئەو پێشنیارەیان پێ باش نەبووە.

پۆسته‌ گرنگه‌كانى ئەنجوومەنی دادوەری پێكدێت لە، سەرۆکی دادگای پێداچوونەوە و جێگرەکانی، سەرۆکەکانی دادگاکانی تێهەڵچوونەوە(هەولێر، دهۆك، سلێمانی، کەرکوك/گەرمیان). سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەری كه‌ تا ئێستا یاساى تایبەت بەم دەستەیە دەرنەچووە، سەرۆکی داواکاری گشتی. 

خواستى لایه‌نه‌كان بۆ هێشتنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى له‌ ده‌ستى حزب و  راكێشانى بۆسه‌ر مێزى دانوستانى لایه‌نه‌كان پێچه‌وانه‌ى ئه‌و خه‌ونانه‌یه‌ كه‌ له‌هه‌رێمى كوردستان هه‌ن بۆ سه‌ربه‌خۆكردنى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و دوورخستنه‌وه‌ى دادگاكان له‌و ده‌ستانه‌ى ده‌یانه‌وێت ته‌رازووى داد به‌لاى خۆیاندا لاربكه‌نه‌وه‌، گرفتى گه‌وره‌و ناڕه‌زایى زۆر هه‌بوون و هه‌ن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى دادگاكان بۆچوونى زۆر هه‌ن پێیان وایه‌ دادگاكان شوێنى لێپرسینه‌وه‌ى سه‌ره‌گه‌وره‌كان نین و ته‌نها هاوڵاتیانى ئاسایى له‌وێ لێپرسینه‌وه‌یان لێده‌كرێت.

ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى له‌ ساڵى ٢٠٠٧ به‌پێى یاساى ژماره‌ ٢٣ى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ وه‌زاره‌تى داد و ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن(حكومه‌ت) جیاكرایه‌وه‌و وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكى سه‌ربه‌خۆ پێناسه‌كرا به‌ڵام، دواى تێپه‌ڕینى ١٢ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و یاسایه‌دا ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى هه‌م سێبه‌رى حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى دادى به‌سه‌ره‌وه‌ما، هه‌م ده‌ستى ده‌سه‌ڵاته‌كانى دیكه‌ش ره‌گى دادگاكانیان گوشیوه‌، كاتێك حاكم شێخ له‌تیف له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى له‌ ئه‌ركه‌ دادوه‌رییه‌كه‌ى راگه‌یاند، كه‌ سه‌رۆكى دادگاى نه‌وجه‌وانان بوو له‌ سلێمانى، بارودۆخى ئێستاى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى به‌"خراپترین قۆناغ"وه‌سفكرد.


ئه‌و له‌نامه‌ى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌یدا نوسیبووى"ئێستا وەزعی دەسەڵاتی دادوەری زۆر زۆر خراپترە، رۆژبەڕۆژ دادگاکان و دەسەڵاتى دادوەری بچوک دەبنەوەو متمانەی خەڵک لەدەستدەدەن، ڕاستییەکی تاڵ و ناخۆشە ئەگەر بڵێم لەسەردەمی بەعسدا وەزعی دادگاو دادوەران و سەروەری یاسا باشتر بوو، تەنانەت ئێستا وەزعی دەسەڵاتی دادوەری لە ھەموو ناوچەکانی تری عێراق بەو حاڵەی خۆیانەوە لەلای ئێمە باشترە، جاران دەست تێوەردانی حیزبی لە دادگا و ئەنجومەنی دادوەری ژێر بەژێر و شەرمنانە بوو، کەچی ئێستا بووه‌تە شتێکی ئاشکراو بێ پەردە".

