لێکۆڵینەوە

05:35 - 25/02/2019

وەبەرهێنان لەنێوان قازانج و زیانەكانی‌

پشدەر بابەكر

دوای روخانی رژێمی عێراق لەساڵی 2003 دەرگایەكی نوێ لە هەرێمی كوردستان كرایەوە، رەوتی گۆرانكاریەكان دووركەوتنەوە بوو لەسۆسیالیزمی ئابوری و هەنگاونان بوو بەئاراستەی كەرتی تایبەت و بازاری ئازاد و سەرمایەداریی. گۆرانكاریەكانی ناوچەكە پێویستی بەوەهەبوو كە یاسایەكی نوێ بۆ قۆناغێكی نوێ دابنرێت بۆ راكێشانی سەرمایە و بەشداری پێكردنی كەرتی تایبەت لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستاندا، ئەوەبوو فراكسیۆنی یەكێتی و پارتی لەپەرلەمانی كوردستان پرۆژەیەكیان بۆ ئاسانكاری وەبەرهێنان ئامادەكردووە. 
رۆژی 4 تەموزی ساڵی 2006 پەرلەمانی كوردستان یاساكەی پەسەند كردو ژمارە 4ی ساڵی 2006 ی پێدراو ناونرا( یاسای وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستان/ عێراق) یاسایەكی 25 مادەیی 12 لاپەڕەیی، وەك رەخنەگران دەڵێن لەهەموو یاساكانی تری هەرێم زۆرتر جێبەجێكرا، هەروەها لایەنگرانی یاساكە پێیان وایە بەراورد بە وڵاتانی تری ناوچەكە ز‌ورترین كارئاسانی بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی كراوە، بەڵام هەندێك كەس رەخنەیان لێی هەیە و پێیانوایە هەوڵێكی دەسەڵاتە بۆ دەستبەسەرداگرتنی موڵكی گشتی و خۆ دەوڵەمەند كردن، بەپێی یاساكە كارئاسانی زۆر بۆ وەبەرهێنەران كراوە لەوانەش:
زەوی بەنرخی هاندەر یان بەبێ بەرامبەر دەدرێتە وەبەرهێنان

بەپێی مادەی پێنجەمی یاساكە پرۆژەكانی وەبەرهێنان  بۆ ماوەی 10 ساڵ لەهەموو باج و رسمە ناگومرگیەكان دەبەخشرێن.
بەپێی مادەی چوارەم خاڵی سێەم زەوی بەنرخی هاندەر یان بەخۆڕایی دەدرێتە پرۆژەكانی وەبەرهێنان.
بەپێی مادەی پێنجەم خاڵی شەشەم وەەبەرهێنەر لەكاتی هێنانی كەل و پەل بۆ پرۆژەكەی لەهەموو باج و گومرگێك دەبەخشرێت.
بەپێی مادەی حەوتەم خاڵی سێیەم وەبەرهێنەر بۆی هەیە و سود و قازانجی سەرمایەكەی بۆ دەرەوە بنێرێت.
یاساكە كاتێك دەرچوو كە عەدنان موفتی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی سەرۆكایەتی پەرلەمانی دەكرد.
هەرزوو دوای دەرچوونی یاساكە كاردانەوەی لێكەوتەوە، هەندێك كەس بە یاسایەكی كرچ و كاڵی دەزانن و هەندێكی تریش ستایشی دەكەن.
لەسایتی فەرمی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم نوسراوە دەركردنی یاسای وەبەرهێنان یەكێك بوو لە هەنگاوە بوێریەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بوژاندنەوە و راكێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ هەرێمی كوردستان كە لەساڵی 2006 بڕیاری لەسەردرا، دەشڵێت ئەم یاسایە زۆرترین بایەخی لەلایەن وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆی پێدەدرێت بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لەهەرێم بكەن.
گرنگترین ئەو رەخنانەی لە پرۆژەكانی وەبەرهێنان دەگیردرێن


