ڕاپۆرتی کوردستانی

07:02 - 04/03/2019

مانۆڕى تاقیكردنه‌وه‌ى كارته‌كان كۆتاییهات‌

فه‌رمان حه‌سه‌ن

گرێى پۆسته‌كان کرایەوە

دواجار گرێى پۆسته‌كان له‌نێوان یه‌كێتى و پارتى كرایه‌وه‌، پاكێجه‌ نوێیه‌كه‌ به‌لاى بارزانیدا تێپه‌ڕى و یه‌كێتى مانۆڕێكى پێنج مانگه‌ى كۆتاییپێهێناو له‌سه‌ر به‌شێك له‌و پۆستانه‌ى ده‌یوست واژۆى له‌گه‌ڵ پارتى ئاڵوگۆڕكرد، به‌وجۆره‌ش رێككه‌وتنێكى سیاسى، گوشار و جموجوڵه‌كان، لێدوانه‌كانى ده‌رباره‌ى دوو ئیداره‌یى، ئیداره‌ى به‌ستراو به‌ به‌غداوه‌، ئاڵۆزى و شه‌ڕى ناوخۆ كرد به‌ مێژوو.

یه‌كێتى له‌دواى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌، كارى پێكه‌وه‌یى له‌گه‌ڵ پارتى به‌ په‌سه‌ندكردنى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن ده‌ستپێكرد، كاتێك نوێنه‌ره‌كانى، گۆڕان، كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو لە کۆمسیۆن، ئه‌نجامه‌كه‌یان واژۆنەكرد و یه‌ك ده‌نگى دیكه‌ پێویست بوو بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجامه‌كان، به‌ڵام دواتر خواستى یه‌كێتى ئه‌وانه‌ نه‌بوون كه‌ دواى په‌سه‌ندكردنى ئه‌نجامه‌كان چاوه‌ڕێى كرد، ئه‌و پۆستانه‌ى ده‌یویستن رووبه‌ڕووى ڤیتۆى قورس بوونه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌ستى به‌ دروستكردنى جوڵه‌ى سیاسى ودیبلۆماسى و فشارى سیاسى كرد، له‌ به‌غداو هه‌م له‌ هه‌رێمیش.


مانۆڕه‌كه‌ى یه‌كێتى

یه‌كێتى پێداگرى خۆى له‌سه‌ر هاوسه‌نگى ده‌سه‌ڵات، هاوبه‌شى راسته‌قینه‌ خاونه‌كرده‌وه‌، ته‌نانەت دواى كۆبوونه‌وه‌ى یه‌كه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان، گوته‌بێژى ئه‌و حزبه‌ باسى له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى سه‌قفى داواكانى حزبه‌كه‌ى كرد و گوتى"یه‌كێتى له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تییه‌كان عه‌رزى نوێى ده‌بێت".وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ داواكردنى پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم، هه‌روه‌ها پێداگربوو له‌وه‌ى پارێزگارێكى یه‌كێتى بۆ كه‌ركوك دابنرێت ئه‌وجا بێته‌پێش بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت، وه‌رگرتنى وه‌زاره‌تى دادیش مه‌رجى یه‌كێتى بوو، هه‌روه‌ها ئه‌و حزبه‌ پێنج وه‌زاره‌تى له‌ هه‌رێم ده‌ویست، جارێكیش داواى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم و بریكارى وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كانى كرد، زانیاریش هه‌بوون كه‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ له‌ لیستى وه‌زاره‌ته‌ داواكراوه‌كانى یه‌كێتیدایه‌.

