06:39 - 25/02/2019
له شه‌قامى ئۆرزدى سلێمانییه‌وه بۆ به‌رگدوورى سه‌رۆك وه‌زیرانى نه‌رویژ
ئازاد به‌ره‌به‌یانێکی پایزى ١٩٩٥ له‌به‌رده‌م سلێمانى پاڵاسه‌وه، ماڵئاوایى له كه‌سوكارى كرد و به‌ره‌و رێى هات و نه‌هاتى ئه‌وروپا به‌ڕێكه‌وت، ئه‌وكات ته‌مه‌نى سێ ده‌یه بوو پێى وابوو هێشتا دره‌نگ نه‌بووه ئه‌وه‌ى له كوردستان له ده‌ستیداوه له وڵاتێكى دیكه به‌ده‌ستیبێنێته‌وه، گه‌رمه‌ى شه‌ڕى ناوخۆبوو، كاروژیان له باشورى كوردستان له نزمترین ئاستیدا بوو به‌ڵام ئه‌وه دوایین پایزى ژیانى ئازاد بوو، كۆچ ئه‌وى له به‌رگدوورێكى كه‌م بازاڕى شه‌قامى ئۆرزییه‌وه كرده به‌رگدوورى سه‌رۆك وه‌زیرانى نه‌رویژ و سكرتێرى ناتۆ.
ئازاد عه‌بدولره‌حمان عه‌بدوڵا، خه‌ڵكى سلێمانییه و ساڵى ١٩٦٥ له‌دایكبووه، كاتێك له كوردستان په‌یمانگاى مامۆستایانى هه‌ولێر ته‌واوده‌كات و بڕوانامه‌ى بوون به مامۆستا به‌ده‌ستده‌هێنێت، ده‌یه‌وێت دابمه‌زرێت به‌ڵام وه‌ك خۆى ده‌ڵێت، پێیان گوتووه دامه‌زراندن پشتگیرى لقى پارتى یاخود مه‌ڵبه‌ندى یه‌كێتى ده‌وێت نه‌ك بڕوانامه، ئیتر ئه‌وه به‌یه‌ك جارى ئازادى خسته سه‌ر كه‌ڵكه‌ڵه‌ى كۆچ و جێهێشتنى نیشتیمان.
تا كاتى رۆشتنى بۆ ئه‌وروپا ئازاد له شه‌قامى ئۆرزدى دووكانێكى به‌رگدوورى هه‌بوو، كۆتا مانگ پێش ئه‌وه‌ى سه‌فه‌ر بكات به درێژایى مانگه‌كه یه‌ك پانتۆڵى دوریبوو، ده‌ڵێت به‌هۆى شه‌ڕو بارودۆخى ناخۆشى كوردستانه‌وه كار زۆر لاواز بوو، ئیشى به‌رگدووره‌كانیش زۆر خراپ بوو، ئازاد بڕیار ده‌دات كوردستان جێبهێڵیت له‌گه‌ڵ ئاراسى براى له قه‌ندیله‌وه خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه توركیا و به‌چوپه هه‌واییه‌كانى ئیجه كه بۆنى مه‌رگیان لێده‌هات خۆى گه‌یانده یۆنان، ٢٦ی١٠ی١٩٩٥ له سلێمانییه‌وه به‌ڕێكه‌وت و ٢٨ی ١١ی ئه‌وساڵه گه‌یشته ئه‌ڵمانیا، ئیتر له‌وێوه ده‌رگاى ژیانێكى ته‌واو جیاواز به‌رووى ئازاد دا كرایه‌وه كه جیاوازییه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ ژیانه‌كه‌ى سلێمانى ئاسمان و رێسمان بوو.