زۆرینەی پرۆژەكان لەبواری دروستكردنی خانوبەرەدا بوون، بەجۆرێك لەنێوان ساڵی 2006 تا ساڵی 2015 مۆڵەت بە 184 پرۆژەی نیشتەجێ بوون درا كە 150 هەزار یەكەیان لەخۆ دەگرت و كۆی سەرمایەی وەگەڕخراو لەو بوارەدا 20 ملیار و 517 ملیۆن و 531 هەزار و 169 دۆلار بووە لەو بوارەشدا ژمارەیەك هەڵە و كەم كوری هەبوون كە گرنگترینیان:
1-75%ی پرۆژەكان نرخەكانیان لەسەرووی داهاتی چینی كەم دەرامەتی كۆمەڵگەوەبوو كە لە 50 هەزار دۆلارەوە بۆ 1 ملیۆن دۆلار بوو، بەوەش وەبەرهێنانی خانوبەرە نەیتوانی كێشەی كرێچیەتی بنبڕ بكات و تەنها 25%ی یەكەكانی نیشتەجێ بوون نرخەكانیان لە40 هەزار دۆلارەوە بۆ 50 هەزار دۆلار بوو كە لەتوانای چینی دەرامەت دیاریكراودا بوو بیكڕێت.
2-بێپلانی و ناتەبابوونی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون لەگەڵ نەخشەی بنەرەتی شارەكان.
3- سیمای تەلارسازی كوردەواری بە پرۆژەكانی نیشتەجێبوونەوە دیار نەبوون.
تێبینیەكانی سەرۆكی پێشووی دەستەی وەبەرهێنان
لای خۆیەوە رێبوار خەلیل سەرۆكی پێشووی دەستەی وەبەرهێنان بە پەیسەرپرێسی راگەیاند ژمارەی ئەو پارەیەی باس دەكرێت كە وەبەرهێنانی پێكراوە راست نیە چونكە لەكاتی پێدانی مۆڵەت ئەو پارەیە نوسراوە و هەروەها بەشێك لەپرۆژەكان تەواو نەكراون و هەندێكیشیان، و بەشێكی زۆری وەبەرهێنەرانیش بەپارەی هاوڵاتیان پرۆژەكانیان جێبەجێكردووە نەك پارەی خۆیان.
سەرۆكی پێشووی دەستەی وەبەرهێنان دەشڵێت لەیاسای وەبەرهێناندا دیاری نەكراوە كە دەبێت وەبەرهێنەر دەستی كاری ناوخۆیی بەكاربهێنێت، جگە لەوەش زۆرینەی پرۆژەكانی گەشتیاری لە موساتەحەوە گۆڕدراون بە پرۆژەی وەبەرهێنان بۆ ئەوەی لەسەر چەند كەسێك تاپۆبكرێن، ئەوەش بەوتەی سەرۆكی پێشووی دەستەی وەبەرهێنان ئەوە بە وەبەرهێنان ئەژمار ناكرێت و نایاساییەكی گەورە گۆڕینی مساتەحە بە وەبەرهێنان.


