لێکۆڵینەوە

06:21 - 21/02/2019

کلیپتۆکراسی یان حکومڕانی چەتەکان‌

پەیسەر

لە سیاسەتدا زاراوەی  کلێپتۆکراسی یان حکومڕانی چەتەکان یان دزسالاری بۆ ئاماژەدان بە حکومەت بەکار دەهێنرێت کە ژیانی هاوڵاتیان دەکاتە قوربانی  زۆربوونی سامان و دەسەڵاتی سیاسیی چینی دەسەڵاتدار، دزسالاری دیاردەیەکە کە زیاتر لە ڕێگەی دزیکردن لە بودجەی حکومەتەوە ئەنجام دەدرێت، ئەم دیاردە زیاتر لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا باوە، واتە ئەو وڵاتانەی کە ئابوورییەکەیان پشتی بەستووە بە داهاتی سامانە سروشتییەکان، بە واتایەکی دیکە کلیپتۆکراسی جۆریکە لە حکومەت کە لە سەر بنەمای بەتاڵان بردنی سامانی گشتی و دزینی سامانە سروشتییەکان دامەزراوە، ئەم جۆرە لە حکومڕانی زیاتر لە وڵاتانی گەشەنەسەندوو باوە کە رژێمی سیاسیی دیکتاتۆرییان هەیە،  ئاستی وشیاریی خەڵکەکەی نزمە و هاوڵاتیان زۆر ئاگاداری مافەکانی خۆیان نین، ئابووریی ئەو وڵاتانە ئابورییەکی حکومییە و کەرتی تایبەت زۆر لاوازە.
یەکێک لە دەرەنجامە خراپەکانی کلیپتۆکراسی ئەوەیە کە گەندەڵی  لە ئاستی سەرەوە بۆ خوارەوە کۆمەڵ شۆڕدەبێتەوە و پەرەدەستێنێت،  هەر کەسێک بەپێی پێگە و دەسەڵات و توانای خۆی دەست دەکات بە دزیکردن و بە تاڵانبردنی سامانی گشتی، بە جۆرێک کە گەندەڵی سەرتاپای کۆمەڵگا دەگرێتەوە و کۆمەڵگا تووشی داڕمانی ئەخلاقی دەبێت.
 ئەو بڕە پارە و سامانەی لەلایەن بەرپرسان و کەسانی دەستڕۆیشتووی دەسەڵاتەوە بە تالان دەبرێت بەشێکە لەو داهاتە نیشتمانییەی کە پێویست بوو بۆ پێشخستن و گەشەسەندنی ئابوری و کۆمەڵایەتی وڵات خەرج بکرێت، هەربۆیە لە هەموو ئەو وڵاتانە  خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان و ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە ئاستێکی نزمدایە، جگە لەوەی چینی حکومڕان خۆیان وەک مافیایەک وڵات بەڕێوە دەبەن، لە ئاستی خوارەوەشدا مافیا بچوکەکان دەسەڵاتیان لە دامەزراوە حکومییەکان زیاترە، مافیا بچوکەکانیش هەموویان بەشێکن لەو تۆڕە مافیاییەی کە لەسەرەوە دەستی بەسەر وڵاتدا گرتووە.

