ڕاپۆرتی کوردستانی

04:02 - 07/03/2019

واژۆیه‌ك 5 كابینه‌ى داهاتوو پابه‌ندى فرۆشتنى گازى سروشتى ده‌كات‌

فه‌رمان حه‌سه‌ن

ئاشتى هه‌ورامى له‌ رۆژانى كۆتایى كابینه‌ى هه‌شتى حكومه‌تدا واژۆیه‌كى دیكه‌ى له‌سه‌ر گرێبه‌ستێكى ٢٠ساڵە کرد، دانه‌گاز كه‌ له‌ دادگاكانى له‌نده‌ن هه‌ڕه‌شه‌ى سه‌ندنه‌وه‌ى ٢٦ ملیار دۆلارى له‌ حكومه‌تى هه‌ولێر ده‌كرد وه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌یگوت پشتیوانى بڕیاری یاسایی هه‌یه‌، ئه‌مجاره‌یان وه‌ك دۆست رێككه‌وتنێكى نوێى له‌گه‌ڵ هه‌رێم ئه‌نجامدا، ئه‌ندایارى رێككه‌وتنه‌كه‌ وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كانه‌، په‌رله‌مان ئاگاى لێنییه‌و حكومه‌تیش كاربه‌ڕێكه‌ره‌و به‌پێى یاسا مافى ئه‌نجامدانى گرێبه‌ستى له‌وجۆره‌ى نییه‌.

هه‌ورامى له‌ دوایین رۆژه‌كانى كابینه‌ى هه‌شت سه‌ركێشییه‌كى دیکەی كرد هاوشێوه‌ى نه‌وت تا ٢٠٤٠ گازى سروشتیشى خسته‌ بازاڕى كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانه‌وه‌ و گرێبه‌سته‌كه‌ى پێشووش له‌گه‌ڵ دانه‌گاز تا ٢٠٤٩ درێژكراوه‌ته‌وه‌، گره‌وى ئه‌مجاره‌ له‌گه‌ڵ دانه‌گاز دواى له‌ده‌ستدانى دوو ملیار دۆلاره‌و حكومه‌تى هه‌رێم له‌ سه‌ر چه‌ند داوایه‌كى دانه‌گاز سێ جار ده‌ستى سوتا و خه‌ریك بوو ٢٦ ملیار قه‌رز له‌سه‌ر خۆى بكاته‌ بڕیار.


پێرڵ پترۆلیۆم، ئه‌و كۆمپانیا سنورداره‌یه‌ كه‌ له‌نێوان هەردوو کۆمپانیاى (دانەغاز) و (نەوتى هیلال) ى ئیماراتییەوە سه‌رپه‌رشتى ده‌كرێت، كۆتایى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ گرێبه‌ستێكى نوێى ٢٠ساڵەی له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامداوه‌، وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان هیچى له‌باره‌وه‌ بڵاو نه‌كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام پێرڵ پترۆلیۆم ده‌ڵێت، گرێبه‌سته‌كه‌ بۆ بەرهەمهێنان و فرۆشتنى (٢٥٠) ملیۆن پێ سێجاى دیكه‌ غازه‌ لە رۆژێکدا.

گرێبه‌سته‌كه‌ له‌ ١٩ی مانگى رابردوو واژۆكراوه‌و ئاشتى هه‌ورامى به‌ نوێنه‌رایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم واژۆیكردووه‌، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ له‌كاتى ته‌واوبوونى خولى چواره‌مى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ له‌ مانگى ١١ی ساڵی رابردوو، حكومه‌تى هه‌رێم كاربه‌ڕێكه‌ره‌ و به‌پێى یاسا ته‌نها ده‌سه‌ڵاتى به‌رێكردنى ئیشوكاره‌كانى هه‌یه‌ تا حكومه‌تى نوێ ده‌ستبه‌ركارده‌بێت ئەنجوومەنى تایبەت بە کاروبارى نەوت و گاز لە هەرێمى کوردستان ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر گرێبه‌سته‌كه‌ داوه‌و چووه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

گرێبه‌سته‌كه‌ لە ئێستادا لە کێڵگەى کۆرمۆر بە بڕى (٧٠٠) ملیۆن دۆلار جێبەجێدەکرێت له‌سه‌ر بنه‌ماى گرێبه‌سته‌كه‌، تا ساڵى ٢٠٢٢ فرۆشتنى غاز بۆ (٩٠٠) ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا  به‌رزده‌بێته‌وه‌.

