ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:29 - 25/02/2019

قومار لەوڵاتانی ئیسلامیدا بەربڵاوە‌

پەیسەر

قومارلە كوردستان
زۆرینە ئو وڵاتانەی بە ئەرێنی و لانی كەم ئاسایی لە قومار كردن دەڕوانن و پێیان وایە جۆرێكە لە یاری و سەرگەرمی، بەمەبەستی سەرنج راكێشانی گەشتیاران و هەوادارانی ئەو جۆرە كارە هەمیشە بانگەواز بۆ ئەوە دەكەن گەورەترین و باشترین هۆڵەكان لای ئەوانەو بە جۆرەها شێوە بانگەشەی بۆ دەكەن و نیشانی دەدەن، بەڵام ئەوەی سەرنجی زۆرترین گەشتیاری راكێشاوە تا ئێستە  گازینۆی (بنیون- Binion) ە كە دەكەوێتە ویلایەتی لاس فیگاسی ئەمەریكاوە كە 750 مێزە و نزیكەی 2000 ئامێری ئەلیكترۆنی تێدایە و بە گەورەترین هۆڵی قومار دێتە ئەژمار تا ئێستە.


ئەمە تا ئێستە جێگەی سەرنج نیە بەڵكو ئەوەی جێی سەرنجە هەبوونی هۆڵی قومارە لە وڵاتێكی ئیسلامیدا كە بە پێی ڕێنماییەكانی ئیسلام و دەستوری وڵاتەكانیان قومار بە یەكێك لە كارە قەدەغەكراوەكان دێتە ئەژمار، بوونی قومارخانەو گازینۆی تایبەت بەو جۆرە كارانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئیسلامیدا جێگەی بایەخی رۆژنامەوانان و شارەزایانی بوارەكەیە، قەتەر كەبەیەكێك لەو وڵاتانە دادەنرێت پشتگیری لە هەردوو باڵی جوڵانەوە ئیسلامیەكانی دونیا دەكات بە باڵی (میانەرەوو توندڕەویەوە) كەچی لە سەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەنی گەورەترین قومارخانەی ئەلیكترۆنیە. ئەم بابەتە شەقامی ئەو وڵاتەی كردووەتە دوو بەرەوە، بەشێكی بەرگری تەواوی لێدەكات و پییان وایە ئاساییەو هیچ كێشەیەكی تێدا نیە، ئەوانی دیكەش بریتین لەوانەی كە نایانەوێت ئەو قورمارخانە ئەلیكترۆنیانە لە وڵاتەكەیان بوونی هەبێت.


سەرەڕای هەبوونی قومارخانەیەك كە خەڵكی عەرەبی و گەشتیاری بیانی بە فیزیكی بچنە شوێنەكەو كاتێكی تێدا بەسەربەرن و پارە ببنەوە یان بیدۆڕێنن. ئەوا لەسەر تۆڕی ئەنتەرنێت بە هەزاران پێگەی لەو جۆرە هەیە كە خەریكی گەشە پێدانی قومارن بەشێوەی ئۆنلاین. ئەوانەی خەریكی ئەو كارەن پێیان وایە لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە ئاسانترە و كەمتر چاوی لەسەرە و لەڕووی كۆمەڵایەتیشەوە باشترە لەوەی بە شێوەی فیزیكی بچیتە هۆڵێكی قومارو دەست بە بردنەو یان دۆڕان بكەیت. جگە لەوەش لەنێو گازینۆكاندا (وێب)ە تایبەتەكان دەكرێنەوەو لەڕێگەی حسابێكی بانكییەوە قوماری خۆیان دەكەن، شارەزایانی ئەو بوارە باس لەوە دەكەن تەنها ترسێك هەبێت بوونی هاككەرەكانە، ئەگینا باشترین و ئاسانترین رێگەی قورماركردنە.
ئەوانەی كە سەرقاڵی قومارن و لەسەری راهاتوون بە (یاری) ناوی دەبەن و پێیان وایە قومار كارو پیشەیە وەك هەر كارو پیشەیەكی دیكە، هەربۆیە هەموویان پێیی دەڵێن یاری، لە ئێستەشدا یاری (قومار)ەكان ناوو ناوەڕكیان گۆڕاوەو جیاوازە لە قوماركردنە كۆن و كلاسیكیەكە، بە پێی سەرچاوە رۆژنامەوانیەكان لە وڵاتانی عەرەبی (موسڵمان نشین)دا زۆرترین ئامێری-قومار- یاریكردن هەیە، تەنها پێویستی بەوەیە پەیوەست بكرێت بە هێڵێكی ئەنتەرنێتییەوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە لەنێو ئەو شوێن- سایت- انەی كە قورماریان تێدادەكریت بە زۆرینەی زمانەكانی دونیا رێنمایی و فێركردنی تێدایەو هەمووشیان بێ بەرامبەر دانراون، ئەمەش پێچەوانەیە لەگەڵ گازینۆو قومارخانە تەقلیدیەكان كە بەپارە  خەڵكی فێردەكەن.


