01:58 - 11/03/2019
دانوستان، رێككه‌وتن، واژۆكردن، چەپڵە، گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ره‌تا
جارێكى دیكه پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌وێته‌وه ناو ئه‌گه‌ر و نه‌گه‌رى رێككه‌وتنى یه‌كێتى و پارتى، هه‌رچه‌ند ئه‌و دوو حزبه تا ئێستا دووجار واژۆیان له‌سه‌ر رێككه‌وتن كردووه، به‌ڵام رێككه‌وتنه‌كان نامه‌یێنن، ئێستا یه‌كێتى جارێكى دیكه داواى رێككه‌وتنى نوێ و گۆڕینى سه‌رۆكى په‌رله‌مان به جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌كات دۆخه‌كه له‌به‌رده‌م دوو ئه‌گه‌ردایه یاخود رێككه‌وتنى لایه‌نه‌كان به تایبه‌تى گۆڕان و پارتى ده‌ستكارى ده‌كرێت، یان خود ناوخۆى یه‌كێتى زیاتر ده‌شێوێت.
کێشە ناوخۆییەکانی یه‌كێتى گرفته‌كه گه‌وره‌كه‌یه
له‌سه‌ره‌تاى دانوستانه‌كانه‌وه باڵه جیاوازه‌كانى یه‌كێتى له‌سه‌ر پۆسته‌كان نه‌سازاون سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى حزبه‌كه له‌گه‌ڵ پارتیدا گه‌یشتووه‌تە رێككه‌وتن به‌ڵام باڵە جیاوازەکانی ناو یەکێتی له ناوخۆیاندا پێكنه‌هاتوون، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر له دوایین كۆبوونه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كه بڕیاریان داوه داواى پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم بكه‌ن، چونكه هه‌ر یه‌كه له حاكم قادر و عیماد ئه‌حمه‌د داواى پۆستى باڵا ده‌كه‌ن و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تیش بۆ قوباد تاڵه‌بانى یه‌كلابووه‌ته‌وه، زۆرینه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كوڕه بچوكه‌كه‌ى تاڵه‌بانى ته‌نها كاندیدى جێگرى سەرۆکی حكومه‌ت بێت ئه‌وه‌ش وه‌ك ڕه‌مزێك كه كوڕى تاڵه‌بانییه‌و پۆسته‌كه‌ى نه‌خرێته ده‌نگدانه‌وه.
بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشەی حاكم قادر و عیماد ئه‌حمه‌دیش ده‌یانه‌وێت به وه‌رگرتنى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم نیگه‌رانییه‌كانیان بڕه‌وێننه‌وه، یه‌كێتى بۆ ده‌رباز كۆسره‌ت ڕسوڵیش پۆستێكى باڵاى ده‌وێت ئه‌ویش وه‌زاره‌تى ناوخۆیه بۆیه داواى ئه‌و پۆسته‌ش ده‌كه‌ن كه پارتى بۆخۆى داناوە، یه‌كێتى پێى وایه پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان سودێكى ئه‌وتۆى نییه چونكه ڕێواس فایه‌ق و بێگه‌رد تاڵه‌بانى گرفتى گه‌وره نین له‌ناو حزبدا، بۆیه پێده‌چێت جارێكى دیكه پێكهێنانى حكومه‌ت بكه‌وێته‌وه به‌ر نه‌شته‌رى كۆبوونه‌وه دووردرێژه‌كان و ئه‌گه‌رو نه‌گه‌رى رێككه‌وتنه‌كانى یه‌كێتى و پارتى.
هه‌موو كۆبوونه‌وه‌و دانوستان و رێككه‌وتن و واژۆكانیش به ئامانجى پێكهێنانى حكومه‌ت بوو، به‌ڵام هێشتا له‌سه‌ر پێكهێنانى حكومه‌ت و پۆسته‌كان یا رێككه‌وتن نه‌كراوه‌و قسه‌ى له‌سه‌ر نه‌كراوه یاخود ئه‌وه‌ى كراوه به‌س نییه‌و دابه‌شكارى دیكه‌ی پێویسته.
