06:58 - 20/02/2019
پڕۆژه‌یه‌ك كوردى خستووه‌ته به‌رداشى ئه‌مریكا و ئێرانه‌وه
له قۆناغێكى ئاڵۆزدا پرۆژه یاسایه‌کى هه‌ستیار مشتوموڕى زۆرى له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق دروستكردووه، پرۆژه‌كه به‌شێك له شیعه‌كان پشتیوانى ده‌كه‌ن و سووننه دژیه‌تى، كه ناوه‌رۆكه‌كه‌ى بۆ كردنه‌وه‌ى ده‌ره‌وه‌ى هێزه بیانییه‌كان و هێزى ئه‌مه‌ریكایه به تایبه‌ت له خاكى عێراق، كورد له‌نێوان به‌رداشى تاران و واشنتن جارێ بێده‌نگى هه‌ڵبژاردووه.
هه‌ندێك وای ده‌بیین بۆ دۆخێكى وه‌ها كه زۆرنابێت حكومه‌تى عێراق به‌سه‌ر په‌تاى داعشدا سه‌ركه‌وتووه، هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ى گروپه چه‌كداره‌كانى له‌سه‌ره، دۆخى ناوخۆى عێراقیش وه‌ك هه‌میشه له لێوارى شڵه‌ژاندایه، پرۆژه یاسایه‌كى وه‌ها ده‌ستكردنه بە كونى زه‌رده‌واڵه‌دا و حكومه‌تى عێراق رووبه‌ڕووى ته‌نگه‌ژه‌ى گه‌وره ده‌كاته‌وه‌و واده‌كات نه‌یپه‌رژێته سه‌ر ئه‌ركه گرنگه‌كانى له خزمه‌تى خه‌ڵك و دابینكردنى ئاسایش.
له به‌رامبه‌ردا ئه‌و به‌شه‌ى شیعه‌كان كه باگراوندى ئێران و حه‌شدى شه‌عبییان هه‌یه، پێداگرن له‌وه‌ى پرۆژه یاساكه بگه‌یه‌ننه جێ و تێیپه‌ڕێنن، ئه‌وان ده‌ڵێن ده‌بێت سه‌روه‌رى خاكى عێراق پارێزارو بێت و ئه‌م وڵاته خۆى تواناى ئه‌وه‌ى هه‌یه خۆى بپارێزێت بۆیه چیتر پێویست ناكات سه‌ربازه بیانییه‌كان له‌عێراق بژین، هه‌رچه‌ند له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م بۆچوونه، تێگه‌یشتنى دیكه‌ش هه‌یه كه پێیان وایه ئه‌م كاره كارتێكى فشارى ئێرانه به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا كاتێك واشنتن سزاكان توند ده‌كاته‌وه تارانیش پرۆژه‌كه زیاتر ده‌جوڵێنێت به ئومێدى ئه‌وه‌ى ده‌رفه‌تى پێبدرێت ده‌روازەى بازرگانى عێراقى به‌ڕوودا كراوه بێت.
كورد له بابه‌ته‌كه بێده‌نگه، ره‌نگه ئه‌گه‌ر قۆناغێكى دیكه پرۆژه‌كه بچێته پێش كوردیش ناچار بێت خۆى به‌لایه‌كه‌دا بخات، به‌وپێیه‌ى هه‌م ئه‌مریكا و هه‌م ئێرانیش چاویان له كورده، كوردیش ناخوازێت هیچ كام له‌وانه له‌خۆى بكات و بچێت به گژ قوله‌ى قافا، ئه‌حمه‌دى حاجى ره‌شید ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له فراكسیۆنى كۆمه‌ڵ پێیوایه، زیاتر ئه‌و بابه‌ته له كارتێكى فشار ده‌چێت نه‌ك پرۆژه‌یه‌كى جددى.
حاجى ره‌شید گوتى"سوننه‌كان نارازین كورد تا ئێستا هه‌ڵوێستى نییه، ئێمه‌ش وه‌ك كۆمه‌ڵ سه‌یرى بابه‌ته‌كه ده‌كه‌ین و لێیده‌كۆڵینه‌وه به‌ڵام ئه‌مه بۆچوونى حكومه‌تى عێراقى پێویسته، چونكه رێككه‌وتنێكى ئه‌منى هه‌یه، ئه‌مه‌ریكا به بڕیارى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان هاتوو پێم وانییه به بڕیارى په‌رله‌مان بچێته ده‌ره‌وه، شیعه‌كان ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت تێیده‌په‌ڕێنن به‌ڵام ئه‌مه شه‌ڕى به وه‌كاله‌ته".
