ڕاپۆرتی کوردستانی

05:49 - 17/03/2019

ئەو ترسەی دوای ٤٠ ساڵ نەڕەویوەتەوە‌

پەیسەر

ئەو ترسەی بەر لە چل ساڵ سێبەری کێشا بەسەر رۆژهەڵاتی کوردستاندا، تا ئێستاش نەڕەواوەتەوە، خەڵکی ئەو ناوچانەی کۆمەڵکوژکران هێشتا ناوێرن بە ئاشکرا گرێی دڵی خۆیان بۆ کەس بکەنەوە و بیرەوەرییە تاڵەکانی ئەو ساڵانە بگێڕنەوە.

ساڵانی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨٢ و تەنانەت چەند ساڵ دواتریش ساڵانی ترس و کارەسات و سەرکوتە بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێستاش کە باس لەو ساڵانە دەکرێت یەکسەر خەڵک کارەساتە دڵتەزێنەکانی ئەو سەردەمەی دەکەوێتەوەبیر کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە یەکەم ساڵەکانی دامەزراندنییەوە بە سەر خەڵکی کوردی هێنا.


تەنیا شەش مانگ دوای سەرکەوتنی شۆڕش ئایەتوڵڵا خومەینی فتوای جیهادی لە دژی کوردستان دەرکرد و دوابەدوای فتواکە کۆمەڵکوژی و کوشت و کوشتار لە کوردستان دەستی پێکرد، کوشتنی بە کۆمەڵی دانیشتوانی گوندەکان ڕێک لە دوای  ئەم فتوایەی خومەینی دەستی پێکرد:
" سنوورەکانیان کردەوە، قەڵەمەکانیان ئازاد کرد، قسەکردنیان سەربەست کرد، ئازادییان دا بە پارتەکان، بە خەیاڵی ئەوەی کە ئەمانەش خەڵکێکن... ئەمانە ئاژاوەگێڕ و تێکدەرن، ئیتر ناکرێت بە نەرمی لەگەڵ ئەمانە ڕەفتار بکرێت... ئەمانە خەڵکێکی ئاژاوەگێڕن، کۆمەڵێکی گەندەڵن، ئێمە ناتوانین ڕێگە بدەین ئەمانە چییان پێ خۆش بوو بیکەن، ئێستاش بیانووی ئەوە دەگرن کە ئێوە خۆتان ئەم کارانە دەکەن، هەر وەک ئەوانەی دوێنێ و پێرێ ئاژاوەگێڕییان دەکرد... خۆیان ئاژاوە دەگێڕن و دوایی دەیخەنە ئەستۆی خەڵکی دیکە... ئەوانە وەها خەڵکێکن... دەبێت بە توندی لەگەڵیان ڕەفتار بکرێت و ئێمەش بە توندی ڕەفتاریان لەگەڵ دەکەین..."

یەکەم کۆمەڵکوژی لە ٢ی ئەیلوولی ١٩٧٩ لە گوندی قاڕنای ناوچەی نەغەدە ڕوویدا، دواتر کۆمەڵکوژییەکان گوندەکانی قەڵاتان، ئیندرقاش، سەوزی، سۆفیان، حلبێ، کەویکان، کەرێزەی شکاک، چقڵ مستەفا، خەڵیفلیان، گۆڕخانە، دیلان چەرخ، وسووکەند، قەرەگوڵ، دێمەسوور، مەرجان‌ ئاوێ، بایزاوێ، جبریل ئاوێ، گوندەوێڵە، دووئاوان، سارۆقامیش، هەڵەقووش و چەندین گوندی دیکەی گرتەوە.

