ڕاپۆرتی کوردستانی

05:16 - 28/02/2019

قەڵای دمدم کۆبانێیەکەی سەدەی ١٧ کوردان‌

پەیسەر

ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ ئەفسانەی خۆڕاگری شەڕڤانانی کورد لە کۆبانێ هەموو جیهانی سەرسام کرد، بەڵام کورد هەر کۆبانێیەکی نییە، بەڵکو مێژووەکەی پڕە داستانی خۆڕاگری و بەرخۆدانی هاوشێوەی کۆبانێ، لە سەرەتاکانی سەدەی ١٧دا بەرخۆدانی جەنگاوەرانی کورد لە قەڵای دمدم لە دژی هێرشی سوپای سەفەوی ئەفسانەیەکی مەزنی گەلی کوردە کە رەنگە نمونەی قەڵای دمدم لەناو گەلانی دیکە زۆر کەم بێت.


بەرخۆدانی قەڵای دمدم لە سەرەتاکانی سەدەی ١٧دا نمونەیەکی مەزنی خەباتی کوردە بۆ سەربەخۆیی، سەبارەت بە مێژوو و ڕووداوەکانی ئەم سەرهەڵدانە تەنیا چەند سەرچاوەیەکی کەم لە بەردەستدان کە ئەوانیش لەلایەن داگیرکەران و نەیارانی کوردەوە نووسراونەتەوە، بەڵام کورد خۆی ئەم ڕووداوەی بە شێوەی بەیت و حەیران و شێعر گێڕاوەتەوە، ئەم سەرچاوە کوردییانە باسێکی تێر و تەسەلی لە سەر بەرخۆدان و قارەمانیی جەنگاوەرانی کورد بە دەستەوە داوە، بەیتی قەڵای دمدم بە زاراوەی سۆران لە ناوچەی موکریان سەرچاوەیەکی دەگمەنە کە پشتاوپشت بەیت بێژەکان گێراویانەتەوە تا گەیشتووە بە ئێمە، لەناو ئەدەبیشدا فەقێ تەیران بە زاراوەی کرمانجی بە شێعر ئەم رووداوەی گێڕاوەتەوە.

مێژووی قەڵای دمدم
بە پێی هەندێک سەرچاوە مێژووی دروستکردنی ئەم قەڵایە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ساسانییەکان، قەڵاکە لە بەرزاییەکانی ناوچەی برادۆست لەسەر شاخێک بە ناوی دمدم بە دووری ١٨ کیلۆمەتر لە شاری ورمێی خۆرهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە، ساڵی ١٦٠٩ خانی لەپ زێڕین قەڵاکەی نۆژەن کردوەتەوە.

قەڵاکە لە پێنج بەش پێکهاتووە کە بریتین لە بەشی سەرەکی، بەشی خواروو و بەشی دەرەوەی دەروازەی ڕۆژهەڵات، لە دیوی ڕۆژهەڵات و لەسەر رەوەزە بەردێکی گەورە بورجێکی گەورە ساز کراوە کە خۆی قەڵایەک بووە، ئاوی قەڵاکە لە حەوزێک دابین دەکرا کە بە ئاوی باران پڕ دەبوو، لە دیوی باکووری قەڵا کانییەکی لێیە کە هەرچەندە ئاوی کەمە بەڵام بۆ کۆکردنەوە و پاشەکەوت کردنی ئاوی کانییەکە حەوزێکی لەبەر دروستکراوە و سەرەکەشی بە گومەزێک داپۆشراوە، لە بەشی باشوری قەڵاکەش چاڵێکی گەورە دروست کراوە کە زستانان پڕ دەکرا لە بەفر و سەهۆڵ بۆ کاتی بێ ئاوی، بەم شوێنەیان وتووە چاڵەبەفر.

