ڕاپۆرتی کوردستانی

10:52 - 16/02/2019

٤٨كاتژمێرى هه‌ستیار و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌‌

فه‌رمان حه‌سه‌ن

٤٨كاتژمێرى داهاتوو بۆ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌ستیار و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌، كۆبوونه‌وه‌كان په‌له‌په‌لى و جموجوڵى زیاتریان تێكه‌وتووه‌، بڕیاره‌ خولى نوێى په‌رله‌مان دواى پێنج مانگ له‌ هه‌ڵبژاردنى گشتى كۆببێته‌وه‌، یه‌كێتى و پارتى نه‌گه‌یشتوون به‌ ئه‌نجامى كۆنكرێتى و گۆڕانیش بڕیاره‌ دوا كۆبوونه‌وه‌ى خۆى له‌گه‌ڵ براوه‌ى یه‌كه‌م بكات، كۆمه‌ڵیش هێشتا چاوه‌ڕێى دانوستانى دیكه‌یه‌و بەرچاوی روون نییە هەر یەکە لە یەکێتی و پارتی لەنێوان بژاردەی قورسدان.

  دواى نزیكه‌ى ٢٠ كۆبوونه‌وه‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، رێككه‌وتن و پێكهاتن كه‌وتووه‌ته‌ كاتى زیادكراوه‌وه‌، لایه‌نه‌كان یارییان به‌كات كرد تا ئێستا په‌له‌پروزێیان پێكه‌وتووه‌، كه‌شوهه‌واسارده‌ و كۆبوونه‌وه‌كان گه‌رمتربوون له‌ جاران، به‌ڵام تا ئێستاش لایه‌نه‌كان یارى كات له‌گه‌ڵ یه‌ك ده‌كه‌ن و سه‌برى یه‌كتر تاقیده‌كه‌نه‌وه‌، متمانه‌ى سیاسى نێوانیان له‌ ئاستى نه‌بوودایه‌ و ئه‌وه‌ دووه‌مین جاره‌ یه‌كێتى و پارتى رێككه‌وتن راده‌گه‌یه‌نن بێ ئه‌وه‌ى به‌ ئه‌نجامى كۆنكرێتى گه‌یشتبن.

زۆرینه‌ى كێشه‌و داواكارییه‌كان وه‌ك كاتژمێرى یه‌كه‌من، گۆڕان كۆبوونه‌وه‌كانى سه‌ره‌تاى زۆرتر به‌ كه‌رنامه‌ى حكومه‌ته‌وه‌ خۆى سه‌رقاڵ كرد تا به‌رنامه‌ سیاسییه‌كه‌ى خۆى خزانده‌ كارنامه‌ى كابینه‌ى نوێوه‌، كات بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر پۆسته‌كان زۆر كه‌م بووه‌وه‌، گفتوگۆكانى ئێستا له‌سه‌ر شێوازى دابه‌شكردنى پۆسته‌كانه‌، شاندى دانوستانكارى ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ تا ئێستا ئه‌نجامى كۆتایى گفتوگۆكانى نه‌گه‌یاندووته‌وه‌ جڤاتى نیشتیمانى له‌كاتێكدا دورۆژى ماوه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان.

یه‌كێتى له‌هه‌رلایه‌ك زیاتر مقۆمقۆى ناوخۆى سه‌رقاڵى كردووه‌، له‌لایه‌ك كاندیده‌كانى خۆى بۆ سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت پێ یه‌كلاى نه‌كراوه‌ته‌وه‌، له‌لایه‌كى دیكه‌ ئه‌م دوورۆژه‌ به‌ دوا هه‌ل ده‌زانێت تا پارێزگارى كه‌ركوك و وه‌زاره‌تى دادى تێدا بسه‌پێنێت به‌سه‌ر پارتیدا، ئه‌وه‌ى یه‌كێتى دردۆنگ كردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر كارتى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ ده‌ستبچێت و كابینه‌ى نوێ پێكبێت ناتوانێت پارتى ناچار بكات بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌و دوو داواكارییه‌.

