ڕاپۆرتی کوردستانی

06:13 - 10/03/2019

یەشار یاكیش: كورد تاكە گەلی بێدەوڵەتە‌

پەیسەر

یەشار یاكیش وەزیری پێشووتری دەرەوەی توركیای لە لەبەرنامەی چاوێك لەسەر توركیا ی سایتی ئەحواڵ رایگەیاند  كورد تاكە گەلە لەجیهاندا كە دەوڵەتی نیە دەشڵێت ئەمریكا لە 50 بۆ 100 ساڵی داهاتوودا دەوڵەتیان بۆ دروست دەكات.

سەبارەت بەلێدوانی وەزیری دەرەوەی روسیا كە رایگەیاندبوو هیچ رێككەوتنێكیان لەگەڵ توركیا نابێت ئەگەر هێزە كوردیەكان بەتیرۆرست وەسف بكات، یاكیش رایگەیاند روسیا تاكە وڵات نیە كە تێروانینی لەگەڵ تێروانینی توركیا جیاوازە دەربارەی چۆنیەتی دیاریكردنی ئەو كوردانەی بوونە ئاستەنگ لەبەردەم ئەنكەرە و ئەوانەشی نەبوونە ئاستەنگ، بەهەمان شێوە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و تەواوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ توركیا ناكۆكە، بۆیە پێویستە لەسەرئەنكەرە  زۆر بەڕوونی ئەوە دیاری بكات كە كام گروپە كوردیە دەبێتە مەترسی لەسەری، ئەوەی ڕوونە ئەوەیە كە كوردەكان تاكە خاڵی ناكۆكی ناكۆكی نێوان توركیا و روسیا نین، بەڵكو لەسەر زۆر بابەتی تریش ناكۆكیەكان ڕوون بوونەوە كە هەموو لایەك دەیزانن، گومانی تێدانیە كە كوردەكان تاكەگەلن لەسەرتاسەری جیهان كە دەوڵەتیان نیە لەگەڵ ئەوەی پێكهاتەیەكی دانیشتوانن لەسەرتاسەری جیهان بوونیان هەیە، و كارتی پرسی كوردیش هەموو وڵاتانی جیهان دەیانەوێت لەدەستیاندا بمێنێتەوە بۆئەوەی لەكاتی پێویستدا بەكاری بهێنن، بەتایبەتیش كە ئەو وڵاتەی دەیەوێت ئەو كارتە بەكاربهێنێت یەكێك بێت لە وڵاتە زلهێزەكان، و لەسەر ئاستی گەورەتر یاری بەو كارتە دەكات، پاشان پێویستە لەسەرمان باش ئەوە بزانین كە وڵاتێكی وەك روسیا هەرگیز حەز ناكات دەستبەرداری كارتی كورد بێت، و سورە لەسەر ئەوەی لەدەستیدا بمێنێتەوە بۆئەوەی لەكاتی پێویستدا بەكاری بهێنێت.

پاشان دەبینین كە هەریەك لە روسیا و ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا پاڵپشتی پرسی كورد دەكەن، دەبینین واشنتۆن هاوكاری گەورەی پێشكەشی كوردانی سوریا كردووە لەرێگەی راهێنان و پاڵپشتی دارایی بەهەموو شێوەكانیەوە، وا دیارە كە ویلایەتەیەكگرتووەكان هەوڵ دەدات رێگا خۆش بكات بۆ پێكهێنانی ناوچەیەكی خۆبەرێوەبەری بۆ كورد پاشان دروستكردنی دەوڵەتی كوردی لەماوەی 50 بۆ 100 ساڵی داهاتوودا.

سەبارەت بەوەی روسیا حەز بەمەدەكات، وەزیری پێشووی دەرەوەی توركیا رایگەیاند بەڵێ روسیاش حەزی لەم هەنگاوە هەیە ئەگەر بینی كە دروستكردنی كیانێك بۆ كورد لەبەرژوەندی خۆی دەبێت، بەڵام ئامانجی یەكەمی روسیا تێكدانی ئەوەیە كە ئەمریكا دەیكات، پاشان رەنگە لەداهاتوودا كیانێكی كوردی بەباش بزانێت ئەگەری پێی وابوو كە بەشێك دەبێت لەهەژمونی خۆی، راستیەك هەیە لێتان ناشارمەوە ئەویش ئەوەیە كە روسیا و ئەمریكا بەئەرێنیەوە ناڕواننە داواكاری تایبەتی توركیا بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام لەباكوری سوریا، من وای نابینم كە توركیا هیچ پرۆسەیەكی سەربازی لەرۆژهەڵاتی فورات ئەنجام بدات، ئەوەش نەك لەبەر ئەوەی حكومەت خواستی نیە بۆ پارێزگاریكردن لە بەرژوەندیەكانی توركیا، بەڵكو لەبەرئەوەی ئەنكەرە تائێستا درئەنجامەكانی ئەو پرۆسەیەی ڕوون نەكردۆتەوە، نەیتوانیوە ئەوە ڕوون بكاتەوە لەگەڵ ئەوەی ئەو هەنگاوە پێویستە بۆ بەهێزكردنی هەڵوێستی خۆی.

وەك دەزاندرێت نزیكەی 60 بۆ 70 هەزار چەكدار سەر بەیەكینەكانی پاراستنی گەل لەو ناوچانە هەن، كاتێك توركیا دەڵێت دەچێتە رۆژهەڵاتی فورات، زۆر شت ڕوون ناكاتەوە، و ەك ئەوەی كە دەیەوێت لەوێ بیكات، ئایە ئەو چەكدارانە یەك بەیەك دەستگیردەكات و پاشان دەیانخاتە زیندانەوە؟ یان بەقوڵی 30 كیلۆمەتر لەسنورەكانی خۆی دووریان دەخاتەوە؟ یان هەموویان دەكوژێت؟ هەموو ئەمانە تائێستا روون نین.

هەروەها ئەوە ڕوون نیە كە توركیا شەوانە چی دەكات لەو ناوچانە؟ لەراستیدا من پێم وانیە توركیا ئەمە بكات، باشتریشە ئەو سەركێشیە نەكات پرۆسەیەك كە مەترسی و ئامانجەكانی دیاری كراو نین.

لەكۆتایدا دەمەوێت باسی گۆڕانكاریەكی تر بكەم ئەویش بریاری ئەمریكا بۆ كشانەوە لەسوریا لەو بارەیەوە واشنتۆن بەم دوایانە رایگەیاند سورە لەسەرمانەوەی ژمارەیەك لەهێزەكانی كە نزیكەی 200 سەرباز دەبن، بەڵام راستی ئەم پرسە هیچ جیاوازیەك دەربارەی بوونی ئەمریكا لەناوچەكە دروست ناكات بەتایبەتیش لەسوریا، واشنتۆن ئەگەر تەواوی سەربازەكانیشی بكێشێتەوە و یەك سەربازی لەوێ نەمێنێت دەتوانێت لەرێگەی هەولێرەوە بمێنێتەوە.