لێکۆڵینەوە

05:40 - 03/03/2019

هەموو هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران‌

پەیسەر

هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەسەر سێ دامەزراوەی جیاوازدا دابەش بوون کە بریتین لە  ئەرتەش، سوپای پاسداران و هێزی ئینتزامی ( ئاسایش و پۆلیس)،  سەرجەم ئەم هێزانە لە ژێر چاودێری فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکاندان و فەرماندەی هەموو هێزەکانیش لە لایەن ڕێبەری ئێرانەوە دیاری دەکرێن بەوپێیەی لە دەستوردا رێبەر فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە،  ئەرکی وەزارەتی بەرگری پلاندانان و دابینکردنی پێداویستییەکانی هێزە چەکدارەکانە،  بە وتەی جۆن ئەبی زەید، فەرماندەی پێشووی ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا هێزە چەکدارەکانی ئێران لە بەهێزترین هێزەکانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە.

بە مەزندەی ماڵپەڕی سەربازیی defense tech ژمارەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران نزیکەی ٥١٣٠٠٠ سەربازی چالاک و ٣٥٠٠٠٠ سەربازی یەدەکە.

ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران
ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران سوپای فەرمی و دانپێدانراوی ئێرانە و فەرماندەکەشی ژەنەڕاڵ سەید عەبدوڵڕەحیمی مووسەوییە.
ئەرک و بەرپرسیارییەتەکان
ئەرکی سەرەکیی ئەرتەش بەرەنگاربوونەوەی هەرچەشنە هێرشێکی سەربازی دەرەکی بۆ سەر وڵات، پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵات و پاراستنی سیستمی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.


لە مادەی حەوتی یاسای ئەرتەش، ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی ئەم هێزە بەمجۆرە باس کراوە:
 بەرەنگاربوونەوەی هەرچەشنە هێرشێکی سەربازی بۆ سەر سەروەری وڵات و یەکپارچەیی خاک و  سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتە، هەروەها ئەرتەش لە کاتی پێویستدا هاوکاری هێزەکانی سوپای پاسداران دەکات لە بەرەنگاربوونەوەی ئاژاوەگێڕان و قاچاخچییەکان و هێزە جیایخوازەکان،  دەبێت هاوکاری سپای پاسداران بکات لە یارمەتیدانی گەلانی موسڵمان و چەوساوە لە دژی دوژمنانی ئیسلام، بە مەبەستی پاراستنی وڵات و سیستمت کۆماری ئیسلامی دەبێت راهێنانی سەربازی بە خەڵک بکات بۆ شەڕی چەکداری و...
بودجەی سەربازی ئەرتەش لە ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ نزیکەی ٢٠% کۆی بودجەی سەربازیی ئێران بووە و وەک هەندێک سەرچاوە دەڵێن ساڵی ٢٠١٨ بڕی ٧٥٠ ملیۆن دۆلار بووە. 
پێکهاتەی ڕێکخراوەیی ئەرتەش لە ناوەندێکی فەرماندەیی هاوبەش و ٣ هێز و ناوەندێکی بەرگری ئاسمانی پێکهاتووە.
ئەرکی ناوەندی فەرماندەیی هاوبەشی ئەرتەش بریتییە لە پلاندانان و دروستکردنی هەماهەنگییە لە نێوان چوار هیزەکەی ئەرتەشە، ساڵی ٢٠٠٧ ناوی ناوەندەکە گۆڕدرا بۆ ناوەندی فەرماندەیی گشتیی ئەرتەش و لە ئێستادا فەرماندەی ئەم ناوەندە کەسێکە بە ناوی حەبیبوڵا سەییاری.

هێزەکانی ئەرتەش
هێزی وشکانی ئەرتەش:   ئەم هێزە لە ئێستادا گەورەترین هێزی چەکداری ئێرانە و زۆرترین سەربازی هەیە، فەرماندەی ئەم هێزە کەیومەرس حەیدەرییە و مەزندە دەکرێت نزیکەی ٣٥٠٠٠٠ سەربازی هەبێت، چەکی ڕێکخراوەیی یان چەکی فەرمی ئەم هێزە ژ-٣ی ئەڵمانییە و چەندین جۆری دیکەی چەکی قورس و نیوەقورسی بە دەستەوەیە کە زۆربەیان پاشماوەی شەڕی ئێران و عێراقن.