  هه‌ردوو كێشه‌كه‌ ئاڵۆز و پێكداچوون، ده‌یان كاتژمێرى كۆبوونه‌وه‌ دوو قۆڵییه‌كانى رابردوو گرێی كه‌ركوك و وه‌زاره‌تى دادى نه‌كرده‌وه‌، پێده‌چێت چاره‌سه‌رى ئه‌و دوو كێشه‌یه‌ گرانتر بێته‌ ده‌ست، چونكه‌ یه‌كه‌میان پاشماوه‌ى رووداوه‌كانى ١٦ی ئۆكتۆبه‌ره‌ كه‌ تێیدا ناكۆكى یه‌كێتى و پارتى گه‌یشته‌ لوتكه‌ و نیوه‌ى خاكى كوردستان له‌و ململانێیه‌دا له‌ ده‌ست چوو، ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ى بێتاوان شه‌هیدبوون و كورد ئه‌و ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ى به‌ خوێنى زیاتر له‌ هه‌زار پێشمه‌رگه‌ به‌ده‌ستیهێنابوو له‌ كاتژمێرێكدا له‌ ده‌ستدا، كێشه‌ى دوومیش دیسان ئاسان نییه‌ كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ گره‌وى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ هه‌یه‌ و تێیدا قسه‌ و پرۆژه‌ى مه‌سعود بارزانى پشتگوێخراو یه‌كێتى كاندیده‌كه‌ى خۆى نارده‌ هۆڵى ده‌نگدانه‌وه‌و كاندیده‌كه‌ى بارزانیش به‌ ده‌ستى به‌تاڵ هاته‌وه‌، پارتى له‌مه‌شدا یه‌كێتى تۆمه‌تبار ده‌كات كه‌ رێككه‌وتنى پێشێلكردووه‌.

یه‌كێتى هه‌موو كێشه‌كانى ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ى خۆى بردووه‌ته‌ سه‌رمێزى ناكۆكى سه‌ركردایه‌تى حزبه‌كه‌، ده‌یه‌وێت له‌وێوه‌ چاره‌سه‌رێك بدۆزێته‌وه‌، كه‌ ئایا بچێته‌ ژێر بارى كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان و هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى بێ ئه‌وى هیچ گره‌نتییه‌ك له‌ پارتییه‌وه‌ به‌ ده‌ستبهێنێت بۆ هه‌ڵبژاردنى پارێزگارى كه‌ركوك و وه‌زاره‌تى دادى عێراق، یاخود بڕیار بدات گه‌رێكى دیكه‌ى ململانێى ده‌ستبادان له‌گه‌ڵ پارتى ده‌ستپێبكات.

هه‌ردوو بژارده‌كه‌ بۆ یه‌كێتى قورسه‌، چونكه‌ ناوخۆى حزبه‌كه‌ ناكۆكى توندى تێدایه‌، بێ پارتى ناتوانێت گره‌وى كه‌ركوك و به‌غدا به‌رێته‌وه‌ به‌تایبه‌تى كه‌ركوك چونكه‌ پارتى زۆرینه‌ى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوكى پێكهێناوه‌، له‌گه‌ڵ پارتیش هیچ گره‌نتییه‌كى پێنه‌دراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پۆستانه‌ به‌ده‌ستبهێنێـت ئه‌گه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم پێكبێت، له‌ناوخۆى حزبه‌كه‌ش كاندیده‌كانى بۆ پۆسته‌كان له‌ ركابه‌رى توندان و ئاماده‌نین بۆ یه‌كدى پاشه‌كشه‌ بكه‌ن، ره‌نگه‌ یه‌كێتى ناچار بێت جارێك نه‌چێته‌ گۆره‌پانى پێكهێنانى حكومه‌ته‌وه‌، به‌وجۆره‌ش كێشه‌ ناوخۆییه‌كانى خه‌فه‌ بكات و ناره‌زاییه‌كان بخاته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌وپێیه‌ى ئه‌گه‌ر ئێستا یه‌كێتى به‌ پاكێجى پارتى رازى بێت و ئاماده‌ى چوونه‌ حكومه‌ت بێت له‌ ماوه‌یه‌كى كه‌مدا ده‌بێت كاندیده‌كانى یه‌كلا بكاته‌وه‌.


