ڕاپۆرتی کوردستانی

11:12 - 28/02/2019

باوكی گه‌ریلایه‌ك چۆن ته‌رمی كوڕه‌كه‌ی له‌ توركیا ده‌هێنێته‌وه‌؟‌

پەیسەر

چ له‌وه‌ ئه‌سته‌متره‌ باوكێك دوای چوار ساڵ له‌ بوون به‌ گه‌ریلای كوڕه‌كه‌ی، له‌ پڕ زه‌نگی ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی لێیبدات و هه‌واڵی مه‌رگی كوڕه‌كه‌ت پێ بڵێن؟ مرۆڤ بیر له‌و ساتانه‌ ده‌كاته‌وه‌ ده‌بێت باوكی له‌ دڵی خۆیدا چی وتبێت؟ كێ ناڵێت یه‌كسه‌ر بیری بۆ ئه‌وه‌ چووبێت هیچ نه‌بێت بۆ دواجار ته‌رمه‌كه‌ی ببینێت.به‌ڵام چۆن؟ چ له‌وه‌ سه‌ختره‌ بچیت له‌ناو جه‌رگه‌ی دوژمنی نه‌ته‌وه‌كه‌ت ته‌رمی گه‌ریلایه‌ك وه‌رگرییته‌وه‌. عه‌لی حه‌مه‌ ساڵه‌ح باوكی كاروان گابار باس له‌ هه‌واڵی مه‌رگ و هێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی ده‌كات.

هێرشده‌كه‌نه‌ سه‌ر باره‌گایه‌كی سوپای توركیا
موسا عه‌لی حه‌مه‌ ساڵه‌ح ناسراو به‌ كاروان گابار  له‌ 14ـ9ـ2012 له‌ كاتژمێر 3:30ی پاش نیوه‌ڕۆ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی به‌ ناوی سەربازگەی هارونا لە شەمزینانی باکوری کوردستان، لەگەڵ حەوت گه‌ریلای هاوڕێی له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ده‌ستده‌گرن به‌سه‌ر سه‌ربازگه‌كه‌ لە ساتەوەختی دەرچوونیان ڕووبەڕووی هێزێکی بەهاناوە هاتووی سەربازگەکە دەبنەوە بە کۆپتەرو هێزی تایبەت و جاشێکی زۆرەوە ڕووبەڕوویان ده‌بنه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدا هه‌ر حه‌وتیان به‌ره‌و فه‌نابوون ده‌چن. دوای هێرشه‌كه‌ی ئه‌وان، حكومه‌تی توركیا وێنه‌ی كاروان هاوڕێكانی داده‌نێت و ئاشكراشیده‌كات 20 سه‌ربازیان كوژراون.