ڕۆژێک بەر لە ڕووداوەکەی قاڕنا کۆمەڵێک لە مامۆستایانی ئایینی کورد نامەیەک بۆ خومەینی دەنێرن و لە بەرامبەر فتواکەیدا دەنگ هەڵدەبڕن، لە نامەکەدا باس لە پڕوپاگاندەی خراپ و هەواڵی ساختە و ڕاپۆرتی چەواشەکارانەی هەندێک لایەنی دژەکورد کراوە کە هەوڵی بەلاڕێدابردنی رێبەری کۆماری ئیسلامی  و هاندانی دەدەن لە دژی کورد، ئەم مامۆستا ئایینیانە لە نامەکەدا دەڵێن: " بە هۆی پڕوپاگاندەی خراپ و هەواڵی ساختەی هەندێک لایەنی دژەکورد کە هەوڵی تێکدانی مێشکی ڕێبەر لە دژی کورد دەدەن و بووەتە هۆی ئەوەی کە لە دژی میللەتی کورد فتوا دەربکرێت و لە ئەنجامیشدا بە شێوەیەکی دڕندانە کەسانی مەدەنی و بێتاوان کە تەنیا تاوانیان کوردبوونیانە لە دادگای ئیسلامیدا بەبێ موحاکەمە، مەحکووم دەکرێن و تیرباران دەکرێن."
پێکدادانی دووئاوان و کۆمەڵکوژیی قاڕنا
ڕۆژێک بەر لە کۆمەڵکوژیی قاڕنا، لە بازگەی دووئاوان کە دەکەوێتە سەر ڕێگەی نێوان نەغەدە و پیرانشار، هێزەکانی حیزبی دیموکرات لەگەڵ هێزێکی سوپای پاسداران تووشی شەڕوپێکدادان دەبن و لە ئەنجامدا ١٥ چەکداری چەکداری سوپا کوژران و تەنیا یەک کەسیان ڕزگاری بوو و خۆی گەیاندبووە ناو شاری نەغەدە، دوای ئەم شەڕە هەندێک لە هێزە توندڕەوەکانی کۆماری ئیسلامی تورکەکانی نەغەدە لە دژی کورد دەورووژێنن و هانیان دەدەن تۆڵە لە کورد بکەنەوە، خەڵکی کوردی گوندەکانی دەوروبەری نەغەدە گوندەکانیان چۆڵکرد و لە ناوچەکە دوورکەوتنەوە.


کەسێک بە ناوی عەزیم مەعبوودی کە بە یەکێک لە تاوانبارانی  کۆمەڵکوژی قاڕنا دەناسرێت، نامەیەک بۆ کوێخا و ڕێش‌ سپییەکانی قاڕنا دەنووسێت:
" برایان بەهلول گوڵستان و عەزیز بازدار و خەلیل خوسرەوی، وێڕای سڵاو داواکارم کە هەم خۆتان و هەم خەڵکی ئاوایی بۆ وەرگرتنی  ئەرزاق سەردانی شار بکەن، ئەوەش بزانن هەر کەس کێشەیەکی بۆ دروست کردن خێرا بە هێزی پۆلیس یان خۆم ئاگاداربکەنەوە بۆ ئەوەی بە ناوی دژە شۆڕش دەستگیریان بکەین، پێویست ناکات خۆتان نیگەران بکەن، ئێمە هەموومان برای یەکین، لەگەڵ ڕێزمدا حاجی عەزیم مەعبوودی ١ی ئەیلوولی ١٩٧٩"

دوای ئەم نامەیە دانیشتوانی قاڕنا هەست بە دڵنیایی دکەن و پاشگەز دەبنەوە لە چۆڵکردنی گوندەکەیان، بەڵام ڕۆژێک دواتر سوپای پاسداران گەمارۆی گوندەکە دەدەن و کاتژمێر یەکی نیوەڕۆ نزیکەی ١٠٠ چەکداری سوپا دەچنە ناو گوندەکەوە، مەلا مەحمود مەستوورزادە، مەلای گوندەکە قورعانێک بە دەستەوە دەگرێت و داوایان لێدەکات بیکەن بە خاتری قورعان کاریان بە خەڵک نەبێت و ئازاری خەڵک نەدەن، بەڵام چەکدارەکانی سوپا بەر لە هەر کەسێک مەلا مەحمود دەکوژن و سەری دەبڕن، لە ماوەی سێ کاتژمێردا نزیکەی ٦٨ کەس لە پیر و لاو و ژن و پیاو و منداڵ دەکوژن و گوندە جێ دەهێڵن.