هێزی دەریایی ئەرتەش: ئەرکی ئەم هێزە پاراستنی سنوورە ئاوییەکانی وڵاتە لە باکور و باشوری ئێران، هەروەها لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا بەرگری لە  بەرژەوەندییەکانی ئێران دەکات، فەرماندەی گشتی ئەم هێزە لە ئێستادا کەسێکە بە ناوی ژەنەرال حسێن خانزادی و مەزەندە دەکرێت نزیکەی ١٨٠٠٠ سەربازی هەبێت.
‌هێزی ئاسمانی ئەرتەش: ئەرکی ئەم هێزە  پاراستنی سنوورە ئاسمانییەکانی وڵاتە و لە ئاسمانەوە و لەڕێی فڕۆکە شەڕکەرەکانییەوە پشتگیری لە هەموو هێزە چەکدارەکانی دیکەی ئێران دەکات، فەرماندەکەی کەسێکە بە ناوی عەزیز نەسیرزاد و مەزەندە دەکرێت ٥٢٠٠٠ ئەندامی هەبێت.
ناوەندی بەرگری ئاسمانی خاتەمولئەنبیا: لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٠٨ بەپێی فەرمانێکی عەلی خامنەیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ئەم ناوەندە دامەزرا کە پێشتر بەشێک بوو لە هێزی ئاسمانی ئەرتەش، هۆکاری جیاکردنەوەی ئەم بەشە لە هێزی ئاسمانی ئەرتەش ئەوە بوو کە خامنەیی پێیوابوو بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێران بەپێی پێشکەوتنە تەکنەلۆژی و پیشەسازییەکانی بەرگری ئاسمانی باشترە کە ناوەندێکی  فەرماندەیی سەربەخۆ پێکبهێنرێت، لە ئێستادا فەرماندەی ئەم ناوەندە کەسێکە بە ناوی عەلیڕەزا سەباحی فەرد.

سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی
سوپای پاسداران نزیکەی ١٢٥٠٠٠ ئەندامی هەیە و لە پێنج بەش پێکهاتووە کە بریتین لە هێزی وشکانی سوپا، هێزی ئاسمانی، هێزی دەریایی، سپای قودس و ڕێکخراوی بەسیجی موستەزعەفین. 
سوپای پاسداران ڕێکخراوەیەکی سەربازییە کە لە یەکەم ڕۆژەکانی دوای شۆڕشی ١٩٧٩ بە فەرمانی ئایەتوڵا خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی دامەزرا، خومەینی لە مانگی ئایاری ١٩٧٩ فەرمانی بە کۆمیتەی شۆڕشی ئیسلامیدا کە ئەم ڕێکخراوەیە دابمەزرێنن، سوپای پاسداران ڕێکخراوێکی سەربازییە و باسکی چەکداریی کۆماری ئیسلامییە.


لە دەستوری ئێراندا بەم شێوەیە باسی سوپای پاسداران کراوە: سوپای پاسداران کە یەکەم ڕۆژەکانی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران دامەزرا، بۆ بەردەوامیدان بە رۆڵی خۆی کە پاراستنی شۆڕشی ئیسلامی و دەسکەوتەکانییەتی، وەک هێزێکی هەمیشەیی دەمێنێتەوە، ئەرک و بەرپرسیارییەتیی ئەم ڕێکخراوەیە لە پەیوەندی لەگەڵ ‌هێزە چەکدارەکانی دیکەدا بە جەختکردن لە سەر هاوکاری و هەماهەنگیی برایانە لە نێوانیاندا بەپێی یاسا ڕێکدەخرێت.
هاوکات لەگەڵ دامەزراندنی سوپای پاسداران، هەندێک هێزی چەکداری دیکەش بە شێوەی خۆڕسک بۆ پاراستنی شۆڕش سەریانهەڵدا کە بریتیبوون لە گاردی شۆڕش، گاردی زانکۆکان و هێزە چەکدارەکانی سەر ڕێکخراوی موجاهیدینی شۆڕشی ئیسلامی، بوونی چوار هێزی هاوتەریب ببووە هۆی دروستبوونی هەندێک گرژی و ناکۆکی لە نێوانیاندا، هەر بۆیە بڕیار درا هاشمی ڕەفسنجانی سەرپەرشتی  ئەم هێزانە بکات و رێکیان بخاتەوە و سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی دابمەزرێنێ.
 لە ٤ی گوڵانی ١٩٧٩دا سەرجەم ئەو هێزانە تێکەڵ بە سوپای پاسداران کران و جەوادی مەنسووری وەک یەکەم فەرماندەی سوپا دەستنیشان کرا، ماوەیەک دواتر کەسێک بە ناوی ئەبوو شەریف کرایە فەرماندە، لەدوای تێکەڵکردنی  هێزەکانی بە سوپا، موحسین ڕەزایی و موحسین ڕەفیقدوست و عەباس دووزدووزانی لەگەڵ خومەینی کۆبوونەوە و داوایانکرد سوپای پاسداران بکرێتە هێزێکی سەربەخۆ، بەمجۆرەش لە ٢٢ی گوڵانی ١٩٧٩دا سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە بەیاننامەیەکەدا بە فەرمی دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند.
 دوای ئەوەی سوپا بووە هێزێکی سەربەخۆ، بەنی سەدر سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ئێران مورتەزا رەزایی وەک یەکەم فەرماندەی سوپای پاسداران دەستنیشان کرد، دواتر لە ئەیلوولی ١٩٨١دا موحسین ڕەزایی لە لایەن خومەینییەوە وەک فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران دەستنیشان کرا و بۆ ماوەی هەژدە ساڵ واتا تا ساڵی ١٩٩٨ لەم پۆستەدا مایەوە، دوای ئەو سەید یەحیا سەفەوی ناسراو بە ڕەحیم سەفەوی لە لایەن خامنەییەوە وەک فەرماندەی سوپای پاسداران دەستنیشان کرا و تا ٢٠٠٧ ئەم پۆستەی بە دەستەوە بوو. لە دوای سەفەوی، محەمەد عەلی جەعفەری فەرماندەی پێشووی هێزی وشکانی سوپای پاسداران لەلایەن خامنەییەوە کرایە فەرماندەی سوپا و تا ئێستاش لەم پۆستەدا ماوەتەوە.


