07:42 - 12/03/2019
بایكۆتی پەرلەمانیی له ئامرازى خزمه‌تى خه‌ڵكه‌وه بۆ ئامرازى ده‌ستخستنى پۆست
بایكۆت وه‌ك به‌شێك له چالاكى په‌رله‌مانیى له‌دواى سه‌رهه‌ڵدانى ئۆپۆزسیۆنه‌وه له په‌رله‌مانى كوردستان وه‌ك فشار له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات به‌كارهێندرا بۆ سه‌پاندنى داواكارییه‌كانى راى گشتى و دژى ناشه‌فافى بودجه و داهات ئه‌نجامده‌درا، په‌رله‌مانى كوردستان پێشتر كه‌متر ئه‌زمونى بایكۆتى كردبوو، په‌رله‌مانى عێراقیش له سه‌ره‌تاوه به‌هۆى رێككه‌وتنى پێشوەختى لایه‌نه‌كان كه‌متر بایكۆت لێی رووده‌دا، به‌ڵام بایكۆتى په‌رله‌مانیى له قۆناغى ئێستا له هه‌ردوو په‌رله‌مانى كوردستان و عێراق، ئامانجه‌كه‌ى وه‌ك پێشتر نییه‌و ململانێكان له‌سه‌ر پۆسته‌كان هۆكارى سه‌ره‌كى بایكۆته‌كانن.
پێشتر له سه‌روبه‌ندى شه‌ڕى ناوخۆى نێوان یه‌كێتى و پارتى په‌رله‌مان به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌شبوو، پێش ٣١ی ئاب په‌رله‌مانتارانى پارتى نه‌ده‌چوونه په‌رله‌مان و دواى ئه‌و رووداوه‌ش به‌شێك له په‌رله‌مانتارانى یه‌كێتى نه‌ده‌چوونه په‌رله‌مان، به‌ڵام ئه‌وه كه‌متر نزیك بوو له بایكۆتی په‌رله‌مانیی به‌ڵكو به‌هۆكارى ئه‌منى په‌رله‌مانتاران گره‌نتى ژیانى خۆیان پێنه‌ده‌كرا، بۆیه تا رێككه‌وتنى هه‌ردوو حزب و ئاسایبوونه‌وه‌ى دۆخه‌كه په‌رله‌مان به‌وجۆره مایه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه نه‌بووه بناغه‌ى چالاكى په‌رله‌مانیى و بایكۆت.
ره‌نگه یه‌كه‌م ئه‌زمونى بایكۆتى په‌رله‌مانیى له په‌رله‌مانى كوردستان له‌و بایكۆته‌ى په‌رله‌مانتارانى یه‌كێتییه‌وه ده‌ستیپێكردبێت، كاتێك ساڵى ٢٠٠٧ له‌سه‌ر پرۆژه یاساى نه‌وت و گاز له‌سه‌ر راسپارده‌ى نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌ك بایكۆتى دانیشتنى په‌رله‌مان ده‌كه‌ن له خولى دووه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان، ناكۆكییه‌كه له‌سه‌ر ئه‌وه بوو كه ده‌سه‌ڵاته‌كان زۆرتر درابوون به وه‌زیر په‌رله‌مانتاره‌كانى یه‌كێتیش پێداگربوون كه ده‌سه‌ڵاته‌كان لاى ئه‌نجومه‌نى نه‌وت و گاز بێت نه‌ك به ته‌نها لاى وه‌زیر، بایكۆته‌كه به ئامانج گه‌یشت و له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانى پارتى گه‌یشتنه رێككه‌وتن و ده‌سه‌ڵاتى كه‌متر درا به وه‌زیر.
كوێستان محه‌مه‌د ئه‌ندامى خولى دووه‌م و سێیه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان سه‌باره‌ت به ئامانجى بایكۆته‌كانى ئۆپۆزسیۆن بۆ په‌یسه‌ر پرێس ده‌ڵێت"هه‌موو بایكۆتكردنه‌كانى دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مان له‌پێناو داواكارى خه‌ڵك، یاخود چاكسازى یاخود شه‌فافیه‌ت بووه له شتێك، هیچ كام له بایكۆته‌كان له‌سه‌ر پۆست یاخود لیژنه‌یه‌ك نه‌بووه، ئه‌مه‌ش له پرۆتۆكۆله‌كانى په‌رله‌مان هه‌یه، بایکۆتی پێش سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆن فراکسیۆنی یەکێتی لەسەر یاسای نەوت و گاز لەسەر راسپاردەی نەوشیروان مستەفا کردی گوتی پێمان نەهێڵن ئەو یاسا ئاوا تێپەڕێت".