مێژووی خێڵی برادۆست
برادۆست خێڵێکی گەورەی کوردە، لە کتێبی المسالک و الممالکی ئیبن حوقلدا ڕەچەڵەکی برادۆستییەکان گەڕێنراوەتەوە بۆ ساسانییەکان، لە دوای گەلێک شەڕ و ڕووداو زۆربەی برادۆستییەکان لە ناوچەکانی دۆڵ، دیزەج، مەرگەوەڕ، بەردەسوور، سۆمای برادۆست و قەڵای دمدم و قەڵای بینار لە ڕۆژئاوای ورمێ و ناوچەی سیدەکانی باشووری کوردستان نیشتەجێ بوون، بەپێی هەندێک سەرچاوە ناوی ئەم خێڵە پێشتر بەرازدوخت بووە کە بەرازدوختەکان لە گەورەترین هۆزەکانی مادەکان بوون و لە ناوچەی دینەوەر و کرماشان نیشتەجێ بوون، بە بۆچوونی هەندێک لە مێژوونووسان ڕەچەڵەکی ساسانییەکانیش دەچێتەوە سەر بەرازدوختەکان، ئەم ناوە لە کتێبی مەسالک و مەمالکی ئیبنی حووقلدا هاتووە، لە سەردەمی دەسەڵاتی ئێلی بوویە، ئەم خێڵە لە ژێر ڕکێفی ئەمیر بەدر ئیبنی حەسەنەوییەدا بوونە کە میری دینەوەر بووە و دەسەڵاتداری ناوچەکانی خوزستان و کوردستان و ئازەربایجان بووە.


شەرەفخانی بەدلیسی لە شەرەفنامەدا ڕەچەڵەکی برادۆستەکان دەباتەوە سەر میر هیلالی حەسنەوی، بەڵام دیار نییە چۆن هاتوونەتە ناوچەی ورمێ، وڵاتی برادۆست لە ڕابردوودا زۆر گەورە بووە و چەندین شار و پارێزگای ئەم سەردەمەی لە خۆگرتبوو، بەڵام لە چەندین قۆناغدا بە هۆی شەڕی میرانی برادۆست لەگەڵ حکومەتە ناوەندییەکان ناوچەی ژێر دەسەڵاتیان بچووکتر بووەتەوە، ناوچەی برادۆست بەهۆی پێگەی ژیۆستراتیژیک و هاوسنووربوون لەگەڵ دەوڵەتانی سەفەوی و عوسمانیدا گرنگییەکی تایبەتی هەبوو.
ئەمیر خانی یەک دەست ناسراو بە خانی لەپ زێڕین لە گەورەترین میرەکانی برادۆست بووە لە سەردەمی سەفەوییەکاندا و قەڵای دمدمیش قایمترین قەڵای ناوچەی برادۆست بوو، بەناوبانگترین قەڵاکانی میرانی برادۆست بریتی بوون لە کونەمێش لە ناوچەی سۆمای برادۆست کە قەڵای میر عوسمان ئاغای برادۆستی بووە، قەڵای بینار یان بنار کە ناوەندی دەسەڵاتداریی میر عەبدوڵا بەگی بناری برادۆستی بوو، قەڵای بەردەسوور لە مەحاڵی تەرگەوەڕ کە ناوەندی میرایەتیی شێخ حەسەن بەگی برادۆست بوو و قەڵای بەردەبووک لە ناوچەی سۆما کە قەڵای شێخ ئەولیا بەگی برادۆستی بووە، قەڵای دمدمیش قەڵای خانی لەپ زێرین بوو، خانی لەپ زێڕین تاکە میری کوردە کە هەوڵی سەربەخۆیی داوە و لەم پێناوەدا چەندین شەڕی گەورەی لەگەڵ حکومەتەکانی سەفەوی و عوسمانیدا کردووە.

خانی لەپ زێڕین کێ بوو؟

میرە قەرەتاج ناسراو بە خانی لەپ زێڕین، میری میرنشینی برادۆست، لە دۆستە هەرە نزیکەکانی شا تاماسبی یەکەم (١٥٧٦-١٥٢٤ز)  پاشای سەفەوی بوو، هەر بە هۆی ئەم دۆستایەتییەوە شا تاماسب، میر قەرەتاجی کردە میری ناوچەکانی ورمێ و شنۆ، لە دوای مردنی شا تاماسب، زۆربەی میر و سەرۆک عەشیرەکانی ئەوسای کوردستان بە سەرکێشیی میر عومەری سۆران، خۆیان دایە پاڵ ئیمپراتۆری عوسمانی، بەڵام میر قەرەتاج نەچووە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکانەوە و لە شەڕێک کە لە نێوان میر عومەر و میر قەرەتاجدا ڕووی دا، میر قەرەتاج دەستێکی پەڕێندرا و لە دوای ئەم رووداوە بە میری یەک دەست ناوبانگی دەرکرد.


