ڕاپۆرتی کوردستانی

09:58 - 06/03/2019

دۆخی زمانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان‌

پەیسەر

لەگەڵ هەر نووسەرێک یان چالاکێکی مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر دۆخی زمان لە رۆژهەڵات قسە دەکەی دەڵێن لە رۆژهەڵات بە دوو ئاراستە لەسەر زمانی کوردی کار دەکرێت، ئاراستەیەکیان هەوڵی بووژانەوەی دەدات و ئاراستەیەکیشان هەوڵی سڕینەوە و لاوازکردن و لەناو بردنی دەدات.

هەرچەندە لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ کاتێک دەستوری ئێران نووسرایەوە لە مادەی ١٥ی دەستورەکەدا ئەو مافە بە نەتەوەکانی ئەو وڵاتە دراوە کە بە زمانی زگماکی بخوێنن، بەڵام دوای تێپەڕبوونی ٤٠ ساڵ هێشتا حکومەت و دەسەڵاتدارانی ئێرانی رێگەیان نەداوە ئەم مادەی دەستور جێبەجێ بکرێت، کاتێک پەرلەمانتارێک یان رۆژنامەنووسێک ئەم پرسە دەوروژێنێت بە توندی دژایەتی دەکرێت، تا ئەو ئاستەی کەسەکە تۆمەتبار دەکرێت بە هەوڵدان بۆ دابەشکردنی ئێران.

بەڵام سەرباری ئەو ڕێگریکردنەی دەسەڵات لە خوێندن بە زمانی کوردی لەم ساڵانەی دواییدا بە دەیان ناوەند و رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی لە رۆژهەڵات سەریانهەڵداوە کە خۆبەخشانە کار بۆ بوژانەوە و بەهێزکردنی زمانی کوردی دەدەن، ئەو ناوەندانە لە شار و گوندەکان خولی فێرکردنی زمانی کوردی بۆ هاوڵاتیان دەکەنەوە لە تەمەنی جیاواز لە منداڵەوە بگرە تا گەورەساڵ، تا دێت ئاستی پێشوازی خەڵک لەم ناوەندانە زیاتر دەبێت، لە ئەمساڵدا بە بۆنەی رۆژی جیهانی زمانی زگماکەوە لە هەندێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک بانە و سنە خەڵک لە چەندین کۆبوونەوەی جەماوەریدا لە ئاستێکدا بەشدارییان لە ڕێوڕەسمەکاندا کرد کە بەبۆچوونی زۆربەی چالاکانی مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەبوو بۆ ئەوەی داواکاری خوێندن بە زمانی دایک ئێستا تەنیا داوکاری چینێکی نوخبەی کۆمەڵگا نییە بەڵکو داوکارییەکی سەرەکی زۆربەی خەڵکە.
 
کۆمەڵەی کلتوری و فێرکاری سۆما، یەکێک لەو ناوەندە خۆبەخشانەیە کە لە ساڵی ٢٠٠٢ لە شاری سەردەشت دەستی بە کار و چالاکی کرد، لە ئێستادا نووسینگەی سەرەکی ئەم ناوەندە لە شاری مەهابادە و تا ئێستا لە زیاتر لە ٤٥ شار و شارۆچکە و ٢٣٠ گوند و چەندین زانکۆ  خولی فێرکاریی زمانی کوردی کردوەتەوە و  زیاتر لە دەیان هەزار خوێندکار و فێرخوازی فێری خوێندنەوە و نووسین بە زمانی کوردی بە هەر دوو ڕێنووسی ئارامی و لاتینی کردووە.

