ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:36 - 18/02/2019

ئەگەری هێرشی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر ئێران تا چەندە بەهێزە؟‌

پەیسەر

"ئایا ئێران، دەبێتە عێراقی ترەمپ؟"، ئەمە مانشێتی سەربەرگی گۆڤاری نیوزویکە کە بەر لە چەند رۆژ بڵاوکرایەوە، ئەم گۆڤارە لە شیکارییەکەیدا لە سەر زاری چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا ( سی ئێف ئار)ەوە دەڵێت: " شەڕێکی قورس و کوشندە لەگەڵ ئێراندا بەڕێوەیە".
تا دێت ئەگەرەکانی سەرهەڵدانی شەڕێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێز دەبن، لە کۆنفڕاسنی میونشن بە ئاشکرا باس لە مەترسی سەرهەڵدانی ئەم شەڕە کرا، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش وتی ئەگەری شەڕ لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا هەیە، بەڵام زۆرێک لە شرۆڤەکارە سیاسییەکان پێیانوایە کە  پێدەچێت  شەڕی داهاتووی ناوچەکە شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ئێران بێت.
بە پێی ڕاپۆرتێکی ئەنجومەنی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، لە ساڵی ٢٠١٩دا ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە بەردەم سێ ئاڵنگاری گەورەدایە، کە یەکێک لەو ئاڵنگارییانە گریمانەی پێکدادانی سەربازیی نێوان ئێران و ئەمریکایە، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەگەر شەڕ لەنێوان ئامریکا و ئێراندا ڕوو بدات، کاریگەریی فراوانی لە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دادەنێت.
ئێران و ئەمریکا هەر ئێستاش لە چەندین ئاڵۆزی و پێکدادانی ناوچەیی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەرامبەر بە یەکتر وەستاونەتەوە و پشتگیری لە گروپە نەیارەکانی یەکتر دەکەن، لە سووریا، ئێران پشتگیری لە بەشار ئەسەد دەکات و ئەمریکاش پشتگیری لە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات، لە یەمەن ئێران پشتگیری حوسییەکان دەکات و ئەمریکا پشتگیری لە سعودیا و هاوپەیمانەکانی دەکات، لە عێراق سپای پاسدارانی ئێران بە ئاشکرا پشتگیری لە میلشیا شیعەکانی حەشدی شەعبی دەکات، لە کاتێکدا ئەم گروپانە دژی ئەمریکان و ئەمریکاش داوای چەککردنیان دەکات، لە لوبنانیش ئێران یارمەتیی گروپی حیزبوڵا دەدات، و ئەمریکاش ئەم گروپەی خستووەتە ناو لیستی تیرۆرەوە.


لە ڕاپۆرتەکەدا هەروەها ئاماژە دراوە بە هەوڵەکانی ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٨دا کە کاری کردووە بۆ سنووردارکردنی دەستێوەردانی ئێران لە ناوچەکەدا و هەر لەم چوارچێوەیەشدا لە ئایاری ٢٠١٨دا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە و ماوەیەک دواتریش سەرلەنوێ سزا ئابورییە هەڵپەسێردراوەکانی سەر ئێرانی خستەوە گەڕ، هەر لەو کاتەدا هەندێک لە چاودێران پێیانوابوو کە وەگەڕخستنەوەی سزا ئابورییەکان دەبێتە هۆی زیادبوونی فشاری ئابووری و سیاسی لە سەر تاران و ئەگەری پێکدادانی سەربازییش لەنێوان ئەمریکا و ئێران بەهێزتر دەکات.
بەر لە ماوەیەک ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکیدا باسی لەوە کردبوو کە ساڵی رابردوو لە سەر داوای جۆن بۆڵتن، وەزارەتی بەرگری بژاردەی هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئێرانی تاوتوێ کردووە، لە ڕاپۆرتەکەدا پێشبینی ئەوە کراوە کە ئەمریکا لە مانگەکانی داهاتوودا فشارەکانی بۆ سەر ئێران چڕتر دەکاتەوە، هەر لەو سەروبەندەدا مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لە وتارەکەیدا لە زانکۆی ئەمریکی لە قاهیرە باسی ئەوەیکرد کە ئەمریکا بەرەنگاری مەترسییەکانی ئێران بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتەوە.
ئەمریکا بە هاوکاری پۆلۆنیا لە ڕۆژانی ١٣ و ١٤ی شوباتی ئەمساڵدا لە وارشۆ کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتی گەورەی بە بەشداری زیاتر لە ٦٠ وڵات بەڕێوەبرد، کە بە وتەی بەڕێوەبەرانی کۆنفڕانسەکە ئامانجی سەرەکی کۆنفڕانسەکە بەرەنگاربوونەوەی مەترسی و هەڕەشەکانی ئێران بوو بۆ سەر ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە.
هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیانوایە ئەمریکا بۆ فشارخستنە سەر ئێران یان هێرشی سەربازی پێویستیی بە کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی هەیە، بەوپێیەی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی وەک بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا لە دژی بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا بوون لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە، پێدەچێت بۆ پرسی هێرشی سەربازیش لەگەڵیدا هاوڕا نەبن، هەر بۆیە ئەمریکا لە هاوپەیمانی و کۆدەنگییەکی نوێ دەگەڕێت کە بتوانێت لەم ئامانجەی نزیکتر ببێتەوە.