ئه‌و حزبه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى داواكارییه‌كانى ته‌نها به‌ سه‌ردانه‌كانى بۆ به‌غداو لایه‌نه‌كانى دیكه‌ نه‌وه‌ستا، به‌ڵكو كۆبوونه‌وه‌ى جه‌ماوه‌رى فراوانى رێكخست و جه‌ختیان له‌ جێبه‌جێكردنى داواكارییه‌كان كرده‌وه‌، له‌ رێگه‌ى راگه‌یاندنیشه‌وه‌ لۆبى بۆ پاكێجه‌كه‌یان دەكرد، به‌ جۆرێك پشتیوانى چینه‌كانى خه‌ڵكی بڵاو دەکردەوە، بۆ ئه‌و پاكێجه‌ى حزبه‌كه‌ هه‌یبوو بۆ دابه‌شكردنى پۆسته‌كان به‌وه‌ش ویستى رووى رای گشتى به‌ره‌و پرۆژه‌كه‌ى وه‌ربگێڕێت، گوتارى راگه‌یاندنى ئه‌و حزبه‌ ره‌خنه‌ى زۆرى له‌ رێككه‌وتنى گۆڕان و پارتى تێدابوو بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت، یه‌كێتى به‌جۆرێك نیگه‌رانبوو له‌ راگه‌یاندنى فه‌رمى خۆیه‌وه‌ ئه‌مه‌ى به‌ مه‌رگى سیاسى گۆڕان وه‌سفكرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، گۆڕان دوا بزمارى له‌ تابوتى خۆیداوه‌.

ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى و به‌رپرسانى دیكه‌یان، خواستى خۆیان بۆ دروستكردنى دوو ئیداره‌یى نه‌شارده‌وه‌، بژارده‌ى به‌ستنه‌وه‌ى هه‌رێمێكى نوێ له‌ سلێمانییه‌وه‌ به‌ به‌غداوه‌ بژارده‌ى دیكه‌ى به‌رده‌مى یه‌كێتى بوو، دوایین جار ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندى ئه‌و حزبه‌ سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى ده‌ستكراوه‌ كرد بۆ هه‌ر بڕیارێك كه‌ له‌و باره‌وه‌ ده‌یدات، بەڵام ئەو حزبە هەموو ئەو فایلانەی داخست و رێککەوتنێک بۆ دابەشکردنی پۆستەکان شوێنی هۆشدارییەکانی گرتەوە.

رێككه‌وتنێكى ناروون

یه‌كێتى و پارتى گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن و ناوه‌رۆكى رێككه‌وتنه‌كه‌ش رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌و روون نییه‌، گوته‌بێژى پارتى مه‌حمود محه‌مه‌د، دوایین قسه‌ى خۆى له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ كه‌ به‌ده‌م رۆشتنه‌وه‌ كردى سوچێكى مه‌سه‌له‌ى كه‌ركوكى ده‌رخست، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ كه‌ركوك به‌ ئاساییكردنه‌وه‌ ده‌بێت و ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا باسده‌كرێت، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ نه‌بوو كه‌ یه‌كێتى ده‌یویست، چونكه‌ یه‌كێتى پێداگربوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پارێزگارێكى له‌دۆخی شێواوى كه‌ركوكدا هه‌ر هه‌بێت، ئه‌و پێداگرییه‌شى بێمه‌به‌ست نه‌بوو هه‌م بۆ یه‌كێتى ده‌بووه‌ ده‌ستكه‌وتى سیاسى و براوه‌ى دانوستان، هه‌م مه‌له‌فى بەشێک لە نه‌وتى كه‌ركوكى ئاسانتر ده‌هاته‌ ده‌ست، كه‌ ئێستا ئه‌مریكا هۆشداریداوه‌ له‌ ره‌وانه‌كردنى بۆ ئێران به‌ تانكه‌ر، باس له‌وه‌ده‌كرێت چه‌ند  به‌رپرسێكى ئه‌و حزبه‌ سه‌رپه‌رشتى ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن.

