ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:57 - 24/03/2019

هه‌ڵبژاردنێكی چاره‌نوسساز له‌ توركیا‌

پشدەر بابەكر

بڕیار وایه‌ رۆژی 31ی ئه‌م مانگه‌ هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی 30ی شاری گەورە و 1351 ناوچە به‌ڕێوه‌ بچێت، كه‌ تیایدا 1251 ئەندامی ویلایەتەكان و 20 هەزار و 500 ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی هەڵدەبژێردرێن.

هەلًبژاردنی ئه‌مجاره‌  كە بۆ زۆرینەی لایەنەكان گرنگ و چارەنوسیازە، ئەمجارە پێدەچێت ئاكەپە هاوشێوەی پێشوو سەركەوتوونەبێت، ئەگەرچی گرەوكردن لەسەر دەنگدەرانی وڵاتێكی وەك توركیا ئاسان نیە، بەڵام بەپێی ئاماژەكان دەنگەكانی پارتی داد و گەشەپێدان ڕوو لەكەمی دەكەن، بۆ پارتی جه‌هه‌په‌ش هه‌ڵبژاردنێكی جیاوازه‌ و ده‌یه‌وێت هه‌لی قه‌یرانی لیره‌ی توركی و ئابوری توركیا بقۆزێته‌وه‌ و له‌وێوه‌ به‌سه‌ر پارته‌ ركابه‌ره‌كه‌یدا كه‌ ئه‌كه‌په‌یه‌ سه‌ركه‌وێت، هه‌ده‌په‌ش ده‌یه‌وێت له‌ رێی سندوقی ده‌نگدانه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شاره‌وانییه‌كان كه‌ ئێستا له‌لایه‌ن ئه‌ردۆگانه‌وه‌ به‌ دانانی قه‌یوم ده‌ستی هه‌ده‌په‌ له‌ ناو شاره‌وانییه‌كاندا ده‌رهێنراوه‌.

