05:27 - 17/02/2019
داواكارییه‌كانى ١٧ی شوبات لە ده‌رگاى حكومه‌تێكى دیكه‌دا
هه‌شت ساڵى ته‌واو به‌سه‌ر ده‌ستپێكى خۆپیشاندان و چالاكییه مه‌ده‌نییه‌كانى ١٧ی شوباتدا له سلێمانى تێپه‌ڕى، دوو مانگ ناڕازییه‌كان له‌سه‌ر شه‌قام مانه‌وه‌و هاوارى ئه‌نجامدانى چاكسازى و گۆڕانكارییان كرد و قوربانییان دا، دواى نزیكه‌ى ٣ هه‌زار رۆژ له‌و رووداوانه، كێشه‌و داواكارى و نیگه‌رانییه‌كان فراوانتر بوون، قۆناغێكى نوێ ده‌ستیپێكردووه كه ئۆپۆزسیۆن چاوى له‌وه‌یه دواى ساڵانێكى زۆر پڕۆژه‌ى چاكسازى به‌رێته ده‌سه‌ڵاته‌وه‌و پاڵێك به شه‌مه‌نده‌فه‌رى حكومه‌ته‌وه بنێت، كه له‌دواى ١٧ی شوباتەوە وەستاوە.
رووداوه‌كانى ١٧ی شوبات بۆ خه‌ڵك بوون به مێژوو و داواكارییه‌كان و خواستى گۆڕانكارى به زیندوێتى ماونه‌ته‌وه، گریمانه‌وه‌ى دووباره‌بوونه‌وه‌ى ١٧ی شوباتێكى دیكه ئاڵۆزه‌و پێشبینى و خوێندنه‌وه‌ى زۆر هه‌ڵده‌گرێت، زه‌مینه‌ى بوونى ناره‌زاییه‌كان زۆر جیاوازتره له قۆناغى پێشوو، به‌ڵام چاره‌سه‌رییه‌كان هه‌مان ئه‌و چاره‌سه‌رییانه‌ن كه په‌رله‌مان له‌ژێر فشاره زۆره‌كانى ئۆپۆزسیۆندا په‌ناى بۆبرد و دواتر بێده‌نگى لێكرا و جێبه‌جێنه‌كرا، به‌ڵام ئێستا ده‌سه‌ڵات له‌به‌رده‌م پرسیارى خۆیدایه كه ئایا ده‌توانێت به‌رده‌وام بێت، به‌بێ جێبه‌جێكردنى ئه‌و داواكارییانه‌ى هه‌شت ساڵ پێش ئێستا خه‌ڵك گیانى خۆى بۆ كرده قوربانى؟ دەسەڵات ئه‌وكات له‌و گێژه‌ڵوكه رزگارى بوو كه له وڵاتانى عه‌ره‌بییه‌وه هه‌ڵیكردبوون كۆڵه‌كه‌یه‌كى دایه پشتیى دیوارى لارى ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام ئایا ئه‌و كۆڵه‌كه‌یه تا چه‌ندى دیكه دیواره‌كه راده‌گرێت؟
له سه‌روبه‌ندى رووداوه‌كانى ئه‌وكات په‌رله‌مانى كوردستان، دوو بڕیارى گرنگى ده‌ركرد كه بڕیارى ژماره یه‌ك و دووى په‌رله‌مان بوون، ئه‌وه‌ى دووه‌میان گرنگتربوو خواستى خۆپیشانده‌رانى تێداجێكرابووه‌وه، له ئه‌زمونى كارى په‌رله‌مانیدا له كوردستان كارێكى ده‌گمه‌ن بوو كه پێشتر نه‌كرابوو جارێكى دیكه‌ش نه‌كرایه‌وه، به‌ڵام بڕیاره‌كه هه‌ر له په‌رله‌مان خنكێندراو له رۆژنامه‌ى وه‌قائیعى كوردستان بڵاونه‌كرایه‌وه، په‌رله‌مانتاران گوتیان سه‌رنگوم كرا، چونكه به‌پێى یاسا ده‌بوو له رۆژنامه‌ى وه‌قائیعى كوردستان بڵاوبكرێـته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى جێبه‌جێبكرێت.