هه‌واڵی شه‌هیدبوونی كوڕه‌كه‌ی پێ ده‌ده‌ن
کات دەمەو ئێوارە بوو پاش نوێژی مەغریب سفرەی نان خوارد ڕاخرابوو. هه‌موو کۆبووبوونەوە لە دەوری بۆ ئەوەی خواردن بخۆن، منیش لە سەر کۆمپیوتەرەکەم بووم بانگیان کردم خواردن ئامادەیە. گووتم ئیوە نان بخۆن بەدەم قسەکردنەوە تەماشای شاشەی کۆمپیوتەرەکەم دەکرد لە پڕ هاوڕییەکم بڵاوی کردەوە ئەو گەریلایانەی لەچالاکی گیانفیدای دا لە شەمزینان شەهید بوون.  منیش ناو به ناو دەڕۆیشتمە سەریان لە پڕ پێنجەم ناو، کاتێ وێنەکەم بینی و ناوەکەم خوێندەوە وەک ئەوە وابوو کاره‌با لە سەرم بداو تێکچووم بەرچاوم تەڵخ بوو کاتێ سەیرم کرد دایکی و منداڵەکانم دەستیان لە ناو خواردن دایە خۆم گرت و هیچم نەوت، بەڵام دایكی كاروان گووتی ئەوە چی بوو ڕەنگت تەواو گۆڕاوە گووتم هیچ نییە تۆزێک بێ تاقەتم دەڕۆمە دەرەوە کاتێ هاتمە دەرەوە بەدوامدا هات هیچ خۆم پێ نەگیرا فرمێسک لە چاوەکانم هاتە خوارەوه‌. زۆری نه‌برد له‌ چەندین لاوە زه‌نگم بۆ لێده‌درا، تەنها وەڵاممدەدانەوە، دەزانم دایکی ئارامی لێ بڕاو دەستی کرد بە گریان گووتی چی بووە بۆ پێم ناڵێیت ئیتر ورده‌ ورده‌ توانای شاردنەوەیم نەما گووتم دەڵێن بریندارە لە گریان وهاواری دایکیدا دراوسێ و خزموكه‌سوكارم هاتن بە دەمانەوە.پاشان کەوتینە هه واڵ پرسین لەوەی ته‌رمه‌كه‌ی  لە کوێییە پێییان ڕاگەیاندم ته‌رم  بە هیچ کەس نادرێت پێویستە بڕۆیت خاوەنداری لێ بکەیت و داوای ته‌رمه‌کەی بکەیتەوە پێ دە چێت چەندین مانگی پێ بچێت پاشان ئەگەر جەنازەکەت بدەنەوە بە تایبەتیش لەم چالاکیەدا چەندین سەربازی تورکیا کوژاوە پێ دە چێت هه ڵوێستی تورکیا توند تربیت هه‌ندێک پێشنیازی ئەوەی دەکرد لە پاش پرسه‌كه‌ی بە دواداچوون بۆ وەرگرتنەوەوهێنانەوەی تەرمەکەی بکەم بەڵام ئەم بۆ چوونەم لاپەسەند نەبوو سووربووم لە سەر ئەوەی پێویستە تەرمەکەی لە هەرکوێ بێت بە دویدا بڕۆم بۆ ئەوەی وەری بگرمەوە بیگەڕێنمه‌وه‌ و دواتر پرسه‌ی بۆ دابنێم. 

سۆراخی ته‌رم
له پاش ئەوەی لەگەڵ ڕێکخراوی (میاده‌ر)  پەیوەندیمان ڕێکخست توانیم لە پاش وەرگرتنی ڤیزا لە گەڵ دوو کەسی تر پێکەوە سەفربکەین بەرەو تورکیا لە نێوان خۆمان ڕێكکەوتین کە بەهۆی لایەنی ئەمنییەوە ڕێكکەوتین لە سەر ئەوەی کاتێ چووینه‌ تورکیا دەبین لێمان بپرسن بۆکوێ دەڕۆن ده‌ڵێن بۆ گەشت و گوزار،  هاتووین. درەنگانێکی شەو گەیشتینە ناو شاری ئامەدی باکوری کوردستان لە ئامەد ئەندامانی ڕێکخراوی میادەر جێگایەکیان دیاری کردبوو یەکتری بینین ئەوەبوو جیێگایەکیان دیاری کردو پاش دابەزین یە کترمان بینی له‌ ماڵی یه‌كێك له‌ به‌ڕێوبه‌رانی هه‌ده‌په‌ میوانداریان كردین. ده‌مه‌و به‌یان له‌ شاری ئامه‌ده‌وه‌ به‌ڕێكه‌وتن به‌ره‌و ماڵاتیا ئه‌و شاره‌ی كه‌ ده‌گوترا ته‌رمی كوڕه‌كه‌م له‌وێیه‌.ڕێگایەکی زۆر دوورو درێژ بوو. هه‌ر نه‌ده‌بڕایه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی له‌و ئۆتۆمبیله‌دا بووین هه‌موویان كه‌سوكاری شه‌هیدبوون و هاتبوون بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌رمی ڕۆڵه‌كانیان. دوای تێپه‌ڕبوونی ماوه‌یه‌كی زۆر ئۆتۆمبیله‌كه‌مان كێشه‌ی تێكه‌وت. شوێنێك بوو دوور له‌ شار، په‌یوه‌ندیان به‌ فیته‌رێكه‌وه‌ بێت، ئه‌و كاته‌ی وه‌ستابووین، له‌گه‌ڵ پیاوێك به‌ناوی مام عه‌بدوڵا كه‌وتمه‌ گفتوگۆوه‌،  پرسیارم لێ کرد بەڕێزتان چۆن هاوسەفەرمانن گووتی من دوو کوڕم شه هید بووە لە ساڵانی پێش ئێستا کە نەماندەتوانی خاوەنداری لە جەنازەکەیان بکەین تائیستا نازانم گۆڕه‌كانیشان  لە کوێییە.