گرنگترین ئاستەنگەكانی بەردەم پرۆژەكانی وەبەرهێنان
1-بەشێك لە لێكۆڵەرەوان پێیان وایە تەنها بەرپرسە باڵاكان و كۆمپانیاكانیان توانای وەرگرتنی زەویان بۆ دروستكردنی پرۆژەی وەبەرهێنان هەبوو.
2-بەشێك لە كۆمپانیاكان تەنانەت ئامادەنەبوون مۆڵەت لەهیچ فەرمانگەیەكی حكومەتی هەرێم وەربگرن و ژمارەی ئەو پرۆژانەش كە بێموڵەت بوون 24 پرۆژەی نیشتەجێ بوونن كە 35 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونیان تێدایە بەوەش لەئێستا تەنانەت بەشێك لەو زەویانەی كە ئەو پرۆژانەیان لەسەر دروستكراوە لە بەرێوەبەرایەتی تۆماری خانوبەرە بەناوی زەوی كشتوكاڵیەون و رەگەزەكەیان نەگۆردراوە بۆ نیشتەجێبوون، بۆیە رێكاری بەناوكردنی خانوی ناو ئەو پرۆژانە ئاڵۆزە و پێویستی بەوەهەیە سەرەتا وەزارەتی كشتوكاڵ دەست لە زەویەكە هەڵبگرێت بۆ دەستەی وەبەرهێنان ودەستەی وەبەرهێنانیش بۆ وەبەرهێنەر و وەبەرهێنەریش بۆ كریاری پرۆژەكان، سەرباری ئەوەی بەشێك لەو پرۆژانە لەگەڵ نەخشەی شارەوانی و بەرێوەبەرایەتی نەخشەدانان و ئاوەدانی پارێزگاكان ناگونجێن.
3-بەشێك لە پرۆژەكانی نیشتەجێ بوون كێشەی نەبوونی خزمەتگوزاری –یان-  كەمی خزمەتگوزاریان هەیە.
4-زۆرجار هاوڵاتیان بوونەتە نێچیری ژمارەیەك كۆمپانیا و وەبەرهێنەر، كە پرۆژەكانیان وەرنەگرتووە یان بەپێی گرێبەستەكە نەبووە یاخود كەرەستە بەكارهاتووەكان لەتاقیگەكاندا پشكنینیان بۆ نەكراوە.
5-دروستبوونی ژمارەیەك دەوڵەمەند و سەرمایەدار لەسەر حسابی زەوی شارەوانی و داهاتی خەڵك  كە جیاوازی چینایەتی لەكۆمەڵگەی كوردی زۆر زەقكردەوە.
6-24 هەزار و 13 دۆنم زەوی لەباشترین شوێنەكانی شارەكانی هەرێمی كوردستان كە بەشێكی زۆریان كشتوكاڵی بوون كرانە باڵەخانە.
7-قازانجی وەبەرهێنەر وەك لایەنی یەكەم و ئامانجی سەرەكی یاسای وەبەرهێنان دیاری كراوەو خەڵك و حكومەتیش زەرەرمەند دەبن.
8-بەهۆی ئەوەی لەیاسای وەبەرهێناندا ئاماژە بەوەكراوە كە وەبەرهێنەر بۆی هەیە ئەو پارەی لە پرۆژەكانی وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستان دەستی دەكەوێت رەوانەی دەرەوەی بكات، بەهۆیەوە پرۆسەی سپیكردنەوەی پارە و رەوانەكردنی پارەی تر بۆ دەرەوە پەرەی سەند.

