08:09 - 13/02/2019
له هه‌رێم چه‌ك به‌ده‌سته بێ مۆڵه‌ته‌كان كابووسى ژیانن
ساڵى رابردوو ته‌نها له سلێمانى و هه‌ولێر، ٢٢٤ كه‌س كوژراون یاخود خۆیان كوشتووه، دوو هێنده‌ى ئه‌و ژماره‌یه‌ش هه‌وڵى كوشتن دراوه، ئه‌مانه ته‌نها ژماره راگه‌یه‌ندراوه‌كانن، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى چه‌كدار هه‌ڕه‌شه له ژیان ده‌كات له هه‌رێمى كوردستان، هیچ شوێنێك خاڵى نییه له هه‌ڕه‌شه‌ى لوله‌ى تفه‌نگه بێمۆڵه‌ته‌كان، چالاكوانانى مافى مرۆڤ ده‌ڵێن یاسای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى چه‌كدارى جێبه‌جێناكرێت، ژماره‌یه‌كى بێ‌شومار له خه‌ڵك خاوه‌نى چه‌كن.
له هه‌رێمى كوردستان یاساى ژماره ١٦ی ساڵی ١٩٩٣ بۆ رێگرى له دیارده‌ى چه‌كدارى بێمۆڵه‌ت هه‌یه، به ٢٨ مادده هه‌ڵگرتن و كڕین و فرۆشتنى چه‌كى رێكخستووه، به جۆرێك ته‌نها پارێزگارى شار ده‌توانێت مۆڵه‌تى چه‌ك بدات، یاساكه له مادده‌ى ٢١ دا سزاکانی دیاریکردووەو سزاى بازرگانیكردن به جۆره‌كانى چه‌ك له پێنج ساڵه‌وه ده‌ستپێده‌كات و تا زیندانیى هه‌میشه‌ى تێدایه، هه‌ڵگرتنى چه‌كیش به‌بێ مۆڵه‌ت ساڵێك سزاى هه‌یه.
یاساكه ده‌ره‌قه‌تى بازاڕى ئاڵۆزى چه‌ك نایه‌ت، له شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان بازاڕى كڕین و فرۆشتنى چه‌ك هه‌یه، هه‌رچه‌ند به‌رپرسه ئه‌منییه‌كان ده‌ڵێن بازاڕه‌كه له‌ژێر كۆنتڕۆڵدایه به‌ڵام به‌پێى یاساى چه‌ك بازرگانى به چه‌كه‌وه یاساغه و سزاى گه‌وره‌ى هه‌یه، ته‌نها حكومه‌ت ده‌توانێت چه‌ك بهێنێته وڵات، موڵكى حكومه‌تیش بۆفرۆشتن نییه به‌ڵام بازاڕه‌كان پڕن له چه‌كى جۆراوجۆر.
له سلێمانى له ساڵى ٢٠١٢ ەوە پێنج هه‌زار كه‌س مۆڵه‌تى هه‌ڵگرتنى چه‌كیان وه‌رگرتووه، به‌پێى یاساكه‌و رێنمایى وەزاره‌تى ناوخۆش ئه‌و كه‌سه‌ى داواى مۆڵه‌ته‌كه ده‌كات ده‌بێت بیانووى ره‌واى هه‌بێت، كێشه‌ى گه‌وره چه‌كه بێمۆڵه‌ته‌كانن كه هیچ سه‌ره‌تایه‌كیان نییه نازانرێت خاوه‌نه‌كانیان كێن، له‌كاتى تاوانیش به ئاسانى سه‌ره‌داوى تاوانه‌كه ناكه‌ونه به‌رده‌ست.