یەكێك لە ئەندامانی ڕێکخراوی میادەر لە گەڵ ئێمە هاتبوو گووتی وادەزانم ئیستا لە گەڵ تۆ دێم تەرمی کوڕەکەی خۆم وەردە گرمەوە ئەم قسەی مام عه‌بدوڵا هێزی زۆری پێ بەخشیم کە ئەگەر لە ڕێگای وەرگرتنەوەی تەرمی شە هید کارواندا کۆڵ نەدەم هەرچیم بە سەر دێت ئامادەم پاش چاکردنەوەی ئۆتۆمبیل دوبارە کەوتینە ڕێ بەرەو شاری ماڵاتیا لە پاش چەندین کاتژمێر ئاسۆی شاری ماڵاتیا دەرکەوت.

یەکەم جێگایەک ڕوومان تێ کرد (دۆزگەری) شار بوو واتە دادگا لە ڕێگای نوێنەری ڕێکخراوەکەوە ڕۆیشتمە ژوورەوە لە بەردەرگای ژورێک گووتیان بوەستە وەستابووم پیاوێکم بینی چاوەکانی به هۆی گریانەوە سوور بوویەوە کاتێك زانی من باوکی یەکێک لە شەهیدەکانم توند باوەشی پیدا کردم وئەم لاو لای ماچ کردم و پێی گووتم كاتێك ده‌چیته‌ ژووره‌وه‌ خۆڕاگربه‌ لە بەرچاوی دوژمنان نەگریت. دوای بۆم دەرکەوت ناوی کاک عارفە و خەڵکی شاری وانە پێش من ڕۆیشۆەتە ژورەوە کچێکی برازای شەهید بووە تەرمەکەیان لە ڕێگای شاشەیەکەوە پیشان داوە.

ناوم ده‌خوێننه‌وه‌
دوای كاك عارف ناوی منیش خوێنرایه‌وه‌، له‌ هه‌مان ژوور کەپێشتر پاسەپۆرتەکەیان لێ وەرگرتبووم کاتێ ڕۆیشتمە ژورەوە چوارکەس لە ژورەکە بوون سیانیان یەکی بلوزیکی نیو قۆڵیان لە بەردابوو سه‌كسوكه‌یان هێشتبووه‌وه‌.  لە گەڵ قژیێکی درێژ و هیلەکێکی ڕەشیان لە بەربوو یە ک شێوە زانیاری تەواویان لێ پرسیم زانیم ئەمانە ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا "میت"ن جارجار قاوەیان دە خواردەوە و قاقای پیکەنینیان لێ دەدا منیش ڕووم کرژدەکرد ئەوەی سێهه‌م سەدریەیەکی لە بەربوو وەک په‌رستیار بوو( معاون طبی بوو) بەڵام ئسلوبی گاڵتە پێکردنی لە میتەکان پیستر بوو پاش لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی گووتەکانم ئەوە بوو لە شاشەیەکەوە دانە دانە تەرمەکانیان پیشان دەدام سێ لە تەرمە کان سەریان پێوه‌نەمابوو.
كاروانم بە ڕەنگی جەستەی دا ناسیەوە چونکە ڕوومەتی نەمابوو پرسیان ڕووی دیار نییە چۆن دەزانیت کوڕی تۆیە گووتم بە لاشەی دا دەیناسمەوە پاشان تەرمەکەیان دیاری کرد لە سەر شاشە و گووتیان بڕۆ دەرەوە چاوەڕوان بە ئەوە بوو نزیکەی چارەکێ لە چاوەڕوانی هاتنە دەرەوە فایلەکەی منیان لە گەڵ خۆیان هێناو گووتیان وەرە لە گەڵمان پاڵیکی توندیان پێوە نام، لە گەڵیان سەرکەوتم بۆ نهۆمی دووەمی باڵەخانەی دادگا لە بەردەرگایەک گووتیان چاوەڕێ بکە، وه‌رگێڕێك لە نێوانماندا هه‌بوو، ناوی مه‌مه‌د بوو.مه‌مه‌د كورد بوو به‌ڵام هیچ جیاوازی له‌وانی دیكه‌ نه‌بوو.