 کاتێک شا عەباسی سەفەوی لە ١٥٧٨دا بووە پاشای سەفەوییەکان، شا عەباس فەرمانی کرد دەستێکی دەستکردی لە ئاڵتون بۆ دروست بکەن و نازناوی خانیشی پێ بەخشی، لە دوای ئەوەی دەستە ئاڵتونییەکەیان بۆ دروستکرد، میر قەرەتاج بە خانی لەپ زێڕین ناوبانگی دەرکرد و جگە لە ناوچەکانی ورمێ و شنۆ، هەرێمی قەڵای مەرگەوەڕ و تەرگەوەڕیشی پێ سپێردرا.
لە سەردەمی شا عەباسدا پێگە و هێزی خانی لەپ زێڕین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبوو، بۆیە خان بڕیاری دا بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی قەڵای دمدم نۆژەن بکاتەوە و  ناوەندی فەرمانڕەواییەکەی بگوازێتەوە بۆ ناو ئەو قەڵایە، شا عەباسی سەفەوی لە سەرەتادا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی قەڵاکەدا نەبوو، بەڵام هەندێک لە میرانی ناوچەکە و بە تایبەت میری تەورێز کەوتنە دژایەتیکردن خانی لەپ زێڕین و بە ماستاوچێتی و دوو زمانی کردن شا عەباسیان لە دژی خانی لەپ زێڕین هاندا، میر پیربوداغ بەگی میری ئازەربایجان بە شا عەباسی وتبوو خانی لەپ زێڕین بە نیازە یاخی ببێت و سەربەخۆیی میرنشینەکەی رابگەیەنێت، هەربۆیە شا عەباس داوای لە خانی لەپ زێڕین کرد واز لە نۆژەنکردنەوە قەڵای دمدم بهێنێت، بەڵام میر بە قسەی نەکرد و بەردەوام بوو لە نۆژەنکردەوە و قەلایەکی قایم و پتەوی دروستکرد  کە هەموو تێبینییە سەربازییەکانی تێدا ڕەچاو کرابوو.
شا عەباس کە هەستی بە مەترسیی خانی لەپ زێڕین کردبوو کەوتە پلاندانان بۆ پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی میر قەرەتاج، سەرەتا چەند جارێک هێزیان ناردەسەر سەر قەڵاکە، بەڵام بە هۆی قایمیی قەڵا و شەڕی قارەمانانەی جەنگاوەرانی قەڵا، هەموو هێرشەکان تووشی شکست هاتن، لە ئەنجامدا شا عەباس بڕیاری دا سوپایەکی دەهەزار کەسی بە فەرماندەیی حەسەن خانی والیی هەمەدان هێرش بکاتە سەر قەڵای دمدم، بیست جەنگاوەری هۆزی جەلالیش کە لە کوردانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی بوون و خۆیان تەسلیمی شا عەباس کردبوو، لە هێرشەکەی سەر قەڵای دمدم بەشداربوون.


