ڕاپۆرتی کوردستانی

02:57 - 17/02/2019

ئایا گۆڕان دەتوانێت بە سەربەرزییەوە لە کابینەی نۆیەم بێتە دەرەوە؟‌

پەیسەر

وەک چاوەڕوان دەکرا پارتی و گۆڕان لە دواین کۆبوونەوەیاندا لەسەر پێکهێنانی کابینەی نۆیەم گەیشتنە رێککەوتن، بەپێی رێککەوتنەکە پارتی ئەوەندەی سازش بۆ گۆڕان کردووە کە سەرکردەکانی گۆڕان بتوانن لەناو جەماوەرەکەیاندا سەریان بەرز رابگرن و بەشی ئەوە پاساوی لۆژیکیان هەیە کە بۆچی بەشداریان لە حکومەتدا کردووە.

پارتی بەپێی کورسی حیسابی بۆ گۆڕان نەکردووە
ئەگەر سەیری ڕێککەوتنەکەی گۆڕان و پارتی بگەین، لە ڕێککەوتنی حیزبێکی خاوەنی ٤٥ کورسی و حیزبێکی ١٢ کورسی ناچێت، بەڵکو زیاتر وەک ئەوە وایە پارتی حیسابی ٢٤ کورسییەکەی خولی رابردووی بۆ گۆڕان کردووە، پڕۆژە چاکسازییەکەی گۆڕانی قبوڵ کردووە کە لە ماوەیەکی دیاریکراودا جێبەجێ بکرێت و گۆڕان خۆشی سەرپرشتی پڕۆسەکە دەکات، لە دابەشکردنی پۆستەکانیشدا بە هەمان شێوە جێگری سەرۆکی هەرێمی بە کۆمەڵێک دەسەڵاتەوە داوە بە گۆڕان بە تایبەت دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگە و چاکسازی لە هێزی پێشمەرگەدا، وەزارەتی دارایی و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و یەکێک لە دوو وەزارتی شارەوانی یان ئاوەدانکردنەوە و شەش بریکاری وەزیر و کۆمەڵێک پۆستی دیکەش.

لە هەمووشی گرنگتر دەستەی چاکسازی پێکدەهێنرێت کە پارتی داوای کردووە دەستەکە بکرێتە وەزارەت و گۆڕان سەرپەرشتی بکات و لە پەرلەمانیشەوە لە ماوەیەکی دیاریکراودا یاسایەکی بۆ دەربچێت.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە بۆچی پارتی ئەو هەموو سازشەی بۆ گۆڕان کردووە لە کاتێکدا کە پێگە و قورسایی گۆڕان بەراورد بە خولەکانی رابردوو کەمی کردووە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە خۆی لە چەند خاڵێکدا دەبینێتەوە:
یەکەم: گۆڕان بە درێژایی دە ساڵی تەمەنی جگە لەو دەنگ و کورسییەکانی بە دەستی هێناوە، هەمیشە پشت ئەستوور بووە بەو شەرعییەتەی کە خەڵکی نارازی وەک ئۆپۆزسیۆن پێیانداوە، جگە لەوەش هەمیشە وەک سەرکردایەتی بەرەی ئۆپۆزسیۆن دەرکەوتووە، بە جۆرێک لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن بۆیان قورس بوو دژایەتی هەڵوێست و خواستێکی گۆڕان بکەن ئەگەر تەنانەت دژی ئەو هەڵوێستەش بووبێتن.

لە ئێستادا کە پارتی مەسرور بارزانی راسپاردووە بۆ پێکهێنانی حکومەت، چ مەسرور بارزانی و چ باوکی دەیانەوێت کابینەی نۆیەم جیاوازبێت لە کابینەکانی پێشوو و زۆر جیاواز و بەهێز دەربکەوێت، بۆ ئەمەش زۆر پێویستیان بەوە هەیە کە گۆڕان بەو شەرعییەتە ئۆپۆزسیۆنییەیەوە بچێتە پشت ئەم کابینەیە، لەو حاڵەتە کابینەی نۆیەم بەهێز دەبێت و بە ئاسانی دەتوانێت متمانەی بەشێکی زۆری کۆمەڵگا بۆ خۆی دەستەبەر بکات، کابینەی نۆیەم تووشی ئەو بێ متمانەییە گەورەیەی خەڵک بە کابینەی هەشتەم نابێتەوە، ئەمەش دەستی حکومەت ئاوەڵا دەکات دەست بۆ هەندێک بابەت ببات کە پێشتر نەیدەوێرا بیبات.