له‌م ساڵانه‌ى دوایى چه‌ند جارێك چه‌ند فراكسیۆنێكى جیاواز وه‌ك ناڕه‌زایى به‌رامبه‌ر دابه‌شكردنى پۆسته‌كان و وه‌زاره‌ته‌كان بایكۆتى دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مانیان كردووه، له‌كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى عێراق، فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مان له‌سه‌ر وه‌زیرى داد و ناوخۆ و به‌رگرى چه‌ندین جار بایكۆتى دانیشتنه‌كانیان كردووه، له‌سه‌ر پرسى ساخته‌كارى له هه‌ڵبژاردنى ١٢ی ئایارى رابردوو، ژماره‌یه‌كى زۆر په‌رله‌مانتار دژى ئه‌وه‌بوون هه‌ڵبژاردنه هه‌ڵبوه‌شێته‌وه یاخود ده‌نگه‌كان بژمێردرێته‌وه بۆیه بایكۆتى دانیشتنى په‌رله‌مانیان ده‌كرد، دۆخه‌كه ئێستا به جۆرێكه فراكسیۆنه په‌رله‌مانییه‌كان بایكۆت وه‌ك فشار ده‌ستكه‌وتى حزبى و ده‌ستخستنى پۆستى زیاتر یاخود دژى پێدانى پۆست به لایه‌نى به‌رامبه‌ر بایكۆتیان كردووه.
له په‌رله‌مانى كوردستان فراكسیۆنه‌كانى گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو له خولى سێیه‌مى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه ده‌ستیان دایه بایكۆت وه‌ك چالاكى په‌رله‌مانیى، له‌وماوه‌دا له‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تێك بایكۆتى دانیشتنى په‌رله‌مانیان كردووه، فراكسیۆنى گۆڕان خۆى به داهێنه‌رى بایكۆتى په‌رله‌مانیی ده‌زانێت له‌سه‌ر چه‌ند پرسێك بایكۆتى په‌رله‌مانیان به‌كارهێناوه.
*له‌كابینه‌ى شه‌شی حكومه‌ت دژى ئه‌وه‌ى رێگه‌یان پێنه‌درا له‌سه‌ر كاندیدى وه‌زاره‌ته‌كان قسه بكه‌ن بایكۆتى په‌رله‌مانیان كرد.
*له‌سه‌ر بودجه‌ى ساڵى ٢٠١٠ بایكۆتى په‌رله‌مانیان كرد.
*درێژترین بایكۆتیان له سه‌رده‌مى ١٧ی شوبات بوو كاتێك بڕیارى ژماره دووى په‌رله‌مان بڵاونه‌كرایه‌و ونكرا.
*بایكۆتى فراكسیۆنه‌كه له‌سه‌ر راگرتنى گواستنه‌وه‌ى په‌خشى دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مان بۆ خه‌ڵك.
*شه‌وێك له هۆڵى په‌ناگیرى په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ مانه‌وه وه‌ك ناره‌زایى دژى تێپه‌ڕاندنى بودجه‌ى ٢٠١٢.
*بایكۆت له‌سه‌ر یاساى خۆپیشاندانەكان
* بایكۆت له‌سه‌ر تێپه‌ڕاندنى بڕیارى ریفراندۆم
*بایکۆت لەسەر نەبوونی هەڵوێستی پەرلەمان سەبارەت بە داگیرکردنی عەفرین
كوێستان محه‌مه‌د گوتى"ده‌بێت ئامانجى بایكۆت و هه‌را له په‌رله‌مان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵك بێت و خه‌مى گشتى بێت، كه بوو به به‌رژه‌وه‌ندى حزبى له هه‌ڵوێست وه‌رگرتن ده‌رده‌چێت ده‌بێته عه‌یبه‌یه‌كى گه‌وره نه‌ك ده‌ستكه‌وت".
ئێستا خولى نوێى په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌زمونى بایكۆتێكى جیاواز ده‌كات، بایكۆتێك دواى واژۆكردنى دوو رێككه‌وتنى سیاسى هێشتا نه‌شكاوه، فراكسیۆنى یه‌كێتى بۆ شكاندنى بایكۆته‌كه‌ى مه‌رجى ئه‌وه‌یه كه پشكى حزبه‌كه‌ى له پۆسته‌كان روونبێته‌وه‌و له‌گه‌ڵ پارتى رێككه‌وتنى له‌سه‌ر بكرێت.
دواى واژۆكردنى رێككه‌وتنه‌كانى پێنجى شوبات و چوارى ئازار له‌نێوان یه‌كێتى و پارتى، فراكسیۆنى سه‌وز باسیان له‌وه‌كرد بایكۆته‌كه‌یان كۆتاییى پێهێناوه، دوایین كۆبوونه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى له رۆژى دووشه‌ممه‌ى رابردوو ماوه‌ى بایكۆته‌كه‌ى درێژكرده‌وه چونكه گوته‌بێژى یه‌كێتى گوتى، هێشتا له‌سه‌ر پۆسته‌كان رێكنه‌كه‌وتوون و پێویسته پشكى یه‌كێتى له پۆسته‌كان دیاریبكرێت ئه‌وجا كاندیده‌كان بۆ پۆسته‌كان یه‌كلایى ده‌كه‌نه‌وه.