مستەفا ئیلخانیزادە بەڕێوەبەری ناوەندێکی فێرکاری لە شاری بۆکان بە پەیسەرپرێسی ڕاگەیاند خولەکانی فێرکاریی زمانی کوردی تەنیا بە هاوکاری و یارمەتی خەڵکی دڵسۆز و خەمخۆری کورد و پشتیوانی بێ چاوەڕوانی کۆمەڵێک نووسەر و چالاکی مەدەنیی کورد بە شێوەی خۆبەخش بەڕێوە دەچێت و حکومەت هیچ جۆرە پشتگیرییەکی ئەم چالاکیانە ناکات.
خولەکانی فێرکاری زمانی کوردی لەم ناوەندانەدا لە مانگێکەوە بۆ دوو مانگ دەخایەنێت، ئەو کتێبانەی وەک سەرچاوە بۆ وانە وتنەوە دیاریکراون لە شارێکە بۆ شارێکی دیکە جیاوازە، بەڵام ناوەندی سۆما زیاتر کەڵک لە دوو کتێب وەردەگرێت کە بەرپرسی ناوەندەکە ئامادەی کردوون.
 
پێشتر زیاتر لە دوو پارێزگای ورمێ و سنە ئەم جۆرە ناوەندانە بۆ فێرکردنی زمانی کوردی چالاک بوون، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا لە پارێزگاکانی ئیلام و کرماشانیش فێرکردنی زمانی کوردی زیادی کردووە، بەڵام سەرباری ئەوەی کە تادێت داواکاری خەڵک بۆ فێربوونی خوێندنەوە و نووسین بە زمانی کوردی زیاتر دەبێت، لە بەرامبەردا مەترسییەکانی سەر زمانی کوردیش لەو پارچەی کوردستان زیاتر دەبێت.
مەترسییەکانی سەر زمانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان
لە ئێران روانینی زاڵ لەناو بەرپرسان و تەنانەت رۆشنبیرانیش تا ئێستا ئەوەیە کە خوێندن بە زمانی کوردی یان خوێندن بە زمانی نەتەوەکانی دیکە مەترسییە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی ئێران و زمانی فارسی، محەمەد عەلی موەحید، ئەندامی فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسی ( کۆڕی زانیاری ئێران) دەڵێت نابێت حکومەت رێگە بدات بە پەروەردە و خوێندن بە زمانی زگماکی نەتەوەکان، چونکە ئێران زمانێکی هاوبەش و ستانداردی هەیە و ئەویش زمانی فارسییە، رێگەدان بە خوێندن بە زمانی زگماکی بە واتای پشتگوێ خستنی زمانی فارسی دێت و ئەمەش مەترسییە بۆ سەر داهاتووی ئێران و دۆخی ئێران شپرەزە دەکات.
 
سەلیم نیساری، ئەندامێکی دیکەی فەرهەنگستانی زمانی فارسی دەڵێت " فێرکردن و خوێندن بە زمانی نەتەوەکانی دیکە بابەتێکی زۆر مەترسیدارە بۆ سەر داهاتووی ئێران" فەتحوڵڵا مەجتەباییش کە هەر ئەندامی فەرهەنگستانی زمانی فارسییە دەڵێت " داواکاری خوێندن بە زمانی زگماکی پیلانگێڕییەکی دەرەکییە لە دژی ئێران و لەم ڕێگەیەوە دەیانەوێت ئێران دابەش بکەن، پێشیوایە رێگەدان بە خوێندن بە زمانی زگماکی دەبێتە هۆی دواکەوتوویی ئەو بەشە لە خەڵکی ئێران کە زمانی زگماکیان فارسی نییە.

کۆڕی زانیاری زمانی فارسی ( فەرهەنگستانی زمانی فارسی) و بەشێکی زۆری نووسەران و رۆشنبیرانی ئێرانی بە گشتی دژی خوێندنن بە زمانی زگماکی و بەردەوام هانی حکومەت و بەرپرسان دەدەن کە بە توندی دژی ئەو هەوڵانە بوەستنەوە کە داوای خوێندن بە زمانی کوردی یان زمانی زگماکی دەکەن.

حکومەتی ئێرانیش جگە لەوەی تا ئێستا رێگەی نەداوە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە زمانی کوردی بخوێنن، چەندین ڕیگەی دیکەشی گرتووەتەبەر بۆ لاوازکردن و سڕینەوەی زمانی کوردی، یەکێك لەو هەوڵانەی حکومەت بریتییە لە زەقکردنەوەی ناوچەگەرێتی بۆ ئەوەی رێگەنەدات هەموو کورد فێری زمانێکی ستانداردی کوردی ببن. 
 
