07:15 - 18/03/2019
پێشمه‌رگه چاوه‌ڕوانى جێبه‌جێكردنى بڕیارى ژماره ١٩یە
له سه‌ره‌تاى شه‌ڕى داعشدا ته‌موزى ٢٠١٤ خولى چواره‌مى په‌رله‌مانى كوردستان بڕیارێكى گرنگى تایبه‌ت به ماف و ئیمتیازه‌كانى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه ده‌ركرد، پێشمه‌رگه به گیرفانى خاڵى و كۆژانى زۆره‌وه چوار ساڵى شه‌ڕ و قه‌یرانى دارایى به‌ڕێكرد، ئێستا چاویان له جێبه‌جێكردنى بڕیارى ژماره(١٩)ی په‌رله‌مانى كوردستانه، چونكه پێشتر به بیانووى قه‌یرانى دارایى جێبه‌جێكردنى راگیرابوو.
به‌پێى بڕیارى ژماره ١٩ ده‌بێت
-مووچه‌ى پێشمه‌رگه هاوتاى هێزه‌كانى ناوخۆبكرێت
-ده‌رماڵه‌ى مه‌ترسى بۆ پێشمه‌رگه خه‌رج بكرێت
-نه‌سریه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه یه‌كبخرێت
-پێداچوونه‌وه به پله به‌رزكردنه‌وه‌دا بكرێت
-خه‌رجى پێشمه‌رگه برینداره‌كان له ئه‌ستۆى حكومه‌ت بێت له‌ناوخۆ یان ده‌ره‌وه‌ى وڵات
-هاوكارى ماددى برینداره‌كان بكرێت
-هاوكارى ماددى خێزانى شه‌هیده‌كان بكرێت
-سوته‌مه‌نى و پێداویستى ته‌ندروستى زیاتریان بۆدابینبكرێت
-خواردنى پێشمه‌رگه ته‌ندروست بێت
- مووچه‌خۆرى بێده‌وام له‌ناو پێشمه‌رگه نه‌مێنێت.
بڕیاره‌كه ته‌نها ئه‌وه‌نده نه‌بوو، به‌ڵكو حكومه‌تى پابه‌ندكردبوو له شه‌ش مانگدا پێشمه‌رگه بكرێت به هێزێكى نیشتیمانى و ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردبوو، كه نابێت پێشمه‌رگه له‌و ناوچانه بكشێته‌وه كه به‌شه‌ڕ گرتوونى، مادده‌ى ١٧یەمی بڕیاره‌كه بۆ ماوه‌ى شه‌ش ساڵه پێشمه‌رگه‌ى خستووه‌ته چاوه‌ڕوانییه‌وه چونكه مادده‌كه ده‌ڵێت، دواى قه‌یرانى دارایى حكومه‌ت ئه‌و بڕگانه جێبه‌جێبكات كه به‌هۆى قه‌یرانه‌وه پێى ناكرێت.
دواى ئه‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ژێر فشارى به‌غدا كۆتایى به بڕیارى پاشكه‌وتى مووچه هێناو پشكى پێشمه‌رگه‌ش له بودجه‌ى عێراقدا به مانگانه‌ى ٦٨ ملیار دینار دیاریكرا، هێزه‌كانى پێشمه‌رگه چاویان له‌وه‌یه بڕیارى ژماره ١٩ جێبه‌جێبكرێت، چونكه ئیتر بیانووى ئه‌وتۆ نه‌ماوه بۆ جێبه‌جێنه‌كردنى بڕیارى په‌رله‌مانى كوردستان كه حكومه‌تى پابه‌ندكردووه، به‌ڵام له‌ناو په‌رله‌مانى كوردستان و حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه سه‌باره‌ت به مافى پێشمه‌رگه و جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كه شتێكى ئه‌وتۆ له‌گۆڕێ نییه.
