ڕاپۆرتی کوردستانی

06:56 - 07/03/2019

ئایا پارتی نایەوێت کۆمەڵ بەشداربێت لە کابینەی نۆیەمدا؟‌

پەیسەر

بۆ پێکهێنانی حکومەت لە شەش حیزبەکە چارەنووسی پێنجیان یەکلایی بووەتەوە و هەر کۆمەڵی ئیسلامی ماوە کە تا ئێستا دیار نییە بەشداری لە حکومەتدا پێ دەکرێت یان خۆی بەشداری دەکات یان نا؟

هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی دانووستانەکانی پێکهێنانی حکومەتەوە تا ئێستا وا دێتە بەرچاو کە پارتی مەیلی نییە بۆ بەشداری پێکردنی کۆمەڵ، پارتی هەر لە سەرەتاوە دەیوت لەگەڵ کابینەیەکی زۆر بنکە فراواندا نییە، ئەمەش وا لێکدەدرایەوە کە پارتی تەنها لەگەڵ ئەوەدایە کە گۆڕان و یەکێتی لە حکومەتدا بەشداربنم رەوتی دانووستانەکان تا ئێستاش هەر بەو ئاراستەیەدان کە لەناو پارتیدا مەیلێکی بە‌هێز نییە بۆ بەشداریپێکردنی کۆمەڵ.
لە یەکەم دانیشتنی گۆڕان و پارتیدا، گۆڕان داوای لە پارتی کردبوو کۆمەڵیش بەشداری لە حکومەتدا بکات، پێدەچێت داواکارییەکەی گۆڕان بۆ سێ هۆکار بگەڕێتەوە، یەکەم گۆڕان و کۆمەڵ پەیوەندییەکی بە‌هێزی دە ساڵەیان پێکەوە هەیە و گۆڕان پێی باش نییە بەهۆی بەشداریکردنی لایەنێكیان و ئۆپۆزسیۆن بوونی لایەکەی دیکەیان ساردی بکەوێتە پەیوەندییەکانیانەوە، دووەم: گۆڕان لەوانەیە نیگەرانی ئەوەبووبێت کە لە ئەگەری ئۆپۆزسیۆن بوونی کۆمەڵ بەشێک لە دەنگدەر ئیسلامییەکانی خۆی لە دەست بدات و ببنە دەنگدەری کۆمەڵ، هۆکاری سێیەمیش ئەوەیە کە لە زۆربەی حکومەتەکانی ناوچەکەدا هێزە ئیسلامییەکان بەشدارن یان حکومەتەکان بە تەواوی ئیسلامین هەربۆیە دروست نییە لە هەریمی کوردستاندا حکومەتێک بەبێ بەشداری هێزی ئیسلامی دروست ببێت، چونکە لەوانەیە ئۆپۆزسیۆنبوون ببێتە هۆی بەهێزبوونی پێگەی ئیسلامییەکان یان لەوەش زیاتر لەوانەیە بەهۆی بەشدارنەکردنی ئیسلامییەکان لە حکومەتدا ئیسلامییەکان لە میانەڕەوی دوور بکەونەوە و بەرەو توندڕەوی هەنگاو بنێن. 