دووەم: پارتی لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا لە سلێمانی و گەرمیان هێزێکی غایب و بێ دەسەڵات بوو، یەکێتیش ئەو یەکێتییەی سەردەمی رێککەوتننامەی ستراتیژی نییە، پارتی پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ سلێمانی و گەرمیان، پێویستی بەوەیە چیتر دانیشتوانی سلێمانی و گەرمیان وەکجاران بە رەشبینییەوە سەیری پارتی نەکەن، بۆ ئەمەش هیچ رێگەیەک لەبەردەم پارتیدا نییە جگە لەوەی کە دەبێت لەڕێی دروستکردنی پەیوەندییەکی باشەوە لەگەڵ گۆڕان بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، پارتی لە ساڵی ٢٠١٤ و سەرەتای ٢٠١٥دا ئەزمونێکی هەیە، ئەویش ئەوەبوو لەو کاتەدا کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ گۆڕاندا هەبوو، خەریکبوو بۆچوونی بەشێک لە دانیشتوانی سلێمانی و گەرمیان بەرامبەر بە پارتی هێور دەبووەوە.

سێیەم: مەسرور بارزانی بۆ ئەوەی کابینەکەی جیاوازبێت لە کابینەکانی نێچیرڤان بارزانی دەبێت هەندێک چاکسازی بکات، هەروەها پارتیش لەوە تێگەیشتووە کە ناکرێت تا چەندین ساڵی دیکە هەر بەم شێوەیەی ئێستا حوکمڕانی بکرێت و ئەگەر بێتوو چاکسازی نەکرێت دوور نییە کە لە داهاتوودا توڕەیی و بێزاری خەڵک لە چوارچێوەی تەقینەوەیەکی جەماوەریدا خۆی ببینێتەوە، هەربۆیە دەبێت چاکسازی بکرێت، چاکسازیش لەم قۆناغەدا بەبێ گۆڕان زۆر قورسە، چونکە ئەگەر گۆڕان پشتی ئەو چاکسازییانە نەگرێت ئەوا خەڵکی ناڕازی متمانەی پێناکەن، هەروەکچۆن متمانەیان بە هێنانی کۆمپانیای دیلۆت نەکرد بۆ وردبینی کردنی داهاتی نەوت، کە خەڵکی ناڕازیش پشتگیری هەنگاوەکانی حکومەت نەکەن بۆ چاکسازی، ئەوە ئەستەمە چاکسازی سەربگرێت.

هەر سەبارەت بە چاکسازی، پێدەچێت ئەمجارەیان پارتی بە جدی بیەوێت چاکسازی بکات، بەڵام هەندێک باڵ و کەسی ناو یەکێتی لە سلێمانی رێگری بکات لە هەنگاوەکانی چاکسازی، هەربۆیە پارتی ئەگەر جدی بێت لە چاکسازی پێویستی بەوە هەیە کە گۆڕان لە ناوچەی زۆنی سەوز بەرەنگاری ئەو باڵ و ئاراستەیەی ناو یەکێتی ببێتەوە کە دەبنە ڕێگر لە بەردەم چاکسازیدا.

چوارەم: پارتی زۆر بێ متمانە بووە بە یەکێتی، هەربۆیە دەیەوێت بە باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ گۆڕان، رێگری بکات لەوەی یەکێتی بە دروستکردنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ گۆڕان و هێزەکانی دیکە بەرەیەکی بەهێز لە دژی پارتی دروست بکەن.
پێنجەم:  چەندین ساڵە بەرژەوەندی پارتی لەگەڵ ئەوەدایە کە هێزی پێشمەرگە یەکبخرێتەوە، بەڵام پارتی پێیوایە کە یەکێتی کۆسپە لەبەردەم یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەدا، هەربۆیە پارتی جێگری سەرۆکی هەرێم دەدات بە گۆڕان کە دەسەڵاتی تەواوی هەبێت لە چاکسازیکردن لە هێزەکانی پێشمەرگەدا، پارتی دەیەوێت شەڕی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بە گۆڕان بکات، چونکە خۆی ناتوانێت ئەم شەڕە بکات.

