ڕاپۆرتی کوردستانی

04:06 - 13/02/2019

گۆڕان ئەمجارەیان بۆ یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دەبێت چی بکات؟‌

پەیسەر

ساڵی ٢٠١٥ پرسی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم قەیرانی قوڵی سیاسیی دروستکرد، لایەنەکان لێکترازان، بێ متمانەیی باڵی بەسەر حیزبەکاندا کێشا، لەناو پێنج حیزبە سەرەکییەکە دوو حیزب مەیداندارییان دەکرد ئەوانیش پارتی و گۆڕان بوون، گۆڕان وا دەردەکەوت کە لە بەرامبەردا پارتیدا بووەتە پاڵەوانی گۆڕەپانەکە، چونکە هەرێم بەسەر دوو جەمسەردا دابەشبوو، جەمسەرێکیان پارتی بوو و جەمسەرەکەی دیکەشیان چوار حیزبەکەی دیکە بوو کە لە پرسی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمدا گۆڕان سەرکردایەتی دەکردن.
لەو کاتەدا چ لایەنگرانی گۆڕان و چ هەندێک لەلایەنگرانی چوار حیزبەکەی دیکە بزوتنەوەی گۆڕانیان وەک پاڵەوان سەیر دەکرد بەوەیکە ئامادەنەبووە لەسەر سیستمی پەرلەمانی و کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم سازش بۆ پارتی بکات، گۆڕان ببووە نوکی رمی هەموو ئەو هێز و لایەنانەی کە کێشەیان لەگەڵ پارتیدا هەبوو، بەڵام ئێستا و دوای تێپەڕبوونی نزیکەی چوار ساڵ بەسەر ئەو کێشەیەدا دۆخەکە گۆڕاوە و ئەو بۆچوونەش دروست بووە کە گۆڕان وەک قوربانی ئەو قۆناغە سەیر دەکرێت.


گۆڕان بۆ وەک قوربانی سەیر دەکرێت؟
بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرەتاکانی ٢٠١٤وە بۆ ناوەڕاستەکانی ٢٠١٥ ساڵ و نیوێکی هەنگوینیان لەگەڵ پارتیدا ئەزمون کرد، لەو قۆناغەدا پەیوەندی پارتی و گۆران زۆر باش بوو، پارتی هەستی بەوەدەکرد چیتر ناچار نییە وەک رابردوو سەر بۆ هەموو داخوازییەکی یەکێتی بلەقێنێت، یەکێتیش هەستی بەوەدەکرد چ لە ڕووی جەماوەرەوە و چ لەڕووی پێگەی یەکێتییەوە لەناو دامەزراوەکانی حکومەتدا گۆڕان جێپێی پێ لێژ کردووە، ئەوەبوو کاتێك ماوەی دوو ساڵە درێژکراوەکەی ویلایەتی بارزانی لە کۆتاییەکانی نزیک ببووەوە، یەکێتی دەستپێشخەرییەکی کرد و یەکەمین لایەن بوو کە پڕۆژە یاسایەکی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم پێشکەش کرد، بێگەرد تاڵەبانی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمان و پەرلەمانتارەکانی دیکەی یەکێتی و بەرپرسانی ئەو حیزبە کەوتنە لێدواندانی توندوتیژ لەسەر کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم و هەموو قسەکانیان بەو ئاراستەیەدا بوو کە یەکێتی مەحاڵە لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و سیستمی پەرلەمانی سازش بۆ پارتی بکات.
دوای ئەم دەستپێشخەرییەی یەکێتی، گۆڕانیش کە سەرۆکایەتی پەرلەمانی بەدەست بوو کەوتەخۆی، بۆ ئەوەی لە یەکێتی بەجێ نەمێنێت پڕۆژەیەکی رادیکاڵتری پێشکەش کرد، لە پڕۆژەکەی گۆڕاندا پەڕوباڵی پۆستی سەرۆکی هەرێمیان کردبوو، سەرۆکی هەرێم هیچ نەبوو جگە لەوەی ئەگەر ئەنجومەنی وەزیران یان پەرلەمان رازی بێت دەتوانێت مەدالیایەکی شانازی بدات لە بەرۆکی پێشمەرگەیەک، لەسەر داوای وەزارتی پێشمەرگە پلەی ئەفسەرێک بەرز بکاتەوە، لەوکاتەدا زۆر ڕوون بوو کە پارتی بەهیچ جۆرێک ئامادە نابێت سازش بکات، ئەوەبوو سازشی نەکرد و دوای چەندین خولی کۆبوونەوە پێنج قۆڵییەکان هیچ لێکتێگەیشتنێک دروست نەبوو، پارتی کە کەوتبووە ژێر فشارەوە پەرلەمانی داخست و گۆڕانی لە حکومەت دەرکرد، یەکێتی تا ئەو قۆناغە لەگەڵ گۆڕان ڕێی کرد.
دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی گۆڕان و پارتی، ئاسەوارێک لە لێدوانە توندەکانی یەکێتی نەما، بەرپرسانی یەکێتی لەو قۆناغەدا بە ڕواڵەت هەوڵی ناوبژیوانیان دەدا لەنێوان پارتی و گۆڕاندا، ساڵێک دواتریش کە ڕێککەوتنانەی سیاسیان لەگەڵ گۆڕاندا ئیمزاکرد، هیچ خاڵێكی رێککەوتننامەکەیان جێبەجێ نەکرد، یەکێتی تا ئێستاشی لەگەڵدابێت هەرچەندە لەسەر چەند پرسێک ناکۆکی قوڵیان لەگەڵ پارتیدا هەیە، بەڵام هەروەکجاران پێکەوە حکومەتی هەرێم بەڕێوەدەبن، لە دانووستانەکانی ئێستاشدا بۆ پێکهێنانی حکومەت، وادیارە یەکێتی بەربەستی سەرەکییە لەبەردەم گۆڕاندا بۆ ئەوەی پۆستی گرنگی بەربکەوێت.