پارتى چیده‌كات
پارتى له‌دۆخێكى ته‌واو جیاوازدایه نه‌ده‌توانێت ده‌ستى شل بكات و به‌و پۆستانه‌ى ده‌یبه‌خشێت برینه‌كانى یه‌كێتى خۆش بكاته‌وه، نه ده‌شتوانێت ده‌ستى دابخات و هیچ پۆستێكى دیکە به یه‌كێتى نه‌دات، به‌شێكى حزبه‌كه پێیان وایه به‌رامبه‌ر یه‌كێتى مرونه‌تى زۆریان نواندووه‌و سازشى زیاتر بكه‌ن به زیانى حزبه‌كه ده‌شكێته‌وه، ئه‌وه‌ى دۆخه‌كه‌ى بۆ پارتى قورس‌تر كردووه پارتى به نیازبوو له پێكهێنانى حكومه‌ت تۆڵه‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار و ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر بكاته‌وه، به‌ڵام كه كه‌وته گفتوگۆكانه‌وه ئه‌مه‌ى ئاسان نه‌هاته به‌رده‌ست چونكه باڵه جیاوازه‌كانى یەکێتی لە ناو خۆیاندا رێككه‌وتن کە بۆ رێككه‌وتنیان لەگەڵ پارتی پشكى زیاتریان ده‌وێت.
پارتى به واژۆكردنى دوو رێككه‌وتن له 18ى شوبات و 4ی ئازار، پێى وابوو به‌ربه‌سته‌كانى به‌رده‌م دروستكردنى حكومه‌تى نوێى كه‌مكردووه‌ته‌وه به‌ڵام له راستیدا، ئه‌و دوو واژۆیه هه‌نگاوه‌كانى پێكهێنانى حكومه‌تى نه‌خسته سه‌ر سكه و ناوخۆى یه‌كێتیش له‌سه‌ر دیاریكردنى كاندیدێك بۆ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان هه‌ر نه‌سازا، ئێستا له‌به‌رده‌م دوریاندایه یان ئه‌وه‌تا دیسان له‌گه‌ڵ یه‌كێتى دابنیشێته‌وه‌و پاكێجى پۆسته‌كان بگۆڕێت و ده‌ستكارى رێككه‌وتنه‌كان له‌گه‌ڵ گۆڕان و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتیش بكات یاخود بێ یه‌كێتى هه‌نگاوه‌كان به‌رده‌وامى پێبدات له‌گه‌ڵ گۆڕان و لایه‌نه‌كانى دیكه ئه‌گه‌ر دووه‌میان هه‌ڵبژێرێت واته ریسه‌كه‌یان بووه‌تەوە به خورى و هه‌موو دانیشتنه‌كانى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى به هه‌ده‌رچوون، رێگاى یه‌كه‌میشى پێ قورسه‌و سازشى زۆرى تێدایه.
رێبوار كه‌ریم وه‌لى نوسه‌رى نزیك له پارتى سه‌باره‌ت به نه‌سازانى یه‌كێتى له نوسینێكدا ده‌ڵێت"پارتی هەر لە رۆژی یەكەمەوە پێداگریی لەسەر بەشداریی گۆڕان لە حوكمڕانیدا كردووە و وا بە ئاسانیش گۆڕان نافرۆشێت. پارتی گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی كە گۆڕانی ریشەیی لەسەر كەلاكی رێككەوتنی ستراتیژی كە هەموو شتێك پەنجا بە پەنجا بووە، لەگەڵ یەكێتیدا ناكرێت. ئەمڕۆ بەرنامەی چاكسازیی پارتی و گۆڕان بۆ ئاییندەی كوردستان لە هەموو كاتێك زیاتر لێكنزیكن".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت"وا چاوەڕوان دەكرا یەكێتی دوای ئەو رێككەوتنە ئیتر بتوانێ خۆی ساغ بكاتەوە، بەڵام هەنگاوەكانی دواتری دەریخست كە ئیمزاكردنی ئەو رێككەوتنەش بەشێكە لە هەوڵی سیستەماتیكی ئەو حیزبە بۆ درووستكردنی ئاستەنگ لەبەردەم پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان".
