ڕاپۆرتی کوردستانی

07:49 - 17/03/2019

ترسى دۆڕانى كه‌ركوك جوڵه‌ى خستووه‌ته‌ لایه‌نه‌ كورده‌كانه‌وه‌‌

فه‌رمان حه‌سه‌ن

 كه‌ركوك، كێشه‌ى سه‌ده‌، جارێكى دیكه‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌ ناو گێژه‌ڵوكه‌ى دۆخێكى سیاسى ته‌واو ئاڵۆزه‌وه‌، هه‌ڵبژاردنى چاوه‌ڕوانكراوى كۆتایى ئه‌مساڵ له‌ بابه‌گوڕگوڕ، ته‌واو پرۆسه‌یه‌كى هه‌ستیاره‌ مه‌ترسى هه‌یه‌ تێیدا دۆخێك دروستبكرێت به‌ڕه‌كه‌ له‌ژێر پێى كورد ده‌ربهێندرێت و برینى پاشه‌كشه‌ى كورد دواى ریفراندۆم ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر قوڵتربكاته‌وه‌، حزبه‌ كوردییه‌كان بۆ ئه‌و قۆناغه‌ ئاماده‌یى زۆریان پێوه‌ دیار نییه‌ هه‌رچه‌ند له‌سه‌ر ئەوە كۆكن به‌ لیستێكى هاوبه‌شى به‌سه‌ر ئه‌و مه‌ترسییه‌دا سه‌ربكه‌ون و لە کەرکوک جموجوڵیان تێککەوتووە، به‌ڵام له‌نێوانى خۆیان له‌ هه‌ولێر و سلێمانى شتێكى دیكه‌ ده‌گوزه‌رێت.

كورد له‌ یه‌كه‌م ئه‌زمونى هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركوكى دوای رژێمى سه‌دام حسێن، تامى بردنه‌وه‌یه‌كى تایبه‌تى كرد كاتێك له‌ ساڵى ٢٠٠٥ له‌ كۆى ٤١ كورسى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك ٢٦ یانى بۆخۆى برده‌وه‌، كورد كۆنتڕۆڵى ئه‌نجومه‌نى كرد و پارێزگاریشى به‌ده‌سته‌وه‌ بوو له‌چوار به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى سێیان لاى كورد بوون، به‌ڵام ئێستا كورد نه‌ ئه‌نجومه‌نى به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ نه‌ پارێزگار، قایمقامەکەشی مۆڵەتی وەرگرتووەو ته‌نها دوو به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى لایە شاره‌وانى و پۆلیس، یه‌كه‌میان گیرۆده‌ى ئه‌و كێشانه‌یە كه‌ به‌هۆى بڕیاره‌كانى پارێزگاره‌وه‌ له‌سه‌ر زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان له‌نێوان پێكهاته‌كان دروست بووه‌و دووه‌میشیان ده‌ستخه‌ڕۆى هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى به‌غدایه‌و مه‌له‌فى ئه‌منى شاره‌كه‌ى له‌ بنده‌ست نییه‌، كورد ده‌سه‌ڵاتى له‌ كه‌ركوك له‌ سفر نزیكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنى داهاتوو ده‌نگدان ئاهێك به‌به‌ر دۆخه‌كه‌دا نه‌هێنێته‌وه‌ ره‌نگه‌ كورد بۆ زه‌مه‌نێكى دووروو درێژ له‌ خه‌ونه‌كه‌ى دووربكه‌وێته‌وه‌.


