لێکۆڵینەوە

03:48 - 03/03/2019

پەیوەندی سێ‌ چارەكە سەدەی توركیا و ئەمریكا وەك هەویرێكی هەڵنەهاتوو‌

پەیسەر

لە سەرەتای ئابی 2018دا بوو کە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ چەند سزا و گەمارۆیەکی خستەسەر وەزیری ناوخۆ و دادی تورکیا، کە ئەو یاسایە هاوشێوەی ئەو گەمارۆیانەبوو کە ئەمریکا خستوویەسەر ڕووسیا. ئەوکاتە واشنتن ڕایگەیاند کە هۆکاری پشت ئەو بڕیارەبەهۆی ئەوەوە بوو کە ئەنکەرە ئامادە نەبوو ئەندرۆ برنسۆن، قەشە ئەمریکیەکە، ئازاد بکات، کە لەلایەن تورکیاوە تۆمەتی پەیوەندی بە ڕێکخراوی گولەن و پارتی کرێکارانی کوردستانی درابووەپاڵ.  

بەشێوەیەکی کردەیی، بڕیاری گەمارۆ و سزادانەکانی ئەو دوو وەزیرە کاریگەرییەکی دەستبەجێ و ڕوونی نەبوو. چونکە بەپێی بڕیارەکە حکومەتی ئەمریکا دەستدەگرێت بەسەر سامانی ئەو وەزیرانە لە ئەمریکا، و هەموو مامەڵەیەک لەگەڵ ئەو وەزیرانەوە لەلایەن هاووڵاتییانی ئەمریکییەوە ڕەتدەکرێتەوە. بەڵام هەردوو وەزیرەکە هیچ موڵک و سامانێکیان لە ئەمریکا نەبوو، هەروەها هەردوکیان هێندە پەیوەست نین بە کاروباری دەرەوە کە لایەنە ئەمریکییەکان مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. سەرەڕای هەموو ئەوانە، ئەو بڕیارەی ئەمریکا چەندین ئاماژەی ڕەمزی قورس و سیاسی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبوو، کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەست بوون بە سروشت و داهاتووی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا.

لەدوای دروستکردنی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە ساڵی 1949ـەوە، ئەوە بۆیەکەمجاربوو کە ئەمریکا سزا بسەپێنێت بەسەر چەند بەرپرسێکی حکومەتێکی هاوپەیمانی خۆی. تەنانەت پرسی قەشە برۆنسۆن ئەوەندە گەورە نەبوو کە بگاتە ئەوەی هەنگاوێکی ئاوا گەورە بەرامبەر بە تورکیا بهاوێژرێت کە وەزیرانی ئەو وڵاتە سزابدرێن. ئەگەر تەنانەت گەورەش بووبێت، بەرپرسانی ئەمریکا دەزانن کە تورکیا وڵاتێک نییە لەبەرامبەر بڕیارێکی لەوشێوەیەدا کاریگەر ببێت، بەڵکو ئەوەندەی دیکە کەیسی قەشەکەی ئاڵۆزتر دەکرد و ئەوەندەی دیکە چارەسەری دیپلۆماتییانەی کێشەکە زەحمەتتر دەبوو. 
پەیوەندی و هاوپەیمانێتییەکی ناسەقامگیر
لەدوای جەنگی جیهانی دووەم تورکیا ڕوویکردە سەربازگەی ڕۆژئاوای لیبراڵی ئەمەش بە ئەنجامدانی چاکسازی سیاسی، و دەرفەتیدا بەوەی کە فرە ڕەنگی حزبی و گۆڕانکاری لە دەسەڵاتدا ڕووبدات. بەڵام گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ سەربازگەی ڕۆژئاوای لیبراڵی ئەوەندەی دیکە گۆڕانکاری بەخۆیەوە بینی کاتێک تورکیا ئەندامێتی ناتۆی بەدەستهێنا لە 1952دا.