 دوابەدوای دەستنیشان کردنی جەعفەری وەک فەرماندەی گشتیی کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە پێکهاتەی سوپادا کرا و سوپا سەرلەنوێ رێکخرایەوە و لەم چوارچێوەیەدا ڕێکخراوی بەسیجی موستەزعەفین و دەزگای زانیاریی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و ٣١ سوپای تایبەتیش لە سەرجەم پارێزگاکانی ئێراندا دامەزران.
پێکهاتەی فەرماندەیی سوپای پاسداران بە جۆرێکە کە فەرماندەی گشتیی لە سەرووی هەموو هێزەکانەوەیە و دوای ئەویش  جێگرەکەیەتی و لە دوای جێگریش فەرماندەی ناوەندی فەرماندەیی هاوبەش دێت کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ فەرماندەی گشتیی و فەرماندەکانی پێنج هێزەکەیتر لە پەیوەندیدایە، فەرماندەی گشتیی سوپا ڕاستەوخۆ لە لایەن خامنەییەوە دەستنیشان دەکرێت و جێگر و فەرماندەی ناوەندی فەرماندەیی هاوبەش و فەرماندەی هێزەکانیش لەسەر داوای فەرماندەی گشتی سوپا و بە ڕەزامەندی خامنەیی دەستنیشان دەکرێن.
سوپای پاسداران پێنج هێزی سەرەکی پێکهاتووە کە هەرکامیان ئەرک و بەرپرسیارێتی جیاوازیان هەیە کە بریتین لە هێزی وشکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران، هێزی دەریایی سوپای پاسداران، هێزی بەسیج و هێزی سپای قودس.

هێزی وشکانی سوپای پاسداران
هێزی وشکانی سوپا لە ساڵی ١٩٨٥ دامەزراوە، یەکەم فەرماندەشی سەید یەحیا ڕەحیم سەفەوی بووە،  کاراترین و شارەزاترین یەکەی هێزی وشکانی یەکەی سابرینە کە لە ئاستی کۆماندۆکانی فەیلەقی ٦٥ی ئەرتەشدایە، یەکەی سابرین بە شێوەی دەستە و گرووپی بچووک بچووک بەسەر سەرجەم لیوا و فەیلەقەکانی هێزی وشکانیدا دابەش کراون، هەموو لیوا و فەیلەقەکان لقێکی یەکەی سابرینی هەیە، ناوەندی فەرماندەیی سابرین لە بنکەی سەربازی حەیدەری کەڕاڕ لە بەشی ڕۆژهەڵاتی تارانە و لە ئێستادا فەرماندەکەی کەسێکە بە ناوی ژەنەراڵ گەرشاسبی.
 یەکەم ئەزموونی شەڕی یەکەی سابرین لە هاوینی ٢٠١١دا بوو کە لە شاخەکانی سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و قەندیل لە دژی پژاک بۆ ماوەی نزیکەی مانگێک لەشەڕدابوون، لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی سوریا گرووپێک لە ئەفسەرانی سابرین ڕەوانەی سوووریا کران.


یەکەی سابرین لە راستیدا هێزی تایبەتی سوپای پاسدرانە کە بۆ هەندێک چالاکی و شەڕی تایبەت دامەزراوە، ناوی ئەم یەکەیە لە وشەی صابرین لە ئایەتی ٦٥ی سورەتی ئەنفال وەرگیراوە کە لە ئایەتەکە فەرمان بە موسڵمانان کراوە  جیهاد بکەن و لە ژمارەی کەمی ئەوان کە تەنانەت یەک لەسەر دەی کافرانیش بێت نەترسن و سڵ نەکەنەوە، چونکە بە هۆی ئیمانەکەیانەوە، خودا یارمەتیدەریانە.
دوابەدوای پەرەگرتنی چالاکییەکانی پژاک لە ساڵانی ٢٠٠٠دا، سوپای پاسداران بڕیاری دا هێزێکی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوە دابمەزرێنێت، هەر بۆیە یەکەی سابرینی دروست کرد، پێکدادانەکانی ئەم هێزە لەگەڵ پژاک تا ساڵانی ٢٠١١ درێژەی هەبوو،  لە ساڵی ٢٠١٣وە ئەم هێزە دەستیکرد بە ناردنی ئەندامانی خۆی بۆ سوریا، لە زۆربەی شەڕەکانی سوریادا بەشداربوون، هەرچەندە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی دەڵێن ئەم هێزە تەنیا بە مەبەستی ڕاوێژکاریی لە سووریا جێگیر کراون.