گرنگترین لایەنە باشەكانی وەبەرهێنان لەبواری خانوبەرە

1-بۆیەكەم جار ژمارەیەك خانوو گەرەك دروستكران كە شێوەی ئەندازەییان وەك یەك بوو ئەوەش دیمەنێكی جوانی پێ بەخشیبوون.
2-دروستكردنی 150 هەزار یەكەی نیشتەجێ بوون وایكرد قەیرانی نیشتەجێبوون لایەنی كەم قوڵ نەبێتەوە و گەورەتر نەبێت.
3-ژمارەیەك هەلی كاری بۆ گەنجان و هاوڵاتیانی هەرێم دابین كرد بەجۆرێك تا كۆتایی ساڵی 2013 زیاتر لە 80 هەزار هەلی كار تەنها لە پرۆژەكانی خانوبەرە كاریان دەكرد.
4-راكێشانی سەرمایەیی بیانی بەجۆرێك ژمارەیەك كۆمپانیای ( بەریتانی ، نیوزلەندی ، میسری، توركی، ئەمریكی، كەنەدی، لوبنانی ،  ئیماراتی ،هندی ، جۆرجی ) هاتنە كوردستان و پرۆژەی وەبەرهێنانیان دروستكرد.
كۆی گشتی پرۆژەكانی بواری وەبەرهێنان
688 پرۆژەی وەبەرهێنان لەساڵی 2006 وە تا ساڵی 2014 لەهەرێمی كوردستان مۆڵەتی وەرگرتووەو كۆی پارەی تەرخانكراویش 37 ملیار و 29 ملیۆن دۆلار بووە نیشتەجێبوون بە  184 پرۆژەی نیشتەجێبوون یەكەم بواری وەبەرهێنان بووە، و دووەم بواریش بواری پیشەسازی 161 پرۆژەو بواری سێەمیش بواری گەشت وگوزاری بووە كە 109 پرۆژە و بازرگانی 99 پرۆژە و تەندروستی 38 پرۆژە و كشتوكاڵ 23 پرۆژە و خوێندن 16 پرۆژە و وەرزش 16 و هونەر 15 و گەیاندن 7 و بانك 2 و گواستنەوە 1 پرۆژە بووە.
جیاوازی لەنێوان شارەكان
هەولێر 303 پرۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتی پێدراوە كە سەرمایەكەی 21 ملیۆن و 33 ملیۆن دۆلار بووە.
سلێمانی 108 پرۆژە مۆڵەتی پێدراوە كە سەرمایەكەی 11 ملیار و 427 ملیۆن دۆلار بووە.
دهۆك 161 پرۆژە مۆڵەتی پێدراوە كە بەهاكەی 4 ملیار و 569 ملیۆن دۆلار بووە.
چارەسەری كێشەی وەبەرهێنان پێویستە بەم رێگاچارانە هەیە:
1-هەمواری یاسای وەبەرهێنان بەجۆرێك كە كەرتی نیشتەجێبوون بە وەبەرهێنان ئەژمار نەكرێت چونكە زۆرینەی وەبەرهێنەران روویان لەو كەرتە كردووە بەهۆی ئەوەی قازانجی خێرای تێدا بەدەست دەهێنن.
2-توندكردنی مەرجی پرۆژەكانی وەبەرهێنان، و زیادكردنی چاودێری دەستەی وەبەرهێنان.
3-راگرتنی تەخشان و پەخشان كردنی زەوی بەناوی وەبەرهێنانەوە و رێگە نەدان بەكڕین و فرۆشتنی زەوی حكومەت كە بەبێ بەرامبەر دراوەتە وەبەرهێنەران.
4-ئاشكراكردنی ئەوانەی دەیانەوێت وەبەرهێنان بكەن و دیاریكردنی سەرمایەكانیان و بڵاوكردنەوەی ئامارەكانی وەبەرهێنان.
5-جیاكردنەوەی بەڵێندەر لە وەبەرهێنەر.
6-وەبەرهێنان تەنها ئەو پرۆژانە بگرێتەوە كە دەتوانن ژمارەیەك هەلی كار بۆ ماوەیەكی دیاریكراو دابین بكەن یان ئەو پێداویستیانە پڕبكەنەوە كە كەرتی گشتی ناتوانێت پڕیان بكاتەوە.
7-تائێستا وەبەرهێنانی نەوت و غاز لەهەرێمی كوردستان بەشێك نیە لە مادەكانی یاسای وەبەرهێنان، باشتر وایە ئەو پرسەش یەكلایی بكرێتەوە چونكە وەبەرهێنان لەنەوت و غازی كوردستان بەپێی یاسایی ژمارە 4ی ساڵی 2006 نیە.


هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنان
ئەگەرچی لە 15/9/2014 بەبڕیاری ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان پێدانی مۆڵەت بەیەكەی نیشتەجێ بوون راگیراوە بەڵام تائێستا بیرێكی جدی لە هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2006 نەكراوەتەوە بۆ ئەوەی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون لە وەبەرهێنان جیابكرێتەوە.
هەروەها رۆژی 12ی كانونی دووەمی ساڵی 2015 بە واژۆی 15 ئەندامی پەرلەمانی كوردستان پرۆژەیەك بۆ هەمواری یاسای وەبەرهێنان رادەستی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە، بەڵام پرۆژەیاساكە نە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا و نەخرایە بەرنامەی كاریشەوە.
پرسیاری جدی ئەوەیە ئاخۆ لەم خولە پەرلەمانییەی ئێستەدا خوێندنەوە بۆ ئەو پرۆژەیە دەكرێت؟ ئاخۆ ئەگەر گۆڕانكارییان تێداكرد لەبەرژەوەندی خەڵك گۆڕانكاریەكان دەكرێت، یان دووبارە یاساكە دەخەنەوەی خزمەتی چینێكی تایبەت كە لە دەسەڵاتدارە سیاسیەكانەوە نزیكن؟