لێدوانێكى جه‌بار یاوه‌ر ئه‌میندارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه هه‌واڵێكى ناخۆش بوو بۆ پێشمه‌رگه، پێچه‌وانه‌ى ئه‌و چاوه‌ڕوانییانه‌یه كه پێشمه‌رگه هه‌یه‌تى بۆ جێبه‌جێكردنى بڕیارى ژماره (١٩)، یاوه‌ر بۆ ده‌نگى ئه‌مریكا ده‌ڵێت، ئه‌و ٦٨ ملیارەی له عێراق بۆ پێشمه‌رگه دیاریكراوه‌و كه‌مه‌و به‌شى مووچه‌ى نیوه‌ى پێشمه‌رگه ناكات چونكه به گوته‌ى ئه‌و به‌پێی ئه‌و سیستمه‌ی له هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێده‌كرێت، ده‌بێت مانگانه بڕی ١٤٠ ملیار دینار بودجه هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌پێی سیستمی به‌رگری عێراقی موچه بده‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ده‌بێت مانگانه نزیكه‌ی ٢٨٠ ملیار دیناریان بۆ مووچه بۆ ته‌رخانبكرێت.
گوته‌كانى ئه‌میندارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌ته‌كه به‌رنامه‌ى زیادكردنى مووچه‌و مافه‌كانى پێشمه‌رگه‌ى نییه، هێشتا پێشمه‌رگه عاره‌قى شه‌ڕى چوارساڵى داعشى نه‌سڕیوه چاوه‌ڕێببوون كۆتایى قه‌یرانى مووچه‌و كۆتایى كۆژانه‌كانى ئه‌وان بێت، په‌رله‌مانى كوردستان سه‌رقاڵى هه‌موارى یاساى سه‌رۆكایه‌تى كاراكردنى لیژنه‌كانیه‌تى و كابینه‌ى حكومه‌تیش له رۆژه‌كانى كۆتایى خۆیدایه پێناچێت دواى بڕیارى لابردنى پاشكه‌وتى مووچه بڕیارێكى دیكه بدات كه خه‌رجى بۆخۆى زیادبكات.
هه‌ڵگورد حیكمه‌ت كه پێشتر به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندن و رۆشنبیرى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه بوو، بۆ په‌یسه‌ر پرێس ده‌ڵێت، جێبه‌جێكردنى بڕیارى ژماره ١٩ ئاواتى هه‌موو پێشمه‌رگه‌یه‌كه"ده‌بێت چاوه‌ڕێى په‌رله‌مان و حكومه‌تى نوێ بكه‌ین بزانین تا چ ئاستێك و چۆن بڕیارەكه جێبه‌جێده‌كه‌ن و له به‌رژه‌وه‌ندى پێشمه‌رگه ته‌واو ده‌بێت، ئێستا سه‌روبه‌ندى پێكهێنانى حكومه‌تى نوێیه ئه‌گه‌ر بڵێین ئێستا له وه‌زاره‌ت كارى له‌سه‌رى ده‌كرێت له راستییه‌وه دووره چونكه ئێستا له سه‌روبه‌ندى حكومه‌تى نوێداین".
به‌بڕواى هه‌ڵگورد حیكمه‌ت، ئه‌گه‌ر پرۆژه‌ى چاكسازى له‌ناو پێشمه‌رگه جێبه‌جێبكرێت ده‌توانرێت مووچه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه چاك بكرێت و یه‌ك بخرێت، یه‌ك یه‌كه‌ى حسابى هه‌بێت بۆ پێدانى مووچه‌ى پێشمه‌رگه"قسه‌یه‌كى وا هه‌یه یه‌كێك له به‌نده‌كانى دانوستانى ئاینده‌ى هه‌رێم و به‌غدا پێشمه‌رگه‌و مووچه‌كه‌ى بێت، چونكه ئه‌و به‌شه‌ى له عێراق دیاریكراوه به‌س نییه بۆ پێشمه‌رگه، مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه‌نییه كه بڵێیت ماده‌م پاره‌كه گه‌یشتووه ده‌بێت مووچه‌ى پێشمه‌رگه گۆڕانكارى تێدا بكرێت، بۆیه ئه‌م دانوستانه ده‌بێت به‌رده‌وام بێت".