به‌پێى بڕیارى ژماره دوو، ده‌بوو له‌ماوه‌ى ٢٠ رۆژدا لیژنه‌ى تایبه‌تى په‌رله‌مان كاره‌كانى خۆى ته‌واوبكات، جارێكى دیكه پرۆژه‌ى ده‌ستورى هه‌رێمى كوردستان هه‌مواربكرێته‌وه، داخوازییه‌كانى خۆپیشانده‌ران تێیدا له‌به‌رچاوبگیرێت، وه هه‌موارى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم بكرێت به جۆرێك سه‌رۆك له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه هه‌ڵبژێردرێت، هه‌روه‌ها ده‌بێت پلان بۆ سه‌ربه‌خۆیى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى دابنرێت و ده‌ستى حزب له حكومه‌ت بهێندرێته ده‌ره‌وه، هێزه چه‌كداره‌كانى حزب هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، وه نابێت حزب ده‌زگاى هه‌واڵگرى خۆى هه‌بێت، وه‌زاره‌تى ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌و ئاسایش و پۆلیس به كه‌سانى بێلایه‌ن و پسپۆر بسپێردرێن، موڵك و ماڵى گشتى ده‌بوو بۆ حكومه‌ت بگێرێته‌وه و لێكۆڵینه‌وه له سه‌روه‌ت و سامانى به‌رپرسان بكرێت، داهات شه‌فاف بكرێت بۆ خه‌ڵكى و سیسته‌مى خانه‌نشینى پله‌باڵاكانیش هه‌ڵبوه‌شێته‌وه.
بڕیارى ژماره دوو كه له ١٧ مادده و ده‌یان بڕگه پێكهاتبوو، به وردى داخوازییه‌كانى خه‌ڵك و خۆپیشانده‌رانى تێدا جێكرابووه‌وه، بۆیه‌كه‌م جاربوو په‌رله‌مانى كوردستان ببێته جێگاى پرۆژه‌ى له‌وجۆره‌و داواكارییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانى خه‌ڵك بخاته دووتوێى بڕیاره‌كانیه‌وه، هه‌موو جۆره‌كانى چاكسازى تێدا باسكرابوو ته‌نانه‌ت بڕینه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌ى بێكارى و بیمه‌ى ته‌ندورستى تێدابوو بۆ هاوڵاتیان، وه ده‌بوو بڕیاره‌كه له ١٧ی٣ی٢٠١١ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه جێبه‌جێبكرێت، بڕیاره‌كه ونكراو به دریژایى ئه‌و ساڵانه‌ى دوایى داواكارییه‌كان وه‌ك خۆیان مانه‌وه، هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ملیان نه‌دا بۆ چاكسازى و دواى سێ ساڵ له‌وبڕیاره سه‌رهه‌ڵدانى شه‌ڕى داعش بۆ ساڵانێكى زۆر پرسى چاكسازى دواخست و بوو به‌ژێر رووداوه‌كانه‌وه، شه‌ڕ ده‌نگى چاكسازى نزم كرده‌وه هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كانیش وه‌ك جاران یه‌كگرتوو نه‌مان هاوكێشه‌كانى دواى شه‌ڕیش به‌یه‌كجارى گۆمه‌كه‌ى لێڵتركرد.
چاره‌نوسى خاڵه‌كانى بڕیارى ژماره دوو
قۆناغێكى ته‌واو جیاواز ئێستاى هه‌رێمى كوردستانى پێدا تێده‌په‌ڕێت، خه‌ڵكانێكى زۆر به‌ته‌واوى بێهیوان و كۆمه‌ڵێكیش هیوایان هه‌یه هه‌رچۆنێك بێت پله پله به‌شێك له داواكارییه‌كانى ١٧ی شوبات و خاڵه‌كانى بڕیارى ژماره دوو جێبه‌جێبكرێـت، به‌ڵام زەمینه بۆ ئه‌وه هه‌روا سانا نییه هێزه ریفۆرمخوازه‌كان په‌رته‌وازه‌ن و په‌رله‌مانى ئێستا له‌جێى نه‌بووه‌و كورد پێگه‌ى لاوازتره له‌سه‌ر ئاستى عێراق و وڵاتان، پێده‌چێت له‌م قۆناغه‌دا هێزه ریفۆرمخوازه‌كان به به‌شێكى كه‌مى ئه‌و چاكسازییه رازى بن كه داوایانده‌كرد و گه‌یشتبنه ئه‌و بڕوایه‌ى كه وڵات له ئانوساتێك نابێت به شامى شه‌ریف، بۆیه ده‌بێت نه‌رمبڕانه به سه‌برى دوروودرێژه‌وه دانه دانه خاڵه‌كان بگه‌یه‌نن به رووناكى.