هێزی دەریایی سوپای پاسداران
ئەم هێزە لە سەر داوای موحسین ڕەزایی و بە فەرمانی خومەینی لە ساڵی ١٩٨٥دا دامەزرا، دوابەدوای دامەزراندنی ئەم هێزە هەر زۆر خێرا توانی ببێتە هێزێکی کاریگەر چونکە بە کەڵکوەرگرتن لە ستراتیژیی بەلەمی تیژڕەو  لە ئۆپەڕاسیۆنە جیاوازەکاندا و بە تایبەتیش بە بەکارهێنانی بەلەمی تیژڕەو لە ئۆپەراسیۆنی وەلفەجری هەشتدا لە شەڕی عێراق _ ئێراندا و هەروەها پێکدادانی لەگەڵ هێزی دەریایی ئامریکا و بە دەستەوە گرتنی گەرووی هورمز خۆی گەیاندە ئاستی هێزێکی کاریگەر لە شەڕدا.
 ناوەندی فەرماندەیی ئەم هێزە لە سورخە حەساری تارانە و لە ئێستادا زیاتر لە ١٠٠٠ بەلەمی تیژڕەوی عاشورا و تاریق و زولجەناحی هەیە و پێنج ناوچەی جیاوازی دەریایی لە کۆنتڕۆڵدایە، هەروەها چەندین جۆڕ فڕۆکە و کۆپتەری ڕووسی و ئێرانی و ئەمریکی هەیە، چەندین جۆر چەکی دژە کەشتیی هەیە وەک موشەکی سی  ٧٠١و موشەکی کرمی ئاورێشم و موشەکی دژە کەشتیی کەوسەر و نور کە ئاوێتەیەکی چینی و ئێرانییە، فەرماندەی ئەم هێزە لە ئێستادا عەلیڕەزا تەنگسیرییە.

هێزی تایبەتی دەریایی سوپا 
 لە سەرەتاکانی ٢٠٠٧دا بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئامریکا دامەزرا، بژاردەترین و لێهاتووترین ئەندامانی سوپای پاسداران لەم هێزەدا جێگیر کراون، ناوەندی سەرەکیی ئەم هێزە لە دورگەی فاروەر دایە، هۆکاری ئەوەی لەو دوورگەیە جێگیر کراون ئەوەیە کە ڕووبەری ئەم دورگەیە نزیکەی ٣٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و بە سەر گەروی هورمزدا زاڵە.
یەکێک لە ئەرکەکانی ئەم هێزە پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکانی ئێرانە لە بەرامبەر دزانی دەریایی و دابینکردنی ئاسایشی ڕێگە ئاوییەکانی کەنداوە.

هێزی بەرگری ئاسمانی سوپای پاسداران
ئەم هێزە  ساڵی ٢٠٠٩ دوابەدوای هەڵوەشاندنەوەی هێزی ئاسمانیی سوپا  دامەزرا، جگە لە ئەرکەکانی هێزی ئاسمانی، بەرپرسیارێتی موشەکەکانی سوپاشی  لە ئەستۆیە، فەرماندەی ئەم هێزە  ئەمیرعەلی حاجیزادەیە.
یەکێک لە چەکە کاریگەرەکانی ئەم هێزە موشەکی بالستییە کە مەودای ١٠٠٠ بۆ ٢٥٠٠ کیلۆمەتر دەبڕن و چەندین جۆری موشەکی شەهاب، قەدر و سجیلی هەیە، موشەکی شەهاب ١٠٠٠ بۆ ١٥٠٠ کیلۆمەترە دەبرێت، قەدر ١٠٠٠ بۆ ٢٠٠٠ کیلۆمەتر و سجیلیش ١٥٠٠ بۆ ٢١٠٠ کیلۆمەتر دەبڕن، خێراترین موشەکی بالستی ئێران موشەکی سجیلی ٢ە کە ٢٠٠٠ هەزار کیلۆمەتر دەبڕێت و دەتوانێت لە ٧ خولەکدا بگاتە تەل ئەبیب، ئەم موشەکە تەنیا لەڕێی  سیستەمی دژە موشەکی پاتریۆت بێ‌کاریگەر دەکرێت، هەروەها ئێران خاوەن چەندین شاری موشەکییە، شاری موشەکی بەو تونێلانە دەوترێت کە بۆ پاراستن و شاردنەوەی موشەک دروستکراون.