لە سێ ساڵی رابردوودا گۆڕان هیواداربوو بەهۆی پێداگرییەکەی لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دەنگدەران لە هەڵبژاردندا پاداشتی گۆڕان بدەنەوە، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەوجۆرە نەبوون کە گۆڕان چاوەڕوانی دەکرد، هەم بەهۆی ساختەکاری و هەم بەهۆی رێژەی کەمی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردندا و هەمیش بەهۆی سەرهەڵدانی هێزی نوێ رێژەی دەنگ و کورسییەکانی گۆڕان بۆ نیوە دابەزی، بەمجۆرە گۆڕان نەیتوانی پاداشتی ئەو باجە وەربگرێتەوە کە لە ساڵی ٢٠١٥دا بەهۆی پێداگری لەسەر سیستمی پەرلەمانی و هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دابووی.
لەم خولەدا دەبێت گۆڕان چی بکات؟
هێشتا دانووستانەکانی پێکهێنانی حکومەت بەردەوامن، لە سەرەتاوە پارتی و گۆڕان زۆر تەبا و لێکنزیک بوون، بەڵام تا دێت هەست بە ساردبوونەوەیەک لەلایەن پارتییەوە دەکرێت بەرامبەر بەو بەڵێنانەی لەسەرەتاوە بە گۆڕانی دابوو، هێشتا دیار نییە پارتی لە دابەشکردنی پۆستەکاندا یان لە جێگیرکردنی بەرنامەی گۆڕان لە کارنامەی حکومەتدا دەتوانێت گۆڕان رازی بکات یان نا، بەڵام سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە گۆڕان و پارتی ئەمجارەیان پێچەوانەی چوار ساڵ لەمەوبەر بۆچوونیان لێک نزیکە، هۆکارەکەشی بۆ ئەو گۆڕانکارییانە دەگەڕێتەوە کە لەناوخۆی پارتیدا ڕوویانداوە، نێچیرڤان بارزانی کاندیدی پارتییە بۆ سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانیش کاندیدە بۆ سەرۆکی حکومەت.
لەناو پارتیدا بارزانی باوک و باڵی مەسرور بارزانی دەیانەوێت دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم بە جۆرێک هەمواربکرێتەوە کە نزیکە لەو پڕۆژەیەی گۆڕان لە ساڵی ٢٠١٥دا پێشکەشی کردبوو بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکانی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم بەرامبەر بە مەسرور بارزانی سنووردارتر بکرێت، باڵی نێچیرڤان بارزانیش بە پێچەوانەوە دەیانەوێت تا ئەو جێگەی پێیاندەکرێت دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم کەمتر دەستکاری بکرێت.
یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو و نەوەی نوێ تا ئێستا هەڵوێستێکی ڕوونیان دەرنەبڕیوە لەوەی کە ئایا دەیانەوێت بە هەمان شێوەی ساڵی ٢٠١٥ یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بەپێی سیستمی پەرلەمانی هەموار بکرێتەوە و سەرۆکی هەرێم پۆستێکی زیاتر تەشریفاتی بێت، یان ئەوەی بەپێی هاوکێشە نوێی ناو پارتی بۆچوونیان گۆڕاوە، چونکە ئەگەر بە هەمان شێوەی ساڵی ٢٠١٥ بیانەوێت هەمواری بکەنەوە ئەوا لە بەرژەوەندی مەسرور بارزانی تەواو دەبێت.


