04:28 - 28/02/2019
شاعیر و روناكبیرانی كورد.. چیرۆكی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی ژیانیان
شاعیری دیاری كورد، شێركۆ بێكه‌س له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا (نووسین به‌ئاوی خۆڵه‌مێش) سه‌باره‌ت به ژیانی چه‌ند ئه‌دیب و ڕووناكبیرێكی كورد ده‌نوسێت ئه‌م خه‌یاڵه ورده ورده بردمیان بۆئه‌وه‌ی به‌دوای شته بچوكه‌كانی كۆمه‌ڵێک له ئه‌دیب و ڕوناكبیرانی كورددا بگه‌ڕێم و باسیانبكه‌م، مه‌به‌ستم له‌و خوو دیارده و جۆری جلوبه‌رگ پۆشین و ره‌وشتانه‌یه كه مێژوونوسان ناچن به لایاندا و ته‌نانه‌ت ناكه‌ونه په‌راوێزی باسه‌كانیشیانه‌وه.
شاعیرانی كورد و شێوه‌ی ژیانیان.
شێخ ڕه‌زا كابرایه‌كی گه‌نم ڕه‌نگ، ڕیش سپی ، باڵابه‌رز و چوارشانه و كه‌ڵه‌گه‌ت بووه. كه به‌ساڵیشدا چوو بوو ددانه‌كانی نه‌كه‌وتبوون. شێخ ڕه‌زا گوێى به‌هیچ نه‌داوه، ژیانێكی بێ‌باك و ڕه‌ندانه‌ی ڕابواردووه. خۆی ئارایشت نه‌ده‌دا، نارێك بوو، ته‌نانه‌ت مه‌ندیلیشی به ڕێكوپێكی نه‌ده‌به‌ست، گه‌لێك جاران جبه‌كه‌ی به‌سه‌ر شانی‌دا ده‌دا. شاره‌زاییه‌كی زۆری له یاری شه‌تره‌نج دا هه‌بووه.
وه‌ك ئه‌گێڕنه‌وه، ئه‌حمه‌د به‌گی ساحێبقڕان(حه‌مدی) شاعیر له‌سه‌ر و ده‌مێكدا سه‌ری بچوایه نوێژی نه‌ئه‌چوو، به‌ڵام له دوا ساڵه‌كانی ژیانیاو تا مردنی به‌رده‌وام خواردویه‌تییه‌وه‌و ئیتر نه‌چووه‌ته‌وه به‌لای مزگه‌وت و نوێژ‌و ڕۆژوودا!! سـالم له ئاخری ژیانیا زۆر خه‌مبار بووه. مـه‌وله‌وی زاتێكی قسه‌خۆش و نوكته‌بازیش بووه. بێسـارانی كه‌واو سه‌ڵته‌ی له‌به‌ر كردووه سه‌بیلی كێشاوه. ئه‌سیری شاعیر ژنی نه‌هێناوه هه‌تا مردیش هه‌ر به ره‌به‌نی ژیاوه.
بێخودی شاعیر، گاڵته‌ی به‌شیعری تازه‌ی گۆران كردووه‌و وتوویه‌تی ئه‌مه له هه‌للوربلور ته‌كامه ئه‌چێ!. پیره‌مێردی شاعیریش په‌لاری له ئه‌ده‌بی شێخ ڕه‌زا گرتووه و گوتوویه‌تی"شایسته‌ی ئه‌ده‌بخانه‌یه" (به هه‌ردوو واتا).
خواردنی دڵخوازی پیره‌مێرد چی بووه؟
نان و كه‌باب خواردنی دڵخوازی پیره‌مێرد بووه. پیره‌مێردی شاعیر گوێینه‌داوه‌ته پاك‌و خاوێنی جلوبه‌رگ و بابۆڵه‌ی نان و كه‌بابی خستۆته گیرفانی و چاكه‌ته‌كه‌یه‌وه‌و ئه‌و گیرفانه‌یشی په‌ڵه‌ی چه‌ورایی به‌رده‌وام پێوه دیاربووه.
شاكر فه‌تاح، هه‌میشه پاك و خاوێن و شیك بووه‌و زۆرجاریش گوڵێكی له یه‌خه‌ی چاكه‌ته‌كه‌ی داوه. گۆران-ی شاعیر له‌كۆیه حه‌ز له كچێك ئه‌كا و له‌سه‌ر ئه‌م حه‌زه كه‌سوكاری كچه‌كه ڕۆژێك ئه‌یگرن و لێی ئه‌ده‌ن.