چاوه‌كان له‌سه‌ر كابینه‌ى نوێى حكومه‌تن، كه وه‌ڵامى ئه‌و پرسیارانه بداته‌وه، پرسى چاكسازى، شه‌فافیه‌ت، یه‌كسانى داهات، دادپه‌روه‌رى، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و سه‌روه‌رى یاسا به كوێ ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام ئه‌و كابینه‌یه‌ش له زه‌مینه‌یه‌كى ئاڵۆزدا له‌دایك ده‌بێت، دووهێزى سه‌ره‌كى ئۆپۆزسیۆن گۆڕان و كۆمه‌ڵ چاویان له‌وه‌یه له‌رێگه‌ى ئه‌و كابینه‌یه‌وه پشوویه‌ك به ماندوێتى خه‌ڵك بده‌ن و ده‌ست بۆ چه‌ند خاڵێك به‌رن، ئه‌وانیش له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌ى قورسدان كه هه‌م ده‌بێت خۆیان بسه‌لمێنن و هه‌م ده‌بێت به وریاییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و بێهیواییه زۆره‌دا بكه‌ن كه رووبه‌ڕووى خه‌ڵك بووه‌ته‌وه.
له سه‌روبه‌ندى گفتوگۆكانى پێكهێنانى كابینه‌ى نۆى حكومه‌ت، یه‌كێك له خاڵه‌كانى بڕیارى ژماره دوو كه‌هۆكارى قه‌یرانى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم بوو هه‌رزوو خرایه سه‌رمێزى گفتوگۆ جیاواز له قۆناغى پێشتر پارتى هاوڕایه كه سه‌رۆكى هه‌رێم بهێنێته په‌رله‌مانى كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنى و ده‌ستكارى ده‌سه‌ڵاته زۆر‌و زه‌وه‌نده‌كانى بكرێت، ئه‌گه‌رچى ئه‌و بابه‌ته راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیدار نییه به ژیانى خه‌ڵكه‌وه به‌ڵام دوورنییه ده‌روازه‌یه‌ك بێت بۆچوونه ناوبابه‌ته‌كانى دیكه‌ى ناكۆكى له‌سه‌ر، ئه‌و خاڵانه‌ى راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیدارن به ژیانى خه‌ڵكه‌وه ئێستا هه‌مان خاڵه‌كانى ١٧ی شوبات نین، داواكارى ئاساییكردنه‌وه‌ى مووچه و لابردنى پاشه‌كه‌وت پێشینه‌ى داواكارییه‌كانن، كه وه‌ك ده‌گوترێت حكومه‌تى نوێ به‌رنامه‌ى هه‌یه له سێ مانگى یه‌كه‌مى ته‌مه‌نیدا پاشه‌كه‌وت لابه‌رێت، هه‌رچه‌ند كێشه زۆره‌كانى به‌رده‌م ئه‌و كابینه‌یه گیریمانه‌ى باش بوونى دۆخه‌كه‌ى قورستركردووه.
به‌پێى ئه‌نجامى دانوستانه‌كان بێت، پێده‌چێت هه‌ریه‌كه له گۆڕان و كۆمه‌ڵ كه به‌شدارى كارایان له ناڕه‌زاییه‌كانى ١٧ی شوبات هه‌بوو، له حكومه‌تى نوێ پێگه‌یان هه‌بێت، چاوه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و هێزانه‌ن له‌گه‌ڵ خۆیان جوڵه به‌رنه ناو ده‌سه‌ڵاته‌وه، هه‌رچه‌نده به‌شدارى ئه‌وان له‌ژێر پرسیار و ره‌خنه‌ى گه‌وره‌دایه به‌ڵام وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن هیوایان هه‌یه شتێك له دۆخى هه‌رێمى كوردستان به‌رنه‌پێش.