 میرە قەرەتاج بە لەوەی سوپای سەفەوی بگاتە ورمێ، لە هاتنیان ئاگادار بوو و هێرشی کردە سەریان و دوای شەڕێکی قورس، شکستی پێ هێنان و ناچاریکردن پاشەکشێ بکەن، دوای شکستی سوپا دەهەزار کەسییەکە، شاعەباس سوپایەکی گەورەتری بە سەرکردایەتیی ئیعتمادولدەولەی وەزیری ناردە سەر قەڵای دمدم و داوای لێکردن خۆ بە دەستەوە بدەن و واز لە قەڵاکە بهێنن، بەڵام خانی لەپ زێڕین پاسەوانانی قەڵای زیاتر کرد و ئامادە نەبوو دەستبەرداری قەڵاکە بێت، لە کۆتاییدا سوپای سەفەوی گەمارۆی قەڵای دمدمیاندا، گەمارۆکە چەندین مانگی خایاند، لەو ماوەیەدا ناوبەناو جەنگاوەرانی خانی لەپ زێڕین لە قەڵاکە دەهاتنە دەرەوە و هێرشی لەناکاویان دەکردە سەر سوپای داگیرکەری سەفەوی و زەربەی قورسیان لە سوپای سەفەوی دەوەشاند، جارجارەش نێردراوی شا عەباس بە مەبەستی گفتوگۆ ڕوو لە قەڵا دەکرد و لەگەڵ خانی لەپ زێڕیندا دەکەونە گفتوگۆ کە واز لە شەڕ بهێنێت  و خۆی ڕادەست بکات، خانی لەپ زێڕین ئامادە نابێت تەسلیم بێت و درێژە بە بەرخۆدان دەدات.

بەڵام هەموو ئەو پاڵەوانێتی و قارەمانێتییە بە خیانەتی فەرماندەیەك پووچەڵ دەبنەوە، لەو کاتەدا لەناو دامودەزگای میرنشینی برادۆستدا وا باو بووە هەر چوار ناڵی ئەسپی فەرماندە گەورەکانی سوپایان لە ئاڵتون دروست کردووە، ئەحمەد خانی لیتانی كە فەرماندەیەکی سوپاکەی خانی لەپ زێڕین بوو لە یەکێک لە شەڕەکاندا دوو ناڵی ئاڵتونی ئەسپەکەی لێ دەبێتەوە و ونی دەکات، لەو کاتەدا کە قەڵا لە ژێر گەمارۆدا بووە، لە جیاتی دوو ناڵی ئاڵتونی دوو ناڵی  ئاسنیان پێدابوو، ئەحمەد خان توڕە دەبێت و دەچێتە لای ناڵبەندانی مەیتەرخانەی میری و داوایان لێ دەكات ئەو دوو ناڵە ئاسنەی بۆ بگۆڕنەوە بە ناڵی ئاڵتون، ئەوانیش داواكەی رەتدەكەنەوە و پێی دەڵێن كە دەبێ لەسەرووی خۆمانەوە ئەمرمان پێ بكرێت، ئەویش تووڕە دەبێت و زۆر لە بەرپرسی مەیتەرخانەکە دەدات، خان ئاودەڵی برای خانی لەپ زێڕین پێی دەزانێت، بانگی ئەحمەد خان دەکات و لێی تووڕە دەبێ و لە توڵەی بەرپرسی مەیتەرخانەکەدا لە ئەحەمد خان دەدات، دوای ئەم ڕووداوە ئەحمەد خان ڕق لە دڵیدا هەڵدەگرێت و بۆ تۆڵەکردنەوە خۆی دەگەیەنێتە سوپای سەفەوی و سەرچاوەی ئاوی قەڵایان بۆ ئاشكرا دەكات، سوپای سەفەویش هەموو پلانەكانی شەڕ دەگۆڕن، پاش دڵنیابوون لە قسەكانی ئەحمەد خان سەرەتا ئەحمەد خان دەکوژن و دواتریش هەوڵ دەدەن دەست بە سەر سەرچاوی ئاوی قەڵادا بگرن.

پاش شەڕوپێكدادان و بەرگرییەكی قارەمانانەی جەنگاوەرانی پاسەوانی ئاوی قەڵا، سوپای سەفەوی دەتوانێت دەست بەسەر ئاوی قەڵادا بگرێت، جەنگاوەران و دانیشتووانی قەڵا نزیكەی بیست ڕۆژ بەرگەی بێ ئاوی دەگرن، بەڵام لە دوای ئەو ٢٠ رۆژە، بۆ ماوەی هەفتەیەک لە سەر یەک بارانێكی زۆر دەبارێت و حەوزە ئاوەکانی قەڵا پڕئاو بوونەوە، بەمجۆرە بۆ چەند مانگێک ئاوی پاشەکەوتکراویان دەبێت و خۆیان لە بەرانبەر هێرشی سوپای داگیرکەر رادەگرن، خانی لەپ زێڕین ڕاسپاردەیەک دەنێرێتە لای میرە كوردەكانی دۆستی؛ نەسووح پاشا و میرشەرەفی بۆتانی و چەند میرێکی دیکەی کورد کە بە هانایانەوە بچن، بەڵام هەواڵەكە بە شاعەباس دەگات و  12 هەزار سەربازی دیکە رەوانەی جەنگەکە دەکات، نەسووح پاشا دەگەڕێتەوە و ئەم هەوڵەش بێ‌ئەنجام دەمێنێتەوە.