لێدوانه جیاوازه‌كانى یه‌كێتى
دواى رێككه‌وتنه‌كه كۆده‌نگییه‌ک به قسه‌و لێدوانی به‌رپرسه‌كانى یه‌كێتییه‌وه دیاربوو كه پشتیوانى رێككه‌وتنه‌كه‌ن، كۆسره‌ت ره‌سوڵ له دیدارى سلێمانى گوتی هیواى زۆریان به رێككه‌وتنه‌كه هه‌یه و لاهور شێخ جه‌نگیش كه له‌ناو حزبه‌كه‌ى وه‌ك نه‌یارى سیاسى پارتى باس ده‌كرێت، هه‌ر ستایشى رێككه‌وتنه‌كه‌ى كرد، به‌ڵام له واقیعدا شتی دیكه ده‌گوزه‌رێت و هه‌نگاونان بۆ جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌كه كه ده‌بوو له دیاریكردنى كاندیدى سه‌رۆكى په‌رله‌مانه‌وه ده‌ستپێبكات نه‌نراوە.
به‌شێك له یه‌كێتى هۆكارى دووجار دواخستنى كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تییان بۆ ئه‌وه گه‌ڕانده‌وه كه پێویسته دانیشتنێكى دیكه بكرێت له‌گه‌ڵ پارتى تا له‌سه‌ر كۆى پۆسته‌كان رێككه‌وتن بكرێت، به‌ڵام به‌شێكى دیكه‌یان گوتیان پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت یه‌كلایى بووه‌ته‌وه‌و ده‌بێت به ده‌نگدان له‌سه‌ر كردایه‌تى یه‌كلایى بكرێته‌وه.
له راستیدا شێوازى ده‌نگدان له‌ناو سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى هه‌ستیارى زۆى هه‌یه بۆ باڵى جیاوازه‌كانى ئه‌و حزبه، به‌وپێیه‌ى به‌شێكیان پێیان وایه ئه‌نجامى ده‌نگدانه‌كه له‌به‌رژه‌وه‌ندى ماڵى تاڵه‌بانى یه‌كلایى ده‌بێته‌وه، به‌وپێیه‌ى پێشوه‌خت گره‌نتییان له زۆرینه‌ى ئه‌ندامه‌كان وه‌رگرتووه.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى بۆ په‌یسه‌رپرێس دوێنێ پێش كۆبوونه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى باسیله‌وه‌كرد، سه‌رۆكى په‌رله‌مان بۆ یه‌كێتى یه‌كلایى بووه‌ته‌وه‌و به‌پێى رێككه‌وتنى 4ى ئازار یه‌كێتى پێش پۆسته‌كانى دیكه كاندیدى سه‌رۆكى په‌رله‌مان له سه‌ركردایه‌تى یه‌كلایى ده‌كاته‌وه.
سه‌باره‌ت به هۆكارى دیارینه‌كردنى و دواكه‌وتنى كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى ئه‌سه‌سه‌رد بۆ په‌یسه‌رپرێس باسیله‌وه‌كرد، ده‌یانه‌وێت پێش كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى رێككه‌وتن له‌سه‌ر كاندیده‌كه بكرێت و به رێككه‌وتن كاندیدى پۆسته‌كان دیاریبكرێت له‌ناو حزبه‌كه، ره‌تیكرده‌وه هۆكارى دیارینه‌كردنى كاندیدى سه‌رۆكى په‌رله‌مان په‌یوه‌ست بێت به كۆبوونه‌وه‌ى دیكه له‌گه‌ڵ پارتى.
به‌ڵام دواى كۆبوونه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى له‌تیف شێخ عومه‌ر گوته‌بێژى ئه‌و حزبه گوتى، یه‌كێتى نه‌یگوتووه پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان وه‌رده‌گرێت، له دانیشتنى دیكه له‌گه‌ڵ پارتى رێككه‌وتن له‌سه‌ر پۆسته‌كان ده‌كرێت.