چه‌ك به ئاسانى كڕین و فرۆشى پێوه‌ده‌كرێت، به‌رپرسان زۆرجار بۆ دیارى چه‌ك ده‌به‌خشن، له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌شێك له حزبه‌كان چه‌ك به لایه‌نگرانیان ده‌ده‌ن، له‌ماوه‌ى شه‌ڕى داعشدا هه‌واڵى فرۆشتنى به‌شێك له چه‌كه بیانییه‌كان بڵاو بووه‌وه كه درابوون به پێشمه‌رگه، وڵاتانى خاون چه‌كه‌كان ئه‌مه‌یان پشتراستكرده‌وه، ده‌گوترێت مۆڵه‌تى پێدانى چه‌كیش بۆ كه‌سانى ده‌ستڕۆشتوو زه‌حمه‌تى زۆرى ناوێت، هه‌موو ئه‌وانه بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ى گه‌وره‌ى بازاڕى چه‌ك له هه‌رێمى كوردستان.
وه‌زاره‌تى ناوخۆ له‌رێگه‌ى رێنماییه‌كى نوێوه ده‌یه‌وێت سنورێك بۆ دیارده‌ى چه‌كدارى دابنێت، عه‌بدولخالق ته‌لعه‌ت به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى هه‌ولێر روونكردنه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئه‌و رێنماییه دا، به گوته‌ى ئه‌و ماوه‌ى شه‌ش مانگیان بۆ تۆماركردنى هه‌موو چه‌كه بێمۆڵه‌ته‌كان داناوه، دواى ئه‌وه هه‌ر چه‌كێك ده‌ستى به‌سه‌ردا بگیرێت سزاى خاوه‌نه‌كه‌ى ده‌درێت، چه‌كه قورسه‌كانیش ده‌بێت راسته‌وخۆ راده‌ستبكرێت.
وه‌زاره‌تى ناوخۆ له خاڵى یه‌كه‌مى رێنماییه‌كه‌ى نوسیبووى چەك و تەقەمەنی جگە لە دەمانچە و كلاشینكۆف، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى هه‌ولێر ده‌ڵێت، له‌ماوه‌ى شه‌ش مانگدا ده‌بێت ئه‌و چه‌كانه‌ى هاوڵاتیان له ماڵه‌وه دایان ناون بیبه‌نه بنكه‌كانى پۆلیس تۆماریان بكه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه دواى ئه‌و ماوه ده‌ست به‌سه‌ر چه‌كه‌كاندا ده‌گیرێن و سزاى خاوه‌نه‌كانیان ده‌درێت، به‌ڵام ئه‌و پرۆسه‌یه بێ به‌ربه‌ست نابێت، به‌وپێیه‌ى به‌شێكى زۆرى ئه‌و كه‌سانه‌ى چه‌كیان لایه كه‌سانى نزیك له به‌رپرسه‌كانن و پشتیوانى به‌رپرسانیان هه‌یه، وه داماڵێنى چه‌ك له هه‌موو ماڵه‌كان یاخود تۆماركردنیان كات‌و تواناى زۆرى ده‌وێت حكومه‌تیش له رابردوودا له هه‌وڵەکانی سه‌ركه‌وتوونه‌بووه بۆ رێگرى له چه‌كدارى، به گوته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى هه‌ولێر ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ى ئه‌م جاره‌یان بۆ هه‌موو كه‌سێكه‌و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كانیش ده‌گرێته‌وه.
به‌بڕواى پارێزه‌ر نه‌شاد عومه‌ر، داماڵینى كۆمه‌ڵگەى كوردستان له چه‌ك ئاسان نییه، چونكه حكومه‌ت تواناى ئه‌و كاره‌ى نییه‌و له رابردووش سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه، به ئاشكرا بازاڕى چه‌ك هه‌یه‌و رێگرى لێنه‌كراوه هه‌رچه‌ند به‌پێى یاسا ئه‌ركى قەدەغەكردنی چەك لە ئەستۆی وەزارەتی ناوخۆیە خه‌ڵكێكى زۆریش به پشتیوانى حزبه‌كان چه‌كیان هه‌ڵگرتووه كه زۆرینه‌یان له حزبى ده‌سه‌ڵاتن بۆیە ئاسان نییه وه‌زاره‌تى ناوخۆ ئه‌و كه‌سانه له چه‌ك دابماڵێت.
