ڕاپۆرتی کوردستانی

06:55 - 19/02/2019

ئایا یه‌كێتى ده‌توانێت دوو ئیداره‌یى رابگه‌یه‌نێت؟‌

فه‌رمان حه‌سه‌ن

 له‌ رواڵه‌تدا بژارده‌ى دوو ئیداره‌یى هێنده‌ به‌ بژارده‌یه‌كى قورس و گریمانه‌یه‌كى مه‌حاڵ نابینرێت، به‌وپێیه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان دوو هێزى ده‌سه‌ڵاتدار چه‌ك و ده‌زگاى ئه‌منى خۆیان هه‌یه‌ و هه‌ریه‌كه‌یان خۆیان به‌ حكومڕانى ناوچه‌یه‌كى جوگرافى ده‌زانن، چ كاتێكیش ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كانیان گه‌یشته‌ ئاستێك به‌رژه‌وه‌ندییان له‌گه‌ڵ پێكه‌وه‌بوون نه‌بوو ده‌توانن هه‌رێمى كوردستان دووله‌ت بكه‌ن، به‌ڵام له‌ ناواخندا بژارده‌ى دووئیداره‌یى ئاسته‌نگ و ئاڵنگارى زۆرى له‌پێشه‌ و گره‌وكردن له‌سه‌رى سه‌ركێشى ده‌وێت.

 یه‌كێتى له‌ ده‌ستپێكى دانوستانه‌كانه‌وه‌ جاروبار به‌ نافه‌رمى بژارده‌ى ئۆپۆزسیۆن بوون و دوو ئیداره‌یى ده‌دات به‌ گوێى به‌رامبه‌رەكانیدا، ده‌كرێت ئه‌م حزبه‌ وه‌ك گوشار ئه‌م په‌یامانه‌ به‌ پارتى بگه‌یه‌نێت تا داواكارییه‌كانى جێبه‌جێكرێت، به‌ڵام پاڵنه‌ریشى بۆ ئه‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى باس له‌وه‌ده‌كات شه‌راكه‌ت و هاوسه‌نگى راسته‌قینه‌ له‌ كوردستان نه‌ماوه‌، پارتیش زۆربه‌ى جومگه‌ هه‌ستیاره‌كانى به‌ڕێوه‌بردنى هه‌رێمى كوردستانى به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، یه‌كێتى پێیوایه‌ نابێت به‌ ژماره‌ى كورسى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بكرێت و پێویسته پێگه‌ ئه‌منى و سه‌ربازییه‌كه‌ى له‌به‌رچاو بگیرێت، رەنگە یەکێتی پێی وابێت به‌وهێزه‌ی هەیەتی و به‌و په‌یوه‌ندییانه‌ى له‌گه‌ڵ ئێران و به‌غدا دروستیکردوون بتوانێت ده‌ست بۆ بژارده‌یه‌كى له‌وجۆره‌ به‌رێت و لانى كه‌م ماوه‌یه‌ك ئیداره‌ى دۆخه‌كه‌ بكات و سوود له‌ هاوكێشه‌ هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان وه‌ربگرێت.

ئاسته‌نگه‌كانى ده‌ستبردن بۆ دوو ئیداره‌یى

یه‌كه‌م/ گه‌وره‌ترین هۆكار كه‌ واده‌كات یه‌كێتى رووبه‌ڕووى كێشه‌ ببێته‌وه‌ له‌ ئه‌گه‌ر بژارده‌یه‌كى وه‌ها، خواستى زۆرى ئه‌مریكایە بۆ مانه‌وه‌ى قه‌واره‌ى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان، واشنتن به‌ ته‌واوى دژى هه‌ر هه‌وڵێكه‌ هه‌رێمى كوردستان دووله‌ت بكات و پێشى وایه‌ له‌ ئه‌گه‌رى روودانى وا ئێران یاریكه‌رى سه‌ره‌كى ده‌بێت و ئیداره‌ى سلێمانى به‌ته‌واوى له‌ژێر هه‌ژمونى ئه‌و وڵاته‌ ده‌بێت.