چی ڕوویدا؟
لە پاش چاوەڕوانی له بەردەرگا کە دەرگای دادوەری دادگاکە بوو بانگیان کردمە ژوورەوە لە پاش دووبارەکردنەوەی هه‌مان پرسیار کە لە فایلەکەدا نوسرابوو منیش وەڵامم وەک خۆی دەدایەوە حاکمەکە لە کۆتادا گووتی چی داواکاریەکت هه‌یە گووتم تەرمی کوڕەکەم زوو بدەنەوە.

میتەکەی تەنیشتی توڕە بوو گووتی وشەی زوو بەکارنەهێنی منیش گووتم ئەوە تەنها داواکاری منە خۆی زۆر توڕە کرد ئەوە بوو دادوەرەکە گووتی دانەوەی تەرمەکە پێی دەچێت بڕۆ بەڵین نامەیەک پڕ بکەرەوە کە کوڕی تۆ لە ناو ئەو تەرمانەیە پاشان خوێنت لێ وەردەگرین ژمارەی مۆبایلەکەت دابنێ خۆمان لە پاش ئەنجامی پشکنینەکە  بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ ئاگادارت دەکه‌ینەوە.

به‌ڵێن نامه‌كه‌
بەڵین نامەکەم پڕکردەوە کاتێ دەرچووم لە ژوورەکە کابرای میت لە نێوان دەرچوونی دەرگاکە دا بەتوندی چۆکی کێشا بە ڕانی ڕاستم داو چاوی کرژ کردەوە وەک ترساندن هیچ گوێم پێ نەدا و بێ دەنگ بووم دەمزانی بەدوای دروست کردنی کێشەیە بۆم،  ئەوەبوو لە گەڵ ئەو په‌رستیاره‌ی لە دادگا کاری دەکرد بەڕێكه‌وتین  بۆ بنکەیەکی تاقیگەی وەرگرتنی خوێن وسرنجیکی گەورە خوێنیان لێ گرتم و گووتیان ئیتر تۆ بڕۆ چاوەڕوان بە تا ئەنجامی پشکنینەکە دەردەچێت چەند هەفتەیەکی پێویستە. لە بەر ئەوەی ماوەی کاتی چاوەڕوانییەکە نادیار بوو گەڕامەوە بۆ هه رێمی كوردستان.

لەوکاتەی خوێنیان لێ وەرگرتم لەتاقیگەکە پیاوێک تەمەنی لەمن گەورەتربوو لاشەی لاوازبوو بینیم خوێنی لێ وەردەگرن لەپاش وەرگرتنی خوێنەکە بورایەوە و کەوت ، کە ئەویش هاوشێوەی من کوڕەکەی شە هیدبوو باوەشم پێداکردوو لەسەر کورسیەک دامناو ئاوم پرژاند بەدەمووچاوی دا وردە وردە هاتەوە هۆشی خۆی پرسیم لێی چی بوو گووتم زۆر ماندووم دڵم ژان دەکات لەپڕ بەرچاوم تاریک بوو دوای بوم دەرکەوت کوڕەکەی هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌ناوخاكی توركیا و له‌ ئۆپراسیۆنێكدا شه‌هید بووه‌. ئەوەی بەلامەوە سەیر بوو ئەو زەکی ناوە بوو کە لە قسەکردنی خۆی لە گەڵ تورکەکان بەردەوام بوو بەحساب نۆێنەری هه‌دەپەبوو لەگەڵمان هاتبوو لە ناو دادگا وەک وه‌رگێڕ وهاوکاربێت لەگەڵمان ناردبوویان کارئاسانیمان بۆ بکات. 