یەک لە شایەتحاڵانی کۆمەڵکوژییەکەی قاڕنا لە وتووێژێکدا لەگەڵ رۆژنامەنووس بێهداد بوردبار دەڵێت: " چەند ڕۆژێک بۆ جەنازەی کوژراوەکان دەگەڕاین، جەنازەکانیان لە گوندەکە بردبووە دەرەوە و لە شیو و دۆڵەکانی دەوروبەری گوند فڕێیان دابوون، دەموچاو و جەستەی کوژراوەکان شێوێندرابوون و نەدەناسرانەوە و تەنیا بە جلەکانیاندا دەمانناسینەوە، کاتێک دەست یان لاقی کوژراوەکانمان دەگرت بۆ ئەوەی بەرزیان کەینەوە، هەڵدەکەنران، ئەو بەشە لە دانیشتوای گوندەکە کە لە کۆمەڵکوژییەکە ڕزگاریان ببوو تەواو ترسابوون و بۆ چەندین مانگ هەر لە شۆکدا بوون."

ڕۆژنامەی کەیهانی تاران سێ ڕۆژ دوای کۆمەڵکوژییەکە لەسەر زاری مەلا ساڵەی ڕەحیمی وتاربێژی سوننەکانی نەغەدەوە نووسیویەتی: " لە قاڕنا ٦٨ کەس کوژران، ئەمانە خەڵکانێکی بێتاوان بوون و تاکە تاوانیان کوردبوون بوو."
مەهدی بەهادوران کە لەلایەن مونتەزیری جێگری ئەوکاتی خومەینییەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵکوژییەکەی قاڕنا سەردانی ناوچەکەی کردبوو لە ڕاپۆرتێکیدا کە مانگێک دوای ڕووداوەکە لە ڕۆژنامەی ئیتلاعاتدا چاپ کرابوو، نووسیویەتی:

"دوای لێکۆڵینەوەیەکی زۆر سەبارەت بە ڕووداوەکە و خوێندنە و بیستنی ڕاپۆرت و تۆمارە دەنگییەکانی هێزە چەکدارەکانی نەغەدە بە سەرپەرشتیی حاجی مەعبوودی و نەجەفی، دەرکەوت کە لانیکەم ٤٥ کەسی بێتاوانیان کوشتووە و دواتر تەرمەکانیان گواستووەتەوە بۆ دەرەوەی گوندەکە بۆ ئەوەی وا نیشان بدەن کە لە شەڕدا کوژراون، چەکدارەکان گوندەکانیان تاڵان کردووە و ئاگریان تێبەرداوە، هەوڵی ورووژاندنی کەسانی دژەکوردیان داوە و هانیان داون توڵە لە کورد بکەنەوە."


هەندێک سەرچاوەی دیکە بەمشێوەیە ڕووداوەکە دەگێڕنەوە: " هێزە هێرشکەرەکانی سوپای پاسداران بە فەرماندەیی حاجی مەعبوودی و موراد قەناریدا کاتێک بەرەو گوندی قاڕنا دەڕۆیشتن چاویان بە هەر کوردێک کەوتبێت کووشتوویانە، بەمجۆرەش تا دەگەنە ناو گوندەکە زیاتر لە ٦ کەسیان کووشتووە کە سێ کەسیان منداڵ بوون، دوای ئەوەی گەیشتوونەتە قاڕنا خەڵکەکەیان کۆکردوەتەوە  و هێرشیان کردوونەتەسەر، سەرەتا بە خەنجەر و شمشێر لێیان دەدەن و دواتریش بە تیربارانیان دەکەن".

لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا کە لە رۆژنامەی ئیتلاعاتی ساڵی ١٩٧٩دا بڵاوکراوەتەوە و تیایدا لێدوانی چەند ڕزگاربوویەکی کارەساتەکەی قاڕنا بڵاوکراوەتەوە، لەسەر زاری حەمزە شەریفی، خوێندکارێکی تەمەن پانزە ساڵانەی خەڵکی قاڕنا بەمشێوەیە کارەساتەکە دەگێڕێتەوە: " هێزەکانی سوپا گوندەکەیان بە تانک و تۆپ گەمارۆدا و کاتژمێری یەکی نیوەڕۆ نزیکە سەد چەکدار ڕژانە نێو گوندەکەوە و هەر کەسیان بەر دەست کەوت کوشتیان و سەریان بڕی، مەلای گوندەکەیان کوشت و سەریان بڕی و لەگەڵ خۆیان بردیان و تا ئێستاش سەری مامۆستا نەدۆزراوەتەوە."