به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر ئەمریكا له‌رێگه‌ى باڵیۆزخانه‌كه‌یه‌ وه‌ نامەیەكی ئاڕاستەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردووە و هۆشداری داوەتە یەكێتی لە هەوڵدان بۆ دووئیدارەیی و راشیگەیاندووە، ئەو هەنگاوە دوای ریفراندۆم هەڵەی دووەمە و دوو ئیدارەییش بە زیان بۆ هەرێم و ئەزمونی سیاسی كورد دەكشێتەوە، هەروەها ئەو كارەشی بە خزمەتی وڵاتێكی دراوسێ لەقەڵەم داوە. له‌ نامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌، بیركردنەوە لەهەنگاوی تاكلایەنە بۆ دوو ئیدارەیی خزمەت بە پرۆسەی سیاسی لەعێراق ناكات و ئەنجامدەرەكانی رووبەڕووی بەرپرسیارێتی چاوەڕواننەكراو دەكاتەوە.

هه‌ڵوێستى ئه‌مریكا بۆ یه‌كێتى روونه‌ كه‌ رێگه‌ به‌ بژارده‌یه‌كى وه‌ها نادات، ئه‌گه‌ر یه‌كێتى سه‌ركێشى ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ش بكات دوورنییه‌ رووبه‌ڕووى سزاى ئه‌مریكا ببێته‌وه‌ چونكه‌ واشنتن ته‌نانه‌ت رێگره‌ له‌وه‌ى عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌تێكى خاوه‌ن سه‌روه‌رى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئێران بكات، هه‌ر ئیداره‌یه‌كیش له‌ سلێمانى ده‌روازه‌ى سه‌ره‌كى ئێرانه‌ و مامه‌ڵه‌ى بازرگانى له‌گه‌ڵ ئێرانیش ئه‌و ئیداره‌یه‌ رووبه‌ڕووى سزاده‌كاته‌وه‌ دۆخى ناوچه‌كه‌ ده‌شڵه‌ژێنێت، چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا په‌یسه‌ر ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ ئه‌مریكا به‌ فه‌رمى یه‌كێتى و پارتى ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وت به‌ تانكه‌ر بۆ ئێران رابگرن، راسته‌وخۆ داواكارییه‌كه‌ى ئه‌مریكا جێبه‌جێكراوه‌، هه‌رچه‌ند ئێران فشارى كردووه‌ له‌به‌رپرسانى یه‌كێتى بۆ ئه‌وه‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وت به‌ تانكه‌ر رانه‌گیرێت.

دووه‌م/ جگه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا پێناچێت توركیاش بژارده‌یه‌كى واى پێخۆش بێت، به‌وپێیه‌ى ئه‌نقه‌ره‌ سه‌قامگیرى ئه‌و پاره‌یه‌ى لا مه‌به‌سته‌ كه‌ به‌هۆى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ ده‌ستیده‌كه‌وێت، جگه‌ له‌وه‌ش مه‌ترسى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ئه‌و ئیداره‌ نوێیه‌ له‌ژێر هه‌ژمونى ئێراندابێت و ببێته‌ دەروازەیەکی گرنگ بۆ كاروچالاكى په‌كه‌كه‌، یه‌كێتیش هه‌ڵوێستى توركیاى لا گرنگه‌ چونكه‌ ئه‌م ماوه‌ى دوایى هه‌وڵى زۆریدا تا دڵى ئه‌نقه‌ره‌ له‌خۆى رازى بكات و په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئاسایى بكاته‌وه‌، ته‌نانه‌ت سلێمانى به‌ڕووى گروپه‌كانى نزیك له‌ په‌كه‌كه‌دا داخست، هه‌روه‌ها گه‌شته‌كانى فڕۆكه‌خانه‌ى سلێمانى و توركیا بۆ یه‌كێتى گرنگى تایبه‌تى هه‌یه‌ و ده‌روازه‌یه‌كى گرنگه‌ بۆ كاره‌كانى به‌رپرسانى ئه‌وحزبه‌.


