ڕاپۆرتی کوردستانی

08:23 - 28/11/2018

مێژووی شه‌ڕو ململانێی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان‌

پەیسەر

لەسەر دەمی خەباتی شاخ، لەناو پێشمەرگەکانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستاندا چیرۆکێک هەبوو وەکو گاڵتەوگەپ بۆ یەکتریان دەگێڕایەوە پوختەی چیرۆکەکەش ئەوەیە: پێشمەرگەیەک دوای گەڕانەوەی لە جەولەیەک کە تێیدا توشی شەڕی ناوخۆ بووبوون، رووی تفەنگەکەی دەکاتە ئاسمان و ریزێک فیشەک دەتەقێنێ. کاتێ هۆکاری تەقەکردنەکەی لێ دەپرسن پێشمەرگەکە دەڵێ: تەنیا ئاسمان و مەلایکەکان ماون یەکێتی لەگەڵیان بیکات بە شەڕ!

ئەم چیرۆکە ئەگەر روویەکی گاڵتەوگەپی هەبێ، ئەوا لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی و چەکداری باشووری کوردستاندا راستیشی تێدایە، چونکە لە دامەزراندنی یەکێتییەوە تا کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، ئەم حزبە لە قۆناغی جیاجیادا لەگەڵ هێز و لایەنەکانی دیکەدا بۆ کاری جیاواز توشی شەڕ هاتووە.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان، چونکە وەکو بەدیلێکی شکست و بڵاوپێکردنی شۆڕشی ئەیلول هاتبووە مەیدانەوە. هەمیشە خاوەن هێز و نفوز و رووبەرێکی فراوان لە جوگرافیا بووە. ئەمەش وایکردووە هەمیشە وەکو حاکمڕان و باڵادەست دەربکەوێ بۆیە هەر هێزێک هاتبێتە جێ نفوز و جوگرافیای ئەوەوە، ئەوا بە جۆرێک لە جۆرەکان هەوڵیداوە بیخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە هەر کاتێ لەمەدا سەرکەوتوو نەبووبێ ئەوا پەنای بۆ هێزی چەک بردووە.

 

یەکێتی لە سەردەمی خەباتی شاخ کاتێ دەستی بردووە بۆ دەرپەڕاندن و هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی بەردەمی، کە هەستی بە دەرچوون لە کۆنترۆڵی خۆی کردبێ

رەنگبێ (لەشکری ئیسلامی) کە هێزێکی کوردی دروستکراوی ئێران بوو لە سەرەتای هەشتاکان، یەکەم حزب بێ کە زەبری هێزی یەکێتی بەرکەوت و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا بۆ هەمیشە کۆتایی بەو لەشکرە دەوڵەمەند و چەکدارە هێنا کە بەهۆی یارمەتییە زۆرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، پارە و چەکێکی زۆر خرابووە خزمەتییانەوە.

لەشکری ئیسلامی لە سنووری قەڵەمڕەوی ی.ن.ک دا کە ئەو کاتە زۆرترین رووبەری ناوچەی هاتنوچوونی پێشمەرگە لەژێر رکێفیدابوو، بە ماوەیەکی کەم پەرەی سەند و بەهۆی خۆشگوزەرانی چەکدارەکانی و هەبوونی چەک و پارەی زۆر خەڵکێکی زۆر رووی لەو هێزە کرد، سەرکردایەتی یەکێتی بۆ ئەوەی لەشکری ئیسلامی لە گرێژنە دەرنەچێ، ساڵی ١٩٨٢ پلانێکی تۆکمەی داڕشت و بە کەمتر لە حەفتەیەک پلانەکە جێبەجێ کرا و کۆتایی بە لەشکری ئیسلامی هێنرا.

بەر لە هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە لەشکری ئیسلامی، یەکێتی لەگەڵ بزووتنەوەی سۆسیالیست کە دواتر بوو بە حزبی سۆسیالیست و پێشتر لە نیمچە بەرەیی یەکێتی جیا بووبووە، بە خوێنڕشتن و دەستبردن بۆ چەک سنوورەکانی خۆی لەگەڵ ئەو هێزە نوێیەدا تا حەدێک دیاریکرد. ئەمەش بووە سەرەتایەک بۆ بناغەی شەڕی ناوخۆ لە داهاتوودا.

یەکێتی لە شاخ... یەکێتی لە شار
یەکێتی لە سەردەمی خەباتی شاخ کاتێ دەستی بردووە بۆ دەرپەڕاندن و هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی بەردەمی، کە هەستی بە دەرچوون لە کۆنترۆڵی خۆی کردبێ. تائێستا بەڵگەیەک لە بەردەستدا نییە تا بیسەلمێنێ لێدان و دەرپەڕاندنی هیچ هێزێکی کوردی لەسەر داوا و فشاری دەوڵەتە سەردەستە و داگیرکەرەکانی کوردستان بووبێ. 

لە سەردەمی یەکەم ئەزموونی حوکمڕانی کورد لە باشووری کوردستان و دوای پێکهێنانی پەرلەمان و یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێم لە ساڵی ١٩٩٢، یەکێتی  و پارتی لەڕێی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاری دەرکردنی گەریلاکانی پەکەکەیان دەرکرد لە باشووری کوردستان. ئەم بڕیارەی پەرلەمان لەژێر فشار و داواکاری دەوڵەتی تورکیا بوو. 