نه‌شاد بۆ په‌یسه‌ر گوتى"رەنگە تۆزێک قورسبێت لە ژێر حوکمڕانی پارتی و یەکێتیدا دیاردەی چەکداری نەهێڵدرێت. چونکە لە راستیدا بەشی زۆری ئەوانەی چەکدارن یان کڕین و فرۆشتن بە چەکەوە دەکەن. پیاوە هەرە نزیکی مەکتەب سیاسی و فەرماندە عەسکەرییەکانی یەکێتی و پارتیین و هیچ دەزگایەکی یاسایی دەسەڵاتی ئەوەی نییە ئەم کەسانە چەک بکات. جگە لەوە چەک لە لای کۆمەڵێک کەسی تر هەیە کە ئەمانە ئەگەر چی لە لایەن پیاوانی حزبەوە ناپارێزرێن
پێناچێت تۆماركردنى چه‌كه‌كان له‌ماوه شه‌ش مانگدا كه وه‌زاره‌تى ناوخۆ بۆى دیاریكردوون، كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكات چونكه له بنه‌مادا چه‌كه‌كه هه‌ر ده‌مێنێت به‌ڵام به‌یاسایى رێگه‌ى پێده‌درێت، و خه‌ڵكى به‌پێى یاسا چه‌كیان لاده‌بێت له‌كاتێكدا وه‌زاره‌تى ناوخۆ ئێستا به‌پێى یاسا ده‌توانێت ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو چه‌كه بێمۆڵه‌ته‌كاندا بگرێت چونكه هه‌ڵگرتنى یاسایى نییه.
نه‌شاد ده‌ڵێت، مۆڵه‌تى چه‌ك به ئاسانى ده‌درێت، چەک هەڵگرتن یان چەکداری وەکو جۆرێک لە خو و عادەتی لێهاتووە هەر لە سەدەی رابردووەوە چەک هەڵگرتن بەشێک بووە لە خویەکی کۆمەڵایەتی ئەمەش بە هۆی پارێزگاری لە خۆکردن و متمانە نەبوون بە پۆلیسی دەوڵەت یان لەبەر مەترسی و بەردەوام جەنگ لە ناوچەکەدا بۆیە تا ئەو هۆکارانە بمێنێت قورسە چارەسەری ئەم دیاردە.
ئاماره‌كانى ساڵى رابردووى كوشتنى مرۆڤ له هه‌ولێر و سلێمانى به‌م جۆره بووه.
سلێمانى
٦٢ تاوانى كوشتن
٦٣ حاڵەتی خۆكوشتن هەبووە
٢٨١ حاڵەتی هەوڵی كوشتن تۆماركراوە.
هه‌ولێر
٦٥ کوشتن
٣٤ خۆکوشتن
هه‌ڵه‌بجه شه‌ش مانگی یەکەم
پێنج حاڵه‌ت
هۆكاره‌كانى ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى چه‌ك له هه‌رێمى كوردستان زیاترن له هه‌وڵه‌كان بۆ به‌رپێگرتنی، ئه‌وه‌ش كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى چه‌كدارى دروستكردووه كه پڕه له مه‌ترسى مه‌رگ، ئه‌و هه‌وڵانه‌ش وه‌زاره‌تى ناوخۆ ده‌ستیداوه‌تێ پێناچێت ژماره‌ى چه‌كه‌كان كه‌مبكاته‌وه، به‌وپێیه‌ى ئه‌و چه‌كانه‌ى تاوانیان پێده‌كرێت له جۆرى كڵاشینكۆف و ده‌مانچه‌ن و حكومه‌تیش ده‌یه‌وێت لاى خۆى تۆماریان بكات، ره‌نگه له‌ریشه ده‌رهێنانى دیارده‌که هه‌ڵمه‌تێگى گه‌وره‌ى چاكسازى و به نیشتیمانیكردنى ده‌زگا ئه‌منییه‌كانى بوێت، به جۆرێك حزب و كه‌س رۆڵیان له بڕیاره سه‌ربازییه‌كان نه‌بێت، و یاساى چه‌ك له‌سه‌ر هه‌موو كه‌س به‌بێ جیاوازى جێبه‌جێبكرێت.