ئه‌نجامی پشكنینه‌كه‌
لە پاش دووهەفتە پەیوەندیم پێوە کرا کەوا ئەنجامی پشکنینەکە دەرچووە ئەنجامەکەی تەواوه‌،  کە ئەو تەرمەی دیارم کرد کە کوڕکەی منە پشکنینە کە ڕاست دەرچووە ئەوە بوو جاریکی تر گەڕامەوە بۆ تورکیاو بە هه‌مان شێوەی جاری پێشوو، بەڵام ئەم جارەیان لە شاری ئامەد دوو ڕۆژ مامەوە بە هۆی دوو ڕۆژ پشووی فرمانگەکانەوە ئەم جارەیان لە ماڵی مام حه‌سه‌ن مامەوە کە باوکی گەریلایه‌كی شەهید بوو کوڕێکیشی حوکم درابوو بە چەند ساڵیک زیندانی کردن تەنها لە بەرئەوەی بەردی دابوو لە ئۆتۆمبیلی پۆلیس لە کاتی خۆپشاندان و ناڕەزایتیەکاندا خانەوادەی مام حه‌سه‌ن زۆر هاو خەمم بوون وێنەیەکی گەورەی کچە شەهیدەکەیان جل و چه‌كی گه‌ریلایه‌وه‌ لە ژوری میوان هه ڵواسی بوو.

تا بەیانی ئەو شەوە نازانم خەو چی بوو؟ ئاگام لێ بوو دەنگی بانگدان لەمزگەوتەکانی شاری ئامەد بەرزبوویەوە هه ستام نوێژم کردو خۆم ئامادە کرد. ئه‌مبوڵانسێك هات به‌ شوێندا و دیسان به‌ره‌و ماڵاتیا له‌گه‌ڵ شۆفێرێكی زازاكی به‌رێكه‌وتین. زۆر به‌ سه‌ختی له‌ زمانی یه‌كتر تێده‌گه‌یشتن  به‌ڵام به‌ هه‌رجۆرێك بێت لێم پرسی ئەویش چیرۆکی پڕ تراژیدیای خانەوادەکەی خۆی بۆ گێڕامەوە بەدەست ستەمکاری ڕژیمی تورکیاوە کە برایه‌کی گەریلا بووە و شه هید بووە نازانن تەرمی لە کوێییە و پاشان خانەوادەکەیان زیندانی کردوە وە بە دەم ڕێگاوە ئەم باسانەی بۆ دەکردم کاتێ گەیشتینە نیوەی ڕێگا گووتی پەلەم کردوە مۆڵەتی شۆفێریەکەم لە بیر چووە ئەگەر پۆلیس منیان گرت تۆ دەتوانیت ئامبوڵانسە کە ببەیتە ماڵاتیا ڕێگاکە شارەزایت گووتم بەڵی تابەردەم دادگا دەتوانم بیبەم پێکەنی گووتی متمانەم پێتە ئینشه‌ڵا هیچ نابێت ئەنجام گەیشتینە شاری ماڵاتیاو جارێکی دیكه‌ ڕوومان لە دادگای شاری ماڵاتیا کرده‌ووە.