عه‌لى حه‌مه ساڵح سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان له په‌رله‌مانى كوردستان، ده‌ڵێت"کۆی قه‌ناعه‌ته‌کانی خۆمان له ڕێککه‌وتنی سیاسی و به‌رنامه‌ی حکومه‌ت جێگیرکردووه، به سێکته‌ر سێکته‌ر و سه‌قفی زه‌مه‌نی، ده‌بێت له ١٠٠ ڕۆژی یه‌که‌می حکومه‌تدا ئاسۆی ئه‌م چاکسازیه به هه‌نگاوی کرده‌یی ببیندرێت و یه‌که‌م یاساش چاکسازییه".
ئه‌و گوته‌یه‌ى عه‌لى حه‌مه‌ساڵح دواى هه‌شت ساڵ له ناره‌زایى و داواكارییه‌كانى ١٧ی شوبات، پرسیارى گه‌وره‌ى خه‌ڵكى له‌سه‌ره كه ئایا به‌رنامه‌كانى چاكسازى جێبه‌جێده‌كرێت؟ ئایا ده‌سه‌ڵات ئاماده‌یه ملبدات بۆ روونكردنه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ى داهات و سه‌روه‌ركردنى یاسا و چه‌سپاندنى دادى كۆمه‌ڵایه‌تى و به نیشتیمانیكردنى ده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌كان؟ ئایا حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ئاماده‌ن ده‌ستبه‌ردارى به‌رژه‌وه‌ندى گه‌وره‌ى به‌رپرسه‌كانیان و كۆمپانیاكان ببن له‌پێناو خه‌ڵكدا؟ بۆیه ئه‌زمونى نوێى هه‌رێمى كوردستان له‌به‌رده‌م چاوه‌ڕوانى و تاقیكردنه‌وه‌ى قورسدایه، هێزه ریفۆرمخوازه‌كان له تونێلێكدان جگه له هه‌وڵدان بۆ گه‌یاندنه جێى پرۆژه‌كانى چاكسازى رێگه‌ى دووه‌میان له‌به‌رده‌مدا نییه، ره‌نگه ناچار بن هه‌نگاو به هه‌نگاو شان بده‌نه به‌ر خه‌ونه‌زۆره‌كانى خه‌ڵك، خۆ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات جارێكى دیكه ناچار به چاكسازى نه‌بێت ره‌نگه ئه‌زمونى باشورى كوردستان له لێوارى نغرۆبوونى ته‌واودابێت، به‌وپێیه‌ى ده‌سه‌ڵات به‌دیلى چاكسازى له‌به‌رده‌ست نییه و ئاسان نییه بتوانێت درێژه به‌ته‌مه‌نى خۆى بدات به دۆخى باوى ئێستاوه، ره‌نگه به ناچارى بۆ دوورخستنه‌وه‌ى مه‌ترسى له‌سه‌ر هه‌ژموونیان ده‌ست بۆ كۆمه‌ڵێك خاڵ و بڕگه به‌رن و سه‌رنجى خه‌ڵك بخه‌نه سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوانه‌یان.
١٧ی شوباتێكى دیكه
ئه‌وه‌ى ئێستا له شه‌قامى كوردستان ده‌بیندرێت زیاتربوونى ژماره‌ى نارازییه‌كان و گه‌وره‌بوونى زیاترى كێشه‌كانه، ته‌نانه‌ت له‌زۆر شوێن زیاتر له‌نیوه‌ى خه‌ڵك به‌شدار نه‌بوو له هه‌ڵبژاردن، ناره‌زاییه‌كانى ئه‌م دواییه له‌سه‌ر پاشه‌كه‌وتى مووچه هه‌ولێریشى گرته‌وه، دوایین خۆپیشاندانى جه‌ماوه‌رى گۆڕه‌پانه‌كه‌ى شیلادزێى ژێرده‌ستى پارتى بووه، كه ئه‌م ناوچانه وه‌ك ناوچه‌ى داخراو سه‌خت بۆ ئه‌نجامدانى خۆپیشاندان باس ده‌كرێن، ره‌نگه ده‌سه‌ڵات ترسى جدى هه‌بێت له‌وه‌ى له‌هه‌ر كاتێك ناره‌زاییه‌كان له‌ده‌ست ده‌ربچن، به‌ڵام بژارده‌ى ١٧ى شوباتێكى دیكه هه‌روا نایاته گۆڕێ و نابێت به واقیع.