ڕەزا شەجیعی کە شارەزای زمانی کوردییە دەڵێت حکومەت بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٥ دەستور پڕۆژەیەکی ئامادەکردووە کە بەپێی ئەم پڕۆژەیە هەر ناوچەیەک و گەڕەکێک  و گوندێک بە بن زاراوەی خۆیان بخوێنن، بۆ نموونە لە شارێکی وەک سەقز کە چوار ناوچەی جیاوازی گەورک و تیلەکۆ و موکریان و سەرشیوی هەیە و هەر کام لەو ناوچانە بن زاراوەیەکی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەپێی پڕۆژەکەی حکومەت لە سەقز بە چوار بن زاراوەی جیاواز رێگە دەدرێت منداڵان فێری زمانی کوردی بکرێن.

رەزا شەجیعی ئەم پلانەی حکومەت بە مەترسی بۆ سەر زمانی کوردی دادەنێت و دەڵێت ئەگەر حکومەت ئەوەندە گرنگی بە بن زاراوەکان دەدات بۆچی رێگە نادات لە ناوچە فارسەکانیش خەڵک لە هەر ناوچەیەک بە بن زاراوەی خۆیان بخوێنن؟

هەندێک لە چالاکانی مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان باس لە مەترسییەکی دیکە بۆ سەر زمانی کوردی دەکەن، ئەویش تێکدانی زمانی کوردییە لەڕێی میدیاکانی حکومەتەوە، حکومەت لە ناوەندی پارێزگاکان تەلەویزیۆنی بە زمانی کوردی کردوەتەوە، بەڵام ئەم تەلەویزیۆنانە نەک خەڵک فێری زمانی کوردی ناکەن بەڵکو جۆرێک لە زمانی کوردی پەرەپێدەدەن کە پڕیان کردووە لە وشەی فارسی، بە جۆرێک ئەگەر بێتو کەسێک فارسی زمان کە هیچ لە کوردیش نەزانێت بەبێ کێشە لەو زمانە کوردییەی تەلەویزیۆن و میدیا کوردییەکانی حکومەتی ئێران تێدەگات.

بینەرێکی فارس زمان کە کوردی نازانێت لەمبارەیەوە بە پەیسەری وت کاتێک بە ڕێکەوت سەیری کەناڵەکانی سنە و کرماشان و ئیلام دەکات بەبێ هیچ کێشەیەک هەمووی تێدەگات، چونکە هەموو وشەکانیان فارسین بەڵام وشە فارسییەکان بە شێوەی کوردی دەخوێننەوە.
 
دکتۆر بەختیار سەجادی نووسەر و شارەزای زمانی کوردی تەلەویزیۆنە کوردییەکانی حکومەت بە زمانکوژ ناودەبات و دەڵێت ئەم کەناڵانە نەک کار بۆ گەشەپێدانی زمانی کوردی ناکەن بەڵکو ناوەرۆکەکەیان بریتییە لە هەندێک شتی گاڵتەجاڕانەی کە ٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە ئەورووپا لە شانۆکاندا بەڕێوە دەچوو.  

لە تەلەفزیۆنە کوردییەکانی ئێراندا بە ئانقەست کوردی بە ڕێنووسی فارسی دەنووسن کە بە بۆچوونی زۆربەی شارەزایانی زمانی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمە هەوڵێکە بۆ تێکدان و بەلاڕێدا بردنی زمانی کوردی، تەنانەت لەم دوایانەدا لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە سەدان کەناڵ و پەیجی بەناو کوردی دروست بوون کە خەریکی تێکدان و سوککردنی زمانی کوردین، بە بۆچوونی زۆربەی چالاکانی مەدەنی ئەم پەیج و کەناڵە تێلێگرامیانە زۆر لێزانانە لەلایەن هەندێک ناوەندی ئەمنییەوە بەڕێوەدەبرێت وئامانجیشیان تێکدان و لە خشتەبردنی زمان و ڕێنووسی کوردی و سووککردن و دوور خستنەوەی خەڵکە لەفێربوونی زمانی کوردی.

محمەدبازئەفکەن لە لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە رۆڵی تەلەویزیۆنە کوردییەکانی کۆماری ئیسلامی باس لەوە دەکات کە ئاستی زمانی کوردیان دابەزاندووە و لە بەرنامەکانیاندا کلتووری کوردی وەک کلتوورێکی دواکەوتوو نیشان دەدەن، بازئەفکەن دەڵێت  تەلەفزیۆنی ئیلام لە بەرنامەکانیدا بنزاراوەیەکی ئیلامی تێکەڵ بە زمانی فارسی دەکات و بەم شێوەیە ئەم کەناڵە هەوڵی تێکدان و لاوازکردنی زمانی کوردی دەدات.
 
لە ڕەوتی گەشەکردنی زمانی کوردی لە ساڵانی ڕابردوودا دوو پارێزگای ئیلام و کرماشان کەمترین پشکیان بەرکەوتووە، ڕەوتی فێرکاریی زمانی کوردی کە بە گشتی زاراوەی سۆرانی لە خۆ دەگرێت، لە پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان هێشتا جێ نەکەوتووە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش هەندێک هەوڵ بۆ نووسین بە زاراوەکانی کەلهوڕی و لەکی لە ئارادایە و کۆمەڵێک بەرهەم بەم زاراوانە لە لایەن نووسەرانی کرماشانی و ئیلامییەوە چاپ و بڵاو کراونەتەوە.

بەڵام بە گشتی لەم ساڵانەی دواییدا دوورکەوتنەوەیەکی بەرچاو لە زمانی کوردی لەم پارێزگانەدا دەبینرێت و خێزانەکان زیاتر هەوڵ دەدەن زمانی فارسی فێری منداڵەکانیان بکەن، عەلی خۆشبەخت کە کۆمەڵناسێکی دانیشتووی ئیلامە  بە پەیسەرپرێسی وت منداڵەکان حەز دەکەن فێری زمانی کوردی ببن، بەڵام دایک و باوکەکانیان رێگرییان لێ دەکەن، دکتۆر حەبیبوڵا بەخشوودە، شاعیری ناسراوی ئیلامیش دەڵێت خێزانەکانی ئیلام زمانێکی دیاریکراویان بۆ قسەکردن نییە، گەورەکان لە ناو خۆیاندا بە کوردی قسە دەکەن، کەچی لەگەڵ منداڵەکانیان بە فارسی قسە دەکەن، بەخشوودە پێیوایە سڕینەوەی زمانی کوردی لە قسەکردنی ڕۆژانەدا، مەترسی لەناوچوونی زمانی کوردی بەدواوەیە و لە ئەنجامدا وەک جلوبەرگی ژنانەی کوردی لێ دێت کە تەنیا لە هەندێک بۆنەی تایبەتی وەک زەماوەند بەکار دەهێنرێت.
 
ئەم شاعیرە ئیلامییە پێیوایە کە زمانی کوردی لە ئیلام و کرماشان بووەتە قوربانیی رەفتاری ڕکەبەرانەی خێزانەکان کە پێیان وایە هەر کەسێک بە فارسی قسە بکات تێگەیشتووتر و رۆشنبیرترە، ئەو دەڵێت تەنانەت دایکان و باوکان لە گوندە پەراوێزخراوەکانیش بە زمانی فارسی لەگەڵ منداڵەکانیان قسە دەکەن بۆ ئەوەی بە تێگەیشتنی خۆیان لە کاروانی پێشکەوتن و مودێڕن بوون دوا نەکەون. 

كورد هەموو جۆرە مەرگێكی لەسەر تاقی كراوەتەوە و لەناو نەچووە، بەڵام میدیاكان بە تێکدان و شێواندنی زمانی كوردی، خەریكن خەونی لەناوبردنی کورد لە ڕێگەی لە ناوبردنی زمانەکەیەوە بەدیدەهێنن.