سێیه‌م/ ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان یارمه‌تیده‌ر نییه‌ بۆ بژارده‌یه‌كى له‌وجۆره‌، به‌تایبه‌ت ناوخۆى سلێمانى كه‌ گۆڕان پێگه‌ى سه‌ره‌كى له‌ سلێمانییه‌ و بژارده‌ى دووئیداره‌یى ره‌تده‌كاته‌وه‌، حزبه‌كانى دیكه‌ش وه‌ك یه‌كگرتوو و نه‌وه‌ى نوێ ئه‌م بژارده‌یه‌ به‌ زیانده‌شكێته‌وه‌ بۆیان و ناتوانن به‌رگرى لێبكه‌ن، بۆ كۆمه‌ڵیش قورس ده‌بێت كه‌ بتوانێت دووئیداره‌یى په‌سه‌ند بكات هه‌رچه‌ند نێوانى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى خراپ نییه‌، به‌ڵام زۆرینه‌ى جه‌ماوه‌رى ئه‌م حزبه‌ش له‌ هه‌ولێره‌و له‌گه‌ڵ گۆڕانیش په‌یوه‌ندى نزیكى هه‌یه‌. وه‌ سۆسیالیستیش كه‌ خاوه‌نى یه‌ك كورسى په‌رله‌مانه‌و كورسییه‌كه‌شى نوێنه‌رى سلێمانییه‌ بژارده‌ى وا په‌سه‌ند ناكات، له‌دۆخێكى وادا كه‌ تێكڕاى حزبه‌كان دژى دووئیدارەیین یه‌كێتى به‌ته‌نها ئه‌سته‌مه‌ بتوانێت ئه‌و كاره‌بكات، چونكه‌ هه‌ژمونى یه‌كێتى له‌ سلێمانى به‌س نییه‌ بۆ كارێكى وه‌ها و زۆرینه‌ى جه‌ماوه‌رى له‌گه‌ڵ نییه‌.

چواره‌م/ ناوخۆى یه‌كێتیش دیسان به‌ربه‌ستێكى دیكه‌یه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌رى دووئیداره‌یى، به‌وپێیه‌ى ئه‌گه‌ر بڕیارى وه‌هاش بدات به‌شێكى به‌رپرسه‌كانى حزبه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ نابێت و دژى ده‌وه‌ستنه‌وه‌، به‌تایبه‌ت كۆسره‌ت ره‌سوڵ و به‌شێكى دیكه‌ له‌ ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسى، ساڵى رابردوو جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا سه‌رپه‌رشتیارى هێزه‌كانى ٧٠ هه‌ر هه‌وڵێكى دووئیداره‌یى به‌ خیانه‌تى مه‌زن وه‌سفكردبوو، بۆیه‌ دوورنییه‌ له‌ ئه‌گه‌رى بڕیارێكى وه‌ها ناوخۆى یه‌كێتى بشڵه‌ژێت، به‌تایبه‌ت ئێستا ناوخۆى حزبه‌كه‌ ناسكه‌ و ناكۆكییه‌كان چاره‌سه‌ر نه‌كراون، ململانێى توند هه‌یه‌ له‌سه‌ر پێگه‌ى باڵه‌ جیاوازه‌كان له‌ كۆنگره‌ى ئاینده‌ى یه‌كێتى.