لایه‌نه‌ كوردییه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌و دۆخه‌ پێویستیان به‌ یه‌ك لیستییه‌، چونكه‌ كورد به‌هه‌ر نه‌رخێك بێت ده‌بێت له‌ هه‌ڵبژاردنى ئاینده‌ له‌كۆى ١٣ كورسى ئه‌نجومه‌نى حه‌وتیان به‌رنه‌وه‌، ئه‌گه‌رنا کورد زۆرینه‌ى یاسایى له‌ده‌ستده‌دات و ئه‌مه‌ش سه‌رده‌كێشێت بۆ پاشه‌كشه‌ى دیکه‌، ئەوەی یارییەکە قورستر دەکات کورسییەک بە کۆتا بۆ پێکهاتەکان دانراوەو کورد دەبێت حەوت کورسییەکە لە ١٢ کورسی بەرێتەوە کە رکابەری لەسەر دەکرێت، بەپێێ زانیارییەکانی پەیسەر لایەنە کوردییەکان جگە لە نەوەی نوێ یەک لیستییان لا پەسەندە، به‌بڕواى محه‌مه‌د كه‌مال سه‌رۆكى لیستى برایه‌تى و به‌رپرسى پارتى، ته‌نها رێگه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كورد حه‌وت كورسى به‌رێت پێویسته‌ به‌ یه‌ك لیست به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بێت.

محه‌مه‌د كه‌مال بۆ په‌یسه‌ر پرێس ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، كه‌ بارودۆخى كورد ئێجگار خراپه‌ له‌ كه‌ركوك ئه‌وه‌ى پێش ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر هه‌یبوو له‌ ده‌ستیدا، كورد هه‌رچۆن بجوڵێته‌وه‌ له‌ زیاندایه‌و ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا به‌ یه‌ك لیست به‌شداربێت زیانه‌كه‌ كه‌متر ده‌بێته‌وه‌، ئه‌گه‌رنا ده‌نگه‌كان په‌رته‌وازه‌ ده‌بن و كورد سه‌نگى جارانى بۆ ناگه‌ڕێته‌وه‌.

له‌ زۆربه‌ى قۆناغه‌كانى مێژوودا گرفتى كورد و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ى به‌رپرسانى به‌غدا بوون، كه‌ له‌سه‌ر كه‌ركوك سازشیان نه‌كردووه‌و نكوڵییان له‌ ناسنامه‌ كوردییه‌كه‌ى كردووه‌، به‌ڵام له‌ به‌ختى كورد ئێستا ئه‌و كێشه‌یه‌ ته‌نها به‌غداو به‌رپرسه‌كانى نین، سه‌ركردایه‌تى كورد خۆیان له‌سه‌ر كه‌ركوك كۆك نین، ته‌نانه‌ت یه‌كێتى و پارتى مانه‌وه‌ى پارێزگارێكى عه‌ره‌بیان پێباشتره‌ له‌وه‌ى ئێستا یه‌كێكیان سازش بۆ ئه‌وى دیكه‌یان بكات، ئه‌و ناكۆكییه‌ هێزى له‌به‌ر كورد بڕیوه‌، جگه‌ له‌وه‌ش بێمتمانه‌یى نێوان هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانى پێشوو وازوو ناگۆڕێت بۆ متمانه‌ى هاوبه‌ش و دڵنیایى، ئه‌وه‌ش خه‌ونى كوردى له‌ كه‌ركوك خستووه‌ته‌ هاوكێشه‌یه‌كى ته‌واو ئاڵۆزه‌وه‌.

یه‌كێتى له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى كه‌ركوك رووى ره‌خنه‌ى زۆر له‌سه‌ره‌، هه‌رچه‌ند ئه‌و حزبه‌ش بێ پاساو نییه‌ و هه‌ندێكیان ئۆباڵى نقومبوونى كه‌شتى كورد ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ ریفراندۆم و به‌ "موئامه‌ره‌ى نێوده‌وڵه‌تى" وه‌سف ده‌كه‌ن، به‌رپرسه‌ كه‌ركوكییه‌كانى حزبه‌كه‌ مه‌یلى زۆریان هه‌یه‌ له‌سه‌ر یه‌ك لیستى، پێناچێت سه‌ركردایه‌تى حزبه‌كه‌ش لارى له‌م یه‌ك لیستییه‌ هه‌بێت پێشتر مه‌رجى بۆ لیستى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ پارتى ئه‌وه‌بوو كه‌ لایه‌نه‌كانى دیكه‌ش تێیدا به‌شداربن، به‌ڵام له‌رووى پراكتییكه‌وه‌ دروستكردنى لیستى هاوبه‌ش تا ئێستا ته‌نها گوفتاره‌.

ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود جێگرى به‌رپرسى یه‌كێتى له‌ كه‌ركوك، بۆ په‌یسه‌ر پرێس باسیله‌وه‌كرد، كه‌ حزبه‌كه‌ى بۆ هه‌موو هه‌ڵبژاردنێك داواى یه‌ك لیستى كردووه‌ بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌ پشتیوانى دروستكردنى لیستى هاوبه‌شى كورد ده‌كات، به‌ڵام به‌وته‌ى خۆى تا ئێستا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ نه‌كراوه‌ له‌نێوان لایه‌نه‌كان و له‌رووى كردارییه‌وه‌ هه‌نگاوى ئه‌وتۆى بۆ نه‌نراوه‌.

لایه‌نه‌ كوردییه‌كانى كه‌ركوك كه‌متر دڵیان لاى مقۆمقۆكانى هه‌ولێر و سلێمانییه‌، پێیان وایه‌ هه‌وڵه‌كانى یه‌كڕیزى كه‌ركوك هه‌مووكات له‌ هه‌ولێر و سلێمانییه‌وه‌ تێكچوون، كوردانى كه‌ركوك له‌ هه‌ر لایه‌نێك بن بارگاوین به‌ دۆخه‌كه‌و ئاینده‌ى كوردیان له‌شاره‌كه‌ له‌ ململانێكانى دیكه‌ لاى گه‌وره‌تره‌، ئێستا چاویان له‌وه‌یه‌ كورد له‌پێناو بردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنى دووه‌مى پارێزگاكان رابردوو له‌بیر بكات و بۆیه‌كه‌م جار ئه‌زموونى پێكه‌وه‌یى تاقیبكاته‌وه‌.


  مه‌لا فه‌رمان ئه‌ندامى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌ڵێت، كار بۆ دروستكردنى لیستى هاوبه‌ش ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ زۆرقورسه‌ چونكه‌ به‌و بێمتمانەییه‌ی له‌نێوان لایه‌نه‌كان هه‌یه‌ ئاسان نییه‌ جارێكى دیكه‌ متمانه‌ دروستبكرێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ هه‌موو دۆخێكدا كورد بۆ ئه‌مجاره‌ پێویسته‌ به‌ یه‌ك لیست به‌شدارى هه‌ڵبژاردنكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان بكات.

مه‌لا فه‌رمان بۆ په‌یسه‌ر گوتى"به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌م جاره‌ كورد به‌ یه‌ك لیست به‌شداربێت باشه‌، ئه‌مه‌ زیاتر هانى خه‌ڵك ده‌دات زیاتر به‌شدارى هه‌ڵبژاردن بن، ئێمه‌ ئێستا كارى بۆ ده‌كه‌ین له‌ كه‌ركوك به‌ڵام جارێ هه‌ر قسه‌و هه‌وڵه‌ ئه‌سڵه‌ن ئه‌مجاره‌ لایه‌نه‌كان كۆك نه‌بوون یادى نه‌ورۆز و راپه‌ڕین پێكه‌وه‌ بكه‌ن".

لایه‌نه‌ كوردییه‌كان مه‌ترسى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ بڕیاره‌كانى راكان جبورى پارێزگارى كه‌ركوك كه‌ له‌ پێكهاته‌ى عه‌ره‌به‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى ئاینده‌ زیانى زۆر له‌ كورد بدات، ئه‌و پارێزگاره‌ كه‌ له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ى نه‌جمه‌دین كه‌ریم دانیشتووه‌ بڕیاره‌كانى به‌ دوورێگه‌ كاریگه‌رییان دروستكردووه‌ دۆخێكى ناجۆریان بۆ كورد هێناوه‌ته‌پێش، هه‌م گۆڕانكارى له‌ پۆسته‌كان و لابردنى به‌رپرسه‌ كورده‌كان، هه‌م هێنانه‌وه‌ى عه‌ره‌به‌كان بۆ زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان كه‌ به‌ناوى كورده‌وه‌ن و موڵكى كوردن، جوتیاره‌ كورده‌كان له‌ دۆخێكدان خۆیان به‌رگرى له‌ سه‌روماڵى خۆیان ده‌كه‌ن.

