ڕاپۆرتی کوردستانی

05:06 - 26/11/2018

پۆستەكانی حكومەت ململانێی باڵەكانی ناو یەكێتی توند دەكاتەوە‌

پەیسەر

تا لە دروستكردنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم نزیكتر ببینەوە، كێشەی ناوخۆی ناو بەشێك لە حیزبەكان زیاتر دەردەكەوێت، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە لە هەڵبژاردنەكانی 30ی ئەیلول بووە حیزبی دووەم لە ئاستی هەرێمی كوردستان، بە دەست كێشە ناوخۆییەكانیەوە گیرۆدە بووە، سەرەڕای كێشەناوخۆییەكانی كێشەیەكی دیكەی بەردەم یەكێتی ناكۆكییەتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان.

 

پەیسەرپرێس لەم راپۆرتەدا چەندین زانیاری لەبارەی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بەشێك لە دیوەشارەوانییەكانی ئەو كێشانە دەخاتەڕوو.
قوڵبوونەوەی كێشەكانی بەردەم یەكێتی پاش رازینەبوونی پارتی بە برا بەشی ئەو حیزبە دەستی پێكرد، لە كابینەكانی پێشووی حكومەت یەكێتی و پارتی وەك یەك تیم فەرموویان لە حیزبە براوەكانی هەڵبژاردن دەكرد، بۆ دروستكردنی كابینەی نوێی حكومەت، بەڵام بەهۆی گۆڕانی دۆخەكەوە و نیگەرانبوونی پارتی لە سیاسەتەكانی یەكێتی و جیاوازی زۆری كورسییەكانی نێوانیان (پارتی 45 كورسی – یەكێتی 21 كورسی)  ئێستا بڕیاری پارتی بۆ دانان و دابەشكردنی پۆستەكان لەگەڵ حیزبەكەی تاڵەبانی گۆڕاوە.

بەتەواوی لێكترازانی دوو حیزبە حاكمەكەی هەرێم سەرچاوەكەی دوو رووداوە لە ماوەی یەك ساڵدا( 16ی ئۆكتۆبەر و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار)، پارتی هەردوو رووداوەكە وەك لێدانی لە پشتی لەلایەن یەكێتیەوە سەیردەكات و ئەمەش وایكردووە ناكۆكییەكانی ئەو دوو حیزبە قوڵبێتەوە.

 

دەردە بێ دەرمانەكەی یەكێتی

یەكێتی لە مێژووی دروستبوونییەوە كێشەی باڵەكانی هەیە و بە درێژایی مێژووی ئەم حیزبە ئەم دەردەی لەگەڵ بوە، بەڵام برینی باڵ باڵێن و ململانێكانی ئەمجارە گەورەن.

بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس دۆخی ناوخۆی  یەكێتی لە ئاستێكی خراپدایە، مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی لە دوای دیاریكردنی بەرهەم ساڵح بەسەرۆك كۆمار بەشداری هیچ دانیشتن و كۆبونەوەیەكی یەكێتی نەكردووە، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیش كە ئامادەنەبوو ناوی خۆی بۆ خوێنەرانی پەیسەر ئاشكرا بكات، دەڵێت، گلەیی كاك بەختیار ناهەقە، چونكە خۆی دەیزانی مەرجەكانی بوون بەسەرۆك كۆماری تێدانەبوو.

 

لەسەر ئاستی باڵەكانی بنەماڵەی تاڵەبانی و كۆسرەت رەسوڵیش گرفتەكە ئەوەندە ئاڵۆزبووە كە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی بەهۆیانەوە دواخراوە، بەپێی زانیاریەكانی پەیسەرپرێس، دوای ئەوەی كۆسرەت رەسوڵ داوای جێگری سەرۆكی حكومەتی بۆ دەربازی كوڕی كرد، قوباد تاڵەبانی بە پرۆژەیەك وەڵامی كۆسرەت رەسوڵی داوەتەوە و هەریەك لە سەعدی ئەحمەد پیرە و ئاسۆ مامەند و شۆرش ئیسماعیل و رەفعەت عبدوڵاش پشتیوانی پرۆژەكەن .

 

لە پڕۆژەكەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە: ئامادەیە دەستبەرداری جێگری سەرۆكی حكومەت بێت بەو مەرجەی   كۆنگرە لە مانگی ئازاری ساڵی  داهاتوو بكرێت و كۆسرەت رەسوڵیش خۆی بۆ هیچ پۆستێك نەپاڵێوێت  و پشتیوانی قوباد تاڵەبانی بكات بۆ سكرتێری گشتی، لەبەرامبەردا كۆسرەت رەسوڵ بەژمارەیەك داواكاری و مەرج رازی بووە .

 

زانیارییە بەدەست گەیشتووەكان رونیدەكەنەوە كە مەرجەكانی كۆسرەت رەسوڵ پێكهاتووە لە: 
دەرباز كۆسرەت رەسوڵی كوڕی بكرێتە جێگری سەرۆكی حكومەت و شاڵاوكۆسرەت رەسوڵ بكرێتە فەرماندەی هێزەكانی 70 ئەمەش بۆ دروستكردنی هاوسەنگی لەناو باڵەكانی یەكێتی،  بەو پێیەی هێزەكانی دژەتیرۆر و دەزگای زانیاری سەر بەباڵی ماڵی تاڵەبانین لەبەرامبەردا هێزەكانی 70ش لەلایەن كوڕەكەی ئەوەوە سەرۆكایەتی بكرێت.

بەپێی زانیاریەكانی پەیسەرپرێس ماڵی تاڵەبانی پشتیوانی ئەو پێشنیارە ناكەن، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و بافڵ تاڵەبانی، مەرجەكانیان وەك كۆنترۆڵكردنی یەكێتی لەلایەن كۆسرەت رەسوڵەوە وەسفكردووە.

پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت و پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، ئەو دوو پۆستەن كە لە ئێستادا باڵەكانی ناو یەكێتی ململانێی توندیان هەیە لەسەری، باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی لەكاتێكدا ئامادەن ئەو پۆستە وەربگرن كە سەرۆكی حكومەت یەك جێگری هەبێت و كاندیدەكەش قوباد تاڵەبانی دەبێت، بەڵام باڵی كۆسرەت وەرگرتنی جێگری سەرۆكی حكومەت لەكاتی بوونی بە دوو جێگریان پێ باشە، ئەوەش كێشەكانی ناو باڵەكانی قوڵتر كردوەتەوە.