ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:14 - 09/03/2019

دروستبوونی پارتێکی ڕکابەر لەلایەن دۆستەکانی ئەردۆغانەوە‌

پەیسەر

لەئێستادا دەنگۆی ئەوە هەیە کە هاوپەیمانەکانی پێشووی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە پارتێکی ڕکابەردا کۆبوونەتەوە و دەیانەوێت بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا بکەن، کە بڕیاروایە لە ٣١ی ئازاری ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت. 

ئەحمەد داودۆغڵو سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا زۆرترین جار ناوی دەهێنرێت وەکو سەرکردەی ئەو هاوپەیمانێتییە نوێیە کە بڕوا وایە موحافیزکارەکانی پێشوو و لیبراڵەکان و کادیر و ئەندامە پشتگوێخراوەکانی پارتی دادوگەشەپێدانی ئەردۆغان لەخۆی بگرێت. هەروەها دەگوترێت کە سەرۆکی پێشووی تورکیا عەبدوڵا گیول و عەلی باباجان و محه‌مه‌د شیمشەک وەزیرانی پێشووی ئابووری لەئێستادا کار لەسەر دروستکردنی پارتێکی تایبەت بەخۆیان دروست دەکەن،دەنگۆی ئەوەش هەیە کە هەموو ئەوانە دەست لەناو دەستی یەکتر دەکەن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی سەرۆکەکەی پێشوویان. 

 

سەرچاوەیەکی زۆر ئاگادار بە ماڵپەری ئەلمۆنتیەری وتووە: "داودۆغڵو لەهەموویان خواستی زیاترە بۆ دروستکردنی پارتێکی نوێ و پێی وایە هەرکاتێک ئەو پارتێکی دروستکرد ئەوانیدیکەش دەچنە ناو پارتەکەیەوە". هەروەها دەگوترێت کە گیول خوازیاری ئەوەیە کە پارتە نوێیەکە بەسەرکردایەتی باباجان دروستبکرێت، کە لەئاستی نێودەوڵەتیدا کەسێکی خوازراوە و تۆمەتبار نەکراوە بە هیچ کەسێکی گەندەڵی، و نایەوێت خۆی سەرکردایەتی ئەو پارتە بکات. ئەو سەرچاوەیە کە نەیویستووە خۆی ئاشکرا بکات ئاماژەی بەوەداوە کە "بەڵام داودۆغڵو دەیەوێت خۆی سەرکردایەتی ئەو پارتە بکات." 

ڕۆژی ٩ی شوبات داودۆغڵو لە ئەنکەرە لە مزگەوتی دێرینی حاجی بایرام وتارێکیدا بۆ نوێژخوێنان کە لەوێدا سەرەداوی خواستەکانی خۆی خستەڕوو. داودۆغڵو وتی "لەماوەی ڕابردوودا بارودۆخی ژیان خراپتر بووە" و ئەوەشی بیر ئامادەبووان خستەوە کە لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەودا ئاستی هەڵایسان زۆر نزم بووە کە لەسەدا ٣ بووە تاوەکو ئەوکاتەی لە پۆستەکەیدا بووە تاوەکو تشرینی دووەمی ٢٠١٥ (لەلایەن ئەردۆغانەوە دوورخرایەوە). باریس تێرکۆگلو، کە ستووننووسێکە ڕۆژنامەی جمهوریەتی نزیک لە ئۆپۆزسیۆن کە لەو وتارە ٩٥ خولەکیەدا ئامادەبووە دەڵێت "ئەو بەشێوەیەکی سیستماتیکی ڕەخنەی ئاڕاستەی سیاسەتەکانی ئەکەپە کرد لەدوای دەرچوونی ئەو لەدەسەڵات".
هیچ یەک لەو کەسانەی دیکە بەشێوەیەکی ئاشکرا کۆمێنت و سەرنجی خۆیان نەبووە لەسەر ئەو پرسە، تەنها ئەردۆغان نەبێت. 