ئایا پارتی دەیەوێت کۆمەڵ بەشداربێت لە حکومەت؟
کاتێک کە گۆڕان ئەم داوایەی لە پارتی کرد، وەڵامی رواڵەتی پارتی ئەوەبوو کە پێیان باشە کۆمەڵ بەشداری لە حکومەتدا بکات، بەڵام ئەمە تەنیا لە قسەدا ماوەتەوە و سەرباری ئەوەی چەندین جار ئەمیری کۆمەڵ و بەرپرسانی دیکەی ئەو حیزبە رایانگەیاندووە چاوەڕێی هاتنە پێشەوەی پارتی دەکەن، کەچی هێشتا وەفدە دانووستانکارەکەی پارتی لەگەڵ ئەو حیزبەدا نەکەوتووەتە دانووستانەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە یان پارتی بڕیاری یەکلاکەرەوەی داوە و نایەوێت کۆمەڵ بەشداربێت یان ئەوەی لەناو پارتیدا بۆچوونی جیاواز لەسەر ئەم پرسە هەیە و هێشتا پارتی لەناو خۆیدا ساخ نەبووەتەوە.
 بەپێی هەندێک لە سەرچاوەکان وادێتە بەرچاو کە لەناو پارتیدا نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەشداریکردنی کۆمەڵدایە، بەڵام مەسرور بارزانی و کەسە نزیکەکانی بۆچوونێکی پێچەوانەیان هەیە، بەر لە مانگێک دوای سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ لای عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵ، بڕیاربوو مەسعود بارزانی و عەلی باپیر بە زوویی کۆببنەوە، کەچی تا ئێستا ئەو کۆبوونەوەیە نەکراوە و دیاریش نییە کە ئایا لە داهاتوودا دەکرێت یان نا، بەڵام بەو پێیەی کە مەسعود بارزانی و کوڕەکەی زیاتر دەربڕی یەک بۆچوونن لە ناو پارتیدا کەواتە ئەگەر ئەوە راست بێت کە مەسرور بارزانی لەگەڵ بەشداریکردنی کۆمەڵدا نییە، هەر لەبەر ئەوەشە کە مەسعود بارزانی و عەلی باپیر کۆنەبوونەتەوە.


لەلایەکی دیکەشەوە ئەگەر بەپێی رێککەوتنەکانی پارتی لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی بێت کە تا رادیەک زۆربەی پۆستەکان یەکلایی بووەتەوە، شوێن و پۆستێکی ئەوتۆ بۆ بەشداریکردنی کۆمەڵ نەماوەتەوە مەگەر ئەوەی پارتی لای خۆی وایدانابێت کە لەو پشکەی تا ئێستا بۆ خۆی داناوە چەند پۆستێک بداتە کۆمەڵ، بەڵام ئەم ئەگەرە لاوازە چونکە کۆمەڵ خاوەنی ٧ کورسییە، لە ئەگەری بەشداریکردندا دەبێت بە لانیکەمەوە بە نیوەی گۆڕان پۆستە حکومییەکانی بەر بکەوێت، ئەوە لەکاتێکدایە هەرگیز ناتوانرێت لەو بەشە پۆستەی لای پارتی ماوەتەوە بە نیوەی پۆستەکانی گۆڕان بدرێت بە کۆمەڵ.

پارتی بۆ حەز بە بەشداریکردنی کۆمەڵ ناکات؟
لە سەروبەندی ریفراندۆمدا مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی وتی نازانێت کۆمەڵی ئیسلامی بۆ دژایەتیان دەکات، کۆمەڵ لە چەند ساڵی رابردوودا لەگەڵ ئەوەی تا سەرەتای ٢٠١٨ لە حکومەتدابوو بەڵام زۆر بە توندی دژایەتی پارتی دەکرد، هەربۆیە ئەو بۆچوونە هەیە کە پارتی لە ئێستادا دەیەوێت توڵە لە کۆمەڵ بکاتەوە.


کۆمەڵ لە کاتی کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم زۆر بە توندی لە دژی پارتی قسەی دەکرد، بەر لە کۆبوونەوەکەی ١٩ ئابی پەرلەمان نێچیرڤان بارزانی نزیکەی چارەگە سەعاتێک بە تەلەفون قسەی لەگەڵ فەخرەدین قادر سکرتێری ئەو کاتی پەرلەمان کرد بۆ ئەوەی بەشداری کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان نەکات بۆ ئەوەی دەستەی سەرۆکایەتی نەتوانێت بڕیار لەسەر کۆبوونەوەی پەرلەمان بدات، کەچی فەخرەدین قادر و کۆمەڵ وەڵامی داواکەی پارتیان نەدایەوە، لە پرسی ریفراندۆمدا کۆمەڵ زۆر بە توندی دژی پارتی جوڵایەوە، بەڵام ئەوەی زیاتر لە هەمووی پارتی توڕەکرد لە کۆمەڵ، کشانەوەی کۆمەڵ بوو لە حکومەت کە تەنها چەند مانگێکی مابوو بۆ هەڵبژاردن.  