ڕێکخراوی بەسیجی موستەزعەفین
 ڕێکخراوێکی چەکداری سەر بە سوپای پاسدارانە،  ئەرکی ڕاهێنان و ڕێکخستن و چەکدارکردنی هێزە خۆبەخشەکانی لە ئەستۆیە. 
 بەسیجی موستەزعەفین کە پێشتر بە ناوی ‌هێزی بەرگری بەسیج دەناسرا لە ٢٦ی سەرماوەزی ١٩٧٩ بە فەرمانی خومەینی دامەزرا و وەک هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق لە پەرلەمانەوە یاسای تایبەتی بۆ پەسندکرا و بوو بە بەشێک لە سوپای پاسداران، ئەندامانی ئەم ڕێکخراوەیە بە بەسیجی دەناسرێن و بە پێی بڕگەی ١٣ی یاسای سوپا؛ بەسیجی بە کەسێک دەوترێت کە خۆبەخشانە دەچێتە ڕیزی سپاوە، بە پێی هەمان بڕگە بەسیجی بە سێ گرووپی بەسیجی ئاسایی، بەسیجی چالاک و بەسیجی تایبەت یان "پاسداری فەخری" دابەش دەکرێن. لە شەڕی ئێران و عێراقدا ئەم بەسیجیانە بە شێوەی خۆبەخش ڕەوانەی بەرەکانی شەڕ دەکران، هەرچەندە بە رواڵەت خۆبەخشن بەڵام موچەیان هەیە.
‌لەگەڵ دەستبەکاربوونی محەمەد عەلی جەعفەری وەک فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران، ناوەندی فەرماندەیی بەسیج بۆ یەکەمجارە خرایە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانەوە و لە تەموزی ١٩٩٩دا حسێن تایب وەک فەرماندەی بەسیج دەستنیشان کرا، بەڵام دوای هەڵبژاردنەکانی خولی دەیەمی سەرۆک کۆماریی ئێران محەمەد ڕەزا نەقدی بووە فەرماندەی بەسیج و لەم دواییانەشدا بە پێی فەرمانی خامنەیی ژەنەراڵ غوڵامحسێن غەیب پەرەوەر وەک فەرماندەی بەسیج و جێگری فەرماندەی گشتیی سوپا بۆ کاروباری بەسیج دەستنیشان کرا.


ئەم ڕێکخراوە لە سەرجەم دامودەزگا ئیداری و بازرگانی و گشتییەکانی وەک قوتابخانە، زانکۆ، مزگەوت، کۆمەڵەی پزیشکان، کۆمەڵەی ئەندازیاران، کۆمەڵەی مامۆستایان، ژنان، فەرمانگە حکومییەکان، گەڕەکەکان، بازاڕییەکان، کۆمپانیا و شەریکەکان، لقی هەیە و  بەشە بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان کراوە.
بەپێی ماڵپەڕی سەرەکیی بەسیجی موستەزعەفین ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم ڕێکخراوەیە بریتییە لە؛ جێبەجێکردنی فەرمانی خومەینی لە پێناو دامەزراندنی حیزبوڵڵا، تواناسازی و ئامادەکاری لەناو خەڵکدا بۆ پاراستنی شۆڕشی ئیسلامی، یارمەتیدانی حکومەت بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە و ....
بە وتەی بەرپرسانی بەسیج، لە ئێستادا بەسیج نزیکەی ٢٣٨٠٠٠٠٠ ئەندامی هەیە، بەڵام حسێن باستانی، شرۆڤەکاری سیاسی و ڕۆژنامەنووسی شارەزا لە کاروباری سەربازی باسی سێ گرووپ بەسیجی دەکات و سەبارەت بە ژمارە و کار و چالاکییەکانیان دەڵێت: " ژەنەراڵ نەقدی لە دوایین ئاماردا ڕایگەیاندووە ٢٣٨٠٠٠٠٠ خۆبەخشی بەسیج هەیە، بە دڵنیاییەوە ئەم ئامارە ڕاست نییە، بەڵام وا دەردەکەوێت کە لانیکەم ٥ میلیۆن بەسیجی هەبێت کە لە بەسیجی ئاسایی و بەسیجی چالاک و بەسیجی تایبەت پێک دێت. بەیسجی تایبەت هەمان هێزە چەکدارەکانی بەسیجە کە ژمارەیان لە ١ میلیۆن کەس تێناپەڕێت، فەرماندەی ئەمانە ڕاستەوخۆ لە لایەن خامنەییەوە دەستنیشان دەکرێت و  بەدناوترین و توندوتیژترین هێزی چەکداری کۆماری ئیسلامییە، محەمەد ڕەزا نەقدی فەرماندەی ئەم هێزەیە".
ئەم هێزە ئامادەیی خۆی بۆ هەرچەشنە کردەوەیەکی خۆکۆژی لە دژی هەر جۆرە هێرشێکی سەربازیی ئامریکا بۆ سەر ئێران دەربڕیوە و بە وتەی بەرپرسانی بەسیج هەزاران خۆکوژی لە ژێر ناوی کردەوەی ئیستیشهادیدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی سەربازی ئامریکا ئامادە کردووە.