ئازاد چه‌ند ساڵێك دواتر له‌رێگه‌ى كاره‌كه‌یه‌وه كه به‌رگدووریى بوو، ئه‌ستێره‌ى به‌ختى گه‌شایه‌وه‌و ئه‌زمونى په‌ناهه‌نده‌یى به‌ته‌واوى هاوتاى خه‌ونه‌كانى ئه‌وبوو، بووه به‌رگدوورى سه‌رۆك وه‌زیرانى نه‌رویژ و به‌هۆى ئه‌وه‌وه ناوبانگێكى باشى په‌یداكرد.
ئازاد بۆ په‌یسه‌ر چیرۆكى كۆچه‌كه‌ى و سه‌ركه‌وتنى له كاره نوێیه‌كه‌ى و ژیانى تاراوگه‌ى باسكرد، ئه‌و بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ژیانى نیشتیمان به حه‌سره‌ت نییه و گازنده‌ى زۆر هه‌یه، ئومێدى نییه وازوو كوردستان بكه‌وێته سه‌ر سكه‌و سیسته‌م و یاسا تێیدا سه‌روه‌ربێت و پێشبكه‌وێت، نزیكییه‌كه‌ى له سه‌رۆك وه‌زیرانى نه‌رویژ به‌ته‌واوى ئاشناى كردووه به دونیایه‌كى سیاسى ئێجگار جیاواز له‌وه‌ى لاى خۆمان ده‌گوزه‌رێت.
ئه‌و به‌رگدووره كوردە باسیله‌وه‌كرد، سه‌ره‌تا كه گه‌یشتووه‌ته ئه‌وروپا ماوه‌ى سێ ساڵ له ئه‌ڵمانیا ماوه‌ته‌وه، ده‌ستبه‌ردارى كاره‌كه‌ى نه‌بووه‌و ده‌ستیداوه‌ته‌وه به‌رگدوورى، دواى سێ ساڵ ده‌چێته نه‌رویژ و له‌وێ كاره‌كه‌ى به‌ته‌واوى پێشده‌كەوێت، سه‌ره‌تاى گه‌شه‌كردنى كاره‌كه‌ى له‌رێگه‌ى هاوكارى به‌رگدوورێكى یۆنانییه‌وه ده‌بێت له ئه‌ڵمانیا، كه وه‌ك خۆى ده‌ڵێت، وه‌ك فریشته‌یه‌ك بووە بۆی فێرى هه‌مووشتى ده‌كات و تێیده‌گه‌یه‌نێت كه به‌رگدوورى ته‌واو جیاوازه له‌وه‌ى ئازاد فێرى بووه.
"ئه‌وه‌ى فێرى بووبووم له كوردستان بێ بنه‌ماو هه‌ڵه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وپیاوه یۆنانییه كاره‌كانى بۆ رێككردمه‌وه، دواى ئه‌وه‌ى هاتمه نه‌رویژ ژنێكم ناسى كه ژنى باڵیۆزێكى ئێرانیى سه‌رده‌مى شا بوو، ناوى په‌روین نه‌خشان بوو، چوار ساڵ له‌گه‌ڵى كارم كرد منیش به‌رگدوورێكى زۆر باش بووم له‌گه‌ڵى، زۆرجار وه‌سفیده‌كردم و ده‌یگوت له‌خۆم زیره‌كتریت".
له‌رێگه‌ى كاركردن له‌گه‌ڵ ئه‌وژنه‌دا ئازاد مشته‌رى ده‌ناسێت، دواى ئه‌وه دووكانى تایبه‌ت به خۆى داده‌نێت و به‌هۆى وردى و جوانى كاره‌كانیه‌وه مشته‌رى زۆرى ده‌بن.
چۆن خانه‌واده‌ى سه‌رۆك وه‌زیران بوونه مشته‌رى ئازاد
ئازاد دووكانێك داده‌نێت به‌ناوى ئاڵان، له ناوچه‌یه‌كى گرنگى ئۆسلۆ له نه‌رویژ له ساڵى ٢٠٠٥ مشته‌رییه‌ك دێت بۆلاى كه خوشكى سه‌رۆك وه‌زیرانى نه‌رویژه و ناوى كامیلیایه، ئازاد دواى چه‌ند ساڵێكیش نازانێت ئه‌و خوشکى سه‌رۆك یانس ستۆڵتن بێرگ سه‌رۆك وه‌زیرانى نه‌رویژه"جارێك پێی‌گوتم یانسى برام هه‌ندێك جلوبه‌رگى هه‌یه ده‌توانى بێیته ماڵه‌وه‌و چاكى بكه‌یت بۆى، چونكه ئه‌و مه‌جالى نییه بێت، گوتم یانس كێیه، گوتى سه‌رۆك وه‌زیرانه، ئیتر گوتم به‌وپه‌ڕى خۆشحاڵییه‌وه دێم، ژماره‌كه‌ى وه‌رگرتم و یانس په‌یوه‌ندى پێوه‌كردم و خۆى پێناساندم".
ئیدى له ساڵى ٢٠١٠ ەوە ئازاد ده‌بێته به‌رگدوورى سه‌رۆك وه‌زیران و جاروبار یانس خۆى دێت بۆ دووكانه‌كه‌ى و هه‌ندێك جاریش كه سه‌رقاڵه داواى لێده‌كات ئازاد جله‌كانى بۆ به‌رێته‌وه ماڵه‌وه، ئازاد ده‌ڵێت، ماڵێكى ساده‌ى هه‌یه و هیچ رێوشوێنێكى ئه‌منى نییه كاتێك جله‌كان ده‌به‌مه‌وه نه پرسگه هه‌یه، نه پشكنین، وه‌ك ماڵى هه‌ر هاوڵاتییه‌كى ئاساییه.
یانس ستۆڵتن بێرگ، ساڵى ١٩٥٩ له‌دایك بووه، ساڵانى ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠١ و ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٣ سه‌رۆك وه‌زیرانى نه‌رویژ بووه، ساڵى ٢٠١٤ بووه سكرتێرى رێكخراوى ناتۆ، (هاوپه‌یمانى باكوورى ئه‌تڵه‌سى) تا ئێستا له‌و پۆسته‌ى به‌رده‌وامه، ئه‌ندامى پارتى كرێكارانى نه‌رویژه.
یانس مامه‌ڵه‌ى چۆن بووه؟
ئازاد باس له‌وه‌ده‌كات، سه‌رۆك وه‌زیرانى نه‌رویژ زۆر جار به پاسكیل سه‌ردانى دووكانه‌كه‌ى ده‌كات، به‌رگدووره‌كان له نه‌رویژ زۆر به كه‌مى جل ده‌دوورن به‌ڵكو زیاتر قات چاك ده‌كه‌ن و بچوكى ده‌كه‌نه‌وه به‌پێى باڵاى كڕیار، یانس باڵاى مه‌ترێك و ٨٧ سانتیمه، ئازاد ده‌ڵێت، باڵاى خۆشى گونجاوه بۆ له‌به‌ركردنى قات.
ئه‌و به‌رگدووره كورده چیرۆكى زۆرى ساده‌یى یانسى لایه، جارێك سه‌رۆك وه‌زیران كه به پاسكیل سه‌ردانى دووكانه‌كه‌ى ئازادى كردووه دوو مشته‌رى دیكه‌ى له‌پێش بووه، بۆیه یانس چاوه‌ڕێى ته‌واوبوونى كارى مشته‌رییه‌كان بووه، ئازاد ده‌ڵێت"سه‌رۆك وه‌زیران لێى پرسیم، ئازاد ئاساییه له ناو دووكانه‌كه چاوه‌ڕێ بكه‌م، یاخود بچمه ده‌ره‌وه بوه‌ستم تا كارى مشته‌رییه‌كانى دیكه ته‌واوده‌كه‌یت، گوتم نا هه‌ر لێره چاوه‌ڕێ بكه، كه دێت له‌گه‌ڵ هه‌موو مشته‌رییه‌كان ته‌وقه ده‌كات".
نرخى جلوبه‌رگه‌كانى سه‌رۆك چه‌نده؟
ئازاد ده‌ڵێت، به گشتى سه‌رۆك وه‌زیران قاته‌كانى نرخى مامناوه‌ندییان هه‌یه، كه له‌نێوان ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ دۆلاره‌و پاره‌یه‌كى زۆر نییه له‌و وڵاته، سه‌رۆك وه‌زیران ماركه‌ى گرانبه‌ها ناكڕێت، ره‌نگه‌كانیش زۆرتر تۆخن و ره‌ش و ره‌ساسى ده‌كات، ساڵانه سێ بۆ چوار قات ده‌كڕێت.
ئه‌و كاته‌ى ده‌بێته سكرتێرى ناتۆ، ته‌له‌فۆن بۆ ئازاد ده‌كات و پێى ده‌ڵێت، بووه‌ته سكرتێرى ناتۆ ئه‌م ماوه چاوپێكه‌وتنى زیاترى هه‌یه، بۆیه سێ قات و چه‌ند كراسێكى بۆ ده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ى چاكى بكات بۆى"خۆى كه‌سێكى هێمن و قسه خۆشه، دواى ئه‌وه‌ى قیاسم گرت پێى گوتم ئایا كاتت ده‌بێت دواتر بۆمبهێنیته‌وه ماڵه‌وه یاخود كه‌سێك بنێرم بۆى چونكه خۆم سه‌رقاڵم، گوتم ببوره ده‌چم بۆ وه‌رزش ناتوانم بۆتبهێنمه‌وه، گوتى زۆر باشه ئاساییه كه‌سێك ده‌نێرم بۆیان".
ئه‌و سه‌باره‌ت به نرخى جلوبه‌رگه‌كانیش چیرۆكى جیاوازى لایه، باسیله‌وه‌كرد كه كامیلیاى خوشكى سه‌رۆك وه‌زیران، كه به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى شارى ئۆسلۆیه، زۆرجار جلوبه‌رگى( سێكند هاند) دێنێت بۆ ئه‌وه‌ى ئازاد بۆى چاك بكات، واته ئه‌وه‌ى خۆمان پێى ده‌ڵێین (جلى له‌نگه)، كامیلیا گوتویه‌تى"ئه‌وانه جلى زۆر جوانن و زۆر به‌دڵمه".
یانس باسى پێشمه‌رگه‌ى كردووه
له‌سه‌ره‌تاى یه‌كتر ناسینیانه‌وه ئازاد به سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ڵێت، كه كورده و له عێراقه‌وه هاتووه"جارێك گوتى سه‌دام پیاوێكى چۆن بوو؟ منیش گوتم ئه‌و شێت بوو، جارێكى دیكه له گه‌رمه‌ى شه‌ڕى داعشدا بوو، یانس پێى گوتم واژۆم له‌سه‌ر چه‌ك و هاوكارى باش كردووه كه ره‌وانه‌ى پێشمه‌رگه بكرێن بۆ شه‌ڕى داعش". سه‌رۆك وه‌زیرانى نه‌رویژ جارێكى دیكه دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى له سه‌ردانى بۆرما باسى بێتاقه‌تى و نیگه‌رانى خۆى كردووه بۆ ئازاد، پێى گووتووه"چۆن ده‌بێت مرۆڤ له‌سه‌ر ئاین بكوژرێت خه‌ڵكانێكى زۆر له‌وێ ده‌مرن له‌به‌ر ئه‌وه‌ى موسوڵمانن من زۆر له‌وه نیگه‌رانم".
