ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:10 - 16/03/2019

بەڵگەنامەیەك نهێنی هەوڵەكانی ئەردۆغان لەدژی نەیارەكانی ئاشكرادەكات‌

پەیسەر

ئەو بەڵگانەی دوای دوو ساڵ‌و نیو لەهەوڵی كودەتاكەی توركیا لەو بارەیەوە دەردەكەون‌و ئاشكرادەبن، سەلمێنەری ئەوەن، كە ئەو كودەتایەی لەتوركیا روویدا كودەتایەكی دروستكراوەو بووەو رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە وەك پاساوێك بۆ دروستكردنی دەسەڵاتێكی تاكەكەسی، كە خۆی تێیدا دەسەڵاتداری یەكەم‌و كۆتایی بێت، لەدژی نەیارە سیاسییەكانی بەكاریدەهێنێت.

بەپێی نوێترین بەڵگەنامە، كە لەبارەی كودەتای 15ی حوزەیرانی 2016 ئاشكراكراوە، لەلایەن داواكاری گشتی توركیاوە لە 16ی حوزەیرانی ساڵی 2016 نووسراوەو رۆژنامەنووس ئەحمەد دۆنمیز، كە ئێستا لەسوید دەژی بڵاویكردووەتەوە، پشتراستی ئەوە دەكەنەوە، كودەتاكەی توركیا تەنیا "سیناریۆیەكە".


بەڵگەنامەكە تۆمارێكی گشتی سەرجەم ئەو ڕووداوانەن، كە لەشەوی كودەتاكەی تێدا تۆماركراوە، تا بەرەبەیانی رۆژی 17ی هەمان مانگ، كە چەند زانیارییەكی تێدا تۆماركراوە، بەهیچ شێوەیەك لەماوەی ئەو 48 سەعاتە لەتوركیا روویاننەداوە.

پێگەی "یو ئۆبسێرڤەر" بەشێك لەوردەكاری بەڵگەنامەكانی ئەحمەد دۆنمیزی بڵاوكردووەتەوە، بەگوێرەی ئەو بەڵگەش سەردار كۆسكینە داواكاری گشتی توركیا سەعات یەكی بەیانی ئەو رووداوانەی تۆماركردووە، واتە تەنیا دوای چوار سەعات لەدەستپێكردنی هەوڵی كودەتاو تێدا باسی لەگەمارۆدانی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی، بۆردومانی بارەگای هێزە تایبەتەكانی توركیاو نووسینگەی هەواڵگری پۆلیس، كە ئەوە بەهیچ شێوەیەك لەشەوی كودەتاكە رووینەداوە.

پێگەكە ئاشكراشیكردووە، لەو بارەوە باڵیۆزخانەی توركیا لەبرۆكسلی پایتەختی یەكێتی ئەوروپا ئامادە نەبووە هیچ روونكردنەوەیەك بدات، كاتێك حكومەتی برۆكسل لەو بارەوە داوای روونكردنەوەی كردووە.

شارەزایانی كاروباری توركیا باس لەوە دەكەن، كە تۆمارەكەی داواكاری گشتی ئاماژەیە بۆ ئەوەی، دارودەستەكانی ئەردۆغان بەتەواوی دەیانزانی رووداوەكان چی دەبن، بۆیە ڕێگەیان بەهەندێك رووداو داوەو بێدەنگبوون لێی، بۆ ئەوەی دواتر بیكەنە پاساوێك بۆ سەركوتكردنی نەیارەكانی سەرۆك كۆمار.


ئەو پێگەیە باسی لەوەش كردووە، دەوروبەرەكەی ئەردۆغان خۆیان پێشتر ئەو جۆرە بەڵگەنامەیان داڕشتووەو نووسیویانە،  تا دوای لەكاتی دادگاییكردنی نەیارە سیاسییەكان لەدژیان بەكاریبهێنن .

لەو بارەوە ئەندرۆ داڤ ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ "یو ئۆبسیرڤەر" دەڵێت: ئێمە بەو بەڵگانە زانیومانە، چۆن دارودەستەكەی ئەردۆغان كودەتاكەیان ڕێكخستووە و بەشێوەیەكی خێراو بێ بەزەییانە قۆستییانەوە بۆ سەركوتكردنی نەیارەكانیان.

داڤ هەروەها دەڵێت: ئەوەی لەشەوەی كودەتاكە چاودێری كەناڵەكان‌و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی كردبێت لەتوركیا، دەزانێت چۆن ئەو رووداوانە هیچ راستییەكیان تێدا نەبووەو هەموو رووداوەكان گوماناوی بوون.

داڤ بۆ سەلماندنی قسەكانی، پرسیاری ئەوەی كردووە، كە بۆچی شەوی كودەتاكە ئەردۆغان دەستگیرنەكراوە؟ یاخود بەئامانج نەگیراو ئازار نەدراو هەوڵی كوشتنی نەدراوە؟ لەكاتێكدا دەبوو لەهەر هەوڵێكی راستەقینەی كودەتا یەكەم كەس ئەو بەئامانج بگیرایە.


لەبارەی شكستی كودەتاكە، داڤ پرسیاری ئەوە دەكات، بۆچی كودەتاكە شكستیهێنا؟ لەكاتێكدا سوپای توركیا لەهیچ هەوڵێكی تری كودەتا شكستینەهێناوە لەمێژووی كودەتاكانی توركیا.

هەر تەنیا ئەو ئەندام پەرلەمانەی پێشووی ئەوروپا نییە، كە گومانی لە هەوڵی كودەتاكەی توركیا هەیە، بەڵكو كەمال كڵیچدار ئۆغڵۆی سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری، گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا پێیوایە، كودەتاكە هەر لەسەرەتاوە لەژێر كۆنتڕۆڵدا بووە .

هەروەها مارتن شۆڵتز سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی ئەوروپا پێیوایە، كە ئەو ڕێوشوێنانەی لەدژی كودەتاچییەكان گیراوەتە بەر لەگەڵ ئاستی رووداوەكانی كودەتاكی یەكناگرێتەوە، كە بەكودەتایەكی "وەهمی" ناوی بردووە.

سەرچاوە: sky new