 ئه‌نجامدانى گرێبه‌سته‌كه‌ به‌ هه‌مان میكانیزمى پێشوو، دوور له‌ چاوى خه‌ڵك، په‌رله‌مان و میدیاكان، ئه‌نجامدرا و به‌نده‌كانى بۆ خه‌ڵك روون نین، ته‌نانه‌ت تا كۆمپانیاى پێرل پترۆلیۆم بڵاوینه‌كرده‌وه‌ میدیاكانى هه‌رێمى کوردستان نه‌یانزانى كه‌ گرێبه‌ستى له‌وجۆره‌ ئه‌نجامدراوه‌ كو بۆ ماوه‌ى ٢٠ ساڵ و پێنج خولى په‌رله‌مانى داهاتوو ئه‌نجامدراوه‌. هەرێمی کوردستان بڕی ٢٠٠ تریلیۆن پێ سێجا (٥،٧ ترلیۆن مەتر سێجا) یەدەگی غازی سروشتی هەیە، کە بریتیە لە سەدا ٣ ی تێکڕای یەدەگی جیهان.

شێركۆ جه‌وده‌ت ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان، كه‌ له‌ خولى پێشوو سه‌رۆكى لیژنه‌ى پیشه‌سازى وزه‌ى په‌رله‌مان بوو ده‌ڵێت، ئاگادارى هیچ نین و په‌رله‌مان له‌هیچ بڕگه‌یه‌كى رێككه‌وتنى وه‌ها ئاگادارنه‌كراوه‌ته‌وه‌ به‌ڵكو له‌ میدیاكانه‌وه‌ بیستوویانه‌، له‌كاتێكدا حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌ر مافى گرێبه‌ستى له‌وجۆره‌ى نییه‌ ئه‌نجامى بدات.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ بۆ په‌یسه‌رپرێس باسیله‌وه‌كرد، له‌ خولى پێشووش هه‌مان كاریان كرد كه‌ په‌رله‌مان نه‌بوو گرێبه‌ستى رۆزنه‌فت ئه‌نجامدرا، له‌كاتێكدا به‌پێى یاساى نه‌وت و گاز ده‌بێت گرێبه‌سته‌كان بخرێته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان به‌ڵام ئه‌و یاسایه‌ جێبه‌جێنه‌كراوه‌و حكومه‌ت نه‌چووه‌ته‌ ژێر بارى جێبه‌جێكردنى، گرێبه‌سته‌ نوێیه‌كه‌ش ناده‌ن به‌ كه‌س و مه‌له‌فێكى داخراوه‌.

دادگاى نێوبژیوانى له‌نده‌ن له‌ دووبڕیاریدا له‌ مانگه‌كانى حەوت و ١١ی ساڵی ٢٠١٥ ئاماژه‌ى به‌وه‌كردبوو ده‌بێت حكومه‌تى هه‌رێم ملیارێك و ٩٦٠ ملیۆن دۆلار قه‌ره‌بوو به‌ كۆمپانیاكه‌ بداته‌وه‌، به‌ڵام دانه‌گاز به‌رده‌وام بوو له‌ سكاڵاكانى كه‌ تێكڕا ٢٦ ملیار قه‌ره‌بووى ده‌ویست، و له‌ ئابى ٢٠١٧ سكاڵایه‌كى دیكه‌ى له‌ حكومه‌تى هه‌رێم برده‌وه‌، له‌ كۆتایى مانگى ئابى ٢٠١٧ هه‌ردوولا، وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان و دانه‌گاز گەیشتنە رێككه‌وتن و كێشه‌كه‌یان كۆتاییى پێهێنا له‌وێوه‌ بڕیارى كارى پێكه‌وه‌یى درایه‌وه‌ تا گه‌یشت به‌م گرێبه‌سته‌ى مانگى شوباتى ٢٠١٩.

ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى كه‌ كردیان بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان گرنگترینیان بریتبوو به‌ 
• حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبه‌جێ یه‌ك ملیار دۆلار به‌ (پێڕڵ) ده‌دات.
*پێڕڵ به‌رهه‌مهێنانی گاز زیاد ده‌كات له‌ كێڵگه‌ی (كۆڕمۆڕ) به‌ ڕێژه‌ی ١٦٠% 
• ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌  (یەک یه‌ك ملیار و ٢٣٩ ملیۆن دۆلار) له‌ داهاتی به‌ده‌ستهاتوو له‌ وه‌به‌رهێنان ده‌درێته‌وه‌ به‌ پێرل.
• تا ساڵی ٢٠٤٩ رێككه‌وتنه‌كه‌یان درێژكرده‌وه‌.
• لایه‌نه‌كان پێكه‌وه‌ ده‌ستبه‌ردار بوون و ته‌نازولیان كرد له‌ هه‌موو داوا یاساییه‌كانیان
*حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵده‌ستێت به‌ كڕینه‌وه‌ی ڕێژه‌ی ٥٠% ی ئه‌و بڕه‌ زیاده‌ گازه‌ی كه‌ له‌ داهاتوو به‌رهه‌م ده‌هێنرێت.
*قازانج به‌ ڕێژه‌ی ٧٨% له‌ ناوچه‌كانی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت و ڕێژه‌ی ٢٢% بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی (پێڕڵ) ده‌بێت.

بیلال وەهاب، لێكۆڵەر لەپەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیك، لەبارەی رێككەوتنەكەی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای دانە گازەوە ئەوکات رایگه‌یاندبوو، لەدانه‌وه‌ى ٢٦ ملیارەوە هاتینە سەر دوو ملیار و چارەكێك، ئەمە لە قازانج دەچێت ئەو رێككەوتنەی ئێستا روویداوە قازانجەكە لەوەدایە زیانەكە كەمدەكاتەوە، بۆیە وەكو دەڵێن زیان لە نیوەی گەڕاوەتەوە قازانجەكە لەوەدایە، بەڵام لەلایەكی دیكەوە حكومەتی هەرێم بڕێكی زۆر زیانی كردووە، یەكەم بەهۆی ئەوەی ئێستا پارە دەبژێرێت، ئەم لێکتێگەیشتنەی لەنێوان حكومەتی هەرێم و دانە غازدا روویداوە حكومەتی هەرێم قازانجی لێنەكردووە، بەحوكمی ئەوەی گرێبەستەكەی نێوانیان وەكو خۆی ماوەو درێژكراوەتەوە.

ئه‌م خاڵانه‌ هه‌ردوولاى به‌ رێككه‌وتنێكى ٢٠ ساڵە گەیاند، ناوه‌رۆكى ئه‌م رێككه‌وتنه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ندى لێ ئاشكراكراوه‌ كه‌ پێرل پترۆلیۆم ئاشكرایكردووه‌، لاى هه‌رێمه‌وه‌ قسه‌ى له‌سه‌ر نه‌كراوه‌و ته‌نانه‌ت ماوه‌یه‌كى زۆره‌ باس له‌وه‌ده‌كرێت ئاشتى هه‌ورامى له‌ كوردستان دانانیشێت و له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵاته‌، په‌یسه‌ر پێشتر ئه‌وه‌ى بڵاوكردبووه‌وە كه‌ مه‌سرور بارزانى ڤیتۆى له‌سه‌ر دانانه‌وه‌ى ئاشتى هه‌ورامى هه‌یه‌ و نێچیرڤان بارزانیش كار بۆ دانانه‌وه‌ى ده‌كات له‌ پۆسته‌كه‌ى له‌ كابینه‌ى داهاتوو.

پێشتر ئاشتى هه‌ورامى له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ نێچیرڤان بارزانى داوایكردبوو پشتگیرى دانانه‌وه‌ى بكات له‌ پۆسته‌كه‌ى و به‌ڵێنى دابوو به‌ فرۆشتنى گازى سروشتى قه‌ره‌بووى زیانه‌كانى كه‌رتى نه‌وت بكاته‌وه‌، داواشیكردبوو بازرانى رازى نه‌بێت به‌ راده‌ستكردنى نه‌وت به‌ حكومه‌تى عێراق.

