ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:57 - 14/02/2019

بووکە منداڵ: کاتێک هەژاری شوێنپێ بە ویژدان لێژ دەکات‌

پەیسەر

بەر لە دوو هەفتە لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان کچێکی تەمەن ١١ ساڵ لە پیاوێکی سەرووی ٥٠ ساڵ تەمەن مارەکرا، باوکی کچەکە بڕی ١٧ ملیۆن تمەن بە پیاوە ٥٠ ساڵە قەرزاربوو و پارەی نەبوو قەرزەکەی بداتەوە، هەربۆیە لە بری قەرزی کچەکەی لەو پیاوە مارەکردبوو، هەر لەو ماوەیەدا هەواڵێکی هاوشێوەش لە یەکێک لە گوندەکانی مەریوان بڵاوبوویەوە کە پیاوێک لە بری وەرگرتنەوەی ١٥ ملیۆن تمەن قەرز کچێکی تەمەن ١٣ ساڵی مارەکردبوو کە دواتر چالاکانی مەدەنی پیاوەکەیان پەشیمان کردبووەوە.
هاوسەرگیری کچانی منداڵ لە ئێران بووەتە دیاردەیەکی ئاسایی، کە بە دیاردەی بووکە منداڵ دەناسرێت، یاساکانی ئێرانیش کەبەپێی شەرع نووسراون ڕێگەی بەم دیاردەیە داوە، دیاردەکەش زیاتر لەم ساڵانەی دواییدا پەرەی سەندووە هەربۆیە هەژاری و دۆخی خراپی ئابوری بە هۆکارێکی سەرەکی زیادبوونی ئەم دیاردەیە دادەنرێت.


دیاردەی بووکە منداڵ چییە؟
بووکە منداڵ واتە ئەو منداڵە کچانەی کە هێشتا بووکەشووشەکەیان بەدەستەوەیە و یاریی پێدەکەن، کەچی لە پڕێکدا بە بڕیاری باوک و دایکیان جلی بۆکێنییان لەبەر دەکرێت و بەشوو دەدرێن، دیاردەی بووکە منداڵیش جۆرە هاوسەرگیرییەکە  کە یەک یان هەر دوو هاوسەرەکە لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵەوە بن،  ئەم دیاردە لە چەندین ناوچەی جیهان باوە و گرێدراوی ئایین یان کلتوری نەتەوەیەکی تایبەت نییە، بەڵام زیاتر لە وڵاتانی ڕوو لە گەشە و کەمتر گەشەسەندوودا باوە، هۆکارەکە سەرەکییەکەشی بۆ هەژاری دەگەڕێتەوە.
لەسەر ئاستی جیهاندا لەسەدا ١٢ی هاوسەرگیرییەکان پێکدەهێنێت و لە وڵاتانی کەمتر گەشەسەندووشدا نزیکەی لەسەدا ٢٦ی هاوسەرگیرییەکان پێکدەهێنێت، جۆری بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردەیە لە جیهاندا جیاوازە، بۆ نموونە لە وڵاتانی ئەفریقی زیاتر باوە و بەپێی ئامارەکان  زیاتر لە ٣٨%ی کچان لە تەمەنی منداڵیدا بە شوو دەدرێن،  ٣٠%ی کچانی وڵاتانی  باشوری ئاسیاش بە منداڵی بە شوو دەدرێن، ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەم ڕێژەیە لە ئەمریکای لاتین ٢٥% و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا ١٧% و لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ئاسیای ناوینیش ١١% مەزەندە کراوە.


هۆکارەکانی دیاردەی بووکە منداڵ  چییە؟
 پەرەسەندنی دیاردەی بووکە منداڵ لە کۆمەڵگای ئێرانیدا چەندین هۆکاری هەیە لەوانە  بەها نەریتی و ئایینییەکان کە بە مەبەستی پاراستنی شەرەف و ئابڕووی خێزانی بە توندی ڕەچاو و جێبەجێ دەکرێن،  زاڵبوونی کلتوری باوکسالاری، نەخوێندەواری، گیرۆدەبوون بە مادەی هۆشبەر بۆ نمونە باوکێک کە گیرۆدەی مادەی هۆشبەرە لەپێناو دابینکردنی مادەی هۆشبەردا ئامادە دەبێت وەک فرۆشتن کچەکەی بفرۆشێت بە پیاوێکی دیکە.

 بەڵام توێژەرانی کۆمەڵایەتی هەژاری و کەمداهاتی بە گرنگترین هۆکاری پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران دادەنێن، لەم ساڵانەی دواییدا کە دۆخی ئابوری ئێران خراپ بووە و رێژەی هەژاری و بێکاری بەرزبووەتەوە، ئەم دیاردەیەش زیاتر پەرەی سەندووە، خێزانەکان وەک سەرچاوەیەکی داهاتی کاتی سەیری کچەکانیان دەکەن چونکە بۆ هاسەرگیریی کچەکانیان بڕە پارەیەک وەک  مارەیی و شیربایی و... وەردەگرن، جگە لەوەش بە کەمبوونەوەی کەسێک لە ئەندامانی خێزانەکە، خەرجی خێزانەکەش کەم دەبێتەوە و خەرجی خۆراک و پۆشاک و خوێندنیان لە کۆڵ دەبێتەوە.

