04:22 - 09/03/2019
ئایا حكومه‌ت مووچه پاشكه‌وتكراوه‌كان ده‌گێڕێته‌وه؟
ناوه‌ڕاستى ساڵى ١٩٧٢ كاتێك حكومه‌تى عێراق به‌هۆى قه‌یرانى دارایى و دابه‌زینى نرخى نه‌وته‌وه، سیاسەتی سکهەڵگوشینی راگەیاند و حكومه‌تى ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر بۆ ماوه‌ى هه‌شت مانگ رێژه‌یه‌ك له مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى پاشكه‌وت كرد، دواى ئه‌و ماوه راسته‌وخۆ مانگانه به قیست بۆ فه‌رمانبه‌ران گێڕدرایه‌وه‌و هه‌موو قه‌رزه‌كان درایه‌وه، دواى ٤٧ ساڵ له‌و بڕیاره‌ى عێراق، فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له دۆخێكى هاوشێوه‌دان چاویان له گێڕانه‌وه‌ى پاره‌كانیانه كه حكومه‌ت پاشكه‌وتیكردووه.
دواى سێ ساڵ و سێ مانگ له‌ژێر فشارى به‌غدا، نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونى ویلایه‌ته‌كه‌ى خۆى كۆتایى به سیسته‌مى پاشكه‌وتى مووچه هێناو به واژۆیه‌ك باره‌كه‌ى خسته سه‌ر كابینه‌ى دواى خۆى، به‌ڵام ئه‌وه كۆتایى چیرۆكى پاشكه‌وت نییه، گێڕانه‌وه‌ى ئه‌و پاره‌یه‌ى له فه‌رمانبه‌ران بڕدراوه و حكومه‌ت ئیداره‌ى قه‌یرانه‌كانى پێكرد داخوازى سه‌ره‌كییه، به‌ڵام كه‌ى و چۆن ئه‌وه ده‌كرێت؟ ئه‌وه‌ى كابینه‌ى هه‌شت له مووچه‌خۆرانى بڕى كابینه‌ى نۆ ده‌یگێڕێته‌وه؟
له سه‌ره‌تاى ساڵى ٢٠١٦ ەوە به‌رده‌وام مانگانه فه‌رمانبه‌ران پاره‌یان ده‌كه‌وته لاى حكومه‌ت، و به‌شێكى مووچه‌كه‌یان پێده‌درا تا ساتى بڕیارى لابردنى پاشكه‌وتى مووچه، حكومه‌ت هه‌شت مووچه‌ى ته‌واوى فه‌رمانبه‌ران و 24ى مووچه‌ى دیكه كه به‌شێكیان پاشكه‌وتكراوه قه‌رزاره، له‌گه‌ڵ ١٥ مووچه‌ى ته‌واوى خانه‌نشینان، جگه له‌وه‌ش له چوار ساڵى قه‌یراندا ته‌واوى مووچه‌ى چاودێرى كۆمه‌ڵایه‌تى و كه‌مئه‌ندامانیش زۆر كه‌م كرایه‌وه‌و چه‌ند مانگێكیان به ته‌واوى پاشكه‌وتكرا. كۆى ئه‌و پارانه‌ى فه‌رمانبه‌ران لاى حكومه‌تن به ١٠ ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێندرێت.
ئێستا فه‌رمانبه‌ران چاویان له‌وه‌یه كه ئه‌و پاره‌یان بۆ بگه‌ڕێندرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌م داواكارییه ده‌كه‌وێته به‌ر ده‌رگاى كابینه نوێیه‌كه‌ى مه‌سرور بازرانى، كه هه‌ر له ئێستاداوه به لابردنى پاشكه‌وتى مووچه خراوه‌ته ژێر تاقیكردنه‌وه‌ى قورسه‌وه، وه‌زیرى دارایى ده‌ڵێت گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و پاره‌یه پێویستى به یاسایە و هاوكات كابینه‌ى هه‌شت گێڕانه‌وه‌ى پاره‌كه‌ى به‌ستووه‌ته‌وه به ئه‌نجامى گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى به‌غدا.
