کوردستان

05:07 - 23/02/2019

ساڵه‌ح موسلیم له‌ تازه‌ترین وتاریدا چی نووسیووه‌؟‌

پەیسەر

هاوسه‌رۆكی پێشووی په‌یه‌ده‌(پارتی یه‌كێتی دیموكراسی) ساڵه‌ح موسلیم له‌ دواهه‌مین وتاریدا كه‌ رۆژنامه‌ی(شه‌رق ولئه‌وست) باسی سه‌ره‌تای تێكچوونی دۆخی و سوریا و چاره‌نووسی كورد له‌ سوریا، ده‌كات.
له‌ وتاره‌یه‌یدا موسلیم نووسیوویه‌تی" لە راپەڕینی قامیشلۆی ساڵی 2004 ەوە چووەتە نێو ململانێیەی راستەوخۆی رژێمەوەو داوای مافە دیموكراتیەكانی خۆی دەكات، هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی سوریا، گەلی كورد داوای مافی خۆی كردوەو لەپەنای ئەوەشدا داوای سوریایەكی  سەربەخۆی دیموكراتیشی كردووە، بەو ئومێدەی دان بەبوونی نەتەوەیی و هەندێك لە مافە یاساییەكانی دا بنرێت، هەر لەو سەروبەندەدا، ئێمە نەماندەزانی كە رێڕەوی شۆڕش دەگۆڕێت و كێشەی كوردیش دەبێتە بەشێكی گەورەی چارەسەركردنی كێشەی سوریا."

ساڵه‌ح موسلیم نایشارێته‌وه‌ كه‌" توركیا كە خاوەنی پلان و بەرنامەی تایبەتی خۆیەتی لەبارەی ئاریشەی سوریاوە، لەسەرەتاوە دەیویست دەسەڵات بدرێتە دەستی ئیخوانەكان، ئەحمەد داود ئۆغڵوی وەزیری دەرەوە (پێشوو)ی توركیا كاتێك چاوی بە بەشار ئەسەد لەسەرەتای كێشەكەوە وای دەگوت، دوای ئەوەی كە بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا ئەو پێشنیارەی رەتكردەوە، توركیاش سیاسەت و پلانی خۆی گۆڕی، سیاسەت و چەكداركردن و تەنانەت رێكخراوەناحكومیە (ngo) فریاگوزرایەكانی گواستەوە بۆ لای ئۆپۆزسیۆنی سوریا، بۆ ئەو مەبەستە بنكەو سەربازگەو شوێنی راهێنانی بۆكردنەوەو دەریچەیەكی كردەوە بۆ ئەوەی لەوێوە پشتیوانی سەربازی و چەك و چۆڵیان پێبگەیەنێت، تاكە مەرجیشی ئەوە بوو كە بەهیچ شێوەیەك هاوكاری كوردە سوریەكان نەكەن، لەراستیشدا هەر ئەوە رویدا كەئەوان دایان نا."
ئه‌و باس له‌وه‌ش ده‌كات "لەسەرەتاوە توركیا دەیویست ئەو كەتیبانەی پەیوەندی راستەوخۆیان بە (بەرەی نوسرە)ەو(ئەلویە تەوحید) و (دروع الاخوانیە)ەوە هەیە بەسەر كوردەكاندا سەربخات، دوای ئەوە كورد ناچار بەوە بكات بیانكات بە ئۆپۆزسیۆنێكی سیاسی وسەربازی لە ژێر چاودێری خۆیدا،  كورد لێرەدا تەنها یەك مەرجی هەبوو ئەویش ئەوەبوو توركیا دان بنێت بەبوونی كورداو دوای ئەوەی كێشەی تەواوی سوریا چارەسەر كرا كورد لەكاتێدامەزراندنەوەی دەوڵەتی سوریای دیموكراتی دا بچێتە بەرنامەی داهاتوویانەوه‌، بەڵام دوای ئەوەی لە لایەن توركیاوە ئاگادار كرانەوە ئۆپۆزسیۆن رەتیكردەوە، هەر بۆیە لەوساتانەوە توركیا بڕیاری دا (داعش) دەست بگرێت بەسەر ناوچە كوردستانیەكاندا، كاتێكیش هێزو توانای داعش تێك شكێنرا لە (كۆبانێ) یاریەكەی توركیا بۆ هەموو لایەك روونبوویەوە."

له‌ كۆتایدا ساڵه‌ح موسلیم هاوسه‌رۆكی پێشووی په‌یه‌ده‌ ده‌نووسێت"گرێی كوردی لای دەوڵەتی تورك لە شكستخواردنیەوە لەبەرامبەر كوردە شۆڕشگێڕەكانی ناوخۆی وڵاتەكەی خۆیەوە سەرچاوەی گرتووە، هەر بۆیە ئەو داوا لە هەموو لایەك دەكات دژایەتی پارتی كرێكارانی كوردستان بكەن، یان هەموو ئەوانەی كە وەك ئەوانن با لەدەرەوەی توركیاش بن، هەركەسێك ئەوە نەكات ئەوە تیرۆریستەو بەجۆرێك لە جۆرەكان پەیوەندی بە پارتی كرێكارانی كوردستانەوە هەیە.لە روانگەی ئەو راستییەوە هەركەس و لایەنێك بیەوێت یان خوازیاری چارەسەری سیاسی بێت لە سوریا دەبێت لە پێشدا چارەسەری ئەو گرێیە بكات، ئەوەش بە هیچ شێوەیەك نایەتەدی مەگەر بەتەواوی توركیا لەگەڵ كوردەكانی  وڵاتەكەی خۆیدا رێبكەوێت."

درێژه‌ی وتاره‌كه‌ له‌م لینه‌كه‌دایه‌