کەسێکی دیکە بە ناوی سەید ئەحمەد کە ٩ کەس لە ئەندامی خێزانەکەی کوژراون، دەڵێت هەندێکیان بە گوللە کوشت، هەندێکیان بە چەقۆ و خەنجەر سەر بڕی و هەندێکیشیان بە تایبەت منداڵەکانیان لە ژێر پۆستاڵەکانیاندا پێشێل کرد و کوشتیانن، سەید ئەحمەد لە کۆتایی قسەکانیدا  دەڵێت کاتێک لە شار گەڕایەوە و گەیشتە قارنا دۆزەخی بە چاوی خۆی بینی.

بە وتەی یەک لە ئەفسەرانی جەندرمەی ئەو کات کە دوای کۆمەڵکوژییە چووبووە ناوچە، خەڵک و ئاژەڵ قەڵخ کرابوون: " لە نزیک گوندی قاڕنا هەموو شت وەک دیمەنەکانی فیلمێکی ترسناک وابوو، شۆفیڕ تراکتۆرێکم بینی دەستی بە سوکانەکەوە بوو کەچی ناجوڵا، چەندین سەر ئاژەڵ لە قەراخ جادەکە کەوتبوون، سەگەکان لە بەردەرگای ماڵی خاوەنەکانیان پانەوە ببوون و..."

هەرچەندە قاڕنا یەکەم گوندی کوردستان بوو کە لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی تووشی کۆمەڵکوژی هات، بەڵام کۆمەڵکوژییەکان هەر بەمەوە نەوەستا، چەندین گوند و ناوچەی دیکەشی گرتەوە، قەڵاتان گوندێکی دیکەیە لە نزیک شاری شنۆ کە ماوەیەکی کورت دوای کارەساتەکەی قاڕنا هێرشی کرایەسەر و زیاتر لە ٥٠ هاوڵاتی مەدەنی کوژران. دوابەدوای ئەمە هێرش کرایە سەر گوندی ئیندرقاش و ژمارەیەکی لە خەڵکی بێتاوانی ئەم گوندەش لە سەر دەستی غوڵامڕەزا حەسەنی، وتاربێژی نوێژی هەینی ورمێ و نوێنەر خومەینی لە پارێزگای ورمێ، کوژران و بێ‌سەروشوێن کران.


بەشێک لەو بەڵگانەی کۆکراونەتەوە و باس لە کۆمەڵکوژیی خەڵکی کوردستان لە نێوان ساڵانی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨٣ لە لایەن هێزەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی دەکەن، بەپێی پەیمانە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت وەک جینۆساید ئەژمار بکرێت، بەشێک لەو گوندانەی کە خەڵکەکەی کۆمەڵکوژکران بریتین لە:

١-‌ قاڕنا، لە رۆژی ٢ی ئەیلولی ١٩٧٩  سەرجەم ٦٨ کەس کوژران.
٢-‌ گوندی قەڵاتانی سەر بە نەغەدە، لە رۆژی ٢٧ی ئازاری ١٩٨٠ سەرجەم ٥٠ کەس کوژران.
٣- گوندی ئیندرقاشی سەر بە مهاباد لە رۆژی ٣ی نۆڤەمبەری ١٩٨٠دا ٥٣ کەس کۆمەڵکوژکران.
٤-‌ لە گوندی سۆفیانی سەر بەر پیرانشار لە رۆژی ١٨ی نۆڤەمبەری ١٩٨٠دا ١٢ کەس کوژران.
٥-‌ لە گوندی ساروقامیشی سەر بە بۆکان لە رۆژی ١٢ی حوزەیرانی ١٩٨١  سەرجەم ١٨ کەس کوژران، کوژراوەکان ژن و پیاو و منداڵی کرێکاری کارگەی خشت بوون.