مه‌یتخانه‌
 بۆ وەرگرتنی نوسراوی فەرمی بۆ ئەو تەرم خانەی تەرمی پیرۆزی شە هید کاروان و هه ڤاڵانی لێ بوو ئەوەبوو لە پاش چاوەڕوانی نزیکەی دوو کاتژمێر پاشان دوو لە و میتانەی پێشوو گووتیان بە دوای ئێمه‌دا ئه‌مبوڵانسه‌كه‌ بهێنین  ئێمه‌ش به‌ شوێنی كه‌وتنین له‌و جێگایه‌ی كه‌ ته‌رمه‌كانی لێبوو به‌ڵێنیان لێوه‌رگرتم كه‌ له‌ شاری ئامه‌د ته‌رمه‌كه‌ نه‌شۆرمه‌وه‌. به‌ره‌و شاری ئامه‌د به‌ڕێكه‌وتنین گه‌یشتینه‌ ده‌روازه‌ی ئامه‌د چه‌ندین ئه‌ندام و به‌ڕێوبه‌رانی هه‌ده‌په‌ پێشوازیان لێكردین. یەکسەر چەند ئۆتۆمبیلێکی پۆلیس هاتن و بە ئێمەیان گووت هیچ ئیشارەتی ئەمبوڵانسەكه‌ مەکەنەوە بەدوای ئێمه‌دا وه‌رن. ئەوەبوو بە ڕێگایەکدا ئێمەیان برد شە قامێکی دەرەوەی شاری ئامەد،  بەڵام بە ڕێوبه‌رانی شاره‌وانی ئامه‌د وئه‌ندام ولایەنگرانی هه‌ دەپە بە چەندین ئۆتۆمبیلەوە کەوتنە پاش و پێشی ئەمبوڵانسه‌كه‌ و  ڕێگەیان نەدەدا پۆلیس نزیکی ئه‌مبوڵانسه‌كه‌بێتەوە ئەوە بوو شار بەشار هه تا سلوپی ئەندامان و بەڕێوەبەرانی هه دەپە لە پێشوازیدا بوون لە شاری سلوپی دنیا بەرەو تاریکی تەواو دەڕۆیشت لاماندا.

له‌وێ  چەندین سەیارەی پۆلیس دەوروبەریان گرتین دابەزیم لە گەڵ ئەفسەرێكی پۆلیس پێمگووت چی بووه‌؟ ئێمه‌ ته‌رمێكمان پێیه‌ و كه‌ هاوپێچ له‌گه‌ڵیدا نووسراوی فه‌رمی دادگای ماڵاتیا له‌گه‌ڵیدایه‌. سەرۆکی شارەوانی سلوپی لە گەڵ ئەفسەرەکە بە توندی قسەی کرد بە تورکی،  دوای بۆم دەرکەوت پۆلیسەکان لە خۆپیشان دان دەترسن.

بۆیە قسەم لە گەڵ سەرۆکی شارەوانی کرد گووتم وردە وردە وا گەنج کۆدەبیتەوە و پۆلیسە کانیش لولەی تفەنگەکانیان لە ئۆتۆمبیلەکانیان دەرهێنا بوو، به‌ سه‌رۆكی شاره‌وانیم گوت زۆرمان نه‌ماوه‌ بۆ كۆتا بازگه‌ سنوور باشتره‌ كێشه‌ ڕوو نه‌دات وكێشه‌ ڕوو نادات ده‌یبه‌م له‌ شاری دهۆك ده‌یشۆرم، سەرۆکی شارەوانی گووتی بڕیار لای تۆیە بڵێ لێرە بیشۆرە دنیا هه ڵسێ لێرە دەیشۆرین منیش بڕیارمدا لە دهۆک بیشۆرین ئەفسەری پۆلیسەکان زۆری پێ خۆش بوو یەکسەر نوسراوی دادگای لێ وەرگرتم و پێشمان کەوت بۆ بەرەو کۆتا زاڵگەی نیوا تورکیاو هه ریمی کوردستان.

په‌ڕینه‌وه‌ بۆ كوردستان 
ئه‌فسه‌ره‌كه‌  به‌  پەلە ئیمزایی لە سەر پەڕینەوەکەمان کرد،  بەڵام لە کۆتا خاڵی ده‌رچوونمان بازگەییەکی هه واڵگیری تورکیای لێ بوو گووتی ئەم تەرمه‌چییە شۆفیری ئەمبوڵانسه‌كه‌ گووتی ته‌مری شه‌هیده‌، ئه‌فسه‌ره‌كه‌ چاوی په‌ڕییه‌ ته‌قه‌وقه‌سه‌ری و گوتی "بڵێ تیرۆرسته‌" پاشان چه‌ند قسه‌یه‌كی هه‌ڵه‌ی كرد. ئۆقره‌م له‌به‌ر هه‌ڵگیرا و خۆمم نه‌گرت گووتم ڕێز  لە خۆت بگرە ئەگەر پیاویت ئەو کاتە لەشاخ بوو ڕوو بەڕووی بوەستایەیت.