ئۆپۆزسیۆن و زۆربەی شرۆڤەکاران پێیانوایە کۆماری ئیسلامی ئەم هێزە بەکار دەهێنێت بۆ سەرکوتکردنی هەر چەشنە دەنگ‌هەڵبڕین و سەرهەڵدانێکی جەماوەری لە دژی سیستەم، حسێن باستانی پێیوایە ئەو هێزەی بە ناوی لیباس شەخسی و ئەنساری حیزبوڵڵا دەناسرێت و دەستێکی باڵای لە سەرکوتکردنی بزووتنەوەی خوێندکاری و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیدا هەیە، بەشێکە لە هێزە ڕاهێنراوەکەی بەسیج و دەڵێت: "ئەنساری حیزبوڵڵا ساڵی ١٩٩١ دامەزرا، ئەم گرووپە نە وەک پارتێکی سیاسیی، بەڵکوو وەک کۆمەڵەیەکی کلتووری دامەزرا، بەڵام هەر لە سەرەتاوە بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی هەندێک لایەنی ناو سوپای پاسداران دامەزرا، هەندێک لە کاربەدەستان و فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران و هێزەکانی ئیتلاعاتی ئێران دەستیان لە دامەزراندن و بەرەوپێشبردنی ئەم هێزەدا هەبووە و لە ڕاهێنانەکانیاندا فێری کردەوەی توندوتیژ و توندڕەوانەیان کردون بۆ بەرەنگاربوونەوەی خۆپیشاندانەکان."
سەبارەت بە پێگەی بەسیج لە ناو هێزە چەکدارەکانی ئێران، باستانی پێیوایە سوپای پاسداران وەک گەورەترین کارتێلی ئابووری ئێران، بە هۆی بودجە نافەرمییەکانیەوە پشتگیری لە بەسیج و هەندێک گروپی دیکەی سەر بە خۆی دەکات، هەر بۆیە بەسیج بووەتە چوارەمین هێزی چەکدار لە دوای ئەرتەش و سوپای پاسداران و ئاسایش، کە  دەستێوەردانی زۆر لە کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتیی ناوخۆی ئێران دەکات.

هێزی قودس یان سوپای قودس
هێزێکی تایبەتی سوپای پاسدارانە و بەرپرسیارێتیی چالاکییە سەربازییەکانی دەرەوەی سنووری لە ئەستۆدایە، ئەم هێزە لە سەروبەندی شەڕی ئێران و عێراقدا دامەزرا و ئامانجەکەشی بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە خاکی عێراقدا بوو، هەندێک سەرچاوە، هێزەکانی سوپای قودس بە ٢٠٠٠٠ کەس مەزەندە دەکەن و هەندێک شرۆڤەکاری سەربازیش ئەمە هێزە لە ڕیزی بەهێزترین هێزە تایبەتەکانی جیهاندا دادەنێن، فەرماندەی ئەم هێزە قاسم سولەیمانییە.


ئەم هێزە لە ژێر دەمامکی چالاکیی کلتووریی و هونەری لە دەرەوەی ئێراندا چالاکیی زانیاری و ئیستخباراتی دەکات و دەستی داوەتە سازکردنی فیلمی دیکۆمینتاری لە دژی ڕۆژئاوا، ئەرکی سەرەکی سپای قودس؛ ڕێکخستن و پڕچەک کردنی گروپە ئیسلامییە چەکدارەکانە کە ئاجێندای ئێران لە ناوچەکەدا جێبەجێ دەکەن، لە راستیشدا وەک قاسم سولەیمانی خۆی دەڵێت سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە ناوچەکەدا بە دەستی سوپای قودسە، ئەم هێزە دەسەڵاتێکی زۆری لە عێراق و لوبنان و سوریا و یەمەندا هەیە، ئامانجی ئەم هێزە سەپاندنی هەژمونی ئێرانە لە ناوچەکەدا.
ڕایت ڕۆبن، فەرماندەی هێزەکانی ئامریکا، ناوچەی چالاکییەکانی سوپای قودسی بۆ هەشت ناوچە پۆلێنبەندی کردووە کە بریتین لە وڵاتە ڕۆژئاواییەکان، عێراق، ئەفغانستان و پاکستان و هیند، ئیسڕائیل و لوبنان و ئەردەن، تورکیا، ئافریقای باکوور، نیمچە دوورگەی عەرەبستان، وڵاتانی سۆڤیەتی پێشوو.
محەمەد عابدین، بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی تیرۆریزم لە لەندەن پێیوایە ئەندامانی ئەم گرووپە کەسانی زیرەک و لێهاتوون و دەسەڵاتی تەواوی بڕیاردانیان هەیە. 
هەندێک کردەوەی تیرۆریستی لە دژی کەسانی نەیاری ئێران دراوەتە پاڵ ئەم هێزە کە لەوانە دەکرێت ئاماژە بە تەقاندنەوەی بنکەی چەکداران ئەمریکی و فەڕەنسی لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان لە ٢١ی ئۆکتۆبەری ١٩٨٣ بکرێ کە تێیدا دوو ئەندامی حیزبوڵلای لوبنان لۆرییەکیان بە ٥٤٠٠ کیلۆگرام تەقەمەنی و تی ئێن تییەوە بە باڵەخانەی بنکەی ئەو هێزانەدا تەقاندەوە و ٢٨٦ قوربانی لێکەوتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە زمانی کاربەدەستێکی باڵای ئەمنی عێراقەوە؛ سپای قودس بەرپرسیاری سەرەکی تاوانی ئەلنەخیبە کە تێیدا ٣٠ عێراقی لە کاتی گەڕانەوە لە سوریا کوژران، بەرپرسێکی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەڵێت ئامانجی ئەم تیرۆرە دروستکردنی ئاڵۆزی و شەڕی تایفی بوو لە عێراقدا، ئەم کاربەدەستە باڵایە دەڵێت: "ئامانجی سوپای قودس دەست بەسەرداگرتنی سنوری عێراق و سوریایە"، ئەم سەرچاوەیە هەر وەها باس لە دزەکردنی ئەم هێزە لە ژێر ناوی کۆمپانیای بازرگانی لە هەرێمی کوردستان دەکات.


