ڕاپۆرتی کوردستانی

07:29 - 18/02/2019

باندەكانی فرۆشتنی جەستە لە عێراق و كوردستان، هەڕەشە لە ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەكەن‌

پەیسەر

روانگەی عێراقی بۆ قوربانیانی بازرگانیكردن بە مرۆڤ پشتڕاستی ئەوەی كردەوە 15 باندی مەترسیدار هەن لەبەغداد و پارێزگاكانی تری عێراق كار بۆ تێوەگلانی ژنان دەكەن و دەیانخەنە نێو باندی لەشفرۆشی یەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پیاوانی بەتەمەن و خاوەن پێداویستی تایبەت بەكار دەهێنن لە چوارڕێیان و ترافیك و بازاڕەكاندا، لەگەڵ ئەو كارانەشدا پارچەكانی جەستەی مرۆڤ دەفرۆشن و پارەی بیانیش دەبەنە دەرەوەی وڵات.


بە پێی دووەم راپۆرتی ئەو راونگەیە رێژەی 40%ی ئەو باندانە دەكەونە بغدادی پایتەخت و هەندێكیشیان لە هەرێمی كوردستانن و ژنان وكچانی ئاوارەكان و خێزانە هەژارەكان دەخەنە نێو ئەو كارەوەو سەرەتا دەیانبەنە نێو باڕِ و یانە شەوانەكان و دواتر بەكاریان دێنن لە ئەنجامدانی كاری سێكسی دا، ئەوان كار بۆ خەڵكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش دەكەن تا بێنە هەرێم و كارئاسانییان بۆ دەكەن بە وەرگرتنی مافی نیشتەجێبوون-اقامە- و لەبەرامبەردا پارەیەكی كەمیان پێدەدەن.
لەو راپۆرتەدا هاتووە: زۆرینەی تاوانی بازرگانی كردن بە مافەكانی مرۆڤەوە لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و ئەكاونت و پەیجی وەهمی و نەناسراوەوە ئەنجام دەدرێن و تاڕادەیەكیش بە بێ ترس و ئازادانە بڵاو دەكرێنەوە.


راپۆرتەكەی روانگە دەریخستووە توڕێكی بازرگانی بەجەستەی مرۆڤەوە لە بەغداد هەیە و قوربانیەكانیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە دەست دەخەن، ئەوان لاوازی و خراپی باری ئابورییان دەقۆزنەوە، ئەوان دوای ئەوەی كەسەكەیان دەست دەكەوێت بە رێگای تایبەتی خۆیان رەوانەی -سلێمانی-یان دەكەن بۆ ئەوەی لە نەخۆشخانە تایبەتیەكان نەشتەرگەرییان بۆ بكرێت.
ئەو راپۆرتە بەڵگەی هێناوەتەوە كە دوو لەو تۆڕانە نوسینگەیان لە (بەغداد) و (هەولێر) هەیە، گوتوشیەتی: نوسینگەكان وەهمین و لە راستیدا بوونیان نیە، ئەوان كاری هێنانی كرێكاری بیانی (ژن و پیاو) دەكەن لە وڵاتانی، ئۆگەندا، تەنزانیا، هندستان و بەنگلادیش بۆ  هەرێمی كوردستان، پاشان بە شێوەیەكی نهێنی و نایاسایی دەیانبەن بۆ بەغداد.
بە پێی روانگەی یاسایی كە لەساڵی 2018 دامەزراوە، گوایە لە رێگەی توڕی كۆمەڵایەتییەوە بەڵگەیەكی كرێكارێكی بەنگالی دەست كەوتووە، كە لە عێراق رایكردووە بەرەو توركیا دوای ئەوەی لە نوسینگەی بەرپرسێكی سیاسی عێراقی هەڵهاتووە لەبەر ئەوەی توندوتیژبووە بەرامبەری و مافە داراییەكانی زەوت كردووە و پێی نەداوە. هەروەها راپۆرتەكە باسی لەوەش كردووە بازرگانیكردن بە جەستەی مرۆڤەوە لە هەولێر وسلێمانی هەن و تایبەتن بە بازرگانی كردن بە -جگەر  و گورچیلە- ەوە. نرخەكانیش لە نێوان (5 تا 10)ملیۆن دیناری عێراقییە.


راپۆرتەكە باسی لەوەكردووە ئەو كارە لە رێگەی كۆمەڵە پزیشكێكەوە ئەنجام دەدرێت كە شارەزان لە بواری دەرهێنان و چاندنی گورچیلە دا و لە نەخۆشخانە تایبەتەكان ئەنجام دەدرێن.
هەر ئەو راپۆرتە باسی لەوەش كردوو لە پارێزگای بەسرە چوار باند هەن كە پیاوانی پیرو خاوەن پێداویستی تایبەت لەنێو شەقام و بازاڕ و فولكەو ترافیكەكان دادەنێن بێ ئەوەی حساب بۆ تەمەن و باری تەندروستیی و مرۆڤایەتییان بكەن.
بوونی ئەو باندانە لە پارێزگای زیقار كار لە سەر منداڵانی خوار هەژدە ساڵ دەكەن و بۆ ئەنجامدانی كاری سێكسی بەكاریان دێنن بەتایبەتی بۆ (هاوڕەگەزبازی)و لەبەرامبەریشدا بڕی 200 دۆلاریان پێدەدرێت بۆ تەنها رۆژێك، هەروەها ئەو راپۆرتە جەختی كردوەتەوە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی لەو كارەوە گلاون و دەبرێنە دەرەوەی پارێزگاكە بۆ مەبەستی ئەنجامدانی هاوڕەگەزبازیی.


روانگەی عێراقی هانای بردووە بۆ لایەنە پەیوەندیدار و تایبەتمەندەكان تا دەتوانن هەوڵەكانی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ دانانی سنوور و چارەسەركردن و دۆزینەوەی شوێنێك بۆ داڵدەدانی قوربانیەكانی ئەو بوارە، لەگەڵ ئەوەشدا لیژنەیەكی باڵا دابنێن بۆ كۆتایی هێنان بە بازرگانی كردن بە مرۆڤەوە و ئەو لیژنەیە لە پارێزگاكانیش لیژنەی لاوەكی هەبێت.
لەهەمان كاتدا ئەو روانگەیە بە پێویستی دەزانێت یاسای بنەبڕكردنی بازرگانی كردن بە مرۆڤەوە ژمارە 28 /2012  ئەكتیڤ بكرێت و دانانی توندترین سزا دیاری بكرێت بۆ هەموو ئەوانەی كە لەو جۆرە تاوانانەوە تێوەگلاون.

(بۆ بینینی راپۆرتەكە و سەردانی پێگەی روانگەی عێراقی كرتە بكە)