جێگری سەرۆکی ئەمریکا، مایک پنس لە کۆنفڕانسەکەدا وتی " ئێران گەورەترین هەڕەشە و مەترسییە بۆسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و یەکەم پشتیوانی تیرۆریزم و کاری تێکدەرانەیە لە ناوچەکە و جیهاندا".
پێشتریش جۆن بۆڵتن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا کە بە نەیارێکی سەرسەختی ئێران ناسراوە  باسی لەوە کردبوو ئێران وازی لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نەهێناوە و ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئایەتوڵڵاکان بووەتە بانکی ناوەندیی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی، بۆڵتن وتیشی پێناچێت ئایەتوڵاکان لەوە زیاتر ساڵانە یادی جەژنی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی بکەنەوە.
بە پێی ڕۆژنامەی وۆل ستریت ژورنال، لە ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا دوای ڕووداوی هێرشکردنە سەر کۆسوڵخانەی ئەمریکا لە بەسرە، جۆن بۆڵتن داوای لە پنتاگۆن کردبوو کە پلانی هێرشی سەربازی بۆسەر ئێران بۆ کۆشکی سپی ئامادە بکات، ئەمە یەکەمجار بوو لە سەردەمی ترەمپدا بە ئاشکرا و ڕاشکاوانە بابەتی هێرشی سەربازیی سەر ئێران ببێتە ڕۆژەڤ، پێشتر تەنیا وەک گومانێک لە میدیاکانەوە باسی لێ دەکرا، زۆربەی شرۆڤەکاران و تەنانەت هەندێک لە کاربەدەستانی پێشووی ئامریکاش بە پشتبەستن بە بیرکردنەوە و رابردووی کەسانی وەک بۆڵتن و پۆمپیۆ بە جدیەتێکی زیاترەوە باس لە گریمانەی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران دەکەن.
پرسی هەڕەشەی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران، بابەتێکی نوێ نییە و ئیدارەکانی پێشووی ئەمریکاش پێشتر ئەم بابەتەیان ورووژاندووە، بەڵام ئەمجارەیان بەوپێیەی ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشینگتۆن گەیشتووەتە لوتکە، زیاتر جێی تێڕامانە.
بۆڵتن هەر لە سەرەتاوە سەبارەت بە ئێران ڕوانگەیەکی توندوتیژانەی هەبووە و زۆر جار داوایکردووە هێرشی سەربازی بکرێتە سەر ئێران، تەنانەت ساڵی ٢٠١٥ کاتێک ئیدارەی ئۆباما لە دانووستانە ئەتۆمییەکانی لەگەڵ ئێراندا بەردەوام بوو، بۆڵتن لە وتارێکیدا بۆ رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز داوایکردبوو بۆ رێگریکردن دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە دەبێت هێرشی سەربازی بکرێتەسەر ئێران.


لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١٧دا کاتێک مەک ماستەر ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بوو فەرمانی بە پنتاگۆن دابوو پلانێک بۆ شەڕ لە دژی ئێران ئامادە بکات، مەتیس کە ئەوکات وەزیری بەرگری بوو، پلانەکەی ئامادە کردبوو، بەڵام ئەو پلانە جیاوازە لەو پلانەی کە ئەمجارە بۆڵتن داوایکردووە.
هەندێک لە چاودێران پێیانوایە کە ئەگەر ترەمپ لە ناوخۆی ئەمریکادا بکەوێتە ژێر فشارەوە، پێدەچێت بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر خۆی، هەوڵ بدات لە دەرەوە کێشەیەک دروست بکات، ڕیچارد هاس، سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەکانی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە، باس لەوە دەکات کە لە ساڵی ٢٠١٩دا پێدەچێت ئێران  باشترین بژاردە بێت بۆ شەڕ.
جۆن کیری، وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریکا دەڵێت نیگەرانە لە ڕوودانی پێکدادانێکی سەربازی لە نێوان ئەمریکا و ئێران، چونکە بە وتەی ناوبراو هەندێک وڵاتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە بێ ئەوەی ڕاشکاوانە دەریببڕن، بەڵام داوا لە ئەمریکا دەکەن هێرشی سەربازی بکاتە سەر ئێران، جۆن کیری بە ئاماژەدان بە کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێكکەوتنی ئەتۆمی دەڵێت ئێستا گریمانەی پێکدادانی سەربازی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر بووە، چونکە لەوێ کەسانێک هەن کە چاوەڕوانی هێرشی سەربازیی ئەمریکان بۆ سەر ئێران.
قسە و باس و ئاماژەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو چ لە کۆنفڕانسی وارشۆ و چ لە کۆنفڕانسی میونشن ئەوە دەردەخەن کە کۆدەنگییەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران و گوشار خستنە سەر ئەم وڵاتە بۆ گۆڕینی ڕەفتارەکانی هەیە، ئانگێلا مێرکێل ڕاوێژکاری ئاڵمانیا لە کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشندا جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا و ئەوروپا لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئامانجێکی هاوبەشیان هەیە و ئەویش "پێشگرتنە لە رۆڵی  تێکدەرانەی ئێران لە ناوچەکەدا".
وەزیری دەرەوەی پۆلۆنیاش لە کۆنفڕانسی وارشۆدا ڕەخنەی لە دەستێوەردانەکانی ئێران گرت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا و وتی ئەوروپا و ئەمریکا هەر دووکیان نیگەرانی هاوبەشیان هەیە لە دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکە، بەڵام بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەسەر شێوازی بەرەنگابوونەوەی ئەو وڵاتە.


هەروەها ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش لە وارشۆ باسی ئەوەیکرد کە ئیسڕائیل و وڵاتانی عەرەب لە شەڕ لەگەڵ ئێراندا بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە، هەر لەم دانیشتنەدا پۆمپیۆ بە ناتانیاهۆی راگەیاندبوو کە بە بێ بەرەنگاربوونەوەی ئێران ناتوانن ئاشتی و ئارامی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دابین بکەن.
بەڵام ئێران  کۆنفڕانسی وارشۆی بە کۆنفڕانسێکی گاڵتەجاڕانە ناوبرد، هەر لە یەکەم کاتژمێری دەسپێکردنی کۆنفڕانسەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران بە "یەکێتییەکی فاشیل" و "شکستخواردوو"ی لە قەڵەمدا، جەواد زەریف دواتر لە کۆنفڕانسی میونشن وتی " هەمان ئەو تاقمەی کە شەڕی عێراقیان دەستپێکرد، دەیانەوێت شەڕێک لەگەڵ ئێران هەڵبگیرسێنن، بەڵام ئەم شەڕە دەبێتە خۆکوژی بۆ ئەوان"، هەرچەندە بەرپرسانی ئێران بە لێدوانەکانیاندا دیار بوو هەستیان بە مەترسی و هەڕەشەکانی کۆنفڕانسی وارشۆ کردبوو و لەسەرەتاشەوە هەوڵێکی زۆریان دا کە هەندێک وڵات پاشگەز بکەنەوە لە بەشداریکردن لە کۆنفڕانسەکەدا، بەڵام وەک هەندێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی دەڵێن کاتێک زانییان کۆنفڕانسەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو، کەوتنە گاڵتە پێکردن و بە چاوی سووک سەیر کردنی کۆنفڕانسەکە.
هەر لەم پێوەندییەدا واشنگتن فری بیکەن نووسیویەتی لە حاڵێکدا بەرپرسانی ئێرانی کۆنفڕانسی وارشۆیان پێ گاڵتەجاڕانەیە، سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان باس لە هەنگاوەکانی دواتری ئەمریکا دەکەن و دەڵێن کە شەڕی "وردکردنی ڕژێمی توندڕەوی ئێران" تازە دەستی پێکردووە.