عه‌لى حه‌مه ساڵح سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان له په‌رله‌مانى كوردستان، بۆ پەیسەر پرێس ده‌ڵێت پرۆژه‌یان هه‌یه له په‌رله‌مان بۆ گێڕانه‌وه‌ى ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ى كه له فه‌رمانبه‌ران بڕدراوه، میكانیزمه‌كه‌شى به گوته‌ى ئه‌و، به چه‌ند قۆناغێك ده‌كرێت جێبه‌جێبكرێت.
قه‌رزێكى زه‌به‌لاح ئێستا له‌سه‌ر شانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانە كه به‌قه‌د بودجه‌ى یه‌ك ساڵى هه‌رێمى كوردستانه كه له یاساى بودجه‌ى عێراق بۆ هه‌رێم ته‌رخانكراوه، عه‌لى حه‌مه‌ساڵح ده‌ڵێت"بیرۆكه‌كه ئه‌مه‌یه هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك سه‌ره‌تا ژماره بانكییه‌كى بۆ بكرێته‌وه‌و كۆى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ى تێدا بێت".
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، قۆناغى دووه‌میش ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر له ئێستادا نه‌تواندرێت قه‌رزه‌كه بدرێته‌وه، هه‌موو ئه‌و رسوماتانه‌ى له‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ره له ئاو و كاره‌با و باجى دیكه بدرێته‌وه
له‌رێگه‌ى ئه‌و ژماره بانكییه‌وه قه‌رزه‌كانى سه‌ر فه‌رمانبه‌ران له پاشكه‌وته‌كه‌یان دابشكێندرێت، به‌وه‌ش به‌شێك له پاشكه‌وته‌كه بدرێته‌وه.
قۆناغى سێیه‌مى پرۆژه‌كه ئه‌وه ده‌بێت كه فه‌رمانبه‌ران ده‌یانه‌وێت ئه‌ویش دانه‌وه‌ى پاشكه‌وته‌كه‌یه، به‌ڵام به‌شێوه‌ى مانگانه و له‌گه‌ڵ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ردا رێژه‌كه‌ى له قه‌رزه‌كه‌ى بۆ بگڕێته‌وه، واته مانگانه فه‌رمانبه‌ر له‌گه‌ڵ مووچه‌كه‌یدا به‌شێك له‌قه‌رزه‌كه‌ى بۆ بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌مه له پرۆژه‌یه‌كى فراكسیۆنى گۆڕاندا جێیكراوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى له‌رێگه‌ى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كان بكرێت به یاسا.
پێده‌چێت كابینه‌ى هه‌شتى حكومه‌ت خواستى ئه‌وه‌ى هه‌بێت، كه مه‌سه‌له‌ى گێڕانه‌وه‌ى پاشكه‌وته‌كه بئاڵێنێت له ئه‌گه‌ر و نه‌گه‌رى سه‌ركه‌وتنى دانوستانه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، و دواتریش ده‌رچوواندنى یاساى چاكسازى له په‌رله‌مانى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌وه‌ش پێده‌چێت پرۆسه‌یه‌كى ئاڵۆز بێت له‌كاتێكدا ده‌كرێت به رێنمایى وه‌زاره‌تى دارایى و به رێوشوێنى ئاسانتر بڕیار له‌دانه‌وه‌ى ئه‌و قه‌رزانه بدرێت.
رێباز حه‌ملان وه‌زیرى دارایى ده‌ڵێت، ساڵى رابردوو پرۆژه یاسایه‌كیان بردووه‌ته په‌رله‌مان كه یاساى چاكسازى بوو، ساڵى رابردوو كێشه‌ى تێكه‌وت به‌هۆى پله تایبه‌ته‌كانه‌وه كه ئه‌و یاسایه ده‌رچوو بابه‌تى دانه‌وه‌ی پاشكه‌وت به یاسا جێبه‌جێده‌كرێت، به‌ڵام به‌رپرسى ئه‌م بابه‌ته ته‌نها حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان نییه، به‌ڵكو له ئه‌ستۆى حكومه‌تى عێراقیشه، بۆیه ئه‌وه له‌گه‌ڵ به‌غدا باس ده‌كه‌ین كه ئه‌گه‌ر هه‌مووشى نه‌بێت به‌شێكى له‌ئه‌ستۆ بگرن.
