ڕاپۆرتی کوردستانی

11:49 - 06/03/2019

هەموو جوڵەیەكی شاسوار عەبدولواحید پرسیارێكی بێ‌ وەڵام بەدوای خۆی دەهێنێت‌

پەیسەر

شاسوارعەبدولواحید دیاردەیەكی نوێیە لەناو دنیای سیاسەتی كوردیدا، هەرچەندە ماوەی سێ ساڵە زیرەكانە لەڕێگەی سۆشیال میدیا‌و كەناڵی ئێن ئاڕتییەوە هەوڵ دەدات ئەو بیركردنەوەیە لەناو خەڵكدا دروستبكات، كە لەهیچكام لەسەركردەكانی پێش خۆی ناچێت، بەڵام هەر جوڵەیەك دەكات، ئەو ئامانجە ناپێكێت، كە كاری بۆ دەكات.

دواین جوڵەی شاسوار عەبدولواحید، قسەكردنی بوو لەسەر كوڕەكانی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی‌و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، كە وتی: ئەگەر خۆیان چاك نەكەن، ئەوە رۆژێك دێت "كوڕەكانی تاڵەبانی لەبەردەكی سەرا، وەك مفەوەز شەماڵ هەڵدەواسرێن‌و كوڕەكانی بارزانیش لەقەڵای هەولێر".

ئەگەر بەرپرسیارییەتی جێگری سەرۆكی حكومەتم نەبوایە بەشێوەی عەشایەری كێشه‌كه‌م لەگەڵ چارەسەر دەكرد

ئەو قسانەی شاسوار عەبدولواحید كاردانەوەی زۆری بەدواوە هات‌و تەنانەت یەكێك لەكوڕەكانی جەلال تاڵەبانی (قوباد تاڵەبانی) وەڵامی دایەوەو وتی: ئەگەر بەرپرسیارییەتی جێگری سەرۆكی حكومەتم نەبوایە بەشێوەی عەشایەری كێشه‌كه‌م لەگەڵ چارەسەر دەكردو ئاشكراشیكرد، پارێزەرەكانی راسپاردووە بۆ ئەوەی سكاڵای لەسەر تۆماربكەن.

دوای چەند رۆژێك لەقسەكانی شاسوار عەبدولواحید، میدیای سەر بەجولانەوەی نەوەی نوێ‌ رۆژی سێی ئازار لەهەواڵێكی بەپەلەدا بڵاویانكردەوە، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جۆڵانەوەی نەوەی نوێ چووە دادگای سلێمانی، ئەوەش بەهۆی ئەوەی سكاڵای لەسەر تۆماركراوەو دوای لێكۆڵینەوەو وتە لێوەرگرتن بەبڕیاری دادوەر بۆ ماوەی 24 سەعات راگیرا.

دادوەرێك لەدادگای سلێمانی بۆ پەیسەرپرێس ئاشكرایكرد، شاسوار عەبدولواحید بەپێی ماددەكانی ٢٢٩ و ٤٣٤ بانگهێشتی دادگا كراوە، كە مادەكان تایبەتن بە "سوكایەتی و تەشهیر بەرانبەر كارمەندی دەوڵەت‌و هاووڵاتیان".

بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ماددەی ٢٢٩ تەشهیكردنە بەكارمەندی دەوڵەت لەكاتی دەوام، هەروەها ماددەی ٤٣٤ تەشهیركردنە بەهاووڵاتی ئاسایی، كە ماددەی ٢٢٩ سزاكەی لەسێ مانگ بۆ پێنج ساڵە زیندانییە، ئەگەر بەسەر تۆمەتبار ساغبێتەوە، هەروەها ماددەی ٤٣٤ سزاكەی ساڵێك زیاتر نەبێت، یان پێژاردنی ماددی بەبڕی ٢٢٥ هەزار دینار.

دادوەرەكە گوتیشی: سكاڵاكە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوو تۆماركراوە بەهۆی ئەوەی شاسوار عەبدولواحید، كە ئەوكات لەفڕۆكەخانەی سلێمانی سوكایەتی بەدوو كارمەندكردووەو دەنگی بەسەردا بەرزكردوونەتەوە بەبیانووی ئەوەی كارەكانیان لەكاتی خۆی بۆ ڕایی نەكردووە.

