06:42 - 24/02/2019
2 ساڵ به 2ساڵ له چاره‌سه‌رى سیاسییه‌وه بۆ نه‌ریتى وه‌لانانى هه‌ڵبژاردن
شوێن به یاسا و شه‌رعییه‌تى سندوق لێژده‌كات
ره‌نگه ئه‌زمونى نیو به‌نیو ئیدى شوێن به دیموكراسى هه‌ڵبژاردن لێژبكات و دووساڵ به دووساڵ ببێته به‌شێك له كولتورى سیاسى هه‌رێمى كوردستان، پێش چه‌ند ساڵێك یه‌كێتى و پارتى له سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان شێوازى دووساڵ به دووساڵیان تاقیكرده‌وه تا به رێككه‌وتن بگه‌ن، له‌وێوه ئیدى وه‌ك چاره‌سه‌رێكى سیاسى دایم ئه‌و بژارده‌یه له‌سه‌ر مێزى دانوستانه، دوایین جار توركمانه‌كانیش ئه‌م رێگایان بۆ پۆستى سكرتێرى په‌رله‌مان هه‌ڵبژارد و ره‌نگه یه‌كێتى له‌ناوخۆشى ئیدى پیاده‌ى بكات.
شه‌رعییه‌تى هه‌ڵبژاردن بۆماوه‌ى چوارساڵه و براوه مافى یاسایى هه‌یه كه چوار ساڵ نوێنه‌رایه‌تى خه‌ڵك بكات له‌و پۆسته‌ى به هه‌ڵبژاردن ده‌یباته‌وه، ده‌ستور و یاساكانى هه‌ڵبژاردن خولێكى یاساییان بۆ چوار ساڵ جێگیركردووه، بۆ پۆسته‌كانى په‌ڕله‌مان و حكومه‌ت، به‌ڵام له هه‌رێمى كوردستان رێككه‌وتنه سیاسییه‌كان ماوه‌ى پۆسته‌كان یه‌كلاده‌كه‌نه‌وه، به رێككه‌وتن كابینه‌ى نوێى وزارى زیادده‌كرێت یاخود ماوه‌ى درێژ ده‌كرێته‌وه، له‌دواى راپه‌ڕینه‌وه تا ئێستا پێنج خولى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ڕێوه‌چووه، به‌ڵام ئه‌م كابینه نوێیه‌ى پێكدێت كابینه‌ى نۆیه‌مه.
یه‌كێتى و پارتى له خولى سێیه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان ساڵى ٢٠٠٩ به لیستى هاوبه‌ش به‌شداربوون له هه‌ڵبژاردن، بۆ دابه‌شكردنى پۆسته‌كان رێكنه‌كه‌وتن كه لایه‌كیان سه‌رۆكى حكومه‌ت به‌رێت و لایه‌نه‌كه‌ى دیكه سه‌رۆكى په‌رله‌مان، بۆيه دووساڵ به دووساڵ ئه‌و پۆستانه‌یان له‌نێوان خۆیان دابه‌شكرد، كه‌مال كه‌ركوكی و ئه‌رسه‌لان بایز، له‌و خوله‌دا سه‌رۆكى په‌رله‌مان بوون، به‌رهه‌م ساڵح و نێچیرڤان بارزانیش سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران.
ره‌نگه پرسیارى سه‌ره‌كى خه‌ڵك ئه‌وەبێت، به‌رپرسێك له پۆستێكى سیادیدا به ماوه‌ى دووساڵ ده‌توانێت چى بكات؟ ئایا ده‌توانێت به‌رنامه‌ى هه‌ڵبژاردنى له‌و ماوه‌یه‌دا جێبه‌جێبكات؟ ئه‌گه‌ر ناتوانن چۆن ئه‌و شێوازه په‌یڕه‌وده‌كه‌ن؟ ئه‌وه‌ش گومان دروست ده‌كات كه به‌رپرسان پلان و به‌رنامه‌ى درێژخایه‌نیان نه‌بێت بۆیه‌ش مانه‌وه‌یان بۆ هه‌رماوه‌یه‌ك بێت له پۆسته‌كان قبوڵ ده‌كه‌ن.