سەرەڕای ئەوەی لەئاینی ئیسلام دا بۆ خەڵكی باوەڕدار قوماركردن حەرامەو ڕێگە پێنەدراوە بەڵام زۆرترین موشتەری هەیەو لەوەش سەیرتر ئەوەیە ئەو كەسانە هەستی تاوانكردن، یان ئەنجامدانی گوناهیان نیە، هەرئەوەشە بوەتە هۆی تەشەنە سەندنی دیاردەكە، شارەزایانی كۆمەڵایەتی بۆ چەند هۆكارێكی دەگێڕنەوە لەوانەش:
ئەوكەسانەی لە ڕێگەی ئەنتەرنێتەوە قومار دەكەن، خۆیان سەرقاڵ دەكەن و لە هەر جێگەو ڕێگەیەك بن بەمەرجێك پەیوەست بن بە هێڵی ئەنتەرنێتەوە كارەكەیان بۆ دەچێتە سەر، هەندێك لەو كەسانە دەڵێن دەتوانین نوێژەكانیشمان بكەین بە پێچەوانەی قومارە تەقلیدیەكەوە كە نەك هەر نوێژ بەڵكو زۆرجار نانخواردنیشیان بیرنەدەما.
قوماری ئەنتەرنێتی لەبەر ئەوەی زۆرینەی كەسەكان ناناسرێن كێشەی كەمترە، مرۆڤ رقی لەكەسی براوە نابێتەوەو كەسی دۆڕاویش بە سووك و دۆڕاو ناكەوێتە بەرچاوی خەڵكی، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی شەڕو پەلامارو قسەدابڕین كەم دەكاتەوەو كەسەكان پارێزراو دەبن لەو جۆرە رەفتارانە.
هەندێك لە عەرەبە موسڵمانەكان كە خۆیان سەرقاڵی قوماركردووەو ناویان لێناوە یاری دەڵین ئەگەر بردمانەوە بەشێكی دەخەینە پرۆژەی خێر خوازییەوە، جگە لەوەی خۆشی و كات بەسەر بردنێكی تایبەتە.
لە هەرێمی كوردستانیش لەبەر ئەوەی یاسایەك بۆ ئەو مەبەستە لەئارادا نیەو چاودێری شوێنە گەشتیارییەكانیش وەك پێویست نیە، ئەوەی هەیە رێنماییەكانی دەستەی گەشتیارییەو ئەوەش تەنها لەنێو هەندێك جموجوڵ و رووپەری رۆژنامەو شاشەی تەلەفزێۆنەكاندا قەتیس ماوە، هەر بۆیە زۆرجار دەبینرێت هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس هەڵدەكوتنە سەر جیگەیەك كە قوماری تیدا كراوە، ئەوانەی شارەزای قومارن و چیرۆكی خۆیان یان كەس و كارەكانیان دەگێڕنەوە باس لەوە دەكەن لە شارو شارۆچكەكانی كوردستان قورمارخانەی رێگەپێدراو نیە، ئەوەی هەیە لە نێو هەندێك گازینۆو ئوتێلی گەشتیاری و ماڵەكان هەیە، چیرۆكی ئەو كەسانەش كەم نین كە كوژراون یان خۆیان كوشتووە دواتر دەردەكەوێت هۆكاری قوماركردنە، ئەوان باس لەوە دەكەن هەیە زۆر دەوڵەمەند بووەو پاش ماوەیەك ئیفلاسی كردووەو هەشە ژن و مناڵەكانی لێسەنراوەتەوە لەبەر ئەوەی ترساون لە قومارێكدا بیاندۆڕێنێت. 


لە هەرێمی كوردستان هەردوو جۆری ئامێر و ئۆنلاین لەگەڵ كلاسیكەكەی بوونی هەیەو چەندین چیرۆكی سەیرو سەمەرەی بردنەوەو دۆڕان لەو بوارەدا تۆمار كراوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە ئاگاداری زۆرینەی بەرپرسە باڵاكانی هەرێمە بەو دیاردەیەو تا ئێستەش چارەسەری بنەڕتییان بۆ نەدۆزیوەتەوە.
هەر بۆیە دەبیت بگوترێت گەورەترین هۆڵی قومار جێگەیەكی تایبەت و دیاریكراو نیە لەئێستەدا، بەڵكو هێڵی ئەنتەرنێت و یارییە ئۆنلاینەكانی نێو سایتەكانە كە كۆنترۆڵكردنی بۆ ئێستەی هەرێمی كوردستانە دەچێتە ریزی ئەستەمەكانەوە.