ره‌فیق حیلمی، كه‌سێكی زۆر دڵناسك و له ڕاده‌به‌ده‌ر عاتیفی بووه. له ده‌ربڕینی قسه‌كانیدا راشكاو بووه. زۆر عیناد بوو. به‌ده‌گمه‌ن بۆچونه‌كانی ده‌گۆڕی. مسته‌فا پاشای یامولكی، به‌شی زۆری وتاره‌كانی ره‌خنه‌ی زۆر توند و زبرن. ئه‌و توندییه‌ش كه ره‌نگدانه‌وه‌ی كه‌سایه‌تیه سه‌ربازییه‌كه‌ی بووه. له كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌ی خۆبه‌خۆ و تایبه‌تیدا و له‌ناو هاوڕێكانیدا كه‌س ئه‌وه‌نده‌ی"عه‌لادین سوجادی" نوكته‌ی سێكسی نه‌گێڕاوه‌ته‌وه. سوجادی هه‌میشه به دووی چونه ئاهه‌نگی مۆسیقای چاڵغی به‌غدادی (تیپی مۆسیقا بوون و مه‌قام و به‌سته‌ی فۆلكلۆرییان ده‌وت) و كڕینی ته‌سبیحی گران و كۆتر و ئه‌و شتانه‌وه بوو، دوكانه‌كه‌ی بۆ شاگرده‌كانی لێگه‌ڕابوو.
فایه‌ق بێكه‌س
شێركۆ بێكه‌س كوڕی شاعیری ناوداری كورد فایه‌ق بێكه‌س، له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا سه‌باره‌ت به كه‌سایه‌تی باوكی ده‌نوسێ:
ماوه‌یه‌ك نێوانی فایه‌ق بێكه‌س و پیره‌مێرد خراپ بووه‌و بێكه‌س به شیعرێك هه‌جوی كردووه." گیو موكریانی" له هه‌ولێره‌وه به‌خۆی و كامێراكه‌یه‌وه به تایبه‌تی دێت بۆ سله‌یمانی تا به به‌رگی كوردی یه‌وه وێنه‌ی شاعیره‌كانی ئه‌وكاته‌ی سله‌یمانی بگرێت. جله كوردییه‌كانیش جلی" گیو موكریانی"خۆی ئه‌بێت و له‌به‌رئه‌وه‌ی بێكه‌سیش قه‌ڵه‌وو زۆر به‌خۆتر بووه له گیو موكریانی ، وه‌ختێ ئه‌یكاته به‌ری شیڕه‌یه‌ك له ستارخانی دێت و هه‌ڵئه‌ته‌قێ!.
ئه‌و دوو وێنه‌یه‌ی پیره‌مێرد و بێكه‌س به جلی كوردییه‌وه گرتوویانه و تائێسته‌یش بڵاوئه‌كرێته‌وه، یادگاری ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی گیو موكریانییه بۆ سله‌یمانی. فایه‌ق بێكه‌س ، زۆر ده‌مشڕ و قسه له‌ڕوو بووه. شتێكی به‌ڕاست نه‌زانیایه لێی بێ ده‌نگ نه‌ده‌بوو.
فایه‌ق بێكه‌س، له‌سه‌ره‌تادا چۆته قوتابخانه‌ی علومی دینی له‌به‌غداد، جبه و مێزه‌ریشی به‌ستووه، به‌ڵام وه‌كو خۆی ده‌یوت ، نه لێم ده‌هات و نه بۆشی ده‌ست ده‌دام، له‌به‌ر ئه‌وه زۆرجار جبه‌و مێزه‌ره‌كه‌ی لوول داوه‌و خۆی كردووه به مه‌یخانه و جێگه‌ی ڕابواردندا له به‌غداد.
شێركۆ هه‌ر له‌و كتێبه‌یدا باسی فایه‌ق بێكه‌س و هاوسه‌ره‌كه‌ی كردووه و نوسیویه‌تی: دایكم ئه‌یگێڕێته‌وه و ئه‌ڵێت(هه‌موو جارێ بێكه‌س پێی ئه‌وتم بۆ نایه‌ی بۆ خۆمان به جووته بچین بۆ نادی، تۆ ناخۆیته‌وه ، مه‌خۆره‌وه ، ئه‌توانی شه‌ربه‌تی مێووژ بخۆیته‌وه ، یان ماستاو ، یان گۆشتی بر‌ژاو بخۆی، ئیتر بۆ خۆت له‌ماڵه‌وه قه‌تیس ئه‌كه‌ی!).