لەڕاستیدا، ئەندامێتی تورکیا لە ناتۆ بەهۆی هەڕەشەی یەکێتی سۆڤیەتەوەبوو لەدوای جەنگی جیهانی دووەم، کە کە لەوکاتەدا ستالین داوای گۆڕانکاری لە سنوورەکانی تورکیا لەگەڵ جۆرجیای سۆڤێتی دەکرد، هەروەها ئەوکاتە تورکیا ڕەزامەندبوو بەوەی کە هێزی سەربازی سۆڤیەت لە تەنگەی بۆسفۆر و دەردەنیل جێگیر بکرێت. هەروەها هەڕەشەی سۆڤیەت بۆسەر تورکیا و یۆنان بووە هۆی ڕایگەیاندنی پەیماننامەی ترومان، کە کە پەیماننامەکە بۆ پاراستنی سەربەخۆیی هەردوو وڵات بوو، کە لەدواتریشدا بووە هۆی ئەوەی کە تورک و یۆنانییەکان ببنە ئەندامی ناتۆ، و لەدواتریشدا تورکیا بووە دەوڵەتێکی سەرەکی ڕووبەڕوو بوونەوە لە نەخشەی جەنگی سارددا. هەروەها لە ساڵی 1949دا تورکیا دانینا بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا کە ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوون بوو لە یەکلابوونەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، و ئاماژەیەک بوو بۆئەوەی تورکیا بەئاڕاستەی سەربازگەی ڕۆژئاوای لیبراڵیدایە. هەر بەوهۆیەشەوە بوو کە تورکیا بووە بنەمایەکی سەرەکی ستراتیژی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سیستمی بەرگری ڕۆژئاوادا. کە ئەمەش خۆی بینییەوە لە ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو دەوڵەتە عەرەبیە ناسیۆنالیستانەی کە دژی سیاسەتی ئیمپریالی ڕۆژئاوا بوون، و دەرفەتی زیاتری ئیقلیمی دەبەخشی بە دەوڵەتی ئیسرائیل. 

لە نیوەی دووەمی ساڵانی شەستەکانەوە، ئەنکەرە دەستیکرد بە پێداچوونەوە بەتەواوی پشتگیری کردن لە کوتلەی ڕۆژئاوا، ئەمەش وەکو کاریگەربوون بە بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ کشاندنەوەی موشەکی ژوپیتێری ئەتۆمی لە تورکیا، کە ئەوەش بەشێک بوو لە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی ئەتۆمی کوبا، هەروەها ئەوەی زۆر کاریگەرتر بوو پەیامەکەی سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا لیندۆن جۆنسن لەساڵی 1964 بوو کە ڕەتیکردەوە پشتیوانی لە هەڵوێستی تورکیا بکات بەرامبەر بە قوبرس. لەوکاتەدا تورکیا تێڕوانینی بەوشێوەیە بوو کە تورکیا وەکو کارتێکی بەکاردەهێنرێت لە قەیرانی سۆڤیەت و ڕۆژئاوا، و ئەوەندەی دیکە گومانەکانی تورکیا زیاتر بوون لەبارەی ئاستی پابەندی ڕۆژئاوا بە سەلامەتی تورکیاوە. هەربۆیەشە ئەنکەرە هەڵسەنگاندنی خۆی ئەنجامدا بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت لەسەر بنەمایەکی نوێ، و ئاماژەی ئەوە دەرکەوتن کە بەشێوەیەکی سەرەتایی کرانەوە بەڕووی ئەو دراوسێ ئیقلیمییەی ئەنجام بدات. لە ساڵی 1967 پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل بۆماوەیەکی کورت پچڕان، لەدوای جەنگی حوزەیرانی ئەو ساڵەوە. هەروەها لە 1969دا تورکیا بەشداری لە کۆنگرەی دامەزراندنی ڕێکخراوی لوتکەی ئیسلامیی کرد. هەروەها لە 1979دا ڕێگەیدا بەوەی کە نوسینگەیەکی ڕێکخراوی ئازادی فەڵەستین لە ئەنکەرەی پایتەخت بکرێتەوە. 