رێبوار بابكه‌یى ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ په‌یسه‌ر گوتى، ئێستا په‌رله‌مان سه‌رقاڵى ئه‌وه‌یه كه لیژنه‌كانى ده‌ستبه‌كاربن و دواتر یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌موار بكاته‌وه‌و دواى ئه‌وه‌ش قسه له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه یاساى چاكسازى تێپه‌ڕێندرێت، هه‌رچه‌ند مووچه‌ى پێشمه‌رگه كه‌مه‌و ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ین باشترى بكه‌ین، هه‌وڵده‌ده‌ین له كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت بڕیارى ژماره ١٩ی په‌رله‌مانى كوردستان جێبه‌جێبكرێت.
ره‌نگه گرفتى گه‌وره‌ى به‌رده‌م حكومه‌ت له‌چاككردنى مووچه‌ى پێشمه‌رگه ژماره‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه بێت، ئه‌وه‌ش بیانووى داوه به ده‌ست حكومه‌ته‌وه بەوەی كه بودجه‌یه‌كى زه‌به‌لاحى ده‌وێت و زیادكردنى مووچه‌ش بارى دارایى هه‌رێمى كوردستان قورس‌تر ده‌كات.
ژماره‌ى پێشمه‌رگه
_هێزه‌كانى ٧٠ى یه‌كێتى ٥٤ هه‌زار پێشمه‌رگه
_هێزى به‌رگرى و فریاكه‌وتن ٢٦ هه‌زار پێشمه‌رگه
_هێزه‌كانى هه‌شتاى پارتى ٦٠ هه‌زار پێشمه‌رگه
_هێزه‌كانى زێره‌ڤانى ٥٦ هه‌زاره،
_٤٢ هه‌زار پێشمه‌رگه‌ى سه‌ربه وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه
ئه‌مانه یه‌ك سیسته‌مى مووچه‌یان نییه‌و هه‌موویان وه‌ك یه‌ك گرفتارى كه‌مى مووچه نین، جگه له بڕیارى ژماره ١٩ له سه‌ره‌تاى ٢٠١٧ ه‌وه ئه‌مه‌ریكا، به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا پرۆژه‌یه‌كى هاوبه‌شیان بۆ رێكخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه خسته به‌رده‌م به‌رپرسانى هه‌رێم، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌نجامێكى ئه‌وتۆى پرۆژه‌كه رانه‌گه‌یه‌ندراوه هه‌رچه‌نده ئه‌و سێ وڵاته له نزیكه‌وه خۆیان سه‌رپه‌رشتى رێكخستنه‌وه‌كه‌یان كردووه، پرۆژه‌كه، میلاك، یاسا، مووچە، خانەنشینی، چاكسازى، رێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه له خۆ ده‌گرێت و ٣٥خاڵه و ته‌نها خاڵێكى لێ جێبه‌جێكراوه.
پێده‌چێت جێبه‌جێكردنى بڕیارى ژماره ١٩ له‌وه ئاڵۆزتربێت كه پێشمه‌رگه چاوه‌ڕێیه‌تى، به‌وپێیه‌ى بڕیاره‌كه له یه‌ك كاتدا به پرسى دانوستانى هه‌ولێر و به‌غدا و پرۆژه‌ى چاكسازى ناو وه‌زاره‌ت و باشتربوونى ئابورى هه‌رێمى كوردستان وه‌ستاوه‌ته‌وه‌و له حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌شه‌وه هیچ هه‌وڵێك به ئاڕاسته‌ى جێبه‌جێكردنى نابینرێت، ئه‌وه‌ش خه‌ونه‌كه‌ى پێشمه‌رگه‌ى قورس‌تر كردووه، دواى قوربانیدان و ماندووبوونى شه‌ڕ حكومه‌ت هیچى ئه‌وتۆى پێ نییه بۆ چاككردنى گوزه‌رانیان.