ئاشتى هه‌ورامى له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌ نوێیه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ پێرل پترۆلیۆم، گوتویه‌تى"خزمەتگوزارى باشتر بۆ هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستانى عێراق دابین دەکەین لە ڕێگەى باشتربوونى ڕەوشى  بەرهەمهێنانی کارەبا بە هۆى زیادکردنى بەرهەمهێنانى غاز لە لایەن پێرل پترۆلیۆمه‌وه‌، هەرێمى کوردستان خاوەنى یەدەگێکى زۆرى غازە و حکومەتى هەرێمى کوردستان سوورە لەسەر گێڕانى ڕۆڵێکى ئەرێنى لە پێویستى ڕوو لە زیادبووى غاز و کارەبا لە عێراق و ناوچەکە."  

مه‌جید جه‌عفه‌ر بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاى نەوتى هیلال و سەرۆکى ئەنجومەنى کارگێڕى کۆمپانیاى دانەغاز سه‌باره‌ت به‌ گرێبه‌سته‌كه‌ ده‌ڵێت"دەستپێکى قۆناغێکى نوێى فراوانكردنى پرۆژەى غازى کوردستانە کە ئەمەش لە چەند ساڵى ئایندە پێویستى بە وەبەرهێنانى زیاتر لە  (٧٠٠) ملیۆن دۆلارى تر دەبێت بۆ فراوانکردنى ئاستى بەرهەمهێنان بۆ (٩٠٠) ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا بەمەش دۆخى ئابورى هەرێمى کوردستان و ناوچەکە باشتر دەبێت. وە هیوادارین کە بتوانین بەردەوام بین لەو بەرەو پێشچوونە،  لە پێناو بەرژەوەندى هەرێمى کوردستان و تەواوى عێراق".

سۆران عومه‌ر ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ سه‌ر گرێبه‌سته‌كه‌ نوسیویه‌تى، له‌ ئه‌نجامى گرێبه‌ستى پێشوو له‌گه‌ڵ دانه‌گاز حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دوو ملیار دۆلارى دۆڕاند،  ئێسته‌ له‌گه‌ڵ دانه‌گاز و هاوبه‌شه‌كانی دیكه‌ی گرێبه‌ستێكی ٢٠ ساڵی نوێ كراوه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌م كابینه‌دا كه‌واده‌ی ته‌واو بووه‌ مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێ وه‌ها گرێبه‌ستێك بكات، له‌كاتێكدا لایه‌نه‌كان سه‌رقاڵی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێن كه‌چی له‌په‌نای ڕێكه‌وتنی لایه‌نه‌كاندا ئاشتی هه‌ورامی گرێبه‌ستێكی ٢٠ ساڵه‌ له‌گه‌ڵ دانه‌گاز واژۆ ده‌كات به‌بێ ئه‌وه‌ی وه‌ها ده‌سه‌ڵاتێكی هه‌بێ ئه‌م كابینه‌. 

چیرۆكى دانه‌گاز و هه‌رێمى كوردستان هه‌ر له‌ ساڵه‌كانى سه‌ره‌تاى ته‌مه‌نییه‌وه‌ بۆ خه‌ڵكى كوردستان به‌ رووداوى ناخۆش ده‌ستیپێكرد له‌ قوڵایى قه‌یرانه‌كان و خراپى گوزه‌رانى خه‌ڵكدا سه‌روو ملیارێك دۆلارى هه‌رێم وه‌ك قه‌ره‌بوو درایه‌وه‌ به‌ كۆمپانیاكه‌ له‌كاتێكدا مووچه‌ خۆرانى هه‌رێمى كوردستان كه‌متر له‌نیوه‌ مووچه‌یان وه‌رده‌گرت، گرێبه‌سته‌ نوێیه‌كه‌ش كه‌ له‌ بۆشایى چاودێرى په‌رله‌مانى و خه‌ڵك و میدیا ئه‌نجامدراوه‌و دواى ره‌خنه‌ى زۆر له‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان له‌به‌رده‌م ره‌خنه‌و چاوه‌ڕوانى زۆردایه‌ كات روونیده‌كاته‌وه‌ ئه‌و واژۆیانه‌ى له‌ تاریكیدا كران بۆ خه‌ڵك خێرده‌ده‌نه‌وه‌ یاخود ده‌بنه‌ مایه‌ى نه‌هامه‌تى زیاتر.