قه‌یرانى متمانه
ناسنامه‌ى قۆناغى نوێى سیاسى هه‌رێمى كوردستان دواى رووداوه‌كانى ریفراندۆم و ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر نه‌مانى متمانه‌یه، لایه‌نه‌كان متمانه‌یان به‌یه‌ك زۆر لاوازه و به ئاسانى رێكناكه‌ون كه‌ڕێكیش ده‌كه‌ون رێككه‌وتنه‌كان ناسكه‌و زوو درزى تێده‌كه‌وێت،
عه‌داله‌ت عه‌بدوڵا نوسه‌ر سه‌باره‌ت به قۆناغى بێمتمانه‌یى پێیوایه كۆمه‌ڵێك رووداوى چه‌ند ساڵى رابردوو وایكرد، بێمتمانه‌یى زیاتر له‌نێوان حزبەکان دروستبێت، چونكه هه‌ر لایه‌نێك ته‌فسیرى جیاوازده‌كات بۆ ئه‌و رووداوانه، بێمتمانه‌یى ئێستا زیاتر له‌نێوان یه‌كێتى و پارتیدایه، مام جه‌لال و كاك نه‌وشیروان له گۆڕه‌پانه‌كه نه‌ماون ئه‌وه‌ش كاریگه‌رى زۆر هه‌یه كه لایه‌نه‌كان به ئاسانى متمانه‌یان بۆ دروستنابێت.
ئه‌و نوسه‌ره ده‌ڵێت،"هه‌رلایه‌ك ده‌یه‌وێت وه‌ك هێزێكى سه‌ركه‌وتوو ده‌ربكه‌وێت، جاران هێزه سیاسییه‌كان مەرجەعیان هه‌بوو، ئێستا ئاڕاسته‌ى جیاجیا ده‌ركه‌وتوون، پرۆسه‌ى بڕیاردان قورس بووه وه‌ك جاران نییه، كه‌سه كارێزمییه‌كان به‌شى زۆریان نه‌ماون، یاخود جیلێكى نوێ هاتووه‌ته پێشه‌وه، ئێستا ژانێكى زۆرى ده‌وێت تا لایه‌نه ناكۆكه‌كان هه‌ست به دڵنیایی بكه‌ن، جاران بۆ رێككه‌وتنه‌كان كه حزب به‌رژه‌وه‌ندییه‌كه‌ى ره‌چاوبكرایه رێككه‌وتنه‌كه ده‌كرا، به‌ڵام ئێستا ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندى كه‌سه‌كانى ناو حزبیش له‌به‌رچاو بگیرێت، ئه‌مه‌ش كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌یه، ده‌بێته هۆى رێگرى له گه‌یشتن به رێككه‌وتن".
دۆخه‌كه له‌كوێوه سه‌ر ده‌رده‌كات
زۆرینه‌ى خه‌ڵكى پێیان وایه به‌دیلى رێكنه‌كه‌وتن، به‌تایبه‌ت له‌نێوان یه‌كێتى و پارتى دۆخێك دێنێته ئاراوه خێرى لێناكه‌وێته‌وه، گرفتى رێككه‌وتنیشیان ئه‌وه‌یه كه رێككه‌وتنه‌كان له‌سه‌ر حسابى ئازادى و دیموكراسى و هێشتنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كانى داهاته به ناشه‌فافى، به‌ڵام ئێستا پێده‌چێت به‌شدارى هێزى دیكه به‌ربه‌ست بێت بۆ ئه‌مه‌یان بۆیه‌ش ژانى له‌دایك بوونه‌وه‌ى رێككه‌وتن كاتى زیاتر ده‌خایه‌نێت، خه‌ڵكى هیوا ده‌خوازن كه لایه‌نه‌كان پێكه‌وه بسازێن ره‌نگه ئیتر هیواخوازبن كێشه ناوخۆییه‌كانى یه‌كێتیش چاره‌سه‌ر بكرێت و پرۆسه‌ی سیاسی توشى شه‌له‌ل نه‌كات.
پارتى یاخود ده‌بێت سه‌رله‌نوێ گه‌رى دانوستان له‌گه‌ڵ یه‌كێتى ده‌ستپێبكاته‌وه و بكه‌وێته‌وه دانوستانى ماوه درێژه‌وه، ئه‌وه‌ش كاتى زیاترى ده‌وێت و پێكهێنانى حكوكمه‌ت زیاتر دواده‌خات، یاخود ده‌بێت بێ یه‌كێتى به‌رده‌وام بێت و یه‌كێتیش بۆ ئه‌م بژارده‌یه هه‌ره‌شه‌ى هه‌یه و پێى وایه ئه‌گه‌ر نه‌توانێت پێكیبهێنێت ده‌توانێت یارییه‌كه تێكبدات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێشى نه‌شێوێت هه‌وڵدان بۆ تێكدانى یارییه‌كه به زیانى زۆرى خه‌ڵك ده‌شكێته‌وه.