لە گردبوونەوەیەکی کەمپینەکەیدا لە پارێزگای تۆکات لە باکووری تورکیا ئەردۆغان هەندێک لە هاوڕێ دێرینەکانی خۆی بە خیانەتکردن تۆمەتبار کرد. بەبێ ئەوەی ناوی هیچ کەسێک بهێنێت، ئەردۆغان ڕایگەیاند "بەداخەوە هەندێک لە هاوڕێکانی ئێمە، کاتێک سەرەتا پێکەوە دەستمان بەم گەشتە کرد زۆر دڵخۆش بوون بەوەی کە پۆستیان وەرگرت، بەڵام کاتێک داوامان لێکرد بۆئەوەی پشوویەکی کورت بدەن ئەوان لە شەمەندەفەرەکەمان دابەزین و چوونە شەمەندەفەرێکی دیکەوە... ئەوانەی کە ئەمڕۆ خیانەت لەئێمە دەکەن سبەینێ خیانەت لەوانی دیکەش دەکەن". 

فەهمی کۆرو کە ستوون نووسێکی موحافیزکارە، و هاوڕێی تایبەتی گیولە، ئەوەی بیر خوێنەران خستووەتەوە کە ئەردۆغان خۆیشی لە سەرپەرشتیارەکەی خۆی جیابووەتەوە، کە نەجمەدین ئەربەکان سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا بوو، کاتێک ئەکەپەی دروستکرد. کۆرو دەڵێت "ئایا ئەوەش بە خیانەت دادەنرێت؟". 

ماوەیەک دەبێت قسەوباسی ئەوە هەیە کە گیول و داودۆغڵو هەڵوێست و بۆچوونەکانیان یەکدەخەن. کە پەیوەندییەکانیان بەرلە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ڕابردوو تێکچوون. گیول، کە کەسێکی میانڕەوە، لەژێر فشارێکی زۆر گەورەدابوو بۆئەوەی کاندیدبوونی خۆی ڕاگەیەنێت کە لەلایەن زۆرێکەوە وەکو کاندیدێکی سەرەکی تەماشا دەکرا کە بتوانێت لەهەڵبژاردنەکاندا بەسەر ئەردۆغاندا سەرکەوێت. بەڵام لەوماوەیەدا، بەرلە دوو مانگ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، خولوسی ئاکار، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئەوکاتەی تورکیا کە ئێستا وەزیری بەرگریە، هاوشان لەگەڵ ئیبراهیم کاڵنی وتەبێژی ئەردۆغان بە هیلیکۆپتەرێک لە حەوشەی پشتەوەی ماڵەکەیدا نیشتنەوە. ئیتر گیول بێدەنگ بوو.
 
ئیتر بۆچی ئەو یان هیچ کەسێکی دیکە دووبارە دەردەکەوێتەوە؟ چی شتێک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە؟ لەدوای بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کە بەشێوەیەکی بەربڵاو باس لەوە کرا کە سندوقەکانی دەنگدان پڕکرانەوە، ئەردۆغان هەموو دەسەڵاتەکانی لەدەستی خۆیدا کۆکردووەتەوە.

تاڕاددەیەکی زۆر کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر میدیادا کردووە و هەموو دوژمنەکانی خۆی خستووەتە زیندانییەوە، ئیتر بەتێگەیشتنی خۆی ئەوانە دوژمنی بن یان بەواقعی دوژمنی ئەون. کە لەئێستادا زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژنامەنووس و دەیان هەزار دادوەر و پۆلیس و کەسانی ناو هێزە سەربازییەکان و ئەکادیمییەکان و پێکهاتەکانی دیکەی کۆمەڵگا تۆمەتبار کراون بەوەی دەستیان هەبووە لە کودەتا شکستخواردووەکەی ٢٠١٦. هێزە سەربازییەکان و پۆلیس لەژێر دەسەڵاتی خۆیدان. دەسەڵاتی دادوەری هەموو شتێکە تەنها سەربەخۆ نەبێت. هەروەها هیچ یەک لەوانە وادەرکەوێت کاریگەرییان نەبووە لەسەر ئەو ٥٣.٧ لەسەدایەی کە دەنگیان بۆ ئەکەپە و هاوپەیمانە ناسیۆنالیستەکانی داوە لە هەڵبژاردنی گشتیدا، کە هاوزەمان لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا بەڕێوەچوو. 