لە ساڵی 1974دا، ئەوەندەی دیکە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا ئاڵۆزبوون

لە ساڵی 1974دا، ئەوەندەی دیکە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا ئاڵۆزبوون، لەدوای ئەوەی حکومەتە هاوپەیمانییەکەی بوڵەنت ئەجەوید بڕیاریدا بەوەی کە هێزی سەربازی ڕەوانەی باکووری قوبرس بکات بەمەبەستی پاراستنی قوربروسیە تورکەکان لە توندوتیژی قوبروسیە یۆنانییەکان، ئەوەش لەدوای ئەوەی کە یۆنانییە قوربرسییە ناسیۆنالیستەکان هەوڵیاندا کودەتا بەسەر حکومەتەکەی مکاریۆس بکەن و لەدەسەڵات دووریبخەنەوە. واشنتۆن لەوکاتەدا هۆکارەکانی تورکیای لەبەرچاونەگرت و گەمارۆی خستەسەر هەناردەکردنی چەک بۆ هەریەک لە تورکیا و قوبرس. لەکاردانەوەی ئەو بڕیارەدا، تورکیا بڕیاریدا کاروچالاکی سەربازی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانی ئەنجەرلیک بووەستێنێت. دوای ئەوەی کە ئیدارەی کارتەر لە 1978دا گەمارۆی چەکی لەسەر تورکیا لابرد پەیوەندییەکانی هەردولا ئاسایی بوونەوە.

لە ساڵی 1980دا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی ڕوون پێشوازی لە کودەتا سەربازییەکە کرد، هەرچەندە ئاماژە بەوە دەدرێت کە ئەمریکا ڕۆڵی لەو کودەتایەدا هەبووە (تاوەکو ئێستا هیچ دەنگێک نیە ئەوە پشتڕاستبکاتەوە)، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم دووبارە پەیوەندییەکانی هەردولا ئاڵۆزبوونەوە. ئەنکەرە ئەو بیرۆکەیەی ئەمریکای ڕەتکردەوە کە داوای کردبوو هێزێک لە چەند نەتەوەی جیاواز دروست بکرێن بەسەرکردایەتی ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دیلەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران، هەروەها وەکو پێویست ئامادەنەبوو پەیوەست بێت بە گەمارۆکانی سەر ئێران، بەڵکو دەیویست کە ڕۆڵی میانگیری نێوان تاران و واشنتۆن ببینێت. هەروەها پەیوەندییەکانیان لە ساڵانی هەشتاکانیشدا بەئاڵۆزی مایەوە لەسەر پرسی ستراتیژی ڕووبەڕوو بوونەوەی قەیرانەکانی کەنداو و داگیرکاری سۆڤیەت بۆسەر ئەفغانستان.

ئیدارەی بوشی باوک لە مامەڵە کردنی لەگەڵ حکومەتی ئۆزال لە جەنگی کەنداوی یەکەم ڕووبەڕووی کێشە نەبوویەوە، کە لەوکاتەدا عێراق کوەیتی داگیرکردبوو. بەڵام کاتێک ئیدارەی بووشی کوڕ داوایکرد خاکی تورکیا بەکاربهێنێت بەمەبەستی گواستنەوەی هێزەکانیان بۆ باکووری عێراق، لە ساڵی 2003 لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە ئەو داواکارییە ڕەتکرایەوە، کە لەوکاتەدا پارتی دادو گەشەپێدانی تورکیا زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستەوەبوو. نیۆکۆنزەرڤاتیڤەکانی ئەمریکا لە ئیدارەی بوش لەو هەڵوێستەی تورکیا خۆشنەبوون، هەربۆیەشە سووربوون لەسەر ئەوەی کە تورکیا بەتەواوی دووربخەنەوە لە عێراقی نوێ، بەمەش بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە عێراق کەوتنە مەترسییەوە. لەسەردەمی ئیدارەی دووەمی بوش پەیوەندییەکان بەوشێوەیە مانەوە تاوەکو ئەوکاتەی دۆخی ئاسایشی عێراق بەتەواوی خراپ بوو، و دەستێوەردانەکانی ئێران زۆر فراوان بوون، و واشنتۆن نەیتوانی ئەو عێراقە بنیات بنێت کە خۆی دەیویست.