ئایا ئێران دەتوانێت بەرگری لە خۆی بکات؟
 هەندێک لە شرۆڤەکارانی سەربازی پێیانوایە ئێران توانای بەرگری لە خۆکردنی هەیە و ئەگەر شەڕێکی لەم چەشنە ڕوو بدات ئەوا ئێران یەکەم شوێنێک کە بیکاتە ئامانج، پێگە سەربازییەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا بە تایبەتیش لە سوریا و ئەفغانستان و عێراق، هەر بۆیە هەندێک لە پسپۆڕانی بواری سەربازی پلانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایان لە ئەفغانستان و سوریا بە ئاماژەیەک دادەنێن بۆ نزیکبوونەوەی کاتی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران و دەڵێن ئەمریکا دەیەوێت هێزەکانی لە مەترسی هێزە چەکدارەکانی ئێران دوور بخاتەوە.
شرۆڤەکارە ئەمریکییەکان پێیانوایە کە ئەگەر ئامریکا لەگەڵ ئێران بکەوێتە شەڕەوە، قورسایی خۆی دەخاتە سەر فڕۆکەی F22 بۆ ئەوەی لە یەکەم ساتەکانی شەڕدا سەرکەوتنی خۆی لە ئاسمانی ئێراندا مسۆگەر بکات، جگە لەمەش ئەمریکییەکان بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتن، لە چەندین جۆری دیکە چەکوچۆڵی  پێشکەوتووی سەربازی کەڵک وەردەگرن، بە پێی گۆڤاری Warrior، ئەگەر ئەمریکا لەگەڵ ئێران بکەوێتە شەڕەوە، ئەوا لە پێشکەوتووترین چەک و چۆڵی خۆی کەڵک وەردەگرێ.
ئێران هەر لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقەوە هەوڵی داوە توانا سەربازییەکانی خۆی پەرە پێبدات، بەڵام پیشەسازیی سەربازی ئێران نەیتوانیوە خۆی بگەیەنێتە ئەو ئاستەی کە بەرەنگاری چەکە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا ببێتەوە، بەبۆچوونی ئەو شرۆڤەکارە سەربازییانەی کە قسەیان بۆ گۆڤاری Warrior کردووە، ئەمریکا بە لایەنی کەمەوە  پێنج جۆرە چەکی بە دەستەوەیە کە بە ئاسانی دەتوانێ ئێرانی پێ تێک بشکێنێت.


فڕۆکەی F22 یەک لەو چەکانەیە کە ئەمریکا بۆ شەڕی ئێران پشتی پێ دەبەستێت، لەکاتێکدا ئێران دەیەوێت فڕۆکەی فانتۆم یان F14بەکار بهێنێت کە لەڕووی تەکتیکی و تەکنۆلۆژییەوە قەت ناتوانێت لە ڕیزی ئەو فڕۆکە شەڕکەرانەی ئەمریکادا بێت کە لە ناوچەی کەنداودا جێگیری کردوون.
B2 یان "سپریت" جۆرێکی دیکەی فڕۆکەی بۆمب هاوێژە کە بە کەڵکوەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای "ستەلس" دروستکراوە و لە بەهێزترین و پێشکەوتووترین فڕۆکەکانی جیهانە، ئەم فڕۆکەیە دەتوانێت سیستەمی بەرگری ئاسمانی  دوژمن تێپەڕێنێت، هەروەها دەتوانێت تا ٢٠ تەن بۆمب هەڵبگرێت و لە هەر کەشوهەوایەکیشدا دەتوانێت ئامانجەکانی بپێکێت.
بۆمبی GBU-57 Massive Ordnance Penetrator MOP  بۆمبێکی ئاسمانیی بەهێزە بۆ تێکشکاندنی ئەو ئامانجانەی لە قووڵایی زەویدا دروستکراون، بە جۆرێک کە بەر لە تەقینەوەی دەتوانێت تا قووڵایی ٦١ مەتر ڕۆ بچێتە زەوی و هەروەها دەتوانێت دیوارێکی کۆنکرێتی بە ئەستوریی ١٩ مەتر کون بکات، کێشی ئەم بۆمبە ١٣٦٠٠ کیلۆگرامە و ٢٥٠٠ کیلۆگرام تەقەمەنی تێدایە، فرۆکەی سپریت تاکە فڕۆکەیەکە کە دەتوانێت ئەم بۆمبە هەڵبگرێت.
زرێپۆشی ACV 1.1  لە ئاو و لە وشکانیدا بەکار دەهێنرێت، ئەم زرێپۆشە ١٣ کوشنی دژەمینی هەیە و دەتوانێ سێ کەسی زیادەش هەڵبگرێ و لە هەر چەشنە تەقینەوەیەکیش بیانپارێزێت، شرۆڤەکارە ئەمریکییەکان بە چەکێکی کاریگەری دادەنێن لە شەڕی ئێراندا و بە تایبەتیش بۆ جوگرافیای ئێران زۆر گونجاوە.