٦-‌ بایزاوێ سەربە نەغەدە لە رۆژی ٨ی نۆڤەمبەری ١٩٨٣سەرجەم ٩ کەس کوژران.
٧-‌ گوندی قەرەگوڵی سەر بە مهاباد سەرجەم ١٨ کەس کوژران لە رۆژی ٢٤ حوزەیرانی ١٩٨٢.
٨-‌ رۆژی ٢٤ی حوزەیرانی ١٩٨٢ لە گوندی سەوزی سەر بە مەهاباد ٩ کەس کوژران.
٩-‌  رۆژی ١٤ی ئازاری ١٩٨٣ لە گوندەکانی دیلانچەرخ، حەڵبێ، کەرێزەی شکاکان و یونسلیان سەر بە نەغەدە سەرجەم ٤٠ کەس کوژران.
١٠-‌ لە رۆژی یەکی نیسانی ١٩٨٣ لە سۆمای سەر بە ورمێ سەرجەم ١٣ کەس کوژران.
١١-‌  رۆژی ١٥ی ئازاری ١٩٨٣ لە گوندەکانی چقڵ مستەفا و گۆڕخانە و خەڵیفان سەر بە نەغەدە ٢١ کەس کوژران.
١٢-‌ رۆژی ٤ی تەموزی ١٩٨٣ لە گوندەکانی حاجی ئالی‌ کەند و سنجاق سەر بە مەهابد ٩ کەس کوژران.

هەموو ئەمانە و چەندین گوند و ناوچەی دیکەش لەو ماوەیەدا کەوتنە بەر هێرشی هێزەکانی سوپای پاسداران و بە دەیان و بەپێی هەندێک سەرچاوەش بە سەدان کەسی مەدەنی کۆمەڵکوژ کران، ئەمانەش جگە لەو دەیان گوندەیە کە سووتێندارن و دانیشتوانەکانیان  ناچار بە کۆچی زۆرەملێ کران.

شایەتحاڵێکی یەک لەم ڕووداوانە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە پەیسەرپرێسی ڕاگەیاند: "من خەڵکی ناوچەکەم و ئاگادارم کە هێرشکراوەتە سەر چەندین گوندی دیکەش، بەڵام ئەمانە لە هیچ کوێدا باس نەکراون و هیچ بەڵگەیەکی لێ نەماوەتەوە و ئەو بەڵگانەش کە هەن خەریکین لە ناو دەچن، بە وتەی هەندێک سەرچاوەی نافەرمی ژمارەی  ئەو کەسانەی لەو گوندانەدا کۆمەڵکوژکراون زیاتر لە٤٠٠ کەسە بەڵام تەنیا ناوی ٢٤٣ کەسیان تۆمار کراوە.


بە پێی مادەی ٢ی یاسای قەدەغەبوونی جینۆساید لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا (١٩٨٤) هەر چەشنە کۆمەڵکوژییەکی نەتەوەیی، ئایینی و نەژادی و هەروەها هەوڵدان بۆ لە ناوبردنی زمان و کلتووری گرووپێك و فشار خستنەسەر خەڵک و ناچارکردنیان بە کۆچی زۆرەملێ، بە جینۆساید دادەنرێت.  لەم مادەیەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ژمارەی قوربانیان تاکە پێناسەی جینۆساید نییە، هەربۆیە زۆربەی شارەزایانی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێیانوایە بە پێی ئەم مادەیە ئەوەی لەنێوان ساڵانی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨٣ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویداوە  بە ئاشکرا سەرپێچی کردنە لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و جینۆسایدێکی ئاشکرایە لە دژی گەلی کورد.

بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی لێبوردەیی نێودەوڵەتی لەنێوان ساڵانی ١٩٧٩ بۆ ١٩٩١ زیاتر لە ٤٠٠٠٠ هاوڵاتی کوردی سڤیل و ٥٠٠٠ پێشمەرگە و کادری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و زیاتر لە ٣٠٠ گوند وێرانکراون.