ئه‌گه‌رچى ئه‌م رێگایه به‌رێككه‌وتن ده‌كرێت و جۆرێك له سه‌قامگیرى سیاسى دروستده‌كات، به‌ڵام گرفتى گه‌وره‌ى ئه‌وه‌یه كه شوێنگره‌وه‌ى شه‌رعییه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌و ئه‌و ماوه كه‌مه‌شى كه دیاریده‌كات بۆ به‌رپرسان به‌س نییه بۆ ئه‌وه‌ى پلانى گۆڕانكارى تێدا جێبه‌جێبكرێت، ئه‌وه‌ش گرفته له‌به‌رده‌م كه‌سه‌كان به‌وپێیه‌ى له هه‌رێمى كوردستان سیسته‌م نییه تا به‌رپرسه‌كان له‌سه‌رى بڕۆن و به گۆڕینیان ئیشوكار و پلان نه‌گۆڕێت، به‌ڵكو هه‌ر به‌رپرسێك ئه‌و پلانه‌ى له مێشكى خۆیدایه جێبه‌جێى ده‌كات.
ئه‌و دووساڵ به دووساڵه ئاوى رشت بۆ ئه‌زموونێكى خراپتر ئه‌ویش دووساڵ به دووساڵى پۆستى پارێزگارى سلێمانى بوو، له‌كاتێكدا گۆڕان زۆرینه‌ى كورسییه‌كانى پارێزگاى سلێمانى برده‌وه، به‌ڵام یه‌كێتى ئاماده‌نه‌بوو پۆسته‌كه‌ى راده‌ست بكات، بیانووشى ئه‌وه‌بوو كه هیچ لیستێك نیوه كۆ یه‌كى نه‌هێناوه، بۆیه دووساڵ به دووساڵ شوێنى شه‌رعییه‌تى هه‌ڵبژاردنى گرته‌وه‌و دووساڵى یه‌كه‌م پۆسته‌كه لاى یه‌كێتى مایه‌وه.
لیسته‌كان له‌كاتى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌ڵێنى گه‌وره ده‌ده‌ن به هاوڵاتیان و پلان و به‌رنامه‌ى جیاجیا راده‌گه‌یه‌نن، دواى هه‌ڵبژاردن ره‌نگه دووساڵ به دووساڵ بیانوویه‌كى باش بێت بۆ ئه‌وه‌ى لایه‌نه‌كان به هاوڵاتیان بڵێن ماوه‌یان كه‌م له‌به‌رده‌ست بووه بۆ ئه‌وه‌ى به‌رنامه‌كانیان جێبه‌جێبكه‌ن ئه‌وه‌ش بۆ خه‌ڵك گرفتێكى دیكه‌یه چونكه خه‌ڵك به ئومێدى خزمه‌ت و گۆڕانكارى ده‌نگى به لایه‌نه‌كان داوه.
گرفتى سه‌ره‌كى دووساڵ به دووساڵه ئه‌وه‌یه، بنه‌ماكه‌ى یاسا و ده‌ستوور و سیسته‌مى گشتى نییه، به‌ڵكو رێككه‌وتنى سیاسییه لایه‌نه‌كانه، لایه‌نه سیاسییه‌كانیش به‌پێى قۆناغ مامه‌ڵه ده‌كه‌ن و به ئاسانى خۆیان له رێككه‌وتنه‌كان ده‌شارنه‌وه ئه‌و كاته‌ى ده‌زانن له به‌رژوه‌ندییان نییه، هیچ گره‌نتییه‌كیش نییه پرۆسه‌كه وه‌ك ئه‌وه‌ى بڕوات كه رێككه‌وتنى له‌سه‌ركراوه، نمونه‌ى زیندووى ئه‌مه پۆسته‌كانى پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌یه كه تا ئێستا وه‌ك خۆى جێبه‌جێنه‌كراوه‌و پارێزگاریش به مانۆڕى سیاسى زۆر ئاڵۆزدا تێپه‌ڕى تا چووه سه‌ر كورسییه‌كه‌ى و رێككه‌وتنه‌كه جێبه‌جێكرا.