بێكه‌س زۆر ڕقیشی له گۆرانیی هیندی بوو. بێكه‌س خواردنه‌وه‌كه‌ی له تامی ده‌ركردبوو ، هه‌ندێ جار به ڕۆژی نیوه‌ڕۆش ده‌یخوارده‌وه‌و گوێی نه‌ده‌دایه سه‌رماو گه‌رما! نه‌خۆشیه‌كی هه‌بوو كه كۆكه‌یه‌كی پیس ده‌یگرت و شین و مۆر ده‌بوه‌وه ، شه‌وێك له هه‌ڵه‌بجه ده‌بێ ئه‌و كۆكه‌یه ده‌یگرێ و ده‌خنكێ و كۆچی دوایی ده‌كات. ته‌نیا شه‌وێك ، كه " فایه‌ق بێكه‌س" تیایدا نه‌یخوارده‌وه ئه‌وه شه‌وه بوو كه بۆ به‌یانی كۆچی دواییكرد. ڕۆژی هێنانه‌وه‌ی جه‌نازه‌كه‌ی بۆ سله‌یمانی ڕۆژێكی زۆر تووش بووه ، دار‌و به‌رد به‌ستبووی، ڕه‌شه‌باو به‌فر بوو، جه‌نازه‌كه‌ی به‌ستبوی، له‌مزگه‌وتیش ڕێگه‌یان نه‌دا كه بیشۆن، چونكه ده‌یانوت عه‌ره‌قخۆره!.
چیرۆكنوس موحه‌ڕه‌م محه‌مه‌د ئه‌مین گوێی گران بوو ، له‌دواییشدا سه‌ماعه‌ی پزیشكی به‌كارئه‌هێنا. محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی ، مێژوونوس له‌ڕۆژه‌كانی دوایی ژیانیایا زۆر نه‌خۆش ئه‌بێ و دكتۆر به‌ته‌واوی هه‌موو خواردنێكی چه‌وری لێقه‌ده‌غه ئه‌كات ، به‌ڵام ئه‌و به‌پێچه‌وانه‌وه حه‌ز له كه‌باب ئه‌كات و ئه‌نێرێ بۆیدێ و ئه‌یخوارت و دوای ئه‌وه به ماوه‌یه‌كی كه‌م كۆچی دوایی ئه‌كات. هونه‌رمه‌ند "ڕه‌فیق چالاك" وه‌ختێ ئه‌ینووسی هیچ ره‌شنوسێكی نه‌بوو ، قه‌ڵه‌می له‌سه‌ر كاغه‌ر هه‌ڵنه‌ئه‌گرت تا نووسین و وتاره‌كه‌ی ته‌واو نه‌كردایه.
وه‌فایی و شێخ نوری شێخ ساڵح و حه‌مه ساڵح دیلان جگه له‌وه‌ی شاعیر بوون هونه‌رمه‌ند و ده‌نگخۆشیش بوون. مه‌لا جه‌میل ڕۆژبه‌یانی زانا و مێژوونوس ، كه‌سێكی ڕاشكاو و قسه له‌ڕوو بوو ، په‌لاروه‌شێن و ڕه‌خنه‌گرێكی توند بوو. قسه له‌ڕووییه‌كه‌ی تا ڕاده‌ی ڕووشكێنی ده‌چوو. هه‌ر ئه‌وه‌ش زۆرجار بۆی ده‌بوو به بابه‌تی سه‌رئێشه و دڵشكان. كه‌سێكیش بوو حه‌زی له گاڵته و قسه‌ی خۆش و بابه‌تی شیعر و ئه‌ده‌بیاتی ته‌نز ئامێز و نوكته بوو ، هه‌میشه شیعری شێخ ڕه‌زای له سه‌ر زمان بوو.
عه‌بدولڕه‌حمانی زه‌بیحی نوسه‌ر و ڕووناكبیر، ئه‌و وه‌خته‌ی سه‌فه‌ری كردبێت و له شاره‌كان دووركه‌وتبێته‌وه به‌كارتۆن جگه‌ره‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا بردووه. زه‌بیحی له 24 سه‌عاتدا پێنج پاكه‌ت جگه‌ره‌ی ده‌كێشا!
زه‌بیحی هه‌تا بڵێی نتم بو رووداوه‌كانی ژیانی سیاسی و ئه‌ده‌بی خۆی باس نه‌ئه‌كرد. ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی ماوه‌ی زۆریشی به‌سه‌ردا تێ په‌ڕی بوو. زه‌بیحی ، به پێچه‌وانه‌ی هه‌ژار و هێمنه‌وه كه بیره‌وه‌ریه‌كانی خۆیان به درێژی تۆمار كردووه، زۆر به ده‌گمه‌ن باسی خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی ئه‌كرد و هه‌رگیز دانی به ساڵی له‌دایكبوونی دا نه‌ئه‌نا. كاتێ كه ون بوو ته‌مه‌نی له 60 ساڵ تێپه‌ڕی بوو. هه‌تا مردیش هه‌ر ره‌به‌ن بو.
هێمن خه‌ویشی شاعیرانه بوو!