ئەوەی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە ئابوورییە، کە ماوەیەکی درێژ دەبێت یەکێک بووە لە بەهێزترین بنەماکانی دەسەڵاتی ئەردۆغان. گیول و داودۆغڵو لەوانەیە بتوانن وەبەرهێنان بکەن لەسەر دەنگەکانی ئەکەپە ئەوەش بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی بێکاری و هەڵایسان و هێواشبوونەوەی گەشەسەندن و داڕمانی لیرەی تورکی. دەگوترێت ئەوان چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەکەن بەرلەوەی کە پارتە نوێیەکەیان ڕابگەیەنن. هەندێک لە ڕاپرسییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە کاندیدە سەرەکییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ئەنکەرە و بورسا پێدەچێت ئەکەپە لە دەسەڵات دووربخەنەوە، هەروەها کاندیدی ئۆپۆزسیۆن لە ئیستانبوڵ، کە خەڵاتی گەورەی هەمووانە، چەند پۆینتێک لەسەرووی کاندیدەکەی ئەکەپەوەیە. 

دەرەنجامەکان هەرچۆنێک بن، ئایا دروستکردنی پارتێک لەلایەن کەسایەتییەکانی پێشووی ئەکەپەوە چانسی سەرکەوتنی دەبێت؟ 

لەڤەنت گولتەکین، کە پسپۆڕێکی دیارە و لەپەیوەندیدایە لەگەڵ ئەندامانی ئەو پارتە کە دەنگۆی دروستبوونی هەیە، پێی وانیە کە ئەو پارتە نوێیە سەرکەوتووبێت، ئەوەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێنێتەوە. یەکەمیان، وەکو خۆی بە ئەلمۆنیتەری وتووە، دۆخی سیاسی لە تورکیا "بە ڕکابەری لەنێوان قەبیلەکان دەمێنێتەوە کە لەسەر بنەمای ئاینی، و نەژادی و هێڵە ئایدۆلۆژییەکان دابەشبوون، و هەڵبژاردنەکان لەو وڵاتەدا وەکو بردنەوەی کۆنترۆڵ بەسەر تورکیادا تەماشا دەکەن." ئەوان ترسی ئەوەیان هەیە ئەگەر لەو ڕەوە سیاسییە داببڕێن ئەوا وەکو خیانەتکار تەماشا دەکرێن، "هەروەکو چۆن ئەردۆغان ئاماژەی پێدا". کە تێڕوانین و بیرکردنەوەی خەڵکەکە بیرکردنەوەیەکە لەسەر بنەمای "کلتوری بیرکردنەوەی دەستەجەمعییە" ئەوەش سیاسەتی تورکیای دابەشکردووە. 

یەکێکی دیکە لە ڕێگریەکانی دیکە بەبۆچوونی گولتەکین خودی ئەرۆغانە. تەحەدداکردنی ئەردۆغان ئازایەتییەکی دەوێت کە هیچ یەکێک لەو ڕکابەرانە ئەو غیرەتەیان نییە. 

سه‌رچاوه‌: ئەلمۆنیتەر
نوسینی: ئەمبەرین زەمان

ئه‌مبه‌رین پەیامنێری باڵای ئەلمۆنیتەرە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و ئەوروپا. بەرلە کارکردنی لە ئەلمۆنیتەر، زەمان ڕووماڵی تورکیا و دۆخی کوردی لەناوچەکە بۆ ڕۆژنامەی واشنتن پۆست و دەیلی تەلەگراف و لۆس ئانجلس تایمز و دەنگی ئەمریکا. لەنێوان ساڵانی ١٩٩٩ بۆ ٢٠١٦ پەیامنێری ئیکۆنۆمیست بووە لە تورکیا.