پێش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بە پێی یاسای مەدەنی ساڵی ١٩٦٤ مەرجی تەمەن بۆ هاوسەرگیری کچان و کوڕان ١٨ ساڵ دیاریکرابوو، بەڵام لە دوای شۆڕش بەپێی مادەی ١٠٤١ی یاسای مەدەنی، هاوسەرگیریی کچان بەر لەوەی بگاتە ١٣ ساڵیش ڕێگەپێدراوە بەو مەرجەی سەرپەرشتی منداڵەکە رازی بێت. 

بەپێی ئامارەکان لە ئێستادا بە شوودانی کچانی ژێر هەژدە ساڵ، ١٧%ی هاوسەرگیرییەکان لە ئێران پێکدەهێنیت، ساڵی ٢٠١٥ بە شوودانی کچانی خوار ١٥ ساڵ زیاتر لە ٥%ی کۆی  هاوسەرگیرییەکانی ئێرانی پێکهێناوە، ئەم ئامارانەش فەرمین و تەنها ئاماری هاوسەرگیرییە تۆمارکراوەکان دەگرێتەوە، زەهرا کەهرام کە توێژەرێکی کۆمەڵایەتییە و لەم دوایانەدا بەڕێوەبەری کۆنفڕانسێکی تایبەت بە دیاردەی بووکە منداڵ بوو، پێیوایە ئاماری بە شوودانی کچانی منداڵ زۆر زیاترن لە ئامارە فەرمییەکان، چوونکە ژمارەیەکی زۆریان لە دادگاکاندا تۆمار ناکرێن.

 بە وتەی زەهرا کەهرام زۆترین رێژەی دیاردەی بووکە منداڵ لە پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان، خوزستان، خوراسان، تەورێز و ورمێ، شیراز، زەنجان، تاران و هەمەدان و مازەندەران تۆمارکراون، لە ساڵێکدا زیاتر لە ٢٨ هەزار حاڵەتی بە شوودانی کچانی خوار ١٥ ساڵ تەمەن تۆمار کراوە، شەهلا ئەعزازی مامۆستای زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تارانیش دەڵێت ساڵانە ٤٣ هەزار کچی ١٠ بۆ ١٥ ساڵان لە ئێراندا بە شوو دەدرێن.

بەر لە ساڵێک فراکسیۆنی ژنانی پەرلەمانی ئێران پڕۆژە یاسایەکیان پێشکەش کرد بۆ ئەوەی تەمەنی بەشوودانی کچان بۆ ١٥ ساڵ تەمەن بەرز بکەنەوە بەڵام پڕۆژە یاساکە ڕووبەڕووی دژایەتییەکی زۆر بووەوە و ڕەتکرایەوە، نەیارەکانی پڕۆژەکە پاساوی ئەوەیان دەهێنایەوە کە شەرع رێگەیداوە کچان ژێر ١٥ ساڵ تەمەن بە شوو بدرێن و پەرلەمان بۆی نییە یاسایەک پەسند بکات پێچەوانەی شەرع بێت، کەچی ئەو ژنانەی پڕۆژە یاساکەیان ئامادەکردبوو دەیانوت پڕۆژەکەیان بۆ ڕێگەگرتن لە زیادبوونی دیاردەی بووکە منداڵ ئامادە کردووە، چونکە دیاردەکە کێشەی کۆمەڵایەتی گەورەی لێکەوتووەتەوە، بۆ نمونە کچانێک بە تەمەنی ١٣ بۆ ١٤ ساڵ ئێستا بێوەژن کەوتوون و هەندێکیشان منداڵیان هەیە و خۆیان ناچارن بەو تەمەنە کەمەوە سەرپەرشتی منداڵ بکەن.


دیاردەی بووکە منداڵ پێشێلکردنی مافی منداڵانە
لە هاوسەرگیری منداڵان سێ جۆر مافی منداڵان پێشێل دەکرێت، یەکەم ماف،  مافی هەڵبژاردنە کە لە منداڵان زەوت دەکرێت، چونکە خێزانەکەی لە جیاتی ئەو بڕیاری هاوسەرگیرییان بۆ داوە و هاوسەریان بۆ هەڵبژاردووە.

دووەم مافی، مافی پەروەردەیە، زۆربەی زۆری ئەو کچ و کوڕانە لە دوای هاوسەرگیری ناتوانن درێژە بە خوێندن بدەن، سێیەم مافیش مافی تەندرووستییە کە بەهۆی هاوسەرگیرییەوە تەندروستی منداڵەکە دەکەوێتە مەترسییەوە، ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی باس لەوە دەکات بەرزبوونی رێژەی مردنی ئەو دایکانە دەکات کە لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵدا هاوسەرگیریان کردووە.

سەبارەت بە کۆتایی هێنان و بنبڕکردنی دیاردەی بووکە منداڵ،  دکتۆر داریوش موهاجر پێیوایە دەبێت بە بەرزکردنی وشیاری کۆمەڵایەتی بۆچوونی کۆمەڵگا سەبارەت بەو دیاردەیە بگۆڕدرێت کە ئەمەش پێویستی بە کاتە، بەڵام سەرەکیترین هەنگاو گۆڕینی یاسایە، کە بە قەدەغەکردنی هاوسەرگیریی منداڵانی ژێر ١٨ ساڵ وردە وردە بیرو باوەڕی کۆمەڵگاش دەگۆڕدرێت.