شەشەم: پارتی پێیوایە کە لەناو یەکێتیدا ئاراستەیەکی بەهێزی دژە پارتی هەیە کە ئامادەن بە پشتگیری ئێران و هەندێک لایەنی شیعەی عێراق تەنانەت دوو ئیدارەیی رابگەیەنن، ئەمەش لەم قۆناغەدا زۆر لە دژی بەرژەوەندی پارتییە، هەربۆیە پارتی بە بە‌هێزکردنی پێگەی گۆڕان لە حکومەتدا دەیەوێت گەرەنتی ئەوە بکات کە دوو ئیدارەیی ڕوونادات، چونکە لەو حاڵەتەدا ئەگەر بێتو یەکێتی باسی دوو ئیدارەیی بکات ئەوە گۆڕان دەتوانێت لەناو رای گشتییدا لە سلێمانی تەنگ بە یەکێتی هەڵبچنێت.

حەوتەم: پارتی دەیەوێت بە ڕازیکردنی گۆڕان لە هەولێر، لە بەغداش گۆڕان لەگەڵ خۆی هەماهەنک بکات، هەماهەنگ بوونی گۆڕان و پارتی لە بەغدا دەبێتە هاوسەنگی هێزە کوردییەکان لە بەغدا لە بەرژەوەندی پارتیدا دەشکێتەوە، یەکێتی ناتوانێت بە ئاسانی لە بەغدا کێشە بۆ پارتی دروست بکات، بە تایبەت لە ئێستادا کە بەهۆی بەرهەم ساڵحەوە تا رادەیەک پێگەی یەکێتی لە بەغدا بەهێز بووەتەوە، پارتی دەیەوێت بە هەماهەنگ بوون لەگەڵ گۆڕان ئەگەر رۆژێک دژایەتی بڕیارێکی بەغدای کرد وەک هەڵوێستی کورد لێک بدرێتەوە.

پێدەچێت ئەم حەوت هۆکارەی ئاماژەیان پێدرا لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو سازشە گەورەیەی پارتی بن بۆ بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام لێرەدا پرسیارێکی دیکەش دێتە ئاراوە کە ئایا گۆڕان دەتوانێت لە چوار ساڵی داهاتوودا ئەو سازشە گەورەیەی پارتی لە بەرژەوەندی خۆیدا بشکێنێتەوە و پێگەی خۆی بەهێز بکاتەوە؟

وەڵامی ئەو پرسیارەشیان خۆی لە چەند خاڵێکدا دەبینێتەوە:
یەکەم: کەوتووەتە سەر ئەوەی سەرکردایەتی گۆڕان و بەرپرسەکانی لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا تا چەندە سوور و پێداگر دەبن لەسەر جێبەجێ کردنی چاکسازی، هەروەها کەوتووەتە سەر ئەوەی تا چەندە ئەم سەرکردایەتییە بەردەوام لێپرسینەوە لە بەرپرسانی حیزبەکەی لەناو حکومەتدا دەکات بە تایبەتیش بەرپرسی دەستەی چاکسازی، ئەگەر ئەو بەرپرسانەی گۆڕان کە خەمساردبوون لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی چاکسازی دروست ئەوەیە بزووتنەوەکە خۆی بەر لە هەر لایەنێک چاودێر بێت بەسەریانەوە و لێپرسینەوەیان لێ بکات و سزایان بدات، باکی نەبێت لەوەی خەمساردی بەرپرسەکانی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات.

دووەم: تا رادەیەک کەوتووەتە سەر ئەوەی گۆڕان تا چەندە دەتوانێت بەسەر کێشە ناوخۆییەکانی خۆیدا زاڵ بێت.