لەسەردەمی ئیدارەی یەکەمی ئۆباما، پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات سەقامگیرییەکی زۆری بەخۆیەوە بینی

لەسەردەمی ئیدارەی یەکەمی ئۆباما، پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات سەقامگیرییەکی زۆری بەخۆیەوە بینی، کە متمانەی زیاتر لەنێوان سەرۆکی حکومەتی ئەوکاتەی تورکیا ئەردۆغان و سەرۆکی نوێی ئەمریکا دروستبوو. پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات لەئاستێکی زۆرباشدابوو کە هاوکاری ئەمریکایان کرد لە کشانەوەی لە عێراق و ئیدارەی ئۆباما پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەنکەرە گەشەپێدا کە وەکو نمونەیەکی خوازراوی دەبینی بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهانی ئیسلامیی. بەڵام ئەو بارودۆخە هەرئاوا بەردەوام نەبوو، لە کۆتاییەکانی ویلایەتی دووەمی ئۆباما و لەسەرەتای ئیدارەی ترەمپ تەنگژەکانی نێوان واشنتۆن و ئەنکەرە بەشێوەیەکی ڕوونتر لەپێشوو دەرکەوتنەوە. 

دۆسیەکانی تەنگژە کەڵەکەبووەکان
کاتێک کودەتای سەربازی بەسەر سەرۆکی میسر محەمەد مورسیدا کرا لە 3ی تەموزی 2013دا، گومانەکانی ئەنکەرە زیاتر بوون لەبارەی میسداقیەتی ئیدارەی ئۆباما، کە لەوکاتەدا وەکو هاوپەیمانێکی دادوگەشەپێدانی تورکیا دەردەکەوت. هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە لەبارەی ڕۆڵی ئەمریکا لە کودەتا سەربازییەکەی سەر مورسی، بەڵام ئەنکەرە زۆر بڕوای وابوو کە ئیدارەی ئۆباما پێشتر پلانی کودەتاکەی زانیووە و هەوڵی پێویستی نەخستووەتەگەڕ بۆ ڕێگری کردن لە ڕوودانی ئەو کودەتایە، هەروەها ئیدارەی ئەمریکا هەڵوێستی نەبوو لەبەرامبەر ئەو کودەتایە و سوور نەبوون لە پشتیوانیکردنی دیموکراسی لەو وڵاتە. بەڵام هەڵوێستی ئەمریکا لەبارەی کودەتاکەی میسر سەرەتای زنجیرەیەک لە تەنگژە و جیاوازی توندبوون لەنێوان هەردوو وڵات. 

لە هاوینی 2014دا، ڕێکخراوی داعش جیهانی تووشی سەرسوڕمان کرد بە تەوژمی فراوانخوازی سەربازی لە پارێزگاکانی ناوەندو باکووری عێراق، و ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا. بەهەر هۆکارێک بێت، پرسی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری کۆبانی لەدەستی داعش لە رۆژئاوای سوریا، بووە بابەتێکی نێودەوڵەتی. بەهۆی فراوانبوونی سەرسوڕهێنەرانی ئەو ڕێکخراوەیە، ئیدارەی ئۆباما ناچاربوو بگەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی واشنتۆن خوازیاری ئەوە نەبوو ڕۆڵی جەنگی ڕاستەوخۆ بگێڕێت لە ڕووبەڕوو بوونەوەی داعش، هەربۆیەشە بەدوای هاوپەیمانە لۆکاڵیەکانەوە بوو کە بتوانن ئەو ڕووبەڕوو بوونەوەیە لەئەستۆ بگرن. لە عێراق، ئەمریکییەکان کاریان لەگەڵ پێشمەرگە و سوپای عێراق و حەشد بوو، بەڵام لە سوریا ئەمریکییەکان هاوپەیمانێتییان لەگەڵ هێزەکانی پەیەدە کرد. لەبەرئەوەی پەیەدە جگە لە لقێکی پەکەکە شتێکی دیکە نیە، کە ئەوانیش لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی بیستەمەوە دژی تورکیا دەجەنگن، تورکیا زۆر بە ترس و توڕەییەوە تەماشای ئەو پشتیوانییەی ئەمریکای کرد بۆ هێزە کوردییەکان.