سوپای سەفەوی پاش ئەوەی دەزانن قەڵا خۆی گرتووەتەوە و لانیكەم بۆ ماوەی سێ مانگی دیكە ئاویان هەیە و خۆیان بەدەستەوە نادەن، لە ماوەی چل ڕۆژدا سێ تۆپی گەورەتر لەوانەی كە هەن بەرامبەر بە قەڵاکە دادەمەزرێنن و بەردەوام بۆردومانی قەڵاکە دەکەن، دوای چوار مانگ شەڕ و پێكدادان و شەكەتی و تینوێتیی خەڵک و جەنگاوەران، قەڵای دمدم ناتوانێت لەوە زیاتر خۆی بگرێت، بەربۆیە خانی لەپ زێڕین فەرمان دەدات بە تەقاندنەوەی پاشماوەی چەك و تەقەمەنیی قەڵاکە بۆ ئەوەی دەست دوژمن نەكەون، ژنەكانیش لە هەڵدێر و دیوارەكانی قەڵاوە خۆیان هەڵدەدێرن بۆ ئەوەی بە زیندوێتی نەکەونە دەست داگیركەری سەفەوی.
 هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کاتێک خانی لەپ زێڕین دەزانێت لەوە زیاتر ناتوانن لە قەڵاکەدا بمێننەوە، پلانێک دادەڕێژێت و بە سەرکردە و فەرماندەکانی سوپای برادۆست ڕادەگەیەنێت کە لە سێ قۆڵەوە بە ناوی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ فەرماندەکانی سوپای سەفەوی ڕوو لە خێوەتەکانیان دەکەین، کە چووینەوە ژوورەوە تا سەربازانی دەرەوی خێوەت پێ دەزانن، فەرماندەکانیان دەکوژین و سەرکەوتن مسۆگەر دەکەین، خانی لەپ زێڕین و ئەبداڵ خانی موکری و محەمەد بەگ بە چەندین جەنگاوەرەوە لە قەڵاکە دێنە دەرەوە، بە وتەی ئەسکەندەر بەگی تورکمان، سکرتێر و مێژوونووسی تایبەت شاعەباس، ژمارەیان نزیکەی سەد جەنگاوەر بوون، و هەر کام لە فەرماندەکان لە قۆڵێکەوە ڕوو دەکەنە خێوەتی فەرماندەکانی سوپای سەفەوی دەکەن، بەڵام بە هۆی هەڵەیەکە و بەر لەوەی خانی لەپ زێڕین بگاتە لای فەرماندەی گشتیی سوپای سەفەوی، ئەبداڵ خان هێرش دەکاتە سەر ئیلیاس خەلیفەی فەرماندەی هێزەکانی قەرەداغلوو و دەیکوژێت و بەمەش شەڕ دەست پێدەکات، کاتێک خانی لەپ زێڕین و محەمەد بەگ چاویان لە رووداوەکە دەبێت، چاریان نامێنێت و ئەوانیش لە شوێنی خۆیانەوە هێرش دەکەنە سەر سوپای قزڵباشی سەفەوی و شەڕێکی قورس دەست پێدەکات، لە کۆتاییدا هەموو جەنگاوەرانی کورد پاش شەڕێکی قورسی دەستەویەخە شەهید دەبن.
ئەسکەندەر بەگی تورکمان، سکرتێر و مێژوونووسی تایبەتی شاعەباس، کە دوژمنێکی سەرسەختی کورد بووە و هەموو ڕووداوەکانی ئەو سەردەمەی  بە دڵخوازی شا عەباس  نووسیوەتەوە، نەیتوانیوە حاشا لە قارەمانێتی جەنگاوەرانی کورد بکات و بەمجۆرە باسی دوایین شەڕی خانی لەپ زێڕین دەکات:


" پاش لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە ئەمیرخان و هاوڕێیانی بەوەیان زانیبوو کە ڕزگار بوونیان لە سوپای قزڵباش ئەستەمە، بۆیە بەرگی شەڕیان پۆشێ و بە چەک و ڕەختەوە هاتنە دەر و ڕوویان لە خێوەتی فەرماندەکانی قزڵباش کرد بە مەبەستی دانوستان، دەیانەویست تا فەرماندەکانی قزڵباش وەخۆدەکەون لەناو خێوەتەکانیاندا هەموویان بکوژن و خۆیان ڕزگار کەن، ئەگەر نەشیانتوانی سەربکەون، ئەوا بە کوشتنی فەرماندەکان تۆڵەی خۆیان دەکەنەوە و خۆشیان ئازایانە دەکوژرێن، بەڵام ئەبداڵ خان هەڵەی کرد و زۆر زوو ئیلیاس خەڵیفەی کوشت، ئیتر خودا دەزانێ..."
سەفەوییەکان هەر لە سەرەتاوە دەستێکی باڵایان هەبوو لە کوردقڕان و جینۆسایدی کورددا، لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی قەڵای دمدمیش، شاعەباس بە بیانووی بەشداربوونی میرانی موکری لە سەرهەڵدانی قەڵای دمدمدا بڕیاری قڕکردنی موکرییەکانی دا و سوپای قزڵباش لە هەر شوێنێک تووشی کوردێک بووبن کوشتوویانە، ئێستاش کە لە ناوچەی موکریان ناوچەیەک هەیە بە ناوی ناوچەی شاروێران ئاماژەیە بۆ ئەنفالی کورد و جینۆسایدی کوردانی موکری لەلایەن شا عەباسەوە، هەربۆیە ناوچەکە بە شاری وێران یان شاروێران ناسراوە.

بەشێک لە بەیتی قەڵای دمدم
هات لەشکری هیرمان و عوممانێ
راوەستان لەسەر زین و خوانێ
وەک ڕۆژی ئاخر زەمانێ
عەجەم کاری وای کردووە؟
سەرلەشکریان کێ بووە؟
لەشکرمان دوایی نایە
دوژمن دەکا واوەیلایە
باب هیچ کوڕ خۆی ناناسێ
هات لەشكری دیاربەكرێ
هەر وەكو باز وەكو سەقرێ
روح لە دوژمن وەردەگرێ
ئاخر ئاكرێ بەجێماوە
هاتن جوان و خاو و لاوە
لەسەر ركێف راوەستاوە
هەموو دنیا وەرگەڕاوە
ئەی تۆپ بۆ دانەبەستراوە

هاتووە لەشكری لای كۆ
هەموو ئازان و سەربەخۆ
لە عەجەمان بۆتە ڕۆڕۆ
هاتووە لەشكری هەولێرێ
كەس بەو سپایە ناوێرێ
عەرزی بە خوێن دەدێرێ

ئەدی بۆچیمان نەزانی
هات لەشكر لە سلێمانی
دنیا پڕ بوو لە پیادە و سوار
بە هجوم گرتیان بیست و یەك شار

هات لەشكری وانێ
حەوسەت كەسیان چوونە سانێ
دەشكێنم حوكمی سوڵتانێ
هات لەشكر لە مهاباد
سوپای دوژمنی دا بەرباد

چوو لەشكر بۆ كەركووك
وەكو دەریا و سێڵاو دەبزووت
سوار و پیادە پاك تاق و جووت
عەرەب و عەجەم قەراریان دا بە فیرار
بوون بە سوپای بێ سەردار
لەشكری كوردان ڕاوەستان لە مەیدانێ
بۆیان دانان میزانێ
ئەمریان كرد بە جەنگاوەرانێ
لە بۆ خوێنی كوردانێ
بگرن تەختی ئیسپەهانێ


لینکی شێعری قەڵای دمدم لە دیوانی فەقێ تەیران
بەیتی قەڵای دمدم بە دەنگی حەمەی بەیتان