بە هۆی تێوەگلانی بەرپرسە باڵاکانەوە لە گەندەڵی رێگە نادرێت هەرگیز لە بودجە و ئابوریدا شەفافییەت هەبێت، چونکە بە هەر ئەندازەیەک شەفافییەت زیاتر بێت دەسەڵاتی مافیاکان کەمتر دەبێتەوە و بە پێچەوانەشەوە هەرچەندە نا شەفافییەت زیاتر بێت ئەوا مافیاکان دەست کراوەتر دەبن لە بە تاڵانبردنی سامان و داهاتی وڵات، هەر بۆیە ئابوری ئەم وڵاتانە ئابورییەکی قۆرخکراو و نەخۆش و نا سەقامگیرە.
کێشەیەکی دیکەی کلیپتۆکراسی ئەوەیە کە بە هۆی نەبوونی سیستەمی بۆرۆکراسیی دروست و لێژنەکانی پێداچوونەوە و دەستپاکی و نەبوونی دادپەروەری، ئەو کەسانەی لە پۆستە حکومییەکاندان، لە هەر پلە و پایەیەکدا بن ستەم لە خەڵک دەکەن و ئەرکەکان خۆیان جێبەجێ ناکەن و کاری هاوڵاتیان ڕایی ناکەن مەگەر ئەوەیکە بەرتیل وەربگرن.
بە کورتی لە سایەی ئەم جۆرە حکومڕانییەدا گەندەڵی، دزی، بەرتیل‌خۆریی و رانت پەرەدەستێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی چینێکی ناڕازی لەناو کۆمەڵگادا کە ئەم چینە  دەزانن لەلایەن دەسەڵات و مافیاکانەوە مافەکانیان پێشێل کراوە، هەربۆیە هەستی توڵەکردنەوە لەناو ئەم چینەدا بەهێز دەبێت، کاتێک ناتوانن لەڕێگەیەکی هێمنانە و ئاشتیخوازانەوە دەسەڵات بگۆڕن و ئۆپۆزسیۆن و سەرکردایەتییەکی بەهێز نییە ئاراستەیان بکات، لەو کاتە هەر کەسێک لەلایەن خۆیەوە و بە شێوازی خۆی دەست دەکات بە توڵەکردنەوە، لە هەر شوێنێک بۆیان بکرێت دەست دەکەن بە قەرەبووکردنەوەی ئەو ستەمەی لێیان دەکرێت، فەرمانبەرێک پێیوایە بە کەمتر کارکردن توڵە لە دەسەڵات دەکاتەوە، کەسێکی دیکە بە دزیکردن، دوکاندارێک بە گرانکردنی نرخی کاڵاکان و دزیکردن لە موشتەرییەکان لەڕێگەی کەم‌ پێ فرۆشتنەوە، هەر کەسێک بە جۆرێک ڕقی خۆی دادەمرکێنێت، پاساوی هەمووشیان ئەوەیە "مافی خۆمانە، هەموو کەس دەیخوات بۆ ئێمە نەیخۆین"، بەم شێوەیە ئابووریی وڵات بەرەو کەوتن و ڕووخان  مل دەنێت و تووشی پووکانەوە و چەقبەستوویی دەبێت، گەندەڵیی ئابووری و سیاسی دەبێتە کلتوور و بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی خەڵک،  دواجار مەترسیدارترین دەرەنجامی ئەم سیستمە حکومڕانییە داڕمانی ئەخلاقییە کە هەر کەس تەنیا لە خەمی بەرژەوەندی تەسکی خۆیدایە و بەرژەوەندی گشتی هیچ بایەخێکی نامێنێت.
نمونەکانی کلیپتۆکراسی لە جیهاندا