لەدوای چەند ساڵێک، سەرەڕای ئەوەی تورکیا دژایەتی خۆی بۆ سیاسەتی ئەمریکا لە سوریا دەربڕی، هێزەکانی پەیەدە فراوانتر بوون

لەدوای چەند ساڵێک، سەرەڕای ئەوەی تورکیا دژایەتی خۆی بۆ سیاسەتی ئەمریکا لە سوریا دەربڕی، هێزەکانی پەیەدە فراوانتر بوون، و لەژێر ناوی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەستیان بەکارکرد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ڕووباری فورات. کە ئەمەش وایکرد کە تورکیا سیاسەتی نزیکبوونەوە لەگەڵ ڕووسیا و ئێران پیادە بکات، ئەوەندەی بتوانێت ئەوەی بۆی ڕزگارو دەربازدەکرێت لە سوریا دەربازی بکات، کە سنووری هاوبەشی تورکیا لەگەڵ سوریادا دەگاتە 900 کیلۆمەتر. هەروەها بە ڕەزامەندی ڕووسیا تورکیا دوو ئۆپەراسیۆنی گەورەی سەربازی لەناوچەکانی باب و عەفرین ئەنجامدا، بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی سنووری خۆی لەگەڵ سوریا لە کۆنترۆڵکردنی ئەوناوچانە لەلایەن داعش و هێزە کوردییەکانەوە، ئیتر هیچ بوونێکی سەربازی کوردی لە ڕۆژئاوای فوراتی سوریا نەمایەوە جگە لەناوچەی منبج، کە هێزە ئەمریکییەکان لەوناوچەیەدا جێگیراون بەمەبەستی پاراستنی هاوپەیمانە کوردەکانیان. 

لە تەموزی 2018دا دوای دانوستانی زۆر توند، ئەمریکی و تورکەکان گەیشتنە ڕێککەوتنێک لەسەر منبج، کە وردەکارییەکانی لەوکاتەدا ئاشکرا نەکرابوون. بەڵام سەرچاوە تورکییەکان لەوکاتەدا ئاشکرایان کرد کە هێزە کوردییەکان دەبێت ئەو ناوچەیە جێبهێڵن و هێزەکانی تورکیا و ئەمریکا بەشێوەی هاوبەش لەوناوچانەدا چالاکی ئەمنی ئەنجام دەدەن، هەروەها ئیدارەی لۆکاڵی ئەوناوچانە لەلایەن زۆرینەی عەرەبەوە ئیدارە دەکرێن. ئەو ڕێککەوتنەی منبج وەکو قۆناغێکی سەرەتای ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی هەردولا هات لەسەر دۆخی سوریا، بەڵام هێشتا تورکیا بەوەندە ڕازی نەبوو چونکە ئەمریکا بەردەوام بوو لە پشتیوانی لە هێزە کوردییەکان، هەروەها هاوشێوەی کۆنترۆڵی ڕۆژئاوای فورات تورکیا لە کۆنترۆڵکردنی ڕۆژهەڵاتی فورات لەلایەن کوردەوە نیگەران بوو.

یەکێک لە نیگەرانی و کێشەکانی نێوان هەردوو وڵات بەهۆی نزیکبوونەوەی تورکیاوە بووە لە ڕووسیا، کە دوابەدوای خستنەخوارەوەی فڕۆکە ڕووسییەکە لەلایەن تورکیاوە لە کۆتاییەکانی 2015، پەیوەندییەکانی هەردولا ئاسایی بوونەوە و بەزوویی چوونە دۆخێکی پێشکەوتوو. لەتێڕوانینی ئەنکەرەوە، سیاسەتی نزیکبوونەوە لەگەڵ مۆسکۆ بەهۆی سنووردارکردنی تورکیاوەبوو لەلایەن واشنتۆنەوە کە نەیدەتوانی ڕۆڵی چالاکی هەبێت لە سوریا، هەروەها بەتەواوی هاوسەنگی گۆڕەپانی سوریا تێکچوو لەدوای ئەوەی لە پایزی 2015دا ڕووسیا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستێوەردانی سەربازی ئەنجامدا. بەڵام بەبۆچوونی واشنتۆن ئەو لێکنزیکبوونەوەیە سروشتێکی ستراتیژی لەخۆی دەگرێت، کە دەکرێت کاریگەری هەبێت لەسەر پابەندی تورکیاوە بە هاوپەیمانێتی ناتۆ. کە پێدەچێت پرسی سەرەکی و کێشەی نێوان ئەو دوو وڵاتە پەیوەست بێت بە بڕیاری تورکیا بە کڕینی سیستمی بەرگری ئاسمانی ڕووسی ئێس400.