مانگى ئایارى ساڵى رابردوو ١٠ ئه‌ندامى نوێ بۆ دادگاى پێداچوونه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان دیاریكران، كه‌ حاكم شێخ له‌تیف له‌ نامه‌ى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌یدا ده‌ڵێت، پێنج به‌ پێنج له‌سه‌ر حسابى هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتى هه‌ولێر و سلێمانى دانراون، ئه‌وه‌ش"بۆ دادوەران و دەسەڵاتی دادوەری تاوانێکی گەورەیە، کە دەبوو تەنھاو تەنھا لەسەر بنەمای لێھاتویی و پیشەیی بوون دانرابان" دواى نیگه‌رانییه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌ندامانى دادگاى پێداچوونه‌وه‌ ئێستا ده‌سه‌ڵاتى دادگاكان له‌ قۆناغێكى نوێدایه‌، ئه‌گه‌ر جارێكى دیكه‌ به‌ به‌ركه‌وته‌ى هه‌ڵبژاردن، حزبه‌كان په‌یكه‌رى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ دابڕێژنه‌وه‌ باسكردن له‌سه‌ربه‌خۆیى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌سته‌م ده‌بێت.

به‌پێى مادده‌ى ٨٨ی ده‌ستورى عێراق ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى ده‌بێت ته‌واو سه‌ربه‌خۆبێت، ناشبێت هیچ ده‌سه‌ڵاتێك ده‌ستبخاته‌ كاروبارى دادگاكانه‌وه‌ له‌ژێر ركێفى هیچ ده‌سه‌ڵاتێكدا نییه‌، هه‌روه‌ها به‌پێى ماددەی ٩١ سه‌رۆك و ئه‌ندامانى دادگاكانى تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ و پۆسته‌ هه‌ستیاره‌كانى دیكه‌ى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى ره‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌كرێت بۆ په‌سه‌ندكردنیان، له‌ هه‌رێمى كوردستان پێشتر سه‌رۆكى هه‌رێم فه‌رمانى دامه‌زراندنى بۆ دادوه‌ران ده‌رده‌كرد دواى ده‌رچوونیان له‌ په‌یمانگاى دادوه‌رى به‌ڵام به‌پێى یاساى دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كان ئێستا ئه‌و كاره‌ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌یكات، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌ى روونه‌ بۆ كه‌وتنى هه‌ژمونى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ریدا.

ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى هه‌رێمى كوردستان، له‌رووى یاسایى و سیاسیشه‌وه‌ تانه‌ى زۆرى له‌سه‌ره‌ كه‌ ده‌ست و پێى به‌ستراوه‌، به‌رۆڵى ده‌ستورى خۆى هه‌ڵنه‌ستاوه‌ به‌ڵام له‌ دۆخێكى وه‌هادا جارێكى دیكه‌ پۆسته‌كانى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ كراوه‌ته‌ كه‌ره‌سته‌ى رێككه‌وتنى سه‌رمێزى دانوستانه‌كان، شوان گه‌ردى مافناس پێى وایه‌، بردنى پۆسته‌ دادوه‌رییه‌كان بۆسه‌ر مێزى لایه‌نه‌كان مه‌ترسیداره‌، له‌ ئه‌نجامدا پۆسته‌كانى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ریش وه‌ك په‌رله‌مانى لێدێت و به‌رپرسه‌كانى ئه‌وه‌نده‌ى به‌ ته‌نگ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندى حزبه‌كانى خۆیانه‌وه‌ ده‌بن، ئه‌وه‌نده‌ بیر له‌ بابه‌تى دادپه‌روه‌رى و سه‌ربه‌خۆیى دادگاكان ناكه‌نه‌وه‌.

گه‌ردى بۆ په‌یسه‌ر باسیله‌وه‌كرد،"تا ئێستا له‌هه‌رێمى كوردستان ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى به‌ ماناى خۆى نییه‌، چونكه‌ ده‌بێت ته‌واو ته‌واو بێلایه‌ن بێت و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكى دیكه‌ نه‌ سیاسییه‌كان نه‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت بۆى نه‌بێت باس له‌ پۆسته‌كانى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى بكات، به‌ڵام واقیعێك دروست بووه‌، بووه‌ته‌ نه‌ریت ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى یه‌كێك له‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌یه‌ حزبه‌كان به‌ ئاره‌زووى خۆیان ده‌ستى تێوه‌رده‌ده‌ن، ئه‌گینا به‌پێى ده‌ستورى عێراق و یاسا كارپێكراوه‌كان ده‌بێت دادگاكان به‌ ته‌واوى سه‌ربه‌خۆ بن و دووربن له‌ ده‌ستوه‌ردان".

