ڕاپۆرتی کوردستانی

05:58 - 14/02/2019

لایه‌نه‌كان متمانه‌یان به‌یه‌ك سفره‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان هه‌زار‌

فه‌رمان حه‌سه‌ن

لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كۆبوونه‌وه‌ى زۆروزه‌وه‌ند و ماوه‌ درێژ ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر بابه‌تى بچوك رێكبكه‌ون، به‌ڵام لێكتێگه‌یشتن و واژۆى رێككه‌وتنه‌كانیان هه‌ر ماوه‌یه‌كى كه‌م بڕده‌كات، هه‌ڵوێسته‌كانیان خێراده‌گۆڕێت و زوو له‌سه‌ر سكه‌ى رێككه‌وتن ده‌ترازێن، ماوه‌یه‌كى زۆر به‌ دانوستانه‌وه‌ سه‌رقاڵ ده‌بن تا رێكده‌كه‌ون، كه‌ رێكده‌كه‌ون جێبه‌جێكردنه‌كه‌ى له‌بیرده‌كه‌ن، قۆناغى نوێى سیاسى هه‌رێمى كوردستان سه‌رده‌مى بێمتمانه‌یى و له‌ده‌ستچوونى متمانه‌ى سیاسییه‌، كه‌تێیدا لایه‌نه‌كان متمانه‌یان به‌ به‌رامبه‌ر سفره‌ و له‌بیرى ئه‌وه‌دان نه‌بن به‌ داوی یەکدییەوە.

له‌م چه‌ند ساڵه‌ى دوایى پێكهێنانى كابینه‌كانى حكومه‌ت، پێكهێنانى حكومه‌تى خۆجێى، رێككه‌وتن بۆ چۆنێتى چوونه‌ به‌غدا، رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن، كاتى زۆر و سه‌برى گه‌وره‌ى ده‌وێت تا لایه‌نه‌كان له‌سه‌رى ده‌گه‌ن به‌ رێككه‌وتن، شه‌ش مانگ بۆ ساڵێك دانوستانى ده‌وێت، حكومه‌تى بنكه‌فراوانى كابینه‌ى هه‌شت شه‌ش مانگ زیاترى ویست تا له‌ دایك بوو، به‌ڵام دوو شه‌ش مانگى یه‌كه‌مى وه‌ك خۆى مایه‌وه‌، كورد بۆ خولى نوێى په‌رله‌مانى عێراق مانگى پێنج به‌شداربوو له‌ هه‌ڵبژاردن و مانگى ١٠ له‌سه‌ر پۆسته‌كان كێشه‌ى هه‌بوو بێ ئه‌وه‌ى به‌رێككه‌وتنیش بگه‌ن، بێمتمانه‌یى باڵى به‌سه‌ر دانوستانه‌كانى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمیشدا كێشاوه‌، ئه‌و نزیكبوونه‌وه‌ى لایه‌نه‌كان رایده‌گه‌یه‌نن ماوه‌یه‌كى كه‌م بڕده‌كات.


بۆچوونى زۆر هه‌ن پێیان وایه‌ متمانه‌ى سیاسى له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا به‌یه‌كجارى له‌ناوچووه‌، بۆیه‌ رێككه‌وتنیان قورس بووه‌ لایه‌نه‌كان ترسى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ له‌ پشته‌وه‌ له‌ یه‌كدى بده‌ن، یاخود یه‌كێكیان براوه‌بێت ئه‌وه‌ى دیكه‌ به‌ده‌ستى خاڵى ده‌ربچێت، ره‌نگه‌ گه‌وره‌بوونى زیاترى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابورى و سیاسییه‌كان وایكردبێت لایه‌نه‌كان هه‌ستیارى زۆریان هه‌بێت له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ یه‌كدى.

نزیكه‌ى ٢٠ كۆبوونه‌وه‌ بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت كراوه‌، به‌ڵام ئه‌نجامێك رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌، یه‌كێتى و پارتى رۆژى پێنجى ئه‌م مانگه‌ رێككه‌وتن په‌ڕله‌مان رۆژى ١٨ی ئەم مانگە کۆببێتەوە، به‌ڵام چه‌ند رۆژێكى كه‌م دواى ئه‌وه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌یان كێشه‌ى تێكه‌وت و هه‌رلایه‌ك كۆمه‌ڵێك مه‌رجى دانا، یه‌كێتى چه‌ند جارێك داواى كۆبوونه‌وه‌ى دووقۆڵى له‌ گۆڕان كردووه‌، به‌ڵام گۆڕان بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و حزبه‌ ئاماده‌ نییه‌، ئه‌وه‌ش بۆ نه‌مانى متمانه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ به‌ جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌كان.

ئه‌و دۆخه‌ نوێیه‌ى له‌ گۆڕه‌پانى سیاسى ده‌گوزه‌رێت بۆ سیاسییه‌ دێرینه‌كان جیاوازى زۆرى هه‌یه‌، مه‌حمود عوسمان كه‌ ته‌مه‌نێكى زۆرى له‌نێو رووداوه‌ سیاسییه‌كانى باشورى كوردستان به‌سه‌ربردووه‌، ده‌ڵێت جاران رێككه‌وتن و تێگه‌یشتنى لایه‌نه‌كان سه‌نگێكى دیكه‌ى هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا جیاوازه‌ لایه‌نه‌كان بێمتمانه‌ن به‌یه‌ك، مه‌رجه‌عێكیش نییه‌ بتوانێت بڕیاربدات.


مه‌حمود عوسمان بۆ په‌یسه‌ر گوتى"دادگاى باڵا نییه‌ كێشه‌كان یه‌كلایى بكاته‌وه‌ دادگاى ته‌میز لێره‌ حزبییه‌، بۆیه‌ دێن و ده‌ڕۆن و داده‌نیشن و كۆده‌بنه‌وه‌، هه‌ریه‌كه‌ و به‌ جۆرێك ته‌فسیرى كۆبوونه‌وه‌كان ده‌كات، ره‌نگه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كان موجامه‌له‌ى یه‌كدى بكه‌ن به‌ڵام حه‌قیقه‌ت جیاوازه‌، له‌كۆندا باشتر بوو به‌م جۆره‌ى ئێستا نه‌بوو، ئێستا رێككه‌وتن زه‌حمه‌تتربووه‌".

پێده‌چێت تا به‌رژه‌وه‌ندى ئابورى حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان گه‌وره‌تربێت، متمانه‌یان به‌ یه‌كدى لاوازتربێت، نه‌مانى نه‌وشیروان مسته‌فا و مام جه‌لالیش له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا وه‌ك هۆكارى گه‌وره‌ى ئه‌و قۆناغه‌ سیاسییه‌ ده‌بینرێت، كه‌ بێمتمانه‌یى بووه‌ته‌ ناسنامه‌ى، مه‌رجه‌عى چاره‌سه‌رى كێشه‌كان ئێستا نه‌ كارێزمایه‌ نه‌ ده‌ستور و یاسا و دادگا، بۆیه‌ باڵ و لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كان به‌ بێمتمانه‌یى زۆره‌وه‌ سه‌رقاڵى دانوستانن، قۆناغێك پڕ له‌ موجامه‌له‌ى سیاسى و خاڵى له‌ متمانه‌.

به‌بڕواى مه‌حمود عوسمان، به‌رژه‌وه‌ندى زۆر و گه‌وره‌تر هه‌یه‌ ئێستا"كۆمه‌ڵێك كه‌س هه‌ن پێگه‌یان په‌یداكردووه‌، كێشه‌ى كورد بووه‌ به‌ پله‌ دوو، كێشه‌ى حزبه‌كان بووه‌ به‌ پله‌ یه‌ك، هه‌ر حزبێك كێشه‌ى حزبه‌كه‌ى خۆى پێش كێشه‌ى به‌رژه‌وه‌ندى خستووه‌، ئێران قسه‌یه‌ك ده‌كات و توركیاش به‌ جۆرێك و به‌غداش قسه‌ى هه‌یه‌، بۆیه‌ بێمتمانه‌یى دروست بووه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌ك داده‌نیشن له‌ ژێره‌وه‌ هه‌ریه‌كه‌ ئه‌جێنداى دیكه‌ى هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌جێندا شاراوه‌كان كاریگه‌رییان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ى ده‌كرێت به‌ ئاسانى جێبه‌جێناكرێت، له‌ كۆندا نه‌وت نه‌بوو به‌رژه‌وه‌ندى بچوك هه‌بوو".


لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ته‌نها به‌رامبه‌ر یه‌كدى هه‌ستیارنین له‌ دانوستانه‌كان، به‌ڵكو خواستى زۆرى جه‌مسه‌ره‌ جیاوازه‌كانى ناو حزبه‌كان بۆ قایمكردنى پێگه‌ى خۆیان هاوكێشه‌ى جیاوازى دروستكردووه‌، به‌جۆرێك له‌ناو حزبه‌كانیش بێمتمانه‌یى و ركابه‌رى زۆر هه‌یه‌، له‌ ناوخۆى پارتى و یه‌كێتیش به‌رپرسان له‌هه‌وڵى ئاینده‌ى خۆیان و خێزانه‌كانیانن، له‌ناو پارتى هه‌ردوو ئاڕاسته‌ى مه‌سرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانى ركابه‌رى بردنه‌وه‌ى زۆرترین ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن، له‌نێوان یه‌كێتیش چه‌ند باڵێك له‌سه‌ر پۆسته‌كان ركابه‌رى توندیان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش بووه‌ به‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى دیكه‌ى بێمتمانه‌یى لایه‌نه‌كان.

به‌بڕواى عه‌داله‌ت عه‌بدوڵا نوسه‌ر، كۆمه‌ڵێك رووداوى چه‌ند ساڵى رابردوو وایكرد، بێمتمانه‌یى زیاتر له‌نێوان حزبەکان دروستبێت، چونكه‌ هه‌ر لایه‌نێك ته‌فسیرى جیاوازده‌كات بۆ ئه‌و رووداوانه‌، بێمتمانه‌یى ئێستا زیاتر له‌نێوان یه‌كێتى و پارتیدایه‌، مام جه‌لال و كاك نه‌وشیروان له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ نه‌ماون ئه‌وه‌ش كاریگه‌رى زۆر هه‌یه‌ كه‌ لایه‌نه‌كان به‌ ئاسانى متمانه‌یان بۆ دروستنابێت.


ده‌شڵێت"هه‌رلایه‌ك ده‌یه‌وێت وه‌ك هێزێكى سه‌ركه‌وتوو ده‌ربكه‌وێت، جاران هێزه‌ سیاسییه‌كان مه‌رجه‌عێكى هه‌بوو، ئێستا ئاڕاسته‌ى جیاجیا ده‌ركه‌وتوون، پرۆسه‌ى بڕیاردان قورس بووه‌ وه‌ك جاران نییه‌، كه‌سه‌ كارێزمییه‌كان به‌شى زۆریان نه‌ماون، یاخود جیلێكى نوێ هاتووه‌ته‌ پێشه‌وه‌، ئێستا ژانێكى زۆرى ده‌وێت تا لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كان هه‌ست به‌ دڵنایى بكه‌ن، جاران بۆ رێككه‌وتنه‌كان كه‌ حزب به‌رژه‌وه‌ندییه‌كه‌ى ره‌چاوبكرایه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌كرا، به‌ڵام ئێستا ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندى كه‌سه‌كانى ناو حزبیش له‌به‌رچاو بگیرێت، ئه‌مه‌ش كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌، ده‌بێته‌ هۆى رێگرى له‌ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن".

ئه‌وه‌ى بێمتمانه‌یى لایه‌نه‌كانى گه‌یاندووه‌ته‌ لوتكه‌ نه‌بوونى ده‌ستور یاخود ده‌زگایه‌كى ده‌ستوورییه‌ كه‌ بێ جیاوازى به‌رژه‌وه‌ندى لایه‌نه‌كان بپارێزێت و گره‌نتى بێت بۆ جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌كان، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ هه‌ر لایه‌نێك له‌ خه‌مى پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندى خۆیدابێت، ده‌ستى وڵاتانی هه‌رێمییش له‌ناو شه‌تره‌نجى گۆڕه‌پانى سیاسى هه‌رێمى كوردستان قه‌له‌قى زۆرى بۆ لایه‌نه‌كان دروستكردووه‌، به‌جۆرێك بڕیار ته‌نها لاى خۆیان نییه‌، رۆڵى كارێزماش له‌ناو ململانێ سیاسییه‌كان ونه‌ و هیچ كه‌سێك عه‌ساى سیحرى ره‌واندنه‌وه‌ى نیگه‌رانییه‌كانى پێنییه‌، ركابه‌رى سیاسى گۆڕاوه‌ بۆ هاوكێشه‌یه‌كى ئاڵۆز كه‌ خاڵییه‌ له‌ گره‌نتى و دڵنیایى بۆیه‌ش سه‌رچاوه‌كانى ته‌شه‌نه‌ سه‌ندنى بێمتمانه‌یى زۆر زیاترن له‌و هۆكارانه‌ى متمانه‌ بۆ سیاسه‌ت ده‌گێڕنه‌وه‌.