پێنجه‌م/ یه‌كێتى پلان و به‌رنامه‌یه‌كى دیارى نییه‌ بۆ كارێكى وه‌ها كه‌ چۆن له‌رووى ئابورییه‌وه‌ ئیداره‌ى ئه‌م ناوچه‌یه‌ ده‌دات و مووچه‌و خزمه‌تگوزارییه‌كان چۆن به‌رده‌وامى پێده‌درێت، له‌كاتێكدا حزبه‌كانى دیكه‌ى له‌گه‌ڵ نابێت و مامه‌ڵه‌ى فه‌رمى توركیاش له‌رێگه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم و پارتییه‌وه‌ کە تاکە دەروازەی بۆری نەوتی هەرێمە، ئیداره‌دانى دۆخێكى له‌وجۆره‌ ئاڵوز و پڕكێشه‌یه‌ و ئه‌گه‌رى سه‌رنه‌كه‌وتنى زۆرترن له‌ سه‌ركه‌وتنى، یه‌كێتى گیرۆده‌ى كێشه‌ى چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌و ئاسان نییه‌ ئێستا رووبه‌ڕووى كێشه‌ى قورستربێته‌و بكه‌وێته‌ دۆخى تایبه‌ت و چاره‌نوسسازه‌وه‌.

شه‌شه‌م/ له‌ قۆناغى دووئیداریى نه‌وه‌ده‌كان یه‌كێتى له‌ سنورى سلێمانى مام جه‌لالى وه‌ك سه‌رۆكى هه‌رێم راگه‌یاند، له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه‌ ئیداره‌ى سلێمانى له‌ بۆشایى یاسایى رزگارى بوو، به‌ڵام ئێستا ده‌زگاو دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كان له‌ شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌ وه‌زاره‌ت و سه‌رۆكایه‌تییه‌كانه‌وه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه‌، وه‌ ناتوانرێت بژارده‌ى واش دووباره‌بكرێته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ دووئیداره‌یى پێشوو سه‌رۆكێكى بۆ دیاریكرا، دادگاى پێداچوونه‌وه‌و ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى له‌ هه‌ولێرن و هه‌ر ئه‌گه‌رێكى دووئیداره‌یى رووبه‌ڕووى كێشه‌ى په‌یكه‌رى یاسایى و ئیدارى ده‌بێته‌وه‌ و ده‌ره‌چه‌ى یاسایى بوونى نابێت بۆ به‌رده‌وامیپێدانى، ره‌نگه‌ ته‌نها چاره‌سه‌ر له‌م كاته‌دا راگه‌یاندنى حكومى سه‌ربازى بێت ئه‌وه‌ش گریمانه‌یه‌كى قورسه‌ و له‌ مه‌حاڵ نزیكه‌.

حه‌وته‌م/ هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌ ئێرانه‌، كه‌ وه‌ك باس ده‌كرێت له‌ ئه‌گه‌رى راگه‌یاندنى دووئیداره‌یى تاران ده‌ست له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ نه‌رم بكات و له‌ پشتى ئیداره‌ى سلێمانى بوه‌ستێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش بێ ئاسته‌نگ نییه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئێران ئه‌گه‌ر خواستێكیشى هه‌بێت بۆ دووئیداره‌یى له‌ ئێستادا به‌ڵام سیاسه‌تێكى گشتى هه‌یه‌ كه‌ پێى وایه‌ ده‌بێت سنوره‌كانى ئارام بن و حه‌زى به‌ فره‌ مه‌رجه‌عى نییه‌، دروستبوونى ئاڵۆزى و فره‌ مه‌رجه‌عى و فه‌راغى یاسایى له‌ سلێمانى ئه‌گه‌رى زیانى زیاتره‌ بۆ ئێران، هه‌روه‌ها ئێران پێى وایه‌ له‌رێگه‌ى سلێمانییه‌وه‌ زۆرتر ده‌توانێت ده‌ستى به‌ هه‌ولێر بگات. به‌ گشتى سه‌قامگیرى ته‌واوى عێراق بۆ ئێران گرنگه‌. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كانى پارتى و ئێران ئێستا وه‌ك جاران نییه‌، وه‌ك باس ده‌كرێت ئێران له‌سه‌ر داواى پارتى رێگره‌ له‌وه‌ى پۆستى وه‌زاره‌تى داد بۆ یه‌كێتى یه‌كلایى بێته‌وه‌. 