دووساڵ به دووساڵ له كابینه‌ى پێشووى حكومه‌تیش جێگیركرا به‌ڵام جێبه‌جێنه‌كرا، یه‌كێتى و پارتى گوتیان كه وا رێككه‌وتوون پۆستى وه‌زاره‌تى ناوخۆ دووساڵ به دووساڵ بێت و ئاڵوگۆڕى بكه‌ن، به‌ڵام هه‌رلاى پارتى مایه‌وه‌و جێبه‌جێنه‌كرا، ته‌نانه‌ت یه‌كێتى و پارتى ویستیان ئه‌م ئه‌زمونه به‌رنه لوتكه‌ى ده‌سه‌ڵاتى عێراق و پۆستى سه‌رۆك كۆمار دووساڵ به دووساڵ له‌نێوان خۆیان دابه‌شبكه‌ن به‌ڵام له‌وێ بۆیان نه‌لواو سه‌رینه‌گرت.
سۆسیالیست و شیوعى له هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى یه‌ك كورسییان به‌ده‌ستهێنا و كورسییه‌كه‌یان دووساڵ به دووساڵ دابه‌شكرد، به‌ڵام كاتێك واده‌ى ئاڵوگۆڕه‌كه هات هه‌روا به ئاسایى تێنه‌په‌ڕى، پێده‌چێت نه‌ریتى دووساڵ به دووساڵ له خولى نوێى په‌رله‌مانى كوردستان و كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت زیاتر ئه‌زمون بكرێت، ئێستا توركمانه‌كانیش فێرى ئه‌و چاره‌سه‌ره‌بوون و له پۆستى سكرتێرى په‌رله‌مانى كوردستان مونا قاوه‌چى و ئایدن مه‌عروف دووساڵ به دووساڵ سكرتێرى په‌رله‌مانى كوردستانیان دابه‌شكرد.
یه‌كێتى له‌رهه‌رلایه‌ك زیاتر شێوازى دووساڵ به‌دووساڵى په‌یڕه‌وكردووه، هه‌م له‌گه‌ڵ گۆڕان و له‌گه‌ڵ پارتیش، ئێستا باس له‌وه‌ده‌كرێت له‌ناوخۆى حزبەكه‌ش بۆ چاره‌سه‌رى كێشه ناوخۆییه‌كان بیرى له دووساڵ به دووساڵ كردبێته‌وه، به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌ر پرێس كه‌وتوون مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى دواى ئه‌وه‌ى نه‌یتوانى كاندیدى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان یه‌كلایى بكاته‌وه، رێككه‌وتوون دوو ساڵ به دووساڵ پۆسته‌كه له‌نێوان بێگه‌رد تاڵه‌بانى و رێواس فایه‌ق دابه‌ش بكه‌ن.
دووساڵ به دووساڵ یه‌كێتى و پارتى بناغه‌كه‌یان دانا و ئێستا له فراوانبووندایه، له رابردوودا زۆرتر وه‌ك چاره‌سه‌ر بۆ نه‌سازان په‌یڕه‌وكراوه نه‌ك وه‌ك میكانیزمێكى دروست بۆ ئیداره‌و به‌ڕێوه‌بردن، خه‌ڵكى بۆچوونیان له‌سه‌ر ئه‌زمونه‌كه باش نییه‌و پێیان وانییه ئه‌نجامى گه‌وره‌ى لێكه‌وتبێته‌وه، مه‌ترسى گه‌وره ئه‌وه‌یه كه ئه‌م شێوازه زۆرتر ته‌شه‌نه بسێنێت و ببێته جێگره‌وه‌ى دیموكراسى و شه‌رعییه‌تى هه‌ڵبژاردن، به‌وجۆره‌ش پۆسته‌كان ده‌بنه وێستگه‌ى به‌ڕێكردنى كه‌سه‌كان، نه‌ك شوێنى پلانى ستراتیژى ماوه‌درێژ.