ئەنکەرە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پاشەکشە ناکات لە کڕینی سیستمی بەرگری ڕووسی

ئەنکەرە دەڵێت هۆکاری پاڵنەریان بۆ کڕینی سیستمی بەرگری ئێس400، دەگەڕێتەوە بۆئەوەی چەندین ساڵە واشنتۆن فرۆشتنی سیستمی پێشکەوتووی بەرگری ئاسمانی بۆ تورکیا سنووردارکردووە، هەرچەندە تورکیا زۆر پێویستی بە سیستمێکی بەرگری هاوشێوە هەیە. لەبەرامبەریشدا، ئەمریکییەکان دەڵێن کە جێگیرکردنی سیستمێکی بەرگری ئاسمانی ڕووسی لە دەوڵەتێکی ئەندامی ناتۆ، واتە سیستمی بەرگری ئاسمانی ئەو وڵاتە ناتوانێت ئاماژەی هۆشداری وێستگەکانی ناتۆ وەربگرێت. ئەوەی مەترسیدارترە ئەوەیە کە پشتبەستن بە سیستمی بەرگری ئەو وڵاتانە بۆ فڕۆکە ڕۆژئاواییەکان، وەکو فانتۆم، مانای وایە ڕووسییەکانیش سوود وەردەگرن لەو زانیارییانەی پەیوەستن بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو فڕۆکانە. هەروەها ئەنکەرە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پاشەکشە ناکات لە کڕینی سیستمی بەرگری ڕووسی، هەرچەندە لەئێستادا ئیدارەی ترەمپیش ئامادەیی خۆی دەربڕیووە بۆئەوەی سیستمی بەرگری ئاسمانی بەهێزی پێبفڕۆشێت، بۆنمونە پاتریۆت.

 

دۆسیەی سێیەمی کێشەکانی نێوان هەردولا دەکرێت وەکو کاردانەوەیەک دەرکەوتبێت لەدوای هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی 15ی تەموزی 2016، کە ئەنکەرە سوورە لەسەر ئەوەی ئەندامانی بزوتنەوەکەی فەتحوڵا گولەن لەپشت ئەو کودەتایەوە بوون، کە ئەو بانگخوازە لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە لە ویلایەتی پەنسلڤانیای ئەمریکا نیشتەجێیە. تورکیا گومانی ئەوەی هەیە کە ئەمریکییەکان لەسەرەتاوە ئاگاداری ئەو کودەتایە بوون، بەتایبەتیش کە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تورکیا دەرکەوتووە کە بڕیاری کودەتایەکە لە ماڵەکەی گولەن لە پەنسلڤانیاوە دەرکراوە. هەروەها بەرپرسانی تورکیا دەڵێن سەرەڕای لەبەرچاوگرتنی ئاستی ئاگاداری ئەمریکییەکان لە هەوڵەکانی گولەن، ئەنکەرە چەندین بەڵگەی خستووەتەڕوو کە دەبوو گولەن ڕادەست بکرێت و لە وڵاتەکەی خۆی دادگایی بکرێت. ئەوەی مایەی سەرسوڕمان بووە ئەوەیە کە نە ئیدارەی ئۆباما و نە ئیدارەی ترەمپ جدیەتی خۆیان پیشان نەداوە لە پرسی کەیسەکەی گولەن، کە ئەم پرسەش بەتەواوی پەیوەستە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ئەو ئاڵۆزیانەی لەنێوانیاندا هەیە. 

سەرەڕای هەموو ئەوانە، وادەردەکەوێت کە هەڵوێستی تورکیا بەرامبەر ئێران ببێتە بابەتێکی دیکەی تەنگژەکانی نێوان هەردوو وڵات. سەرەڕای گەمارۆکانی ئەمریکا لە مانگی ئابی 2018 و گەڕی دووەمی گەمارۆکان لە تشرینی دووەمی 2018، بەڵام بەرپرسانی تورکیا بەئاشکرا ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە ئامادەنین پابەندبن بەو گەمارۆیانەوە و پەیوەندییەکانیان هاوبەشن و پەیوەستە بە بەرژەوەندییەکانی تورکیاوە.