هه‌شته‌م/ له‌ حاڵه‌تى دووئیداره‌یى یه‌كێتى ده‌بێت پشتیوانى به‌غداى هه‌بێت، به‌ڵام گره‌وكردن له‌سه‌ر دۆخى ئاڵۆزى به‌غدا قورس و پێشبینى نه‌كراوه‌، هاوكێشه‌ى سیاسى عێراق ساده‌ نییه‌ و ته‌نها هێزێكیش قسه‌ى كۆتایى لانییه‌، به‌تایبه‌ت ئێستا عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقه‌و نزیكایه‌تى له‌گه‌ڵ پارتى هه‌یه‌ و له‌ قسه‌ى ئه‌مریكییه‌كان ده‌رناچێت، دواى رووداوه‌كانى ١٦ی ئۆکتۆبەر یه‌كێتى به‌نیازبوو به‌ پشتیوانى به‌غدا هه‌رزوو پارێزگاربۆ کەرکوک دابنێته‌وه‌ به‌ڵام هیچى له‌ به‌غدا ده‌ستنه‌كه‌وت و ئێستا ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ پارتى ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكات.

نۆیه‌م/ دوو ئیداره‌یى هه‌رێمى كوردستان كێشه‌ى كه‌ركوك ئاڵۆزتر ده‌كات و ده‌سه‌ڵاتى یه‌كێتى بۆ ماوه‌یه‌كى دیارینه‌كراو ده‌خاته‌ گێژاوه‌وه‌، به‌وپێیه‌ى پارتى زیاتر دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌ چاره‌سه‌رى دۆخى كه‌ركوك كه‌ خاوه‌نى زۆرینه‌ى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگارى كه‌ركوكە، وه‌ عه‌ره‌به‌كانى كه‌ركوكیش كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتى شاره‌كه‌دان سوننه‌ن و كۆك نین له‌سه‌ر خه‌تى سیاسى یه‌كێتى و به‌پێچه‌وانه‌ى عه‌ره‌به‌ شیعه‌كان زۆرتر له‌ پارتى نزیكن، توركمانه‌كانیش به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ پارتى نزیكن، ئه‌وكات هیچ گره‌نتى نییه‌ به‌غداش له‌گه‌ڵ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركوك بێت چونكه‌ به‌رپرسه‌ باڵاكانى عێراق ئێستاش له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن هه‌ژمونى كورد زیان به‌ پێگه‌ى عه‌ره‌ب ده‌گه‌یه‌نێت له‌ شاره‌كه‌، به‌وجۆره‌ش چاره‌نوسى كێشه‌ى كه‌ركوك زۆر ئاڵۆزترده‌بێت.


ده‌یه‌م/ راى گشتى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ دوو ئیداره‌یى ناكه‌ن، چونكه‌ خه‌ڵك دواى چه‌ند ساڵێكى قه‌یران چاوه‌ڕێى باش بوونى دۆخه‌كه‌و سه‌قامگیرى دۆخى هه‌رێمى كوردستان، بژارده‌ى دوو ئیداره‌یى ده‌رگاى دۆخێكى نادیار به‌ڕووى خه‌ڵكدا ده‌كاته‌وه‌و هاوڵاتیان به‌رچاو روونیان نییه‌ دۆخى هه‌رێمى كوردستان به‌ كوێ ده‌گه‌یه‌نێت، جگه‌ له‌وه‌ش یه‌كێتى له‌ سنورى هه‌ولێر به‌رپرس و جه‌ماوه‌رى خۆى هه‌یه‌ و پێناچێت ئه‌و خه‌ڵكانه‌ دوو ئیداره‌ییان پێخۆش بێت.