ئاكەپە
پارتی داد و گەشەپێدان لەم هەڵبژاردنەدا لەگەڵ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست مەهەپە بەهاوپەیمانیەتی بەشداری دەكات، ئەوەش لەچوارچێوەی ئەو هاوپەیمانیەتەیە كە لەنێوان هەردووپارتدا بۆ هەمواری دەستور و گۆڕینی سیستمی حوكمرانی لەپەرلەمانیەوە بۆ سەرۆكایەتی و هەڵبژاردنە پەرلەمانی و سەرۆكایەتیەكەی 24ی حوزەیرانی 2018 دروستیان كرد.
گرنگترین ئاستەنگەكانی بەردەم ئاكەپە لەم هەڵبژاردنەدا
1- دابەزینی بەهای لیرەی توركی بەجۆرێك لەئێستادا یەك دۆلار بەرامبەر 5 لیرەو نیوی توركیە و باسی ئەوەش دەكرێت كە پێدەچێت یەك دۆلار ببێتە 10 لیرە، تەنها ساڵی رابردووش لیرەی توركی 30%ی بەهاكەی لەدەستدا كە بووە هۆی بەرزبونەوەی نرخ  هەروەها  زیادبوونی هەڵاوسان بەجۆرێك ساڵانە 20% ، ئەوەش نرخی كەل و پەل و خۆراك چەندین ئەوەندە بەرزكردۆتەوە بەنمونە سەوزە و میوە لە نێوان ساڵانی 2004 بۆ 2018 بەپێی ئاماری فەرمانگەی ئاماری ناوەندی توركیا لەماوەی ئەو 14 ساڵەدا بەرێژەی 105% بۆ 1308 بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
2- ئەو بەڵێنانەی حكومەت دەربارەی دۆخی سوریا بەخەڵكی وڵاتەكەی دابووی نەیتوانی بیباتە سەر، بەتایبەتیش لەدروستكردنی ناوچەی ئارام كە پێشتر بەرپرسانی ئەنكەرە رایانگەیاند بەدرێژایی 460 كیلۆمەتر لەسنوری توركیا و سوریا و بەقوڵی 32 كیلۆمەتر ناوچەیەكی ئارام دروست دەكەن.
3- ئاكەپە پەیوەندی لەگەڵ كورد لەباكوری كوردستان باش نیە و دژایەتی رۆژئاوای كوردستانیش دەكات، بەهۆی ئەوەی نەیتوانی سیاسه‌تی توركیا و به‌ڵێنه‌كانی كه‌ دژی كوردانی باكوربوون تێكبدات دەنگی بەشێك لەنەتەوەپەرستەكانی لەدەست دەچێت و بەهۆی شەریش لەگەڵ كورد سۆزی بەشێك لەكوردانی باكوری كوردستانی لەدەستداوە.
4- پرسی جیابونەوە زۆرەكانی ناو ئاكەپە كێشەیەكی ترە كە رەنگە ئەردۆغان بەرپرسیاری سەرەكی بێت،  ئەمە مەترسیەكی ترە كە كاریگەری لەسەر دەنگەكانی دروست دەكات لەماوەی رابردوودا رۆژنامەی خەبەر تورك بڵاویكردەوە ئەحمەد داود ئۆغلۆ لەهەر ساتێكدا ئەگەری هەیە داواكاری بۆ دروستكردنی پارتێكی نوێ پێشكەش بكات و ئامادەكاریەكانیشی لە 40 ویلایەت بۆ حزبەكەی تەواوكردووە و محەمەد شەمشیك جێگری پێشووی سەرۆك وەزیرانیش بۆ كاروباری ئابوری بەشدارە لەگەڵی، رۆژنامەكە دەڵێت عەبدوڵا گول سەرۆك كۆماری پێشوو و عەلی بابەجان وەزیری پێشووی حكومەت بۆ كاروباری دارایی كە دوو سەركردەی دیاری ئاك پارتی بوون بەهەمان شێوە بەنیازن پارتێكی نوێ دابمەزرێنن، و پەلەكردنی داود ئۆغلۆش بۆئەوەیە رێگایان لێبگرێت لەدامەزراندنی حزب و داوایان لێ بكات پەیوەندی بەپارتەكەی ئەوەوە بكەن، هەڵبژاردنەكە بەتاقیكردنەوەیەكی قورس دادەنرێت بۆ ئاكەپە بەوپێیەی یەكەم هەڵبژاردنە لەدوای گۆرینی سیستمی حوكمرانی بۆ سەرۆكایەتی ، و تێیدا 13 پارتی سیاسی بەشداری دەكەن.
5- ئاكەپە نەك هەر نەیتوانی توركیا بكاتە ئەندام لەیەكێتی ئەوروپا بەڵكو پەیوەندیەكانی ئەنكەرە و برۆكسلیش لەسەردەمی پارتی دادوگەشەپێدان پێی نایە قۆناغێكی ئاڵۆزەوە، بەجۆرێك لە 14ی نیسانی ساڵی 1987 وە توركیا بەفەرمی داوای بەئەندام بوونی لەیەكێتی ئەوروپا پێشكەش كردووە لەوكاتەوە پەیوەندیەكانی توركیا لەگەڵ ئەو یەكێتی ئاسایی بووە، بەڵام لەچەند ساڵی رابردوودا توركیا هەنگاوی بەئاراستەی نزیك بوونەوە لەروسیا و جیهانی ئیسلامی و دووركەوتنەوە لەیەكێتی ئەوروپا نا.

جەهەپە
ئەم هەڵبژاردنە بۆ پارتی  گەلی كۆماری گرنگی تایبەتی خۆی هەیە و دەیەوێت دەنگدەرانی توركیا رازی بكات بەوەی دوای 16 ساڵە لە فەرمانرەوایەتی ئاكەپە گۆڕانكاری بكەن و هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە و دەیەوێت گۆڕانكاری گەورە بخولقێنێت، جەهەپە بەكۆنترین پارتی سیاسی دادەنرێت لەتوركیا بەوپێیەی لە 9ی ئەیلولی ساڵی 1923 لەسەردەستی مستەفا كەمال ئەتاتورك دامەزرێنەری توركیا نوێ دامەزراوە و تاساڵی 1946 تاكە پارتی توركیا بووە دوای ئەوە رێگە بەفرە پارتی دراوە ، یەكەم تێكشكانی جەهەپە بەرامبەر ئاكەپە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2002 لەو كاتەدا قەیرانی دارایی لەتوركیا سەری هەڵدا و بەهۆی نەخۆش كەوتنی بوڵند ئەجەوید سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتەوە پەرلەمان بڕیاری  هەڵبژاردنی پێشوەختی دەركرد كە ئەنجامەكەی ئەوەبوو ئاكەپە 363 كورