ڕاپۆرتی کوردستانی

10:52 - 28/11/2018

ده‌رفه‌تێكی گرنگ بۆ گۆڕانكاری له‌ سیسته‌می سیاسی هه‌رێمدا‌

فه‌رمان حه‌سه‌ن

خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌هۆی كێشه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه‌، گێره‌وكێشه‌ی زۆر به‌رۆكی گرت تا گه‌یشته‌ په‌كخستنی، دوای ململانێی قورس و سه‌ختی لایه‌نه‌كان، له‌ دواین ساڵی ته‌مه‌نیدا ئه‌و خوله‌ ده‌رگایه‌كی گرنگی كرده‌وه‌ به‌رووی سیسته‌می په‌رله‌مانیدا ئه‌ویش به‌ ده‌ركردنی دوو یاسا كه‌ به‌ سڕكردنی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كۆتاییهات.

سیسته‌می په‌رله‌مانیی به‌"سیسته‌می هاوسه‌نگی"پێناسه‌ ده‌كرێت، كه‌تێیدا هاوسه‌نگی ته‌واو له‌نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كان هه‌یه‌ و ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان چاودێری ته‌واوی حكومه‌ته‌و توانای لێپرسینه‌وه‌ی فراوانی هه‌یه‌، حكومه‌ت به‌ ته‌واوی له‌ به‌رده‌م نوێنه‌رانی گه‌لدا به‌رپرسه‌، ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تی گه‌نده‌ڵی قورخكاری و ناشه‌فافی و تاكڕه‌وی كه‌مده‌كاته‌وه‌، به‌ سڕكردنی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌ردی گه‌وره‌ی سه‌ر رێگای سیسته‌مه‌كه‌ لابراوه‌، به‌ڵام هێشتاش بێ به‌ربه‌ست نییه‌.

له‌ ساده‌ترین تێگه‌یشتن بۆ توانای لێپرسینه‌وه‌ی حكومه‌ت له‌ سیسته‌می په‌رله‌مانیدا ده‌توانین ئه‌و نمونه‌ باوه‌ باس بكه‌ین، كاتێك خه‌ڵكی هه‌موویان سه‌رۆك هه‌ڵده‌بژێرن تا چوار ساڵی دیكه‌ هاوڵاتیان توانای ئه‌وه‌یان نییه‌ بچن له‌ سه‌رۆك بپرسنه‌وه‌، ئه‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ی توانای تاكه‌، به‌ڵام له‌ سیسته‌می په‌رله‌مانیدا نوێنه‌رانی خه‌ڵك ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن و هه‌ربۆخۆشیان سه‌رۆك دیاریده‌كه‌ن و خۆشیان لێی ده‌پرسنه‌وه‌.

 


پره‌نسپیه‌ باوه‌كانی سیسته‌می په‌رله‌مانی به‌و جۆره‌ن كه‌ له‌ سیسته‌می په‌رله‌مانیدا سه‌رۆكی وڵات زیاتر ڕۆڵێكی ته‌شیرفاتی هه‌یه‌،ڵام گرفتی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌رێم سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی یاساكه‌ی له‌ سه‌رووی هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌وه‌یه‌

ئه‌گه‌ر دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وام بووایه‌، یاخود كار به‌ یاسای ژماره‌ یه‌ك-ی ساڵی 2005 بكرێته‌وه‌ بۆ رێكخستنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم دیسانه‌وه‌ كۆسپ و كێشه‌ی گه‌وره‌ به‌رۆكی سیسته‌می سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌گرنه‌وه‌ و هه‌وڵه‌كان بۆ چه‌سپاندنی سیسته‌می په‌رله‌مانی ده‌گه‌نه‌وه‌ به‌ سفر.

بۆچی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم گرفته‌ و سڕكردنه‌كه‌ی گرنگه‌؟

پره‌نسپیه‌ باوه‌كانی سیسته‌می په‌رله‌مانی به‌و جۆره‌ن كه‌ له‌ سیسته‌می په‌رله‌مانیدا سه‌رۆكی وڵات زیاتر ڕۆڵێكی ته‌شیرفاتی هه‌یه‌، ره‌مزی یه‌كێتی نیشتیمانی و سه‌روه‌ری وڵاته‌، بۆیه‌ش سه‌رۆكی وڵات له‌ به‌رده‌م په‌رله‌ماندا به‌رپرس نییه‌، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتی لا نییه‌ به‌ڵكو سه‌رۆك وه‌زیران به‌رپرسه‌، به‌ڵام گرفتی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌رێم سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی یاساكه‌ی له‌ سه‌رووی هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌وه‌یه‌ و ده‌سه‌ڵاتی فراوان و گه‌وره‌ی لایه‌، به‌هیچ جۆرێكیش په‌رله‌مان ناتوانێت لێیبپرسێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌ بوونی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌رگیز سیسته‌می په‌رله‌مانی نایه‌ته‌ دی.