پێده‌چێت پارتى ئاماده‌بووبێت پۆستى وه‌زاره‌تى داد بدرێت به‌ یه‌كێتى، پێنج وه‌زاره‌تى حكومه‌تى هه‌رێم و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت و سه‌رۆكى په‌رله‌مانیش پشكى ئه‌و حزبه‌ن، له‌سه‌ر كه‌ركوكیش لێكتێگه‌یشتن هه‌یه‌ به‌ رێككه‌وتن بابه‌ته‌كه‌ به‌لادا بخرێت، له‌تیف شێخ عومه‌ر گوته‌بێژى یه‌كێتى له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ قسه‌كانى به‌ جۆرێك بوو كه‌ گرنگ له‌ هه‌موو شت جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌یه‌، و له‌كاتى جێبه‌جێكردنیدا ورده‌كارى رێككه‌وتنه‌كه‌ روون ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌ كه‌ به‌شێكى رێككه‌وتنه‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ئاینده‌وه‌.

مه‌سه‌له‌ى كاندید

پارتى پرسى دیاریكردنى كاندیدى ئه‌وه‌نده‌ له‌ یه‌كێتى گه‌وره‌كرد، ره‌زامه‌ندى ئه‌و حزبه‌ بۆ دانانى رزگار عه‌لى بوو به‌ جه‌وهه‌رى بابه‌ته‌كه‌ له‌كاتێكدا دانانى ئه‌و كاندیده‌و ده‌ستبه‌كاربوونى بنه‌ڕه‌تى بابه‌ته‌كه‌یه‌ نه‌ك په‌سه‌ندكردنى ناوه‌كه‌ى بۆ بوونه‌ كاندیدى پارێزگار، كه‌ پێده‌چێت دانانى به‌ پرۆسه‌یه‌كى ئاڵۆزى دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غداو هاوكێشه‌ى هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تیدا تێپه‌ڕبێت.

چى ده‌رگا داخراوه‌كانى كرده‌وه‌؟
له‌سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكردنى ناكۆكییه‌كه‌وه‌ گرێكه‌ له‌ پۆسته‌كان درووستبوو، پێده‌چێت هه‌ر له‌پۆسته‌كانیشه‌وه‌ كرابێته‌وه‌، بۆیه‌ش كۆتا جار كۆبوونه‌وه‌ى شاندى یه‌كێتى له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى بابه‌ته‌كه‌ى یه‌كلایى كرده‌وه‌، بارزانى له‌و كۆبوونه‌وه‌ ئۆكه‌یى له‌سه‌ر وه‌زاره‌تى داد داو بۆ پارێزگارى كه‌ركوكیش لارى له‌ كاندیدى یه‌كێتى نه‌بوو به‌ڵام دواى ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى پارێزگاكه‌، هه‌روه‌ها به‌پێى رێككه‌وتنه‌كه‌ى ئه‌مڕۆش بێت سه‌رۆكى په‌رله‌مان و جێگرى حكومه‌ت و پێنج وه‌زاره‌ت له‌گه‌ڵ به‌ڵێنه‌كانى بارزانى كۆتایى به‌ مانۆڕه‌كانى یه‌كێتى هێناو ده‌رگا كڵۆمدراوه‌كانى خسته‌ سه‌رپشت.

یه‌كێتى به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌و دابه‌شكردنى پۆسته‌كان فایله‌كانى دوو ئیداره‌ى و هه‌رێمى نوێ و فشار و جموجوڵه‌كانى داخست، رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌ ساتێكى كه‌مدا گرژییه‌كانى ره‌وانده‌وه‌، كه‌ پێشتریش له‌مانگى ١١ی ساڵى رابردووه‌وه‌ ده‌كرا هه‌مان رێككه‌وتن به‌مجۆره‌ى ئێستا واژۆبكرێت، به‌ڵام تا هه‌موو كارته‌كان تاقینه‌كرانه‌وه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌دایك نه‌بوو.