بەپێی سروشتی دابەشبوونە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پێناچێت کۆکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە دامەزراوەیەکدا لە بەرژەوەندی گشتیدا بێت، بەڵکو باشترین یاسا ئەو یاسایەیە کە دەبێت دەسەڵاتەکان دابەش بکات لەنێوان سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیراندا، ئەو پڕۆژە یاسایانەی ساڵی ٢٠١٥ گۆڕان و لایەنەکانی دیکە پێشکەشیان کرد هەموویان دەسەڵاتەکانیان لە سەرۆکی هەرێم وەردەگرتەوە و لە ئەنجومەنی وەزیراندا کۆیان دەکردەوە.
لە ئێستادا پێدەچێت کاتی ئەوە هاتبێت کە لایەنەکان بەو پڕۆژەیەدا بچنەوە کە کاتی خۆی پێشکەشیان کردبوو، چونکە بەپێی هاوکێشە سیاسییەکانی ناو هەرێم کە پێشبینی دەکرێت بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ هەر بەم شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، دروستەکەی ئەوەیە دەسەڵاتەکان بە شێوەیەک لەنێوان دوو دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیراندا دابەش بکرێت کە بتوانن یەکتر کۆنتڕۆڵ بکەن و لایەنێکیان نەتوانێت هەژمونی خۆی بە تەواوی بسەپێنێت.
لە نووسینەوەی یاسادا ناکرێت تەنیا بیر لە بەرژەوەندی کورتخایەن بکرێتەوە بەڵکو دەبێت بەرژەوەندیی درێژخایەنی وڵات لەبەرچاو بگیردرێت، بەرژەوەندی درێژخایەنی هەرێمیش لەوەدایە کە بۆ رێگریکردن لە کۆبوونەوەی هێز لە دەستی حیزبێک و کەسێکدا دەسەڵاتەکان دابەش بکرێت بەسەر دامەزراوەکاندا، بۆ نمونە ئەگەر بێتو دەسەڵاتەکان بە شێوەیەکی باش لەنێوان هەر دوو دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەتدا دابەش بکرێن، ئەوا رێگری دەکرێت لەوەی کەسێک ببێتە دیکتاتۆر یان حیزبێک دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو هەرێمدا بسەپێنێت، ئەگەر لەم خولەدا پارتی هێزی یەکەمە و داوای سەرۆکایەتی هەردوو دامەزراوەکە دەکات، بەڵام خۆ دەکرێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا لەڕێی دروستکردنی هاوپەیمانی نوێوە ئەگەر پارتی تەنانەت حیزبی یەکەمیش بێت، بەڵام براوەی دووەم داوای یەکێک لەو دوو پۆستە بکات، بەم شێوەیە بۆ هەمیشە مەترسی دروستبوونی دیکتاتۆری لە هەرێمدا ناهێڵرێت.
بەپێی ئەم بۆچوونە لە بەرژەوەندی گۆڕان و لایەنەکانی دیکەشدایە کە لەم خولە بە جۆرێک یاسای سەرۆکایەتی هەرێم هەموار بکەنەوە کە هەموو پەڕوباڵی سەرۆکی هەرێم نەکەن و سەرۆکی هەرێم نەبێتە پۆستێکی تەشریفاتی و لە بەرامبەردا بە پاساوی سیستمی پەرلەمانی هەموو دەسەڵاتەکان لە ئەنجومەنی وەزیراندا کۆبکەنەوە.