 

  جوان زه‌نگه‌نه‌ ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك(یەکگرتوو) ده‌ڵێت، یه‌كریزى زۆر پێویسته‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌مجاره‌، ئه‌گه‌ر هه‌موویان یه‌ك ده‌نگ بن یه‌كگرتووش هه‌رگیز له‌ یه‌كریزى كورد ده‌رناچێت، ده‌بوایه‌ له‌م بارودۆخه‌دا كورد یه‌ك ده‌نگ بێت له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى كه‌ركوك چونكه‌ كورد هه‌ر له‌ پاشه‌كشه‌یه‌ له‌ شاره‌كه‌، مه‌ترسى هه‌یه‌ كورد زۆرینه‌ له‌ده‌ستبدات له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگا ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌كان په‌رته‌وازه‌ببن.

كورد له‌ پلیكانه‌كانى مێژوودا له‌ هیچ كام له‌ قۆناغه‌كان شتێكى ئه‌وتۆى بۆ كه‌ركوك نه‌چنییه‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌شى له‌ راپه‌ڕین به‌ده‌ستى هێنا به‌عس له‌ژێر چه‌نگى ده‌رهێنا، له‌ به‌ڵگه‌نامه‌ مێژووییه‌كانیش كه‌ڵكێكى ئه‌وتۆى وه‌رنه‌گرت كه‌ به‌پێى داتا فه‌رمییه‌كانى عێراق له‌ په‌نجاكان كورد سێ چاره‌كى كه‌ركوك بوون ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵه‌ى گه‌لانیش كاتێك وڵاتى عێراق ته‌مه‌نى یه‌ك ساڵ بوو له‌ 1922 گوتى لیواى كه‌ر؛وك مافى نه‌عه‌ره‌ب نه‌ نه‌تورك نییه‌و زۆرینه‌ى كوردن.


  له‌قوڵایى سه‌ده‌ى رابردووه‌وه‌ كورد له‌ ململانێى پچڕپچڕدایه‌ میژوویه‌كه‌ تێكه‌ڵ به‌ خوێن و چیرۆكى تراژیدى گه‌وره‌، ئه‌نجامى ئه‌وانه‌ بۆ كورد سفرن و شتێكى ئه‌وتۆ به‌ده‌ستنه‌هاتووه‌، دواى سه‌ده‌یه‌ك خه‌ون و ململانێ حزبه‌ كوردییه‌كان له‌ ده‌ستپێكى قۆناغێكى دیكه‌ى میژوودان به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ى ئاماده‌ییه‌ك یاخود بایه‌خێكى گه‌وه‌ریان پێوه‌دیار بێت له‌سه‌ر پرسى كه‌ركوك، دیار نییه‌ ئایا كێشه‌كانى هه‌ولێر و سلێمانى جارێكى دیكه‌ كه‌ركوك ده‌سوتێنێت یاخود لایه‌نه‌كان له‌پێناو ئاینده‌ى كه‌ركوک ده‌ست له‌ ده‌ستبادان هه‌ڵده‌گرن، بابه‌تى گه‌رمى سلێمانى و هه‌ولێر به‌شكردنى پۆست و ناكۆكییه‌كانه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات ئه‌و دۆخه‌ شێواو و شپرزه‌ بۆ كورد باشى لێ چاوه‌ڕێ ناكرێت، ئه‌گه‌ر له‌پێناو كه‌ركوك ده‌ست بۆ ستراتیژێكى نیشتیمانى نه‌به‌ن.