پڕۆژه‌كه تا ئێستا به‌فه‌رمى نه‌خراوه‌ته گفتوگۆى په‌رله‌مانه‌وه ٧٧ په‌رله‌مانتارى شیعه‌كان واژۆیانكردووه كه بخرێته به‌رنامه‌ى كار و خوێندنه‌وه‌ى بۆ بكرێت، به‌پێى ره‌شنوسى پرۆژه‌كه ده‌بێت عێراق خاڵى بێت له هێزه بیانییه‌كان و سه‌روه‌رى وڵاته‌كه پارێزراو بێت.
به‌ختیار شاوه‌یس ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له فراكسیۆنى یه‌كێتى، بۆ په‌یسه‌ر گوتى"جارێ پرۆژه‌كه خۆى نه‌هاتووه‌ته په‌رله‌مان و ئه‌گه‌ر به‌جدى هاته په‌رله‌مان ئه‌وا قسه‌ى خۆمان ده‌بێت، هه‌ندێكى موزایه‌ده‌ى سیاسییه و هه‌ندێكى وه‌ك فشاره، بۆ راكێشانى شه‌قامه زیاتر".
عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له دوایین كۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانى هه‌فتانه‌ى خۆى گوتى، پێنج هه‌زار و ٢٠٠ سه‌ربازى ئه‌مریكى له عێراق بوونیان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مریكا خواستى هه‌یه له‌عێراق ژماره‌ى سه‌ربازه‌كانى و تواناى سه‌ربازیى خۆى زیاتر بكات، دواى كشانه‌وه له سوریا چاوه‌ڕوانده‌كرێت گۆڕه‌پانى سه‌ره‌كى هێزه‌كانى واشنتن عێراق و هه‌رێمى كوردستان بێت.
دواى سه‌ردانه كوتوپڕه‌كه‌ى دۆناڵد تره‌مپ بۆ عێراق له كۆتایى ساڵى رابردوو و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى بنكه سه‌ربازییه‌كانى وڵاتەکەی، جموجوڵى خێرا دروستبوون، ئه‌مریكا داواى وه‌رگرتنه‌وه‌ى بنكه سه‌ربازییه‌كانى پێشووى له عێراق كرد و هێزى زیاتری نارده كه‌ركوك، حه‌شدى شه‌عبى له زۆر ناوچه كشایه‌وه، تره‌مپ گوتى، ئه‌وان له عێراق ناكشێنه‌وه بایەخى زۆرى وڵاته‌كه‌ى به عێراق نه‌شارده‌وه.
به‌هار مه‌حمود ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له فراكسیۆنى گۆڕان به گرنگى زانى كورد له‌و بابه‌ته بێلایه‌ن بێت، چونكه كێشه‌كه په‌یوه‌ندى به ئه‌مریكا و ئێرانه‌وه هه‌یه ته‌نانه‌ت له‌ناوخۆى سوننه‌و شیعه‌كانیش ناكۆكى هه‌یه له‌سه‌رى.
به‌هار مه‌حمود بۆ په‌یسه‌ر گوتى"تا ئێستا نه‌خراوه‌ته به‌رنامه‌ى كاره‌وه، پرۆژه‌كه مادام مه‌به‌ست لێى هێزه‌كانى ئه‌مریكایه، كورد باشتره بێده‌نگ بێت، چونكه ناكرێت هێزێك ده‌ربكه‌یت و له هێزى دیكه بێده‌نگ بیت، پرۆژه‌كه بۆ ئه‌م قۆناغه ئاڵۆزى لێده‌كه‌وێته‌وه‌و په‌رله‌مان دابه‌شده‌كات".
چاوه‌ڕوانده‌كرێت پرۆژه‌یاساكه ئه‌زمه‌یه‌كى نوێى لێبكه‌وێته‌وه، به‌وپێیه‌ى ئه‌مریكا به‌رهه‌ڵستى توندى هه‌یه بۆ ئه‌و پرۆژه‌یه و ئیرانیش ده‌یه‌وێت كردنه ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا له عێراق ببێته یاسا، ناسر هه‌ركى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له فراكسیۆنى پارتى پێى وایه، پرۆژه‌كه دۆخى عێراق ده‌شێوێنێت ئه‌گه‌ر په‌سه‌ند بكرێت و ئاڵۆزى لێده‌وێته‌وه.
هه‌ركى بۆ په‌یسه‌ر گوتى"كورد ناڵێت دژى پرۆژه‌كه‌یه به‌ڵام ره‌نگه ئه‌مڕۆ عێراق ئاماده نه‌بێت بۆ ئه‌وه به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتى عێراقى هه‌ندێك شتى تر‌ى له پێشه پێش هه‌مووشت ئاشته‌واییه‌كى نیشتیمانى و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و ده‌ستبه‌رى هه‌لى كار، له‌م دۆخەى عێراقى تێدایه پێموایه ئه‌و پرۆژه یاسایه له به‌رژه‌وه‌ندى عێراق نییه".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره گوتیشى"عێراق پێویستى به ئه‌مه‌ریكایه بمێنێته‌وه، پێشتر عێراق زیانى كرد له چوونه ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا، وه‌ختێك ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق جێیان گه‌رم ده‌بێت، بیر له دروشمى بریقه‌دار ده‌كه‌نه‌وه، خزمه‌تى خه‌ڵك ناكه‌نه ئه‌وله‌ویاتى خۆیان".