به‌رپرسانى حكومه‌ت و حزب له‌ په‌یام و هه‌ڵوێسته‌ زاره‌كییه‌كانیان پێداگرن له‌ به‌سه‌ربه‌خۆیى هێشتنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، چه‌ندین جار به‌ڵێنى ئه‌وه‌شیان داوه‌ كه‌ پشتیوانى سه‌ربه‌خۆیى دادگاكان ده‌بن، به‌ جۆرێك دووربێت له‌هه‌ر ده‌ستێوه‌ردانێك، سه‌ربه‌خۆیى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى له‌ناوه‌رۆكى به‌رنامه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى زۆربه‌ى لایه‌نه‌كاندایه‌، به‌ڵام خواستى حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان بۆ كۆنتڕۆڵكردنى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ پشتڕاستناكاته‌وه‌ كه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیى دادگاكان هه‌یانبوو.


ساڵى ٢٠١٢ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ عیماد ئه‌حمه‌د جێگرى ئه‌وكاتى، له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى گوتى"به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ڕه‌وشى دادوه‌رى و دادگاکان پێویستى به‌ پێداچوونه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ مایه‌ى ڕێزى هه‌موو لایه‌ک، به‌و په‌ڕى جددیه‌ته‌وه‌ کار ده‌که‌ین بۆئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتێکى دادوه‌ریى بێلایه‌ن و دوور له‌ هه‌ر کاریگه‌رییه‌کى سیاسى له‌ هه‌رێمى کوردستان هه‌بێت، به‌ هیچ شێوه‌یه‌کیش نابێ له‌ هیچ لایه‌نێکه‌وه‌ ده‌ستبخرێته‌ کاروبارى دادگاکان و ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رییه‌وه‌".

قوباد تاڵه‌بانى ساڵى ٢٠١٥ له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى پشتیوانى خۆى راگه‌یاند بۆ سه‌ربه‌خۆیى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌، گوتى ده‌بێت به‌بێ ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروبارى دادوه‌رى هه‌ماهه‌نگى هه‌بێت له‌گه‌ڵ حكومه‌ت. به‌ڵام ئێستا پۆسته‌كانى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى به‌شێكن له‌ گفتوگۆكانیان و تائێستا له‌سه‌رى نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌نجام.

هه‌وڵى حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان بۆ كۆنتڕۆڵكردنى زیاترى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، له‌كاتێكدایه‌ پێشتریش ده‌ستیان ئه‌وه‌نده‌لێى دوور نه‌بووه‌، پێده‌چێت به‌و هه‌نگاوانه‌ بۆ هه‌میشه‌ ده‌رگا به‌رووى هه‌وڵه‌كان بۆ به‌سه‌ربه‌خۆكردنى دادگاكان دابخرێت، په‌ندێكى عه‌ره‌بى هه‌یه‌ ده‌ڵێت، ئەگه‌ر شتێك بۆگه‌نى كرد خوێى تێده‌كه‌ین، ئه‌ى ئه‌گه‌ر خوێ بۆگه‌نى كرد چى تێبكه‌ین؟ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى چاره‌سه‌رى بۆ نه‌خۆشییه‌كانى گه‌نده‌ڵى و نادادپه‌روه‌رى تاوانه‌كانى دیكه‌ لابێت و خۆى دووچارى پاوانكارى دابه‌شكارى حزبى بێته‌وه‌ چۆن چاكسازى ده‌كرێت؟