دابڕانێکی چاوەڕوانکراو
لەناو زۆرینەی چینی ناوەندی دەسەڵاتداری تورکیا، نەک تەنها لەناو پارتی دادو گەشەپێدان، بڕوایەک هەیە کە ڕۆژئاوا، و بەتایبەتی ئەمریکا، نایەوێت کە تورکیا ڕۆڵێکی زۆر کاریگەری ئیقلیمی و چالاکی هەبێت، و هێزێکی ئابووری گەشەسەندوو بێت. هەروەها لەبەرامبەریشدا لەناو چینی ناوەندی دەسەڵاتداری ئەمریکی، بەشێوەی فەرمی و نافەرمی، بۆچوونێک هەیە و دەوترێ کە تورکیا ئەو پێگە ستراتیژییەی نەماوە کە لەسەردەمی جەنگی سارددا هەیبوو، نە بۆ ناتۆ و نە بۆ ئەمریکا ئەو گرنگییەی نەماوە، هەروەها ئەو تێچوو و خەرجییەی ئەمریکا دەیکات بۆ پەیوەندیی و هاوپەیمانێتی لەگەڵ تورکیا زۆر زیاترە لەو سوودەی لێی دەبینێت. بەکورتی، ئەوان پێیانوایە کە دەکرێت تورکیا لە پێودانگ و خاڵەکانی ستراتیژی ئەمریکادا پشتگوێ بخرێت بەبێ ئەوەی کاریگەرییەکی ئەوتۆی هەبێت.
لەوانەیە ژمارەیەک ئاماژە هەبن کە ئەو بۆچوونە تەنها لەناو وەزارەتی دەرەوە و بەرگری ئەمریکادا بوونی نیە. بەڵکو بەشێوەیەکی زۆر ڕوون (بەلایەنی کەمەوە لەڕووی دیپلۆماتییەوە بەڕوونی ) دەرکەوتبێت کە لە لێدوانەکانی بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا باس لەو کێشانەی نێوان هەردوو وڵات کراوە و باس لەوەکراوە دەکرێت دانوستانیان لەبارەوە بکرێت. هەروەکو چۆن مایک پۆمپیۆ لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو ئاماژەی پێدا.

لەناو چینی ناوەندی دەسەڵاتداری ئەمریکی بۆچوونێک هەیە و دەوترێ کە تورکیا ئەو پێگە ستراتیژییەی نەماوە 

بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا، سەرەڕای مامەڵەی دیپلۆماتی ناڕۆشنی ئیدارەی ترەمپ کە ناسەقامگیری زۆر لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆی بەدی دەکرێت، بەڵام هێشتا لە وڵاتانی بەڵکانەوە تاوەکو پاکستان تەنها دەتوانن پشت بە تورکیا ببەستن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕووسیا و ڕێگری لە فراوانبوونی ئەو وڵاتە.

کاتێک بەشێوەیەکی بابەتیانە خوێندنەوە بۆ هاوپەیمانێتی تورکیا و ڕووسیا و تورکیا و ئێران دەکرێت، ئاماژەیەک نییە بۆئەوەی کە ئەوپەیوەندییانە درێژخایەن بن و بەشێک لەو ترسانە زیاد لەپێویستن. بەشێوەیەک کە تورکیا نەک هەر ترسێکی مێژوویی لە ڕووسیا هەیە، بەڵکو لەڕووی ستراتیژی مامەڵەیانەوە لەسەر بەڵکان و قەوقاز زۆر جیاوازە. خۆ ئەگەر باس لە هەڵوێستی تورکیا بکرێت لە پرسی ئۆکرانیا ئەوەندەی دیکە تێڕوانینی جیاوازی بەرژەوەندییەکانی تورکیا و ڕووسیا ڕوونتر دەبێتەوە. هەرچەندە تورکیا بەشێوەیەکی پراگماتیکی لە ئێران نزیک ببێتەوە، بەڵام ڕکابەری نێوان ئەو دوو دەوڵەتە لەسەر ڕۆژهەڵاتی عەرەبی و کەنداو زۆر جیاوازە بەشێوەیەک کە هەرگیز سیاسەتێکی درێژخایەن لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا بەدی نایەت.