کاتێ قسەم کرد ئەوەندەی تر توڕەبوو گووتی ناهێڵم بیبەن بڕۆن لە وێ ڕایگرن لەم قسانەدا بووین و ئە فسەری پۆلێسەکان دەرکەوت گووت خێرە بۆ ناڕۆن گووتمان لێرە ڕێگا نادەن تەلەفۆنەکەم بە دەستەوە بوو گووتی چی دەکەیت گووتم ئێستا سەرۆکی شارەوانی ئاگاداردەکەمەوە ڕێگری لە دەرباز بوونمان دەکەن.

 ئەوەبوو بە لە گەڵ ئە فسەری میتەکان قسەی کردو پاشان ڕێگایاندا دوای شۆفیرەکە گووتی له ترسی خۆپیشاندان کۆبووونەوەی گەل ڕێگەیان پێداین زوو به‌په‌رێینه‌وه‌.

زاخۆ
هه رکە لەپردی برایم خه‌لیل  پەڕینەوە گەشتینە یەکەم بازگە ئەمبوڵانسەکەمان ڕاگرت بۆئەوەی کاری فەرمی تەواوبکەین بۆ دەربازبوون لە بازگەی یەکەم لەوکاتەی دابەزیم ئەفسەرێک لێی پرسیم ئەممبوڵانسە تەرمی کێی تێدایه‌؟ گووتم كوڕه‌،  لێی پرسیم لەکوێ و بەچی مردووە گووتم گەریلا بووە لە ناوخاکی باکوری کوردستان شەهید بووە. هاوخەمی خۆی بۆدەربڕیم و نووسراوی  ڕێگەپێدانەکەی لێ وەرگرتم و گووتی وەرە لەگەڵم پێکەوە ڕۆیشتینە ژورەوە وەڕقەکەی دایە دەستی کارمه‌نده‌كان و گووتی تۆزێك زوو به‌رێی بخه‌ن.

پاشان لێی پرسیم برسیت نییە و ئاو و چای بۆهێنام و گووتی ماندوو دیاری بابڕۆین تۆزێك دانیشین تاوه‌كو نووسراوه‌كان ته‌واو ده‌كه‌ن. لێی پرسیم چه‌ند ڕۆژه‌ شه‌هید بووه‌؟ گووتم 25ڕۆژە چاوەکانی فرمێسكی تێدا قه‌تیس بوو. گووتی به‌ داخه‌وه‌ پاشان پرسی هیچت پێویست نییه‌؟ ده‌مه‌وێت خزمه‌تت بكه‌م، ئه‌گه‌ر ئه‌مبوڵانسه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ با ئه‌مبوڵانسێك په‌یدا بكه‌م. گوتم سوپاس تاوه‌كو سه‌ر گۆڕستان له‌گه‌ڵم دێت.

پاش تەواوبوونی ڕێگه‌پێدانه‌كه‌ بەڕێیکەوتین تا گەیشتینە شاری زاخۆ لە پاش پێشوازی کردن لە لایەن جە ماوەرێكی زۆرەوە بە مەراسیم ته‌رمه‌كه‌مان هێنایه‌ شاری دهۆك له‌وێ شۆردمان.. كاروانم به‌و جۆره‌ گه‌یانده‌ ئامێزی دوو دایكی دایكی خۆی و شارۆچكه‌ی باوه‌نوری نیشتیمان. كاتێك گه‌یشتینه‌ باوه‌نوور  دایکی هه رچی هاواری کرد باسەیرێکی بکەم کۆتا ماچی ماڵ ئاوای لێ بکەم نەتوانرا سەری تابووتەکەی لابدەین لەپاش چوار ساڵ ژیانی گەریلایەتی و نەبینینی لە پاش شە هیدبوونیشی نەمانتوانی ڕووخساری ببینینن..