 پارتیش خاڵى نییه‌ له‌ناكۆكى و گرفت، گۆڕانكارییه‌كانى حزبه‌كه‌ ئاگرى ناكۆكییه‌ ناوخۆییه‌كانى گه‌وره‌تر كرد، به‌شێكیان پێیان وابوو به‌ستنه‌وه‌ى كاراكردنه‌وه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم به‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌ته‌وه‌ هه‌ڵه‌بوو، بووه‌ هۆى دواخستنى زیاترى كابینه‌ى نوێ و وایكرد یه‌كێتى داواكارى زیاترى هه‌بێت، هاوكات له‌ناو ئه‌و حزبه‌ دوو بۆچوون هه‌یه‌، بۆچوونێك پێى وایه‌ دواى پێكهێنانى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان راسته‌وخۆ حكومه‌ت پێكبێـت و كاراكردنى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم دوابكه‌وێت، بۆچوونه‌ى دووه‌م پێداگرن له‌ كاراكردنى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم پێش پێكهێنانى حكومه‌ت.

هاوكات پارتى په‌له‌یه‌تى زووتر كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت پێكبێت و پێیوایه‌ ماوه‌یه‌كى زۆر دواكه‌وتووه‌، به‌ڵام به‌ ناچارى پێویستى به‌ لایه‌نه‌كانه‌و ناتوانێت به‌ ته‌نها هه‌نگاو بنێت بۆیه‌ له‌نێوان دووبژارده‌یه‌ كه‌ هیچیان به‌ دڵى پارتى نین كه‌ یاخود ده‌بێت ده‌ستى شل بكات و پۆستى زیاتر بدات، یاخود ده‌بێت له‌سه‌ر یه‌كێـتى نه‌وه‌ستێت له‌ حاڵه‌تى دووه‌میش پارتى پێى خۆش نییه‌ كابینه‌كه‌ى مه‌سرور بارزانى به‌ كێشه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتى ده‌ستپێبكات، بۆیه‌ش پارتى هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ هه‌ستیارى ده‌جوڵێته‌وه‌ بژارده‌كانى به‌رده‌مى به‌ته‌واوى به‌دڵى ئه‌و نین، هاوكات گرفتى ناوخۆیشى هه‌یه‌و مه‌سرور بارزانى ته‌واوی وه‌زیره‌كانى كابینه‌ى هه‌شت ره‌تده‌كاته‌وه‌، له‌كاتێكدا نێچیرڤان بارزانى پێداگره‌ له‌سه‌ر مانه‌وه‌ى ئاشتى هه‌ورامى.

كۆمه‌ڵی ئیسلامیش دیسان گرفتى هه‌یه‌ به‌وپێیه‌ى كه‌متر له‌ ٤٨ كاتژمێرى ماوه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان، به‌ڵام پشكى خۆى نازانێت و ته‌نها دوو كۆبوونه‌وه‌ى كردووه‌ له‌گه‌ڵ پارتى، ئه‌ویش دیسان له‌ دووڕیاندایه‌ به‌وه‌ى بێبه‌رچاو روونى بچێته‌ كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌وا دواتر پێگه‌ى به‌هێزنابێت به‌رامبه‌رپارتى بۆ دابه‌شكردنى پۆسته‌كان، ئه‌گه‌ر نه‌شچێته‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ترسى هه‌یه‌ په‌راوێزبخرێت بكه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ى یارییه‌كه‌، بۆیە ئه‌و حزبه‌ش چه‌ند رۆژێكى هه‌ستیارى له‌پێشه‌.

تێكڕایه‌ لایه‌نه‌كانى پێكهێنه‌رى حكومه‌ت له‌قه‌له‌قى و ساتێكى هه‌ستیاردان، هه‌ریه‌كه‌یان ترسیان هه‌یه‌ ئه‌وه‌ى چینویانه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى رابردوو له‌م كاته‌ زیادكراوه‌دا ببێته‌ خورى، متمانه‌ى سیاسى بوونى نییه‌و قۆناغێكه‌ خاڵى له‌ دڵنیایى و رووداوه‌كان خێرا ده‌گۆڕێن، دواى ته‌واوبوونى ئه‌و ماوه‌ كه‌مه‌ى ماوه‌ روونده‌بێته‌وه‌ كه‌ لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر سفره‌یه‌ك كۆده‌بنه‌وه‌ یاخود قۆناغێكى دیكه‌ ناكۆكى و ململانێ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌و له‌دایكبوونى حكومه‌تى نوێ زیاتر دواده‌کەوێت و كێشه‌كان قوڵترده‌بنه‌وه‌.