دوای ئەوەی پەکەکە رەتیکردەوە پابەندی بڕیارەکەی پەرلەمانی کوردستانبێ، مانگی ئۆکتۆبەری ١٩٩٢ چوار مانگ دوای دەستەبه‌کاربوونی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم، یەکێتی و پارتی بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر گەریلاکانی پەکەکە و بەمەش ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە و گەریلا کوژران و پێشمەرگە نەیتوانی پەکەکە لە قەندیل دەرپەڕێنێ. ئەمەش یەکەم ئەزموونی گواستنەوەی شەڕی کورد-کوردبوو لە دوای راپەڕینی خەڵکی کوردستان بۆ ناو حوکمڕانی کوردی!

دوای راپەڕینی کوردستان و گەڕانەوەی پیشمەرگە بۆ ناوشارەکان، یەکێتی نیشتمانی بوو بە حاکمڕانی زۆرینە و بەشی زۆری باشووری کوردستانی لەژێر رکێفدا بوو. ئەم بەهێزییە وایکرد قۆناغێکی نوێ لە شەڕی ناوخۆی نیوان یەکێتی  و پارتی دیسان دەست پێ بکاتەوە، بەڵام ئەمجارە لەناو شارەکاندا و لەسەر چۆنێتی بەڕێوەبردنی حوکمی کورد خۆی.

لە رابردوودا یەکێتی کە دۆستایەتی هەر لایەنێکی کردبێ، زیادەڕۆیی زۆری کردووە، کاتێکیش ئەو دۆستایەتیە درزی تێکەوتووە

مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٩٣ لە نێوان یەکێتی و بزووتنەوەی ئیسلامیدا شەڕێکی چەکداری هاتە ئاراوە کە لە شارۆچکەی کفری یەکەم زەنگی ئەو شەڕە لێیدا و دواتر چەکدارەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی لە سەرجەم شارەکانی هەرێم دەرپەڕێنران بۆ سنووری هەڵەبجە و هەورامان و مەلا عوسمان عەبدولعەزیزی رابەری ئەو بزووتنەوەیە دەسگیرکرا.

یەکێتی ساڵی ١٩٩٥ بە زەبری هێز بینای پەرلەمانی کوردستانی داگیرکرد و بەمەش پارتی خرایە دەرەوەی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمەوە. دوای ئەم دەسپێکە خراپە،ئیتر پەنابردنەوە بۆ سوپای عێراق و تورکیا و دواتر ئێران بوون بە رووداوی ئاسایی و بە چەک و سەرباز و فڕۆکەی ئەو سوپایانەی کە هەریەکەیان بەشێکی کوردستانیان داگیر کردبوو، پارتی  و یەکێتی شەڕی ناوخۆیان گەرم کرد.

ساڵی ١٩٩٥ لەژێر فشاری کۆماری ئیسلامی ئێران دا، یەکێتی رادیۆی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی راگرت و سنووری بۆ چالاکی سیاسی و سەربازیی ئەو حزبە دانا. فشارەکانی ئێران گەیشتە ئاستێک کە ارستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە بارەگا و شوێنی حەسانەوەی خێزانی سەرکردە و پیشمەرگەکانی حدکا لە کۆیە بۆردمان کران.

ساڵی ٢٠٠٠ لە نێوان یەکێتی و پەکەکە شەڕێکی خوێناوی هاتە ئاراوە کە چەند مانگێکی خایاند و دەیان پێشمەرگە و گەریلا لەو شەڕەدا کوژران. دوایین هێزی سیاسی کە یەکێتی فشاری خستە سەریان حیزبی کۆمۆنیستی کریکاریی عیراق بوو کە دەبێ بارەگاکانیان ببەنە دەرەوەی شارەکان، بەهۆیە ئەوەی بەرپرس و کادرانی ئەو حزبە ئامادە نەبوو پابەندی ئەو داوایە بن، مانگی تەموزی ٢٠٠٠ پەنا بۆ چەک برا و چوار کادری ئەو حزبە لەناو شاری سلێمانیدا کوژران.

لایه‌یه‌نه‌ سیاسییه‌كان پلانی Bیان ئامادە کردووە بۆ ئەو کاتەی "شیرینی دۆستایەتی" دەگۆڕێت بە "تاڵی دوژمنایەتی"
لە رابردوودا یەکێتی کە دۆستایەتی هەر لایەنێکی کردبێ، زیادەڕۆیی زۆری کردووە، کاتێکیش ئەو دۆستایەتیە درزی تێکەوتووە، دۆستایەتییەکە زۆرجار تا گەرمبوونی لوولەی تفەنگەکان توند و گەرمبوون.

دوایین رووداو و پیشهات لە پەیوەندی و دۆستایەتی یەکێتی لەگەڵ هێزەکانی دیکە، لەگەڵ پەکەکەدا بوو، کە وایلێهاتبوو کادر و هەڵسوڕاوانی پەکەکە یان نزیک لە پەکەکە زۆر زیاتر لە کادر و هەڵسوڕاوانی یەکێتی لە سنووری قەڵەمڕەوی یەکێتیدا سەربەستانە کاری حزبیی و رۆشنبیریی خۆیان دەکرد بۆ هەندێک لە نەیارانی پەکەکە، سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان وەسف دەکرا " بە قەندیلی تەخت و بێ چیا"

بەڵام ئێستا بە قەدەغەکردنی چالاکییەکانی تەڤگەری ئازادی کە سەر بە پەکەکەن لە باشووری کوردستان، دیسان نێوانی یەکێتی  وپەکەکە کەوتەوە بەر دۆستایەتی کاتیی و نەیاری کاتیی کە ئەم نەریتە وایکردووە هیچ هێزێکی سیاسی لە باشووری کوردستان متمانەی تەواوەتی بە یەکتر نەبێ بۆیە هەمیشە هەموویان پلانی Bیان ئامادە کردووە بۆ ئەو کاتەی "شیرینی دۆستایەتی" دەگۆڕێت بە "تاڵی دوژمنایەتی"