چى له‌ بۆته‌ى رێككه‌وتنه‌كه‌دایه‌؟

خاڵه‌كانى رێككه‌وتنه‌كه‌ پیشانى خه‌ڵك نه‌دران و بڵاونه‌كرانه‌وه‌، راگه‌یاندنه‌كانى هه‌ردوو حزب ته‌نها گوته‌كانى گوته‌بێژى هه‌ردوو حزبیان له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ وه‌ك ناوه‌رۆكى رێككه‌وتنه‌كه‌ باسكردوو، زانیارى دیكه‌یان باس نه‌كرد، كه‌ له‌سه‌ر چى و چۆن رێككه‌وتنه‌كه‌ كراوه‌، ئایا بابه‌ته‌كانى ئاساییكردنەوەى دۆخى ئابورى هه‌رێم، شه‌فافكردنى مه‌له‌فى نه‌وت، چاكسازى، لابردنى پاشەكه‌وتى مووچه‌، سه‌ربه‌خۆیى دادگا به‌شێكن له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌؟ ئه‌وه‌ له‌ ئاینده‌دا روونده‌بێته‌وه‌، هه‌رچه‌ند یه‌كێتى به‌رێككه‌وتن له‌ ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى پۆستى وه‌رگرتووه‌و پێناچێت به‌لاى بابه‌تى سه‌ربه‌خۆیى دادگاداچووبن.

بۆچى بڵاو نه‌كرایه‌وه‌؟

گریمانه‌كانى بڵاونه‌كردنه‌وه‌ى زۆر نین، پێده‌چێت له‌سه‌ر داواى لایه‌كیان بێت تا نیگه‌رانى ناوخۆیى لێنه‌كه‌وێته‌وه‌، یاخود هه‌ردوولایان وایان پێباش بووبێت، گه‌ریمانه‌ى دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ خاڵى تایبه‌تى تێدابێت له‌سه‌ر دابه‌شكردنى نه‌وت و داهات، ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ خاڵه‌كانى رێككه‌وتنه‌كه‌ زۆرتر تایبه‌ت بن به‌نێوانى هه‌ردوو حزب و كه‌متر په‌یوه‌ستن به‌ ژیانى گشتى و كارنامه‌ى حكومه‌ته‌وه‌ بۆیه‌ش بڵاوكردنه‌وه‌یان پێگونجاو نه‌بووه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ناوه‌رۆكى رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌سه‌ر ژیانى گشتى و كێشه‌ى خه‌ڵك بێت و په‌یوه‌ست بێت به‌ پرسه‌كانى چاكسازى و ئازادى و دیموكراسییه‌وه‌ به‌ربه‌ستى ئه‌وتۆنییه‌ بۆ بڵاوكرده‌وه‌ى.

ده‌رمانى نه‌رمكردنى گرژییه‌كان

پرسیارى گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر كێشه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پۆستانه‌ى ئه‌مڕۆ رێككه‌وتنیان له‌سه‌ر كرا، به‌رده‌وام بووایه‌ له‌سه‌ر دابه‌شكردنى رێككه‌وتن نه‌كرایه‌، كوردستان به‌ كوێ ده‌گه‌یشت؟ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و پۆستانه‌ى كوردستان دابه‌شده‌بوو؟پێده‌چێت ده‌واى ده‌ردى ئه‌و ناكۆكییه‌ى سیاسییه‌ى پێنج مانگى رابردوو خه‌ڵكى كوردستانى پێوه‌ سه‌رقاڵكرا ته‌نها پۆست بووبێت، یه‌كێتى داواجار ئاماده‌بوو بۆ وه‌رگرتنى ئه‌و پۆستانه‌ى ده‌یوست نه‌رمى بنوێنێت و به‌شێكیشى به‌ده‌ستهێنا، به‌وجۆره‌ش لێدوان و قسه‌ تونده‌كان، پرۆژه‌كان بۆ دووله‌تكردكردنى هه‌رێم له‌ ماوه‌یه‌كى كه‌مدا توانه‌وه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ پارتى بووه‌ جێگره‌وه‌ شوێنى پلانه‌كانى ئه‌ى و بى و سى یه‌كێتى گرته‌وه‌ كه‌ باسده‌كران، په‌یامه‌ تونده‌كانیش گۆڕان بۆ په‌یامى پێكه‌وه‌یى و نه‌رم.