پێده‌چێت كورد بیه‌وێت له‌په‌ناى هه‌ڵوێستى حكومه‌تى عێراقدا هه‌ڵوێستى خۆى چاره‌سه‌ر بكات و به‌و كاره‌ى بیه‌وێت نه تاران له‌خۆى بتۆرینێت و نه ئه‌مریكا له خۆى توڕه‌بكات، به‌وپێیه‌ى حكومه‌تى عێراقیش له هه‌ماند دۆخدایه و هه‌م واشنتنى لا مه‌به‌سته و هه‌م تاران، هه‌ر بڕیارێكیش بدات ناتوانێت خواستى هیچ كام له‌وانه سفر بكاته‌وه.
رابوون مه‌عروف سه‌رۆكى فراكسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ده‌ڵێت، ئه‌و بابه‌ته په‌یوه‌ندى هه‌یه به بارودۆخى ئه‌منى له عێراقى فیدراڵ و به‌ڕێككه‌وتنى ئه‌منى نێوان حكومه‌تى عێراق و ئه‌مه‌ریكا، بۆیه له دۆخێكى وادا ده‌بێت هه‌ماهه‌نگى هه‌بێت له‌نێوان حكومه‌تى عیراق و ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران.
رابون بۆ په‌یسه‌ر گوتى"من پێم وایه به‌بێ هه‌ڵسه‌نگاندنى حكومه‌تى فیدراڵى، به‌بێ راوێژ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فیدراڵى، ئه‌و بابه‌ته ده‌بێت به وریایى و ژیرانه مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بكرێت، كورد به‌شێكه له عێراق و له‌و بابه‌ته‌دا جیاواز نییه له عێراق، ره‌نگه پرۆژه‌كه په‌یوه‌ندى هه‌بێت به ململانێى هێزه هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له عێراق".
پڕۆژه‌یاساكه هاوكاته له‌گه‌ڵ سه‌پاندنى سزا قۆناغ به قۆناغه‌كانى ئه‌مریكا به‌سه‌ر ئێران‌دا، ئێستا ته‌نانه‌ت حكومه‌تى عێراق له مامه‌ڵه‌ى بازرگانى له‌گه‌ڵ ئێران وه‌ك جاران ده‌ستكراوه نییه‌و سه‌رنجى ئه‌مریكاى له‌سه‌ره، ره‌نگه ساغكردنه‌وه‌ى پرۆژه‌كه ململانێى ئه‌و دوو وڵاته له‌ناو عێراق توندتربكات و ده‌رگاى گێژه‌ڵوكه‌یه‌ك به رووى عێراقدا بكاته‌وه.
موسه‌نا ئه‌مین ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له فراكسیۆنى یه‌كگرتوو بۆ په‌یسه‌ر گوتى"من پێم وانییه عێراق گه‌شتبێته ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ى هێزه بێگانه‌كان ده‌ربكات، وه هێزه بێگانه‌كان له عێراق هێزى راوێژكارین، هیچ به‌رپرسێكى عێراقى دان به‌وه‌دا نانێت هێزێكى بیانى به‌بێ مۆڵه‌ت بوونى هه‌بێت".
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد،"عێراق پابه‌نده به رێزگرتن به‌و رێككه‌وتنه ستراتیژییه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته، بڕواناكه‌م بێته ده‌نگدانى ناو په‌رله‌مانه‌وه ئه‌گه‌ر هات، ئه‌وه جه‌نگى ئێمه نییه، عێراق نه‌گه‌یشتووته قۆناغێك پێویستى به‌هاوكارى نێوده‌وڵه‌تى نه‌بێت ده‌بێت قوڵتر بیرى لێبكرێته‌وه".
پێده‌چێت كورد هه‌ڵوێستى خۆى به‌بێده‌نگى له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه بهێڵیته‌وه نه‌چێته یارى تێپه‌ڕاندنى پرۆژه یاساكه‌وه، ئه‌وه‌ش به‌هۆى هه‌ستیارى بابه‌ته‌كه ره‌نگه بژارده‌ى گونجاو بۆ كورد ئه‌وه‌بێت پابه‌ندى خۆى به سیاسه‌تى فه‌رمى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق و حكومه‌تى عێراق رابگه‌یه‌نێت، به‌و جۆره‌ش خۆى له به‌رداشى مه‌ترسیدارى تاران و واشنتن لابدات.