سێیەم: دەبێت گۆڕان یاری براوە بە براوە لەگەڵ پارتی و یەکێتیدا بکات، بەو واتایەی کەوتووەتە سەر ئەوەی ئایا لە چوار ساڵی داهاتوودا گۆڕان دەتوانێت پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ پارتی و دواتر یەکێتیدا هەبێت یان نا، چونکە گۆڕان ناتوانێت هیچ هەنگاوێکی چاکسازی بنێت بەبێ ئەوەی لە پلەی یەکەمدا پارتی پشتگیری بکات و لە پلەی دووەمیشدا یەکێتی، بۆ ئەمەش پێویستە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئەو دوو هێزەدا هەبێت و لەهەر هەنگاوێکی چاکسازی دەبێت ئەو قەناعەتە لای پارتی و یەکێتی دروست بکات کە ئەو چاکسازییە لە بەرژەوەندی ئەوانیشە، واتە دەبێت هەر سێ لایەنەکە لە چاکسازیدا وەک براوە دەربکەون و نابێت خۆی بکاتە پاڵەوانی چاکسازی چوونکە لەو حاڵەتەدا پارتی و یەکێتی قبوڵی ناکەن گۆڕان خۆی بکات بە پاڵەوان بە سەریانەوە، بەڵکو دەبێت هەر سێ لایەنەکە خۆیان بکەنە پاڵەوان.

بەپێی رەوتی دانووستانەکان و هاوکێشەکان لە ئێستادا پارتی ئامادەیی زیاتری تێدایە بۆ چاکسازی، بەم رێککەوتنەش ئەو پەیامەی داوە بە گۆڕان کە پارتی ئامادەیە بۆ یارییەکی براوە بە براوە، بۆیە گۆڕان لە قۆناغی یەکەمدا دەبێت هەڵوێستی پارتی تاقی بکاتەوە و هانی بدات  بۆ چاکسازی بەو شێوەیەی کە هەر دوو هێزەکە وەک براوە دەربکەون، بۆ ئەمەش نیشاندانی نیازپاکی لە هەر دوو لایەنەکەوە پێویستە.

گۆڕان دەبێت هەنگاوێک زیاتر لە پارتیش بنێت دەبێت هەوڵ بدات لە سلێمانیش لەگەڵ یەکێتی پەیوەندییەکی باش دروست بکات، چونکە یەکێتی دەتوانێت کێشە بۆ چاکسازییەکانی گۆڕان دروست بکات، دەبێت گۆڕان هەوڵ بدات لەڕێی دیپلۆماسی و دروستکردنی پەیوەندییەکی باشەوە زەمینە بۆ متمانە و چاکسازی دروست بکات، بە جۆرێک هەر سێ لایەنەکە دواجار وەک براوە دەربکەون.

چوارەم: گۆڕان دەبێت بتوانێت هاوسەنگییەک لەنێوان دوو چەمکی شەفافییەت و نهێنی پارێزیدا دروست بکات، شەفافییەت بەو واتایەی کە دەبێت گۆڕان بتوانێت خەڵک لە هەنگاوەکانی چاکسازی ئاگادار بکاتەوە زانیاری دروستیان پێ بدات و هیواداریان بکات، ئەگەریش کەسانێک یان لایەنێک کۆسپیان لەبەردەم چاکسازی دروستکرد خەڵکی لێ ئاگادار بکاتەوە، گۆڕان پێویستە ئەمە بکات بۆ ئەوەی متمانەی جەماوەر نەدۆڕێنێت، لە بەرامبەریشدا نابێت بە پەلە و بە روانینێکی پۆپۆلیستانەوە هەر خاڵێکی لاوازی پارتی و یەکێتی دەستخست لەقاوی بدات، چونکە بەمشێوەیە ئەو دوو حیزبە دەچنەوە قاوغەکەی خۆیان و رێگری دەکەن لە چاکسازییەکانی گۆڕان، گۆڕان بە ناچاری دەبێت دوای چوار ساڵ بە دەستبەتاڵی بێتە دەرەوە.

ئەنجامدانی چاکسازی پێویستی بە سەبر و دروستکردنی متمانەوە هەیە، گۆڕان دەبێت لە قۆناغی یەکەمدا سەبری هەبێت و هەوڵی دروستکردنی متمانە بدات، لەگەڵ ئەوەشدا هەڕەشەی ئاشکراکردنی کۆسپەکان وەک کوتەکێک بەسەر پارتی و یەکێتییەوە رابگرێت

ئەگەر گۆڕان بتوانێت یاری براوە براوە لەگەڵ پارتی و یەکێتیدا بکات و بتوانێت لە لێپرسینەوە لە بەرپرسەکانی خۆی بکات و بتوانێت چاکسازییەکان وەک کاڵایەکی باش بە خەڵک بفرۆشێتەوە ئەوا دوای چوار ساڵ دەتوانێت بە سەرکەوتوویی لە کابینەی نۆیەم بێتە دەرەوە.