عوسمان كه‌ریم ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له فراكسیۆنى سه‌وز بۆ په‌یسه‌ر سه‌باره‌ت به ئامانجى فراكسیۆنه‌كه‌یان له بایكۆتى دانیشتنى په‌رله‌مانى كوردستان گوتى"ئێمه خۆمان وه‌ك ئه‌ندام په‌رله‌مان هه‌ریه‌كه‌مان له‌لایه‌نێكى سیاسییه‌وه پاڵێوراوه، ئێمه‌ش وه‌ك یه‌كێتى چه‌ند مانگێكه له‌گه‌ڵ پارتى كێشه‌مان هه‌بووه له‌گه‌ڵ براده‌رانمان له‌گه‌ڵ پارتى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه شه‌راكه‌تى راسته‌قینه بەدیبێت، بۆیه بایكۆتمان كردووه".
گوتیشى، به‌دڵنیاییه‌وه بایكۆته‌كه په‌یوه‌ندى به‌وه‌وه هه‌یه كه به‌ركه‌وته‌ى یه‌كێتى روون نییه له پۆسته‌كان. له وه‌ڵامى پرسیارى ئه‌وه‌ى كه ئایا بایكۆتى فراكسیۆنى سه‌وز كۆتایى دێت ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن له‌سه‌ر پۆسته‌كان بكرێت؟ عوسمان كه‌ریم گوتى"به‌دڵنیاییه‌وه بایكۆت كۆتایى پێدێت، چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ین به‌ركه‌وته‌كان دیاریبكرێت ئه‌وكات ده‌چینه‌وه په‌رله‌مان".
كوێستان محه‌مه‌د په‌رله‌مانتارى خولى پێشووى فراكسیۆنى گۆڕان، ره‌خنه‌ى له بایكۆته‌كه‌ى ئێستاى په‌رله‌مان گرت و گوتى"بایكۆت كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندى حزبى بوو هه‌ڵوێست وه‌رگرتن نییه، ئه‌گه‌ر ئه‌و فراكسیۆنانه خه‌مى خه‌ڵكیان هه‌بووایه ده‌بوو پێداگرى بكه‌ن زوو په‌رله‌مان كۆببێته‌وه حكومه‌ت پێكبهێندرێت، نه‌ك بایكۆت بكه‌ن و پێكهێنانى حكومه‌ت زیاتر دوابكه‌وێت".
ئه‌م بایكۆته‌ى ئێستای فراكسیۆنى سه‌وز یه‌كه‌م ئه‌زمونى فراكسیۆنه‌كه نییه، به‌ڵكو له سه‌روه‌ختى پێكهێنانى كابینه‌ى هه‌شتى حكومه‌تیش فراكسیۆنى سه‌وز به‌شدارى كاراى دانیشتنه‌كانى نه‌كرد و ره‌خنه‌ى هه‌بوو له‌و دانیشتنانه چونكه پشكى حزبه‌كه‌ى یه‌كلایى نه‌بووبووه‌وه و پۆسته‌كانى یه‌كێتى به به‌تاڵى جێهێڵدران تا دواتر پڕیانكرده‌وه، واته ئه‌مه دووه‌م بایكۆتى هاوشێوه كه وه‌ك ناڕه‌زایى به‌رامبه‌ر پشكى یه‌كێتى له حكومه‌ت له په‌رله‌مان ده‌كرێت.
پێده‌چێت ئیدى ئه‌زموونى بایكۆتى په‌رله‌مانیى به‌ته‌واوى له به‌رژه‌وه‌ندییه حزبى و كه‌سییه‌كانه‌وه ئاڵابێت و كه‌متر رووبده‌ن له‌سه‌ر خه‌مى گشتى و كێشه‌كانى خه‌ڵك، رووداوه‌كانى هه‌ردوو په‌رله‌مانى كوردستان و عێراق ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى فراكسیۆنه په‌رله‌مانییه‌كان كارته گه‌وره‌كانیان له ركابه‌رى حزبه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ر به‌كاردێنن بۆ كێشه گه‌وره‌كانى دیكه‌ى وه‌ك، گه‌نده‌ڵى و نادیارى سه‌رچاوه‌ى داهات و سه‌روه‌رنه‌بوونى یاسا، بۆشایى یاسایى و دره‌نگ كه‌وتنى پێكهێنانى حكومه‌ت كۆششى زۆر نه‌كه‌ن.