شارەزایانی سەربازی باس لە چەندین جۆری دیکەی چەک دەکەن کە ئەمریکا لە شەڕی ئێراندا بەکاریان دەهێنێت کە ئێران بە هیچ جۆرێك ناتوانێت بەرەنگاریان ببێتەوە.
هەرچەندە لە ئاستی ناوچەکەدا ئێران پیشەسازییەکی سەبازی تا رادەیەک پەرەسەندووی هەیە بەڵام ئەم پیشەسازییە ئەوەندە پێشکەوتوو نییە کە بتوانێت بەرەنگاری چەکە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا ببێتەوە، خاڵی بەهێزی ئێران سوپای پاسدارانە کە تا ئەندازەیەک هێزێکی راهێنراوە کە پشت بە موشەکی بالستی دەبەستێت و ساڵی ٢٠١٧ توانی  جۆرە موشەکێک تاقی بکاتەوە کە تا ٢٠٠٠ کیلۆمەتر بڕ دەکات، جیا لەوە سوپای ئێران بە دەست چەکی کۆنەوە دەناڵێنێت، ئەمەش لە ئەگەری شەڕدا توانای دەستپێشخەری لە ئێران دەستێنێتەوە.
بە پێی ڕیکخراوی گلۆبال فایرپاوەر، هێز و توانای سەربازی وڵاتان تەنیا بە چەک هەڵناسەنگێندرێت بەڵکو پێوەری وەک فاکتەری جوگڕافی، دیپلۆماسی و توانای ئابوری ڕۆڵیان هەیە لە بەهێزبوونی سوپای وڵاتێک، گلۆبال فایرپاوەر بە ڕەچاوکردنی ٥٠ پێوەر، توانای سەربازی و هێزی مرۆیی و فرەچەشنیی چەک و چۆڵی وڵاتان هەڵدەسەنگێنێت و هەر بە پێی ئەمەش ریزبەندی بۆ توانای سەربازیی وڵاتان دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتی ساڵی رابردووی  ئەم ڕێکخراوەیە ئامریکا بە  دوو ملیۆن و ٣٠٠ هەزار سەرباز، ٧١٦ میلیار دۆلار بووجەی سەربازی، ٥٨٨٤ تانک، ١٣٧٦٢ فڕۆکە، ١٩ کەشتیی فڕۆکەهەڵگر و ٧٠ ژێردەریاییەوە لە پلەی یەکەمی بەهێزترین سوپاکانی جیهاندایە، لەکاتێکدا ئێران بە ٩٣٤٠٠٠ سەرباز ، ٦.٣ میلیار دۆلار بودجەی سەربازی، ١٦١٦ تانک، ٤٧٧ فڕۆکە و ٣٣ ژێردەریاییەوە لە نێو ٢٥ وڵاتدا لە ریزی ٢١مین وڵاتدایە.
بە ڕەچاوکردنی ئاستی ئابوری ئەمریکا و توانای باڵای تەکنۆلۆژی ئەم وڵاتە، هیچ وڵاتێک ناتوانێت بە زۆرکردنی ژمارەی سەرباز و فڕۆکە و تانک ئامریکا بترسێنێت، بەڵام ئەوەی ئەمریکا لێی دەترسێت ئەو سوپایانەن کە توانای شەڕکردنیان هەیە و دەتوانن لە تایبەتمەندییە جوگڕافی و خۆجێیەکان کەڵک وەربگرن کە بەبۆچوونی هەندێک لە شارەزایانی سەربازی پێدەچێت سوپای ئێران لەو سوپایانە بێت کە دەتوانێت لە تایبەتمەندییە جوگرافی و خۆجێییەکان بە باشی کەڵک وەربگرێت.