دیاردەی کلیپتۆکراسی تایبەت نییە بە ناوچەیەکی دیاریکراو و لە زۆربەی کیشوەرەکاندا کەم و زۆر بەدی دەکرێت، بەڵام هەندێ وڵات وەک نمونەی کلیپتۆکراسی ڕەها ناسراون، یەک لەو نمونانە وڵاتی کۆنگۆیە،  مۆبۆتۆ سیسیسیکۆ سەرۆک کۆماری کۆنگۆ لە ساڵانی نێوان ١٩٦٥ بۆ ١٩٩٧ بە شێوەیەکی سیستماتیک بودجەی وڵات و کانزاکان و داهاتی سامانە سروشتییەکانی بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسیی خۆی قۆرخ کردبوو، بەوە بەناوبانگە کە هەموو ساڵێک ١٠٠ ملیۆن دۆلاری خستۆتە سەر حیسابە بانکییەکانی خۆی لە  سویسرا  و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی مۆبۆتۆ سیسیسیکۆ لە ماوەی دەسەڵاتەکەیدا زیاتر لە پێنج ملیار دۆلاری داهاتی وڵاتەکەی دزیوە،  کەسە نزیکەکانی ناوبراویش بە شێوەیەک کەوتبوونە تاڵانکردنی سامان و بودجەی گشتییەوە کە زۆرجار بەهۆی تاڵانکارییەکانی ئەوانەوە  موچەی فەرمانبەرانی حکومەت بۆ چەندین مانگ دواکەوتووە.
نمونەیەکی دیکە وڵاتی سیەرالیۆنە،  ساڵی ١٩٦١ سەربەخۆیی ڕاگەیاند و لەو سەروبەندەدا ئالبێرت مارگایی وەزیری کشتوکاڵ بوو، هەوڵەکانی مارگایی بۆ کڕینی ڕکابەرە سیاسییەکانی بوو بە هۆی داڕمانی کەرتی کشتوکاڵ، ساڵی ١٩٦٤ بوو بە سەرۆک وەزیران و لەڕێی بە قاچاخ فرۆشتنی ئەڵماسەوە پارەیەکی زۆری دەستکەوت، بەشێک لەو پارەیەی کە لە فرۆشتنی ئەلماسەوە دەستی دەخست وەک بەرتیل دەیبەخشییە هاوپەیمانەکانی بۆ ئەوەی پشتگیری لە مانەوەی لە دەسەڵاتدا بکەن، لە ئەنجامی ئەم بە تاڵانبردنەدا خەزێنەی وڵات بەتاڵ بوو و وڵات تووشی مایەپوچ بوون بوو.
فرانسوا دوڤالیە کە بە ناوی "باوکە دکتۆر"یش بەناوبانگە، ساڵانی ١٩٧١ بۆ ١٩٧٥ سەرۆک کۆماری هائیتی بوو، حکومڕانییەکەی بە کلیپتۆکراسی ڕەها وەسف کراوە دوڤالیە  بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی بە توندی و بە شێوەیەکی نامرۆیانە رکەبەرەکانی سەرکوت کرد،  دواتر بەشێکی زۆری بودجە و پارەی خەڵک و سامانی گشتی بە تاڵانبرد،  بەرتیلخۆری لەسەردەمی دەسەڵاتی ناوبراودا پەرەی سەند، بازرگان و دەوڵەمەندەکانی بە بارمتە دەگرت یان دەستی بەسەر هەموو سامانەکەیدا دەگرتن و یان بۆ ئازادکردنیان ناچاری دەکردن بە کڕینی دراو و چەکە بێ بەهاکانی حکومەت، جگە لەوەش بە مەرجێک رێگەی بە بازرگان و وەبەرهێنەرەکان دەدا بەردەوامبن لەکارکردن کە ناوبراو بکەنە هاوبەشی کۆمپانیاکەیان، بەم شێوەیە پارەیەکی زۆری بە تاڵان برد و ئابوری وڵاتەکەشی تێکڕووخاند.
چەندین نمونەی دیکە لە حکومڕانە چەتە ناسراوەکان بریتین لە فێردیناند مارکۆس سەرۆکی پێشووتری فیلیپین کە نزیکەی ١٠ ملیار دۆلار لە سامانی وڵاتەکەی دزی، ئەلبێرتۆ فوجیمۆری سەرۆکی پێشووتری پێرو کە نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار پارەی وڵاتەکەی دزی، سۆهارتۆ سەرۆکی پێشووی ئەندۆنیزیا کە زیاتر لە ٣٠ ملیار دۆلاری دزیوە.


لە سەر ئاستی جیهانیدا هەوڵ و بزووتنەوە نوێ سەریهەڵداوە کە مەبەستیان ناساندنی دیاردەی کلیپتۆکراسی و بەرەنگاربوونەوەیەتی لە وڵاتە جیاجیاکاندا، گەر بمانەوێت شەفافییەتی وڵاتان لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە بخەینە بەر باس و بەتایبەت شەفافترین و گەندەڵترین وڵاتانی جیهان دەسنیشان بکەین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئامارەکانی ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی، کە بەپێی ئامارەکانی ئەو رێکخراوەیە زیاتر لە دوو لە سەر سێی وڵاتانی جیهان بە دەست گەندەڵیی سیاسی و ئابوورییەوە دەناڵێنن، رێکخراوەکە ساڵانە بە پێی هەندێک پێوەری دیاریکراو ریزبەندی بۆ ١٨٠ وڵاتی جیهان دەکات، بە جۆرێک بەپێی ئەو پێوەرانە لەنێوان سفر بۆ ١٠٠ خاڵ بە وڵاتان دەدات، هەرچی وڵاتەکە خاڵی کەمتر بێت ئەوا گەندەڵی لەو وڵاتە زیاترە.
ریزبەندی وڵاتان بە پێی دەرەنجامی ١٣ توێژینەوەی جیاواز و لە ڕێگەی بەکارهێنانی پێوەری جۆراوجۆر و بە هەڵسەنگاندنی رێژەی دیاردەکانی بەرتیلخۆری و خزمخزمێنە و.. ئامادە دەکرێت.
لە ئاماری شەفافییەتی ساڵی ٢٠١٨دا، وڵاتی نیوزلەندا  بە بەدەستهێنانی ٨٩ خاڵ و دانیمارکیش بە بەدەستهێنانی ٨٨ خاڵ، لەڕووی شەفافییەتەوە لە پلەی یەکەم و دووەمدا جێیانگرت، دواتر فینلەندا، نەرویج و سویسرا بە هاوبەشی  پلەی سێیەمی پاکترین و شەفافترین وڵاتانی جیهانیان بۆ خۆیان تەرخان کردووە، لە دوای ئەوان سەنگافورە و سوید پلەی چوارەمیان بە دەست هێناوە، بە پێی ئەم ڕاپۆرتە بریتانیا لەم شەش ساڵەی دواییدا لەم ریزبەندییەدا پێگەی خۆی بەهێزتر کردووە و پێکەوە لەگەڵ هەر یەکە لە وڵاتانی کەنەدا، لۆگزەمبۆرگ و هۆڵەندا پلەی پێنجەمیان بەدەستهێناوە.
سەرەڕای ئەو هەوڵانەی کە لەم ساڵانەی دوایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ئابووری و سیاسی لە سەر ئاستی جیهاندا ئەنجام دراون، بەڵام رێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی دەڵێت زۆربەی هەرە زۆری وڵاتان لە خەبات دژی ئەم دیاردە زۆر لاواز و بێ کاریگەر بوون، لە ریزبەندی رێکخراوەکەدا سۆمال بە ٩ خاڵ، سودان بە ١٢ خاڵ و سوریا بە ١٤ خاڵ گەندەڵترین وڵاتانی جیهانن و کەمترین شەفافییەتیان هەیە.


ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی  پێیوایە کە بەرزترین رێژەی گەندەڵیی لەو وڵاتانەدایە کە میدیای ئازادیان نییە، ساڵی ٢٠١٧ش بریتییە سوریا، سودانی باشوور، سۆمال و ئەفغانستان و یەمەن گەندەڵترین وڵاتەکان بوون و نیوزلەنداش شەفافترین وڵات بوو.
ئەفغانستان  چوارەمین وڵاتی جیهانە لە ڕووی ڕێژەی گەندەڵییەوە، ئەم وڵاتە لە ریزبەندی ساڵی ڕابردوودا سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ئیداری، ١٥ خاڵی بەدەست هێناوە، ئێران لە پلەی ١٣١دایە و لە ڕووی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ئیدارییەوە، ساڵی ٢٠١٧ توانیویەتی ٣٠ خاڵ بەدەست بهێنێت.
پاتریشیا مۆریێرا لە بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوەکە دەڵێت ئەو وڵاتانەی میدیای ئازادیان نییە و کۆمەڵگای مەدەنی لاوازە و حکومەت رێکخراوە و دامەزراوە ناحکومییەکان ناپارێزێت، لە ڕووی شەفافییەتەوە کەمترین خاڵیان بە دەستهێناوە، ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتیش لە راگەیەنراوەکانیدا بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت حکومەتەکان زەمینەیەک بڕەخسێنن کە چالاکانی مەدەنی و ڕۆژنامەوانان کە لە دژی گەندەڵی کار دەکەن نابێت ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسیی ببنەوە و بەردەوەام نیگەرانی ژیانی خۆیان بن.
 ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی ڕێکخراوێکی ناحکومییە و  بنکەی سەرەکیی لە ئەڵمانیایە، ئەم ڕێکخراوەیە لە ساڵی ١٩٩٣وە لە سەر بنەمای هەڵسەنگاندنی ڕێژەی گەندەڵی لە وڵاتە جیاجیاکاندا دەستی بەکار کردووە، ئامانجی ڕێکخراوەکە خەبات دژی گەندەڵییە لە دامەزراوە حکومی  و نا حکومییەکان لەسەر ئاستی جیهاندا، بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکانی ١٢ دامەزراوەی گرنگی نێودەوڵەتی، لەوانە بانکی نێودەوڵەتی و بانکی گەشەپێدانی ئەفرقیا هاوکاری ئەم رێکخراوەیە دەکەن.