کۆمەڵ حەز دەکات بەشداربێت لە حکومەتدا؟
لێدوانێکی بەر لە مانگ و نیوێکی عەلی باپیر زیاتر ئاماژەبوو بۆ ئەوەی حەزیان لە بەشداریکردنە تا بوونە ئۆپۆزسیۆن، عەلی باپیر وتی نەمانووتووە نامانەوێت بەشداربین لە حکومەتدا بەڵکو چاوەڕێی پارتین، جگە لەم لێدوانەکەی عەلی باپیر هەر سەبارەت بە مەیلی کۆمەڵ بۆ بەشداریکردن دەکرێت ئاماژە بەوە بکەین کە کۆمەڵ ئەگەر مەیلی ئۆپۆزسیۆن بوونی تێدا بەهێز بووایە، ئەوا دەیتوانی زۆر بە ئاسانی وەک نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە بڕیاری ئۆپۆزسیۆنبوونی بدابایە، بەڵام هەر ئەوەی تا ئێستا ئەو بڕیارەی نەداوە ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ ئەوە کۆمەڵ مەیلی لە بەشداریکردنە.
بەپێی زانیارییەکانیش لەناو خودی کۆمەڵیشدا دوو ئاراستە هەیە، ئاراستەیەکیان کە عەبدولستار مەجید سەرکردایەتی دەکات لەگەڵ بەشداریکردندان و پێیانوایە کە دۆخەکە بۆ ئۆپۆزسیۆنبوونی کۆمەڵ گونجاو نییە، ئاراستەکەی دیکەش ئاراستەی سۆران عومەرە کە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنبووندان.


بە سەرنجدان بە گوتاری میدیایی چەند رۆژی رابردووی کۆمەڵدا وادێتە بەرچاو کە کۆمەڵ تا رادەیەکی زۆر بێ هیوابووە لەوەی پارتی دەستپێشخەری بکات بۆ بەشداریپێکردنی ئەو حیزبە لە حکومەتدا، عەبدولستار مەجید کە لایەنگری بەشداریکردنە لە وتارێکیدا بە بۆنەی یادی راپەڕینەوە نووسیوویەتی " دوای تێپەڕبوونی ٢٨ ساڵ بەسەر راپەڕیندا هەست ناکەی کە هێشتا گۆڕانکاری لە عەقڵییەتی حکومڕانی هێزە دەسەڵاتدارەکان ڕوویدابێت و تا ئەم ساتەش کلتوری فەرهودی و تاڵانکردن و پاوانخوازی و سڕینەوەی سەردەمی شاخ بەردەوامە..." ئەم شێوازە نووسینە لەم کاتەدا لە نووسینی سەرکردەی حیزبێک ناچێت کە بیەوێت بەشداربێت لە حکومەتدا، جگە لەوەش ئاماژەدان بە پاوانخوازی لەم کاتەدا لەوانەیە بۆ ئەو مەبەستە بووبێت کە بەهۆی پاوانخوازی پارتییەوە جێگەی کۆمەڵ نابێتەوە لە حکومەتدا، هەربۆیە پێدەچێت عەبدولستار مەجید کە لایەنگری بەشداریکردنە لە پارتی بێهیوا بووبێت، هەروەها راگەیەنراوەکەی مەڵبەندی سلێمانی کۆمەڵ هەر بۆنەی راپەڕینەوە ئەوەندە بە زمانێکی توند نووسراوە لە دژی حیزبەکانی دەسەڵات کە لە راگەیەنراوێکی حیزبێک ناچێت لە سەروبەندی چوونە ناو دەسەڵاتدابێت.
لەلایەکی دیکەوە لەماوەی رابردوودا ژمارەی دانیشتن و کۆبوونەوەکانی نێوان کۆمەڵ و یەکێتی زیاتر بووە، هەندێک میدیای یەکێتی هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردوەتەوە کە کۆمەڵ داوای لە یەکێتی کردووە پێکەوە ڕێککەوتنێکی سیاسی ئیمزا بکەن، هەر چەندە دیار نییە ئایا یەکێتی کە لە ئێستادا لەگەڵ پارتی گەیشتوونەتە رێککەوتوون ئامادە دەبێت رێککەوتنی سیاسی لەگەڵ کۆمەڵدا بکات یان نا، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە بۆ کۆمەڵ زۆر قورس دەبێت کە لە یەک کاتدا لەگەڵ یەکێتی رێککەوتنی سیاسی بکات و لەگەڵ پارتیشدا رێککەوتنی بەشداریکردن لە حکومەتدا بکات، رابردوو سەلمێنەری ئەوەیە زۆر ئەستەمە حیزبێک بتوانێت هاوکات لە دوو رێککەوتنی جیاوازدابێت لەگەڵ پارتی و یەکێتیدا.
هەربۆیە ئەم داوایەی کۆمەڵ لە یەکێتی و نزیکبوونەوەی زیاتری کۆمەڵ لە یەکێتی پێدەچێت یان بۆ فشاردروستکردن بێت لەسەر پارتی بۆ ئەوەی ئیمتیاز بدات بە کۆمەڵ، یان بەهۆی بێهیوایی کۆمەڵەوەیە لە پارتی.