هێمن موكریانی شاعیر، لیترێك باده‌ی ئه‌خوارده‌وه، جگه‌ره‌یشی به جگه‌ره دائه‌گیرسان. هێمن ماوه‌یه‌ك ده‌یویست له ماركسیزم بگات، به‌ڵام زۆر زوو گه‌یشته ئه‌و نه‌تیجه‌یه كه تێی ناگات! ئیتر هه‌تا باسی ماركسیزم لای هێمن بكرایه، له قای قای پێكه‌نینی ده‌دا و ده‌یگوت "خۆشیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه‌س نازانێ چیه!" هێمن نامه‌یه‌كی بۆ دكتۆر قاسلمو نووسیبوو، تێدا سوپاسی كردبوو كه ئه‌و كتێبه به‌نرخه‌ی ماركسی به‌دیاری بۆ ناردبوو، نووسیبووی" ئه‌و كتێبه نیعمه‌تێكه بۆ من، تا ئه‌و كتێبه‌م نه‌بوو كێشه‌ی خه‌وم هه‌بوو، هه‌رچه‌ندم ده‌كرد خه‌وم لێ نه‌ده‌كه‌وت، به‌ڵام ئێستا له‌سایه‌ی ئه‌و كتێبه‌وه حه‌ساومه‌وه، هه‌ر ده‌یكه‌مه‌وه خه‌وم لێ ده‌كه‌وێ!".
هێمن ته‌نانه‌ت نوستنیشی زۆر شاعیرانه بوو ، چه‌ندجار له به‌غدا له ماڵی هه‌ژار نوستووه و زیاد له‌جارێك لێفه‌ی سوتاندووه!. له‌سه‌ر پشت راده‌كشا و چاوی ده‌بڕیه میچی خانوو، هه‌میشه جگه‌ره‌ی به‌ده‌سته‌وه، ده خه‌یاڵ نقوم ده‌بوو، تا خه‌وی لێ ده‌كه‌وت و جگه‌ره‌كه‌ی له‌ده‌ستی ده‌كه‌وت. تا به‌یانیش یرخه‌ی خه‌وی ده‌هات. پتر له لێفه‌یه‌كی ماڵی هه‌ژار زیاد له كونێكی تێكه‌وتبوو كه به‌رهه‌می سوتانی جگه‌ره‌كه‌ی هێمن بوو‌و.
هه‌ژار نووسه‌رێكی كۆمیدیایی بووه، له گاڵته و گه‌پدا له كۆڕ‌و مه‌جلیسدا یه‌كه‌م بووه. ئه‌هلی جنێو و مه‌سخه‌ره و فشقیات بوو. فه‌لسه‌فه‌ی به فڵته‌فڵت ده‌زانی، ئه‌و فه‌لسه‌فه‌ی به چه‌نه‌بازی بێكارانێكی ته‌مبه‌ڵ ته‌وه‌زه‌ل ده‌زانی كه ناتوانێ كاروكه‌سابه‌ت بكه‌ن و پاره په‌یدا بكه‌ن
هونه‌ری كۆمیدیایی هه‌ژار وه‌ك نووسه‌رێك هیچی له‌وه‌ی (ماڕك توین) كه‌متر نه‌بوو. جارێكیان هه‌ژار له مه‌جلیسێكدا دانیشتووه، كه‌سێك ده‌یه‌وێ شتێكی زانستی شیبكاته‌وه و باسی ڤیتامین ده‌كا و سه‌رنجی كه‌سانێك ڕاده‌كێشێ، هه‌ژار لێره‌دا هه‌ڵده‌داتێ: به‌ڵێ ـ به‌ڵێ، سه‌عدی شیرازی زۆر حه‌زی له (ڤیتامین شین) كردووه.
ـ ڤیتامین شین چیه مامۆستا؟
ـ شێلم، سه‌عدی كه له به‌غدا بووه شێلمی كوڵاوی خواردووه ، (ڤیتامین خێ)شی پێدا كردووه! ئیتر ده‌بووه گاڵته‌و فشقیات.
سه‌رچاوه:
1- نووسین به ئاوی خۆڵه‌مێش ، به‌رگی دووه‌م : شێركۆ بێكه‌س
2- شێخ ڕه‌زای كه‌ركوكی و شیعره توركییه‌كانی: عه‌تا ته‌رزی باشی، وه‌رگێڕانی له توركییه‌وه: ئه‌حمه‌د تاقانه
3- هه‌ژاری مرۆڤ و ده‌وروبه‌ری یا كاره‌ساتی كۆمیدیاییه‌ك : شێركۆ هه‌ژار
4- بیره‌وه‌ری و كوێره‌وه‌ری: محمد ره‌سوڵ هاوار