ڕاپۆرتی کوردستانی

05:07 - 27/02/2019

دروستكردنى هه‌رێمى نوێ له‌ مقۆمقۆى شرۆڤه‌ى ده‌ستووردا‌

فه‌رمان حه‌سه‌ن

پێده‌چێت كورد جارێكى دیكه‌ كێشه‌ى بڕگه‌كانى ده‌ستوور رووبه‌ڕووى ده‌سه‌ڵاته‌ فه‌رمییه‌كانى به‌غدا بكاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان له‌سه‌ر بڕگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى په‌یوه‌ست به‌ كورد و هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ نا، به‌ڵكو بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى مافى دروستكردنى هه‌رێم به‌پێى ده‌ستوور، رێكنه‌كه‌وتنى یه‌كێتى و پارتى ده‌رگاى قسه‌و پلانى جیاوازى به‌رووى دۆخه‌كه‌دا كردووه‌ته‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێت یه‌كێتى پلانى هه‌یه‌ كار بۆ دروستكردنى هه‌رێمێكى نوێ بكات دوور له‌ ده‌سه‌ڵاتى پارتى ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و حزبه‌ رێكنه‌كه‌وێت.

پارتى و یه‌كێتى له‌دواى هه‌ڵبژاردنى خولى پێنجه‌مى په‌ڕله‌مانى كوردستانه‌وه‌، ته‌نها له‌سه‌ر یه‌ك بابه‌ت كۆك بوون و رێككه‌وتن، ئه‌ویش تێپه‌ڕاندنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان بوو، ماوه‌ى پێنج مانگه‌ ئه‌و دوو هێزه‌ له‌سه‌ر پێكهێنانى حكومه‌ت ناگه‌نه‌ ئه‌نجام و له‌سه‌ر پۆسته‌كان رێكناكه‌ون، دوایین گوشارى یه‌كێتى باسكردنە له‌ دروستكردنى هه‌رێمێكى نوێ له‌ سلێمانى، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ ئه‌گه‌رى دووئیداره‌یى هۆشدارى به‌و حزبه‌ دابوو، نازانرێت ئه‌و خواسته‌ى یه‌كێتى ته‌نها بۆ ته‌نگه‌تاوكردنى پارتییه‌ تا به‌ داواكانى رازى بێت یاخود پلان و ستراتیژه‌و كارى بۆ ده‌كات، به‌ڵام شاندێكیان له‌ به‌غدایه‌و ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ پرۆژه‌كه‌ بده‌ن به‌گوێى لایه‌نه‌ عێراقییه‌كاندا.


ئه‌گه‌رچى له‌روو سیاسییه‌وه‌ ئه‌و بژارده‌یه‌ گێره‌وكێشه‌ى خۆى هه‌یه‌ و خوێندنه‌وه‌ى هه‌لومه‌رجه‌كانى پێویسته‌، دوورنییه‌ پشتیوانى هه‌رێمى و ناوخۆیى عێراقیشی هه‌بێت، به‌ڵام له‌ڕووى ده‌ستوورییه‌وه‌ دروستكردنى هه‌رێمێكى نوێ به‌تایبه‌ت له‌ناو هه‌رێمى كوردستاندا مقۆمقۆى له‌سه‌ره‌و ره‌نگه‌ دواجار دادگاى فیدراڵى یه‌كلایى بكاته‌وه‌، كه‌ به‌پێى مادده‌ى ٩٣ى ده‌ستوورى عێراق لێكدانه‌وه‌ى ده‌قه‌كانى ده‌ستوور ده‌سه‌ڵاتى ئه‌م دادگایه‌ و بڕیاره‌كانى كۆتایى و بنبڕن.

ده‌ستوورى هه‌میشه‌یى عێراق، باسى دروستكردنى هه‌رێمى نوێى كردووه‌، مافى داوه‌ به‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك كه‌ داوابكات ببێت به‌ هه‌رێم، بۆ ئه‌وه‌ش دوو مه‌رجى دیاریكردووه‌، یاخود سێ یه‌كى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا داواى بكه‌ن، یاخود سه‌دا ١٠ی  ده‌نگده‌رانى ئه‌و پارێزگایه‌، ئه‌مه‌ش به‌پێى مادده‌ى ١١٩ی دەستوور و ساڵى ٢٠١٣ یاساى بۆ ده‌رچوو كه‌ ورده‌كارییه‌كه‌ى باسكردووه‌.

به‌ڵام ئه‌و رێگه‌پێدانه‌ بۆچوونى پێچه‌وانه‌ى هه‌یه‌، به‌وپێیه‌ى ده‌ستورى عێراق له‌ چه‌ندین مادده‌ى جیاوازدا دانى به‌ هه‌رێمى كوردستاندا ناوه‌ وه‌ك كیانێكى سه‌ربه‌خۆو دانى به‌ په‌ڕله‌مان و حكومه‌تى هه‌رێمدا ناوه‌و رێگه‌شى داوه‌ هه‌رێم ده‌ستوورێك بۆخۆى دابنێت، له‌ پرۆژه‌ى ده‌ستورى هه‌رێمى كوردستان كه‌ به‌هۆى كێشه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ په‌كخرا ئه‌وه‌ به‌ ده‌ق جێگیركرابوو كه‌ هیچ پارێزگایه‌ك رێگه‌ى پێنادرێت له‌ناو هه‌رێمى كوردستان ببێت به‌ هه‌رێم، هه‌رچه‌ند ئه‌وه‌ ته‌نها پرۆژه‌یه‌كه‌و هێزى یاسایى  و ده‌ستوورى نییه‌.


  گه‌وره‌ترین به‌ربه‌ستى ده‌ستووریى له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌رى دروستكردنى هه‌رێمێكى نوێ له‌ناو هه‌رێمى كوردستاندا، یاساى ئیداره‌دانى ده‌وڵه‌ته‌، كه‌ دوو ماده‌ى له‌ ده‌ستووردا جێگیركران، به‌پێى ئه‌و ماددانه‌ سنورى هه‌رێمى كوردستان دیاریكراوه‌و پێناسه‌ى كراوه‌، به‌پێى مادده‌ى ١٤٣ی ده‌ستورى عێراق، ته‌واوى یاساى ئیداره‌دانى ده‌وڵه‌ت هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ جگه‌ له‌ بڕگه‌ى یه‌كه‌مى مادده‌ى ٥٣ی یاساکە و ته‌واوى مادده‌ى ٥٨ی یاساکە.

واته‌ بڕگه‌ى یه‌كه‌مى مادده‌ ٥٣ى یاساى ئیداره‌دانى ده‌وڵه‌ت، بوو به‌ مادده‌یه‌كى ده‌ستووریى ئه‌و بڕگه‌یه‌ به‌ربه‌ستى دروستكردنى هه‌رێمى نوێیه‌ به‌وپێیه‌ى سنورى هه‌رێمى كوردستانى دیاریكردووه‌و پێناسه‌ى كردووه‌ و زاراوه‌ى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌ت و په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاته‌ دادوه‌رییه‌كه‌ى روونكردووه‌ته‌وه‌، ده‌قى بڕگه‌كه‌ كه‌ ئێستا بووه‌ته‌ مادده‌ى ١٤٣ی ده‌ستور ده‌ڵێت"دان ده‌نرێت به‌ هه‌رێمى كوردستان كه‌ حكومه‌تێكى فه‌رمییه‌ و سنوره‌كه‌شى ئه‌و ناوچانه‌یە كه‌ به‌ڕێوه‌ى ده‌برد تا ١٩ی ٣ی٢٠٠٣ له‌ دهۆك، هه‌ولێر، سلێمانى، كه‌ركوك، دیاله‌، نه‌ینه‌وا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتیدا بووه‌.

به‌پێى ئه‌م مادده‌یه‌ سنورى هه‌رێمى كوردستان دیاریكراوه‌ كه‌ ئه‌و ناوچانه‌یه‌ ئێستا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌، واته‌ سنورى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان و سنورێكى ده‌ستورییه‌و به‌ ده‌ستور دیاریكراوه‌، وه‌ ناوچه‌كانى كێشه‌ له‌سه‌ریش به‌پێى مادده‌ى ٥٨ی یاساى ئیداره‌دانى ده‌وڵه‌ت و دواتر بووه‌ مادده‌ى ١٤٠ ى ده‌ستوورى عێراق به‌ ئاساییكردنه‌وه‌و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌و راپرسى یه‌كلایى ده‌كرێنه‌وه‌.


  له‌دواى رووداوه‌كانى ١٦ی ئۆكتۆبه‌ریش ده‌سه‌ڵاته‌ فه‌رمییه‌كانى عێراق رایانگه‌یاند، ئه‌وان بۆ سنوره‌كانى پێش ٢٠٠٣ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى سنورى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان به‌پێى مادده‌ى ١٤٣ی ده‌ستوور مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كرێـت، هه‌رچه‌ند كورد گله‌یى زۆرى هه‌یه‌ له‌وه‌ى مادده‌ى ١٤٠ جێبه‌جێناكرێت.

د.خامۆش عومه‌ر پسپۆڕى یاساى ده‌ستووریى پێى وایه‌ بژارده‌ى دروستكردنى هه‌رێمێك له‌ناو هه‌رێمى كوردستان ده‌ستووریى نییه‌، چونكه‌ یاساى ئیداره‌دانى ده‌وڵه‌ت و ده‌ستوورى عێراق، راسته‌وخۆ ئاماژه‌یان به‌ هه‌رێمى كوردستانداوه‌ هه‌رسێ پارێزگاكه‌ى خستووه‌ته‌ چوارچێوه‌ى هه‌رێمێكه‌وه‌و سنوره‌كه‌شه‌ى دیاریكراوه‌.

د. خامۆش بۆ په‌یسه‌ر پرێس باسیله‌وه‌كرد، له‌ناو پرۆژه‌ كۆنه‌كانیش و ده‌ستوریش شتى وانییه‌ كه‌ له‌ناو هه‌رێمێك هه‌رێمێكى نوێ دروستبكرێت، چونكه‌ سنوره‌كه‌ دیاریكراوه‌ به‌پێى ده‌ستوور، جگه‌ له‌مه‌ش بڕیارێكى دادگاى فیدراڵى هه‌یه‌ كه‌ سنوره‌كانى هه‌رێمى كوردستانى دیاریكردووه‌. به‌بڕواى ئه‌و مافى دهۆك یاخود سلێمانى بۆ به‌هه‌رێمبوون جیاوازه‌ له‌مافى به‌سره‌ یاخود پارێزگایه‌كى دیكه‌ى خوارووى عێراق چونكه‌ وه‌ك هه‌رێمێك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێت،"بۆیه‌ ده‌ره‌چه‌ى یاسایى نییه‌ بۆ دروستكردنى هه‌رێمێكى نوێ ناتوانیت هه‌رێمێكى دیكه‌ دروست بكه‌یته‌وه‌ له‌ناو هه‌رێمى ئێستا".

  مادده‌ى ١٢١ی ده‌ستورى عێراق رێگه‌ى داوه‌ هه‌رێمه‌كان خۆیان به‌ڕێوه‌به‌ن و یاسا ده‌ربكه‌ن و هه‌ر یاسایه‌كى فیدراڵیش كه‌ بیانه‌وێت له‌ هه‌رێمه‌كه‌دا جێبه‌جێى بكه‌ن، هه‌روه‌ها بڕگه‌ى دووه‌مى مادده‌ى ١١٧ ی دەستوور  دانیناوه‌ به‌و هه‌رێمه‌ نوێیانه‌ى دروستده‌كرێن، به‌پێى بڕگه‌كانى ده‌ستوور.

بۆچوونى دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌ستورى عێراق به‌ ته‌واوى رێگه‌ى به‌ دروستكردنى هه‌رێمى نوێ داوه‌و بۆ ئه‌وه‌ش ئاماژه‌ى به‌ هیچ ریزپه‌ڕێك نه‌كردووه‌، شۆرش حه‌سه‌ن پسپۆرى یاساى ده‌ستوورى ده‌ڵێت، راسته‌ یاساى ئیداره‌دانى ده‌وڵه‌ت سنورى هه‌رێمى كوردستانى دیاریكردووه‌و ئه‌مه‌ش بووه‌ به‌ مادده‌یه‌كى ده‌ستوریى به‌ڵام مادده‌ى ١١٩ به‌ ره‌هایى رێگه‌ى به‌ دروستكردنى هه‌رێمى نوێ داوه‌، بۆیه‌ دروستكردنى هه‌رێمى نوێ ته‌نانه‌ت له‌ناو هه‌رێمى كوردستانیش ناده‌ستورى نییه‌ چونكه‌ ئه‌و هه‌رێمه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان جیاده‌بێته‌وه‌.

شۆرش حه‌سه‌ن بۆ په‌یسه‌ر پرێس ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، مادده‌ ده‌ستورییه‌كه‌ جیاوازى له‌نێوان پارێزگاكان نه‌كردووه‌ كه‌ ده‌ڵێت هه‌ر پارێزگایه‌ك مافى هه‌یه‌ داوابكات ببێت به‌ هه‌رێمێكى نوێ، مادده‌كه‌ دیارینه‌كردووه‌ پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستانى جیانه‌كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌ڵێت هه‌ر پارێزگایه‌ك، بۆیه‌ ئه‌م مادده‌ ده‌ستورییه‌ رێگه‌ده‌دات هه‌ر پارێزگایه‌ك له‌ عێراق بیه‌وێت به‌پێى مادده‌ى ١١٩ی ده‌ستور داواى بوون به‌ هه‌رێم بكات.


  پێده‌چێت له‌ ئه‌گه‌رى ده‌ستبردن بۆ بژارده‌ى هه‌رێمى نوێ له‌ هه‌رێمى كوردستان، ته‌نها له‌ رووى سیاسییه‌وه‌ سه‌رئێشه‌ى نه‌بێت، به‌ڵكو مقۆمقۆى ده‌ستوورى و یاساییش زۆر هه‌بن له‌سه‌رى، كه‌ ره‌نگه‌ى دواجار دادگاى فیدراڵى ئه‌وه‌ش یه‌كلایى بكاته‌وه‌ هاوشێوه‌ى ریفراندۆم، دادگاى فیدراڵى هه‌یه‌ مافى ده‌ستوریى كه‌ ته‌فسیر بۆ مادده‌كانى ده‌ستور بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ش كات و هه‌نگاوى زۆر و پلان و پرۆژه‌ى پێویسته‌و كورد ده‌كه‌وێته‌وه‌ دۆخێكى شڵه‌ژاو كه‌ دیار نییه‌ سه‌رى ئه‌و دۆخه‌ له‌كوێیه‌وه‌ ده‌رده‌چێت.