مشته‌رییه‌كانى ئازاد زیاتر بوون
به‌هۆى ئه‌وه‌ى خانه‌واده‌ى سه‌رۆك وه‌زیران له دوكانه‌كه‌ى ئازاد جله‌كانیان چاك ده‌كه‌ن، مشته‌رى زیاتر روویان تێكردووه، هاوسه‌رى خوشكه‌كه‌ى یانس كه‌سێكى كورد و به‌دیقه‌ته‌و ئه‌ندازیاره، ئه‌و وه‌سفى كاره‌كانى ئازادى كردووه لاى سه‌رۆك وه‌زیران ئیتر یانسیش گوتویه‌تى ماده‌م تۆ وه‌سفى ده‌كه‌یت و به دڵته دڵنیام به‌رگدورێكى باشه، خوشکه‌كه‌ى یانسیش هه‌ر وه‌سفى كاره‌كانى ئازادى كردووه كه‌خۆى سه‌ره‌تا به‌رێككه‌وت سه‌ردانى دووكانه‌كه‌ى ئازادى كردووه له ساڵى ٢٠٠٥ ەوە تا ئێستا مشته‌رى به‌رده‌وامى ئازاده جارێك سه‌رۆك وه‌زیران به ئازاد ده‌ڵێت، كه تۆ باشترین به‌رگدوورى ئۆسلۆیت.
"خۆم چوومه‌ته ماڵى سه‌رۆك وه‌زیران، ماڵێكى ساده‌یه و له گه‌ڕه‌كێكى زۆر ساده‌یه، ئه‌وه ماڵێكى ده‌وڵه‌ته به‌هه‌ركه‌سێك ده‌درێت كه ببێته سه‌رۆك وه‌زیران، چومه‌ته ماڵه كه‌سییه‌كه‌ى خۆشى به‌هه‌مان شێوه زۆر ساده‌یه، ئه‌وه نییه پاسه‌وان هه‌بێت و لێپرسینه‌وه هه‌بێت".
چه‌ند جارێك وه‌زیرى به‌رگریش سه‌ردانى دووكانه‌كه‌ى ئازادى كردووه، به‌ڵام ئازاد نه‌یزانیوه ئه‌وخاتونه وه‌زیره، ناوى (گریته فار موو)ه رۆژێك ئازاد پێى ده‌ڵێت، تۆ له پورم ده‌چیت ماوه‌یه‌كه دیارنیت بۆچى ده‌نگت نییه، ئه‌و خانمه‌ش له وه‌ڵامدا پێى ده‌ڵێت، پێشتر وه‌زیرى به‌رگرى بووە له كابینه‌كه‌ى یانس، ئێستا له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كارده‌كات.
داهاتى نه‌رویژ
داهاتى سه‌ره‌كى وڵاتى نه‌رویژ ماسى و دره‌ختى دارستانه‌كان و باجه، نه‌وتیشى هه‌یه‌و تا ئێستا پاره‌ى نه‌وته‌كه‌ى به‌كارنه‌هێناوه‌و سه‌رچاوه‌ى گرنگى داهات نییه له‌و وڵاته، ئه‌وانه‌ى كه خاوه‌نى كارى خۆیانن سه‌دا ٦٠ی داهاته‌كه‌یان وه‌ك باج ده‌ده‌ن به حكومه‌ت.
ئازاد له كاره‌كه‌ى رازییه‌و داهاتى ساڵانه‌ى ٤٠ هەزار دۆلارە(چوار ده‌فته‌ر دۆلار)ی بۆ دەمێنێتەوە، دوای ئەوەی ٦٠ هه‌زار دۆلاریش باج ده‌دات به حكومه‌تى نه‌رویژ، له ساڵى ٢٠١٣ ەوە نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان هیواى به باشبوونى دۆخى كوردستان كه‌مه پێى وایه ده‌بێت له بنه‌ڕه‌ته‌وه په‌روه‌رده‌ى منداڵه‌كان چاكبكرێت چونكه ئێستا گه‌نده‌ڵى له هه‌رێمى كوردستان كۆى كۆمه‌ڵگاى گرتووه‌ته‌وه خه‌ڵك و به‌رپرسانیش، ئازاد له نه‌رویژ هاوسه‌رگیرى كردووه‌و باوكى كچێكه..