 جگە لەو هێز و ناوەندانە، سوپای پاسداران دوو بەشی دیکەشی هەیە ئەوانیش نوێنەرایەتیی وەلی فەقیه و ڕێکخراوی پاراستنی زانیارین، یەکەمیان سەر بە فەرماندەیی سوپا نییە و ڕاستەوخۆ لە ژێر فەرمانی ڕێبەری ئێراندایە و دووەمیشیان کەم تا زۆر سەربەخۆیە و فەرماندەکەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ نووسینگەی ڕیبەری ئێران لە پەیوەندیدایە و ڕاپۆرتەکانی ڕادەستی ڕێبەری ئێران دەکات.
محەمەد عەلی جەعفەری بە پۆلێنبەندی کردنی هەڕەشەکانی سەر ئێران بۆ هەڕەشەی نەرم (  شەڕی فکری و ئایدۆلۆژی یان شەڕی ڕاگەیاندن بە تایبەتیش لەناو سۆشیال میدیا)، هەڕەشەی نیوەدژوار (وەک خۆپیشاندانەکان و هەڕەشە ئابووری و سیاسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان) و هەڕەشەی دژوار (وەک سەرهەڵدانی چەکداری، شەڕی ناوخۆیی و شەڕی دەرەکی)، بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی نەرمی سپاردووەتە بەسیجی مەدەنی، نیوە دژواری ڕادەستی بەسیجی چەکدار و دژواریشی سپاردووەتە هێزی زەمینیی سوپای پاسداران و بەسیجی چەکدار.

چالاکییە ئابوورییەکانی سپای پاسداران
بە پێی بڕگەی ١٠ی پەیڕەوی ناوخۆی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی یەکێک لە بەرپرسیارێتییەکانی سوپای پاسداران لە کاتی ئاشتیدا بریتییە لە " بەشداریکردن لە یارمەتیدانی خەڵک لە کاتی رووداوە سروشتییەکانی وەک لافاو و بوومەلەرزە و خزمەتگوزاری فریاکەوتن و بەهاناوەچوون، ڕاهێنان، بەرهەمهێنان و ئاوەدانکردنەوە لە سەر داوای حکومەت ..." بەڵام سوپا لەژێر ناوی بەشداریکردن لە راهێنان و ئاوەدانکردنەوەدا لە سەرەتای نەوەدەکانەوە دەستیکردووە بە چالاکی ئابوری.
بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی ڕێکخراوی ڕەند، سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لەدوای  کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران و عێراقەوە تا ئێستا زیاتر لە ٨٠٠٠ گرێبەستی لە ڕێگەی ڕێکخراوە تایبەتەکانی خۆیەوە واژۆ کردووە و پشکی شێری لە جێبەجێکردنی پڕۆژە ئابوورییەکانی ئێراندا بەرکەوتووە.


هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن سوپا ساڵانە نزیکە ١٥ میلیار دۆلار داهاتی هەیە، دیارە هیچ ڕاپۆرتێکی دارایی سەبارەت بە چالاکییە ئابوورییەکانی سوپا تا ئێستا بڵاو نەکراوتەوە و تەنانەت  کەس نازانێت بودجەی ساڵانەی چەندەیە.
سوپا لە هەموو بوارەکانی نەوت و گاز و ڕێگەوبان و بەنداودروستکردن و دروستکردنی ونێلی و کشتوکاڵ و پیشەسازی ئۆتۆمبێل و تەندروستیدا چالاکە بە شێوەیەکی ئاکتیڤ بەشداری دەکات و بەشێکی گەورەی ئابووری ئێرانی بە دەستەوەیە، زۆربەی چالاکییە ئابوورییەکانی لەلایەن قەرارگای خاتەمولئەنبیاوە دەکرێت، بە وتەی پەرلەمانتارێک سوپای پاسداران بە شێوەیەکی نایاسایی دەستی بەسەر زیاتر لە ٦٠ بەندەر گرتووە کە لەڕێی ئەو بەندەرانەوە بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە دەکات و حکومەتیش هیچ چاودێرییەکی بەسەر چالاکییە ئابوری و بازرگانییەکانی سوپاوە نییە، بە جۆرێک مەحمود ئەحمەدینژاد سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران لە کۆتایی سەرۆکایەتییەکەیدا رەخنەی لە سوپا گرت و با تەشەرەوە پێیوتن برایانی قاچاخچی.
 لە ئێستادا سوپای پاسداران دەستی بە سەر زۆربەی دامەزراوە ئابووری و میدیایی و تەنانەت دەزگا هەواڵگرییەکانیشدا گرتووە و بە بۆچوونی زۆربەی شرۆڤەکاران ئەم چالاکییانەی سوپا مەترسییەکی گەورەی دروستکردووە بۆ سەر کەرتی تایبەت، حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆمار لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئاماژەدان بە چالاکییەکانی سوپا ڕەخنەی لەکۆنتڕۆڵکردنی هەموو دەسەڵاتەکان لەلایەن سوپاوە گرت و وتی " ئەگەر سەلمانی فارسی و ئەبوزەری غەفاریش ببنە خاوەنی دەزگای هەواڵگری، چەک، پارە، سەرمایە، ماڵپەڕی ئینتەرنێت، ڕۆژنامە و ئاژانسی هەواڵ ئەوا ئەوانیش فێری گەندەڵی دەبن.