لەلایەکی دیکەوە، تورکیا و ئەمریکا چەندین پەیوەندی ئاڵۆز بەیەکتریانەوە دەبەستێتەوە. هەرچەندە ئەمریکا لە سیاسەتی دەرەوەیدا کۆمەڵێ گۆڕانکاری ئەنجامداوە لەماوەی ڕابردوودا، بەڵام هێشتا هێزێکی سەرەکییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەری گەورەی لە بەڵقان هەیە. هەروەها دەتوانێت جوڵەی تورکیا لە ناوچەکە سنوورداربکات. سەرەڕای هەموو ئەوانە، ئەمریکا تەنها وڵاتێکە کە دەتوانێت خواست و بەرژەوەندیە پاوانخوازەکانی ڕووسیا لەناوچەکە سنوورداربکات، ئەگەر بیەوێت یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو دروستبکاتەوە. لەماوەی چەند دەیەی ڕابردووشدا پەیوەندی تورکیا و ئەمریکا زۆر لە بەرژەوەندی تورکیابووە لە ئەوروپا.

بەڵام لەڕووی چەک و جبەخانەوە، پیشەسازی سەربازی تورکیا بەشێوەیەکی زۆر خێرا پێشکەوتن بەخۆیەوە دەبینێت. لەئێستادا تورکیا بۆ نزیکەی لەسەدا 60ی پێویستییە سەربازییەکانی خۆی پشت بە بەرهەمی ناوخۆ دەبەستێت. بەڵام هێشتا هەندێ چەک لەدەرەوە هاوردە دەکات، بەتایبەت لە ئەمریکا. ئەندامێتی تورکیا لەماوەی نزیکەی 70 ساڵی ڕابردوو لەناو ناتۆ، کاریگەری زۆر قوڵی لەسەر بنەما و مەشق و ڕاهێنان و پڕچەککردن و بیرکردنەوەی سوپای تورکیا دروستکردووە، کە ئاوا بەئاسانی گۆڕانکاری بەسەردا نایەت. 

لەگەڵ هەموو ئەوانەش، هەرچەندە ئەمریکا لەڕووی جوگرافییەوە زۆر لە تورکیا دوورە، بەڵام ئەمریکا وەکو گەورەترین هێزی ئابووری جیهان پێنجەم هاوبەشی تورکیایە، کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان زیاتر لە 20 ملیار دۆلار بووە لە ساڵی 2017 و هەر بڕیارێکی ئابووری ئەمریکا بەشێوەیەکی زۆر ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دۆخی بازاڕی تورکیا دەبێت وەکو چۆن لەماوەی قەیرانی هەردوو وڵات لەسەر پرسی قەشە ئەمریکییەکە بەڕوونی ئەوە دەرکەوت. 

بەدوور دەبینرێت کە بەهۆی کێشەیەکی سنووردارەوە پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات بەتەواوی تێکبچێت

بەشێوەیەکی تر بڵێین، چەندین هۆکارهەن کە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکایان ڕێکخستووە لە چەندین ڕووی جیاوازەوە، هەربۆیەشە بەدوور دەبینرێت کە بەهۆی کێشەیەکی سنووردارەوە پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات بەتەواوی تێکبچێت، یان گۆڕانکاری جەوهەری بەسەردا بێت. بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە قەبارەی تەنگژەکانی نێوان هەردوو وڵات زیاتر دەبێت و قۆناغەکانی نیگەرانی دووبارە دەبێتەوە. تورکیا متمانەی زیاتری بەخۆی هەیە و دەیەوێت ڕۆڵێکی زیاتر لە ناوچەکە بگێڕێت. هەرئەمەشە  وایکردووە کە تورکیا دەیەوێت پەیوەندییەکانی فرەچەشن بکات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هاوسەنگی لەنێوان هێزە نێودەوڵەتییەکاندا ڕابگرێت لەڕووی ئابووری و ستراتیژی و لایەنە جیاوازەکانەوە. چەندیش متمانە بەخۆبوونی تورکیا زیاتر بوو و هەنگاوەکانی خێراتر بوون، ئەوا سیاسەتی نێوان تورکیا و ئەمریکا بەیەکتردا دەداتەوە و دەرەنجامەکانی جیاواز دەبن.