بەپێی دواین راپۆرتی رێکخراوەکە ئێرانیش بەراورد بە ساڵێک پێشتر پلەکەی بەرزبووەتەوە بۆ پلەی ١٣١، ئەمەش دەردەخات کە گەندەڵی لە ئێران زیاتر بووە، ئێران لەناو ١٦٧ وڵاتدا  پلەی ١٣١ی بەدەست هێناوە، لەڕووی شەفافییەتەوە تەنیا ٢٩ خاڵی بەدەست هێناوە، ئەوە لە کاتێکدا ساڵی پێشووتریش بەردەوام لەنێوان ٢٥ بۆ ٢٧ خاڵی بە دەستهێناوە، هەر بپیە ئێرانیش لە ریزی وڵاتانی گەندەڵ و ناشەفافدا جێی گرتووە.
یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونی رێژەی گەندەڵی لە ئێران بۆ سەربەخۆ نەبوونی دەسەڵاتی دادوەری دەگەڕێتەوە، بە جۆرێک کە دەسەڵاتی دادوەری و بەرپرسانی ئەو دامەزراوەیە خۆیان تۆمەتبارن بە تێوەگلان لە گەندەڵییەوە و جگە لەوەش دامەزراوە ئەمنییەکان و دەسەڵات رێگە نادەن دەسەڵاتی دادوەری لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانی گەندەڵی بکات، هۆکارێکی دیکەش بۆ بەشداری دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان لە ئابوری دەگەڕێتەوە، بە جۆرێک کە ئەو دامەزراوانە بەشێکی بەرچاوی ئابوری ئێرانیان بۆخۆیان قۆرخ کردووە.
لە عێراقیش دیاردەی گەندەڵی  لەناو کۆی  دامەزراوەکانی دەوڵەتدا رەگی داکوتاوە، بە جۆرێک گەندەڵی هاوشانی کێشەی تیرۆر گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ئەم وڵاتە، حکومەت کۆنتڕۆڵی نییە بە سەر سنوورەکان و گومرک و تەنانەت فڕۆکەخانەکانیشدا، هەربۆیە عێراقیش لە ریزی وڵاتانی ناشەفاف و گەندەڵدایە، بەپێی دواین راپۆرت لەناو ١٨٠ وڵاتدا لە پلەی ١٦٩دایە.
هەرێمی کوردستانیش ساڵانێکە بە دەست دیاردەی گەندەڵییەوە دەناڵێنێت، دەکرێت حکومڕانی هەرێمیش وەک حکومڕانییەکی کلیپتوکراسی سەیر بکرێت، ساڵانێکە بە سەربەخۆ نەوت هەناردە دەکات، بەڵام لایەنە سیاسییەکان جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان نەبێت هەموویان دەڵێن ئاگاداری داهاتی نەوت نیین، لە ساڵی ٢٠١٤وە حکومەت بودجە نییە، پەرلەمانیش ئاگاداری ئەوە نییە کە داهاتەکانی حکومەت لە داهاتی نەوتەوە تا داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان چۆن خەرج دەکرێن، تەنانەت پەرلەمانتاران و حیزبەکان و هاوڵاتیان نازانن کە حکومەت رۆژانە چەند بەرمیل نەوت هەناردە دەکات چ بگات بەوەی ئاگاداری داهاتەکەی بن.


کۆمپانیاکانی سەر کەسانی دەستڕۆیشتووی دوو حیزبی دەسەڵات لە دوای ٢٠٠٣وە بە تانکەر نەوت دەفرۆشن، بەبێ ئەوەی داهاتی ئەو نەوتە بچێتە ناو خەزێنەی حکومەتەوە، بەشێکی زۆری بازرگانی و هاوردەکردنی کاڵا و شتومەک هەر لەلایەن بازرگان و کۆمپانیاکانی سەر بە حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە دەکرێت، هەندێک بازرگانی وەک بازرگانی دەرمان و جگەرە بە تەواوی قۆرخ کراون، حکومەت تا ئێستا هیچ راپۆرتێکی بڵاونەکردوەتەوە لەسەر ئەوەی داهاتی چەندە دەست کەوتووە لەڕێی باج وەرگرتنەوە لە هاوڵاتیان و کۆمپانیاکانەوە، دەسەڵاتی دادوەری دەسەڵاتێکی سەربەخۆ نییە و دوو حیزبی دەسەڵاتدار هەر کامیان لە زۆنی خۆیان سەربەخۆیی دادگاکانیان پێشێل کردووە، لە ماوەی ساڵێکدا لەکۆی ١٧٠ دۆسیەی گەندەڵی کە رادەستی دادگاکان کراون تەنیا ٣٣ دۆسیەیان یەکلایی کراونەتەوە،  هەرچەندە هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی ناوخۆیی و ناودەوڵەتی هیچ ژمارەیەکیان بڵاو نەکردووەتەوە بەڵام زۆربەی بەرپرسە باڵاکانی حیزبە دەسەڵاتدارەکان تۆمەتبار دەکرێن بەوەی پارەیەکی زۆریان لە سامانی گشتی بردووەتە دەرەوە.