ئۆپۆزسیۆنى هه‌رێمى كوردستان وه‌ك جاران یه‌كگرتوو نین، سێ هێز ئۆپۆزسیۆنبوونى خۆیان راگه‌یاندووه كه خاوه‌نى ١٤ كورسى په‌رله‌مانن ئۆپۆزسیۆنى قۆناغى ١٧ى شوبات خاوه‌نى ٣٥ كورسى بوون، ئۆپۆزسیۆنى ئێستا په‌رته‌وازه‌ن و له میدیاكان هێرشده‌كه‌نه سه‌ر یه‌كتر و كارى پێكه‌وه‌ییان په‌سه‌ندنه‌كردووه، به‌ڵام ئۆپۆزسیۆنى پێشوو تۆكمه‌بوون و له پرۆژه‌و په‌یام و هه‌ڵوێسته‌كانیان یه‌كگرتووبوون، ئۆپۆزسیۆنى پێشوو زۆرتر له شه‌قام بوون به‌ڵام ئۆپۆزسیۆنى ئێستا زیاتر چالاكییه‌كانى له سۆشیال میدیایه و شه‌قامى پشتگوێخستووه.
ئه‌وه‌ى گریمانه‌ى دووباره‌كردنه‌وه‌ى ئه‌زمونى ١٧ی شوباتى ئاڵۆزكردووه نائومێدى گه‌وره‌ى له‌نێو خه‌ڵكدا، به‌جۆرێك خه‌ڵك باوه‌ڕى به پرۆسه‌ى چاره‌سه‌رى سیاسى نه‌ماوه‌و ته‌نانه‌ت زۆرینه‌ى زۆرى خه‌ڵكى ناڕازى ئاماده‌نه‌بوو به‌شدارى هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، ئه‌وان پێیان وانییه به هه‌ڵبژاردن و له‌ناوخۆى ده‌سه‌ڵاته‌وه چاكسازى بكرێت، تائێرا گریمانه‌ى دروستبوونى ناره‌زایى گه‌وره دروستده‌بێته‌وه، به‌ڵام نائومێدییه‌كه ته‌نها له پرۆسه‌ى سیاسى و هه‌ڵبژاردن نییه به‌ڵكو خه‌ڵكانێكى زۆر له خۆپیشاندانیش بێئومێدبوون، به‌شێكیان پێیان وایه زۆریه‌ى خۆپیشاندانه‌كان خوێنى خۆپیشانده‌رى بێتاوانى تێداده‌رژێت و پاش ماوه‌یه‌كى كه‌م به زه‌برى چه‌ك و هێز خه‌فه ده‌كرێت و كاریگه‌رى له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات نابێت، ته‌نانه‌ت تا ئێستا ئۆپۆزسیۆن ئاماده‌یى نییه بۆ هاتنه سه‌ر شه‌قام و رێبه‌رایه‌تى خه‌ڵكى نارازى له شه‌قامه‌وه، به‌شێكى زۆرى خه‌ڵكیش پێیان وایه به‌و رێگایانه‌ى پێشتر ئۆپۆزسیۆن تاقیكرده‌وه هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كانى ئێستا گۆڕانكارییان پێناكرێت، ئه‌وه‌ش واده‌كات گریمانه‌ى دووباره‌بوونه‌وه‌ى ١٧ی شوبات وا ئاسان نه‌بێت، به‌ڵام له هه‌موو حاڵه‌تێكیش گره‌و له‌سه‌ر توڕه‌یى خه‌ڵك ناكرێت و له مێژوودا له‌رووداوى بچوكه‌وه ناره‌زایى گه‌وره له‌دایكبوون، مانه‌وه‌ى دۆخى ئێستاش به‌م جۆره له زیانى چینى زۆرینه‌ى خه‌ڵكه وزه به ناره‌زایى زیاتر ده‌دات، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات به ریتمى پێشووى به‌رده‌وام بێت و هێزه ریفۆرمخوازه‌كانیش ده‌ستئاوه‌ڵا نه‌كات بۆ چاكسازى.