چالاکییە سیاسییەکان
بەپێی دەستور و فەرمانی خومەینی و خامنەیی، ئەندامانی سوپای پاسداران تا ئەو کاتەی ئەندامی سوپا بن مافی بەشداریکردنیان لە کاروباری سیاسیدا نییە، بەڵام بە پێچەوانەی دەستور سوپا رۆڵێکی گەورەی هەیە لە سیاسەتی ئێراندا، تەنانەت هەندێک باڵی ریفۆرمخوازی ناو دەسەڵاتی ئێران بەردەوام رەخنە لە چالاکییە سیاسییەکانی سوپا دەگرن، جگە لەوەش سەرباری ئەوەی عەلی خامنەیی دەڵێت نابێت سوپا بەشداری لە چالاکی سیاسیدا بکات بەڵام بە وتەی ئۆپۆزسیۆن و بەشێکی زۆری شارەزایانی سیاسی ئێران خامنەیی خۆی رێگەیداوە سوپا بەشداری لە چالاکی سیاسیدا بکات، هەروەها بەرپرسە باڵاکانی سوپا لە زۆر دیدار و دانوستانی سیاسیی ناوچەکەدا لەژێر ناوی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریدا بەشداری دەکەن، لەم دوایانەدا هۆکارێکی سەرەکی دەست لەکارکێشانەوەی محەمەد جەواد زەریف لە پۆستی وەزارەتی دەرەوە بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە قاسم سولەیمانی و سوپای قودس سیاسەتی دەرەوەی ئێرانیان لە ناوچەکەدا بۆخۆیان قۆرخ کردوە و پێگەی وەزارەتی دەرەوە بە تەواوی لاواز بووە.

هێزی ئینتیزامیی کۆماری ئیسلامی ئێران( ئاسایش و پۆلیس)
 ئەم هێزە ساڵی ١٩٩١ لە تێکەڵکردنی سێ هێزی شارەبانی و ژاندارمێری و کومیتەی شۆڕشی ئیسلامی پێکهات و ئێستا بە شێوەی فەرمی هێزی سەرەکیی پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی ئێرانە، بەڵام لە پاڵ ئەم هێزەدا، هەندێک هێزی دیکەی وەک بەسیج و سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات، دەستوەردەدەنە کاروباری ئەمنی کۆمەڵگاوە.


ئاسایش و پۆلیس لە ئێراندا بۆ ماوەیەکی درێژ لە دوو بەشی سەرەکیی شارەبانی و ژاندارمێری پێکهاتبوو، لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران کومیتەی شۆڕشی ئیسلامی وەک یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سەقامگیری و ئاسایشی ناوخۆ  بە مەبەستی پاراستنی بنەماکانی کۆماری ئیسلامی دامەزرا، زۆربوونی ژمارەی کارمەندانی پۆلیس لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ و پێویستیی تێکەڵاو کردنی ئەم هێزانە بووە هۆی ئەوەی بە پێی بڕیاری پەرلەمانی ئێران لە ١٩٩١دا ئەو سێ هێزە تێکەڵ بکرێن و هێزێکی پۆلیسی یەکگرتووی لێ دروست بکرێت و بخرێتە ژێر چاودێریی وەزارەتی ناوخۆوە، بەڵام فەرماندەی ئەم هێزەش لە لایەن خامنەییەوە دەستنیشان دەکرێت و لە ئێستادا ژەنەراڵ حسێن ئەشتەری فەرماندەی ئەم هێزەیە.
هێزی پۆلیسی ئێران نزیکەی ١٨ بەشی جیاوازی هەیە کە یەکەی تایبەت و ‌پاسەوانانی سنوور و پۆلیسی هاتوچوو و یەکەکانی هەواڵگری بەشێک لەم هێزەن، یەکەی تایبەتی پۆلیس زیاتر ئەرکی سەرکوتکردنی هەرچەشنە خۆپیشاندان و بە وتەی خۆیان ئاژاوەگێڕییەکە کە بە نوپو واتا هێزە تایبەتەکانی پارێزگاری ویلایەت (نیروهای ویژە پاسدار ولایت) ناسراوە.