له‌ سیسته‌می په‌رله‌مانیدا ناگونجێت سه‌رۆك فه‌رمانده‌ی باڵای هێزه‌ چه‌كداره‌كان بێت، ناشكرێت سه‌ركردایه‌تی هێزه‌ چه‌كداره‌كان بكات مه‌گه‌ر بۆ مه‌به‌ستی ته‌شریفاتی بێت، به‌ڵام له‌ كوردستان سه‌رۆكی هه‌رێم به‌پێی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم فه‌رمانده‌ی باڵای هێزه‌ چه‌كداره‌كانی هه‌رێمه‌، هاوكات جگه‌ له‌مه‌ به‌پێی یاسای ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، یاسای ژماره‌ چواری ساڵی 2011 ئه‌نجومه‌نی ئاسایش به‌سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ گرێ ده‌درێت،كه‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌:
1.ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێم.
2.به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌واڵگری سه‌ربازی. 
3.ئاژانسی پاراستن و زانیاری.

هه‌رچه‌نده‌ له‌ رووی واقعییه‌وه‌ له‌ ئێستاشدا په‌رله‌مان ناتوانێت چاودێری لێپرسینه‌وه‌ له‌م ده‌زگایانه‌ بكات، به‌ڵام له‌ ئه‌گه‌ری بوونی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم لێپرسینه‌وه‌ له‌م ده‌زگایانه‌ به‌پێی یاسا ده‌بنه‌ هێڵی سور.

 

له‌ ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، هاوكات جگه‌ له‌ هه‌ژمونی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا، هه‌ندێك جار به‌پێی یاساكه‌ی،  سه‌رۆك ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریش تێده‌په‌ڕێنێت

هه‌رچی سه‌باره‌ت به‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی دیكه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم فه‌رمانده‌ی گشتیه‌، به‌پێی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ناتوانرێت هیچ جۆره‌ لێپرسینه‌وه‌یه‌ك له‌فه‌رمانده‌ی گشتی بكرێت، به‌وپێیه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی لێپرسینه‌وه‌ی په‌رله‌مانییه‌.
ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ په‌رله‌مانی كوردستان هیچ ئامرازێكی لێپرسینه‌وه‌ی نه‌بێت له‌ به‌شێكی گه‌وره‌ی كه‌رتی ئه‌منی له‌هه‌رێم، به‌وه‌ش زۆربه‌ی كات په‌رله‌مان وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی لاواز ده‌بینرێت له‌به‌رامبه‌ر ده‌زگا ئه‌منیه‌كان و له‌و قه‌یران و ته‌نگه‌ژه‌ ئه‌منییانه‌ی له‌ماوه‌كانی رابردوودا روویانداوه‌ په‌رله‌مان كه‌مترین لێپرسینه‌وه‌و به‌داواداچوونی هه‌بووه‌و له‌سه‌ر هیچ كام له‌و رووداوانه‌ی كه‌ چه‌ند جارێك ئاسایشی هه‌رێمیان به‌ كاری تیرۆرستی شێواندووه‌ په‌رله‌مان ته‌نانه‌ت هیچ جۆره‌ به‌داوادچوونێكیشی نه‌كردووه‌و رووداوه‌كان بۆخه‌ڵكی به‌ته‌واوی ناروون‌ و ئاڵۆزن، به‌وپێیه‌ی قسه‌ی كۆتایی ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌منییه‌كان خۆیان ده‌یكه‌ن له‌ رووداوه‌كان.

له‌ ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، هاوكات جگه‌ له‌ هه‌ژمونی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا، هه‌ندێك جار به‌پێی یاساكه‌ی،  سه‌رۆكی هه‌رێم  ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریش تێده‌په‌ڕێنێت به‌وپێیه‌ی، له‌بڕگه‌ی ی (18) مادده‌ (10)ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا هاتووه‌، كه‌ یه‌كێك له‌ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم دامه‌زراندنی دادوه‌ران و سه‌رۆكی داواكاری گشتیه‌، پاش پاڵاوتنیان له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی دادوه‌رییه‌وه‌، لێره‌دا تێبینی ئه‌وه‌ده‌كه‌ین كه‌ بۆ دامه‌زراندنی دادوه‌ر كه‌یه‌كێكه‌ له‌ پایه‌ گرنگه‌كانی سیسته‌می دادوه‌ری هه‌ر وڵاتێك ئیراده‌ی سه‌رۆك یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌، ئه‌مه‌ش هۆكاری سه‌ره‌كیه‌ كه‌ تائێستا له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی كارا له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانی دیكه‌ نابینرێت، ئێستا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دراوه‌، به‌پێی یاسای دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم.