کۆمەڵ ئەگەر ببێتە ئۆپۆزسیۆن چی ڕوو دەدات؟
یەکەم: لە ئێستادا بە کورسییەکانی نەوەی نوێ و یەکگرتووەوە لە پەرلەمانی کوردستان ئۆپۆزسیۆن ١٣ کورسی هەیە، ئەمەش بە مانای لاوازبوونی ئۆپۆزسیۆنە لەم خولەی پەرلەماندا، بەڵام لە ئەگەری بوونە ئۆپۆزسیۆنی کۆمەڵ ژمارەی کورسییەکانی ئۆپۆزسیۆن بەرزدەبێتەوە بۆ ٢١ کورسی، ئەمەش تا رادەیەک قورسایی ئۆپۆزسیۆن زیاتر دەکات.
 دووەم: کۆمەڵ هەرچەندە ژمارەی کورسییەکانی زۆریش نەبێت بەڵام بەهۆی ئەوەی حیزبێکی خاوەن رێکخستنە، لە ناو بەرەی ئۆپۆزسیۆندا کاریگەری زۆری دەبێت، جگە لەوەش قورسایی خودی کەسایەتی عەلی باپیریش قورسایی زیاتر دەدات بە ئۆپۆزسیۆن.
سێیەم:  وەک گۆڕان بە پارتی راگەیاندووە لە ئەگەری بەشدارینەکردنی کۆمەڵ، ئەوا حکومەتی هەرێم دەبێتە تەنیا حکومەتی ناوچەکە کە ئیسلامییەکان بەشدارنەبن تیایدا، ئەمەش ئەگەری بەهێزبوونی پێگەی حیزبە ئیسلامییەکان زیاتر دەکات بە تایبەت ئەگەر بێتو لە کابینەی نۆیەمدا ئەوەندە چاکسازی نەکرێت کە هیوا بۆ کۆمەڵگا بگەڕێنێتەوە.


چوارەم: لە ئەگەری بوونە ئۆپۆزسیۆنی کۆمەڵ، گرەوەکەی یەکگرتوو تا رادەیەکی زۆر بە تاڵ دەبێتەوە کە هیوایان لەسەر ئەوە هەڵچنیوە بەهۆی ئۆپۆزسیۆنبوونەوە دەنگەکانیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا زیاد بکات و بکەونەوە پێش کۆمەڵ، چونکە بەپێی سروشتی توندتربوونی کۆمەڵ، یەکگرتوو لە گوتاری ئۆپۆزسیۆنبووندا ئەستەمە بتوانێت پێش کۆمەڵ بکەوێتەوە.
پێنجەم: ئەگەر کۆمەڵ ببێتە ئۆپۆزسیۆن دەبێت ببێتە ئۆپۆزسیۆنی هەر سێ حیزبەکەی بەشداربووی حکومەت، بە تایبەتیش پارتی و یەکێتی و نابێت بە تەنها دژایەتی پارتی بکات، ئەمەش پێچەوانەی ئەو نزیکبوونەوەی ئێستایەتی لە یەکێتی.
شەشەم: کۆمەڵ لە حاڵەتی ئۆپۆزسیۆنبووندا لە مەترسی ئەوەدا دەبێت کە ببێت بە ژێر نەوەی نوێوە، چونکە نەوەی نوێ بە گوتارێکی پۆپۆلیستیانەوە خۆیان داناوە ببنە خاوەن گوتارە رادیکاڵەکەی ناو پەرلەمان.