له بابه‌تى گێڕانه‌وه‌ى ئه‌و قه‌رزانه‌دا گرنگترین خاڵ، تواناى دارایى حكومه‌تى هه‌رێمه كه ئایا له‌گه‌ڵ لابردنى پاشكه‌وت قاسه‌كه‌ى ئه‌وه‌نده‌ى تێدایه فریاى سێكته‌ره‌كانى دیكه بكه‌وێت و شتێكیش له قه‌رزه‌كه بۆ فه‌رمانبه‌ران بگێڕێته‌وه؟ ره‌نگه ئاماده‌یى به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ى شتێك له قه‌رزه‌كه له ئه‌ستۆ بگرێت رۆڵى سه‌ره‌كى هه‌بێت له گێڕانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كه.
داهاته ئاشكراكراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ئێستا بریتین له
- موچەی فەرمانبەرانی هەرێم مانگانە لە به‌غداوه دێت 522 ملیار دیناره.
- داهاتی نەوتی هەرێم 378 ملیار دیناره.
- داهاتی ناوخۆ 150 ملیار دیناره.
- كۆی گشتی داهاتەكانی هەرێم دەبێتە یەك ترلیۆن 50 ملیار دیناره‌و مووچه‌ش 879 ملیارى پێویسه‌ته.
بۆیه پێده‌چێت حكومه‌ت تواناى دانه‌وه‌ى ئه‌و قه‌رزانه‌ى هه‌بێت به پرۆسه‌یه‌كى له‌سه‌ر خۆ به‌ڵام هاوكارى حكومه‌تى عێراق پرۆسه‌ى دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كان خێراتر ده‌كات.
محه‌مه‌د ره‌ئوف ئابورى ناس پێیوایه حكومه‌ت ده‌توانێت ئه‌و قه‌رزانه بداته‌وه، به‌ڵام زۆرى قه‌رزه‌كه به‌ربه‌ستى زۆرى دروستكردووه، چونكه بڕه‌كه‌ى زۆره‌و دانه‌وه‌ى ماوه‌یه‌كى زۆرى ده‌وێت، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت نێتیشى هه‌بێت بیداته‌وه. ئه‌و بۆ په‌یسه‌ر باسیله‌وه‌كرد"دانه‌وه‌كه ده‌بێت به قیست بێت مانگانه به‌شێكى قه‌رزه‌كه بگه‌ڕێته‌وه بۆ فه‌رمانبه‌ر به‌ڵام ماوه‌یه‌كى دوروو درێژى ده‌وێت، ده‌شكرێت بدرێته‌وه له برى قه‌رزه‌كان".
كاتێك بڕیارى پاشكه‌وتى مووچه راگه‌یه‌ندرا حكومه‌ت رووبه‌ڕووى ره‌خنه‌ى زۆربووه‌وه له‌وكاته‌وه ئه‌و كێشه‌یه وه‌ك پرسێكى زیندوو مایه‌وه‌و ره‌خنه‌كان له‌سه‌ر حكومه‌ت زیاتربوون له‌كۆتاییدا ناچاربوو بڕیاره‌كه هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، پێناچێت حكومه‌ت تاسه‌ر بتوانێت چاو له قه‌رزه‌كان دابخات، قه‌باره‌ى قه‌رزه‌كه زۆره‌و له ئه‌گه‌رى باشتربوونى دۆخى هه‌رێم داخوازییه‌كان بۆ دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كان زیاتر ده‌بن و هێزه سیاسییه‌كانیش ناتوانن به ئاشكرا ئه‌م داواكارییه ره‌تبكه‌نه‌وه، ته‌نها رێگه دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كانه به پرۆسه‌یه‌كى له‌سه‌رخۆ به‌جۆرێك نه‌شیش بسوتێت نه كه‌باب.