له‌ ئه‌گه‌ری بوونی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، یه‌كێك له‌گرفته‌كانی دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌پێی ماده‌ی دووی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم سه‌رۆك نوێنه‌رایه‌تی گه‌ل ده‌كات له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ش، له‌كاتێكدا په‌رله‌مانی كوردستان هه‌یه‌ و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان به‌ ده‌نگدانێكی گشتی و راسته‌وخۆ هه‌ڵده‌بژێردرێن له‌لایه‌ن گه‌له‌وه‌و نوێنه‌رایه‌تی سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی هه‌رێم ده‌كه‌ن به‌ هه‌موو ره‌نگ و پێكهاته‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌، ئایا ده‌كرێـت دووده‌زگا له‌یه‌ك كاتداو له‌یه‌ك ئاستدا نوێنه‌رایه‌تی گه‌ل بكه‌ن و به‌ناوی گه‌له‌وه‌ بڕیار بده‌ن؟، ئایا كامیان له‌سه‌روی كامیانه‌وه‌یه‌؟

 

به‌پێی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، هیچ هاوڵاتییه‌ك له‌ هیچ دادگایه‌ك بۆی نییه‌ تانه‌ له‌ بڕیاری سه‌رۆكی هه‌رێم بدات، ئه‌مه‌ به‌ته‌واوی پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووری عێراقه‌ 

له‌ ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌رووی دانانی ته‌شریعیه‌وه‌ هه‌ر یاسایه‌ك كه‌ له‌په‌رله‌مان ده‌ربچێـت ده‌بێت به‌ئیراده‌ی سه‌رۆكدا تێپه‌ڕێت و سه‌رۆك ده‌توانێت ره‌فزی بكات، واته‌ ئیراده‌ی سه‌رۆك له‌سه‌رووی ئیراده‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌یه‌و لێره‌دا به‌ ته‌واوی سیمای سیسته‌مێكی تاكڕه‌و ده‌بینین كه‌ له‌ سیسته‌می په‌رله‌مانیدا جێگه‌ی نابێته‌وه‌.

یه‌كێك له‌ گرفته‌كانی دیكه‌ كه‌ وای كردووه‌ كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم له‌سه‌روی ده‌سه‌لاتی دادوه‌ریه‌وه‌ بێت، ئه‌وه‌ش به‌پێی بڕگه‌ی دوو له‌ماده‌ی شازده‌ی یاسای ژماره‌ 14 ساڵی 2008 ی (ئه‌نجومه‌نی شورای هه‌رێمه‌)،كه‌  تێیداهاتووه‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌ له‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم دیاری كراوه‌ (ئه‌عمالی سیاده‌)ن واته‌ هیچ دادگایه‌ك تایبه‌تمه‌ند نیه‌ به‌ بینینی داوا له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم.

به‌شێوه‌یه‌كی روونتر واته‌ هیچ هاوڵاتییه‌ك له‌ هیچ دادگایه‌ك بۆی نییه‌ تانه‌ له‌ بڕیاری سه‌رۆكی هه‌رێم بدات، ئه‌مه‌ به‌ته‌واوی پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقه‌ به‌وپێیه‌ی له‌ ماده‌100 ی ده‌ستووره‌كه‌ هاتووه‌ كه‌ هه‌موو بریارێكی ئیداری شایه‌نی تانه‌ لێدانه‌.

به‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ یاسای ژماره‌ 1ی ساڵی 2005، ئه‌وه‌ روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌سه‌رووی هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێكردن و دادوه‌رییه‌وه‌یه‌ و له‌ ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌زگایه‌ سیسته‌می په‌رله‌مانی نایه‌تی دی، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌رووی واقعییه‌وه‌ پۆسته‌كه‌ پێویستیی خه‌ڵك و سیسته‌می سیاسی نییه‌ و خه‌رجییه‌كی زۆری ده‌وێت و پرۆسه‌ی سیاسیش ئاڵۆزترده‌كات و هۆكارێكی دیكه‌ بۆ دروستكردنی كێشه‌ و نائارامی سیاسی لایه‌نه‌كان سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌.

یاسای ژماره‌ 10ی ساڵی 2018 یاسای هه‌ڵپه‌ساردنی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم رێگری له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كرد، به‌ڵام پێویسته‌ به‌یه‌ك جاری ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ نه‌مێنێت یاخود ئه‌گه‌ر دروستبكرێته‌وه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی ته‌شریفاتییه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ سیسته‌می په‌رله‌مانیدا هاتووه‌.