لەكاردانەوەی چوونی شاسوار عەبدولواحید بۆ دادگا پرسیاری ئەوە لای خەڵكی‌و بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دروست بوو، شاسوار عەبدولواحید بۆ لەسەر سكاڵای سەدان كەسی خاوەن پشكی چاڤی لاند نەچووە بەردەم دادگا؟

پرۆژەی گەشتیاری چاڤی لاند پرۆژەیەكی پشكدارەو ساڵی 2013 لەلایەن شاسوار عەبدولواحید وەك سەرمایەدارێك دروستكراو هەزاران كەس پشكیان لەو پرۆژەیە كڕی، كە بەشێكی زۆر لەخاوەن پشكەكان بەبیانووی ئەوەی قازانجیان لەپرۆژەكە پێنادرێت رۆژی 10/4/2018‌، لەپۆلیسی‌و سلێمانی سكاڵایان لەسەر تۆماركرد، بەڵام شاسوار عەبدولواحید تائێستا نەچووەتە بەردەم دادوەر بۆ ئەو سكاڵایانە.

تائێستاش كێشەی خاوەن پشكەكان چارەسەرنەكراوەو سكاڵاكانیش وەك خۆی ماونەتەوە

ئەوكات پارێزەری خاوەن پشكەكانی چاڤی لاند رایگەیاند، لەئەنجامی كارە نایاساییەكانی كۆمپانیای نالیاو چاڤی سەرجەم خاوەن پشكەكان زیانیان بەركەوتووە، بۆیە سكاڵایان لەسەر خاوەی پرۆژەكە تۆماركردووە، بەڵام ئەو كەسەی سكاڵای لەسەر تۆماركراوە ئامادەنییە لەبەردەم دادوەر ئامادەبێت.

هاوكات پەیسەرپرێس پەیوەندی كرد بە جەمال حەمەڕەشید، پارێزەری خاوەن پشكە ناڕازییەكان‌و وتی: وەك خاوەن پشكەكان‌و نوێنەری خاوەن پشكە ناڕازییەكان چەند جارێك داوای كۆبوونەوەمان لەئیدارەی چاڤی لاند كردووە، بەڵام ئەوان وەكو پێویست بەدەم داواكەوە نەهاتوون، تائێستاش كێشەی خاوەن پشكەكان چارەسەرنەكراوەو سكاڵاكانیش وەك خۆی ماونەتەوە، بەڵام سكاڵالێكراو ناچێتە بەردەم دادگا.

چوونی شاسوار عەبدولواحید بۆ بەردەم دادگا لەرۆژی سێی ئەم مانگەو دروستكردنی بانگەشەیەكی گەورەی میدیایی لەسەر چوونەكەی بۆ بەردەم دادگا، كە گوایە وەك "یەكەم سەرۆك حیزب چووەتە بەردەم دادگا" گومانەكانی زیاتر كردو بەشێكی زۆر لەچالاكوانانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وەك سیناریۆ سەیریان كرد.

هەروەها لەبەرانبەر ئەو هەڵمەتە میدیاییەی كەناڵی ئێن ئاڕتی،  سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو تێدا ئاشكرایكردووە، كە ڕۆژی ۲۰۱۸/٥/۳ لەناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەمەقاڵێیەك دروستدەبێت لەنێوان هاووڵاتی (شاسوار عبدالواحید) و چەند كارمەنێكی ئاسایشی فڕۆكەخانە.. دواتر دوو كارمەندی ئاسایشی فڕۆكەخانە سكاڵا لەدژی ناوبراو تۆمار دەكەن و بانگەشەی ئەوە دەكەن كە لەلایەن ناوبراوەوە بێڕێزییان پێكراوە و ئیهانە كراون و جنێو و سوكایەتییان پێكراوە لەكاتی ئەنجامدانی كاری فەرمی خۆیان.. دواتر لەلایەن كارمەندێكی مەدەنی كۆمپانیایەكی ئەهلی بواری فڕۆكەوانی بەهەمان شێوە سكاڵا لەدژی ناوبراو تۆماركراوە بە تۆمەتی جنێو و سوكایەتی و قسەی نەشیاو، دوای ئەوەی هەر لە مانگی ۲۰۱۸/٥ وە دادگا بانگهێشتنامەی ئاراستەی ناوبراو كرد، بەڵام بەڕێزیان ئامادەنەبوو بێتە بەردەم دادگا و بەدەم بانگهێشنامەكەوە نەهات بۆیە دادگا بەپێی یاسا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ناوبراو دەركرد.

سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی راشیگەیاندووە، ئەمە كورتەی ئەو بابەتەیە، كە كراوەتە بابەتێكی میدیایی و دەویسترێ ڕای گشتی پێ چەواشە بكرێت و بابەتەكە بەشێوازێكی تر پیشان بدرێت، بۆیە پێویستە هەموولایەك بزانن، كە تۆمەتبار بێتاوانە تا لەبەردەم دادگایەكی تایبەتمەند تۆمەتەكەی بەسەردا ساغ دەبێتەوەو یاسا سەروەر و سەرداری هەموو كەسێكە بەبێ جیاوازی‌و فەرمانەكانی دادگا پێویستە جێبەجێبكرێت، بۆیە هاتنە بەردەم دادگا جێگەی منەتكردن و بەپیاوەتی دانان نییەو دادگا بەهیچ شێوەیەك كاری سیاسی ناكات و كاری پیشەییانەی خۆی بەپێی یاسا كارپێكراوەكان ئەنجام دەدات‌و فەرمانی دەستگیركردنی هاووڵاتی (شاسوار عبدالواحد) پەیوەندی بە پۆستەكەیەوە نییە وەكو سەرۆكی پارتێكی سیاسی، بەڵكو لەسەر دوو سكاڵایە كە دژی خودی خۆی تۆماركراوە، دوای ئەوەی بەدەم بانگهێشتی دادگاوە نەهاتووەو لە دۆسیەی سكاڵای دوو كارمەندەكەی ئاسایشی فڕۆكەخانە كە مادەی (۲۲۹ لە یاسای سزادانی عێراقی) بۆ دانراوە، تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە بە كەفالەت ئازاد كراوە و لە دۆسیەی كارمەندی كۆمپانیاكە، كە مادەی (٤۳٤ لە یاسای سزادانی عێراقی) بۆ دانراوە، تۆمەتبار بەشێوەیەكی كاتی ڕاگیراوە.

جاری یەكەم نییە شاسوار بەجوڵەكانی گومان دروست دەكات‌و پێشتریش لەزۆربەی جوڵەكانی وەك دروستكردنی جوڵانەوەی نەوەی نوێی هەڵمەتی "نەخێر بۆ ریفراندۆم لەئێستادا" لەماوەی ئەو سێ‌ ساڵەی رابردوو هەمیشە پرسیاری گەورەی لەبارەوە كراوە، بەڵام بەهۆی كاردنی لەبازنەیەكی تەكسك‌و كەم مەودادا، وەڵامی پرسیارەكان بوون بەئەستەم.

پەیسەرپرێس لەم بەداواداچوونە قسەی لەگەڵ دوو لەكەسە نزیكەكانی شاسوار عەبدولواحید كرد، ئەوان كە ئێستا كاری لەسەر ناكەن، باسیان لەوە كرد، كە بازنەی كاركردنی زۆر تەسك بووە، زۆربەی پەیوەندییەكانیشی بەشاراوەیی هێشتووەتەوەو تەنانەت كەسە زۆر نزیكەكانی ئاگاداری زۆرێك لەجوڵەكانی نین، كە ئەو دوو كەسە هۆكاری وازهێنانەكەیان بۆ ئەو ناڕوونییە لەكارەكانی گەڕانەوە.

گومانەكان لەسەر شاسوار عەبدولواحید بەو شێوەن، كە بەشێك باس لەوە دەكەن، رەنگە كار بۆ لایەنێك،  یان كەسێك لەناو لایەنێك بكات، ئەوەش بەدژایەتی چەند لایەنێكی تر، بەتایبەتی لایەنە ناڕازییەكان، بۆ ئەوەی دەنگە ناڕازییەكان لەخۆی كۆبكاتەوە.

بەڵگەش بۆ ئەو گومانە ئەوە، كە شاسوار عەبدولواحید نزیكەی 50 ملیۆن دۆلاری حكومەتی هەرێم قەرزارە، هەروەها پێنج ملیۆن دۆلاری كۆمپانیای نۆكانی سەر بەئیدارەی گشتی یەكێتی قەرزارە، لەگەڵ ئەوەش تەواوی كەناڵەكانی ئێن ئارتی، پارە نادەن بەحكومەت‌و لەكاركردنیش بەردەوامە، ئەمە سەرەڕای نەجوڵاندنی سكاڵاكانی سەری لەدادگا، بەتایبەتی لەسەر سكاڵای خاوەن پشكەكان.

حكومەت بەنیازە لەمەولا چەند دۆسییەكی لەسەر بجوڵێنێت

پەیسەرپرێس هەر لەم بەدواداچوونە چەند زانیارییەكی دەستكەوتووە، كە زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، حكومەت بەنیازە لەمەولا چەند دۆسییەكی لەسەر بجوڵێنێت، بەتایبەتی پرسی 50 ملیۆن دۆلار قەرزەكەو مۆڵەتی كەناڵەكانی ئێن ئارتی، هاوكات كۆمپانیای نۆكان دواین هۆشدارییان پێداوە، كە دەبێت لەماوەیەكی دیاریكراو قەرزەكانی بداتەوە.

ئەو زانیارییانەش پرسیاری ئەوە بەدوای خۆی دەهێنێت، كە رەنگە لەمەولا رۆڵەكەی شاسوار عەبدولواحید بەرەو كۆتایی بچێت‌و ئەو دۆسییانەی لەدژ بجوڵێنن، بۆ ئەوەی وەك جاران جوڵەكانی ئەنجامنەدات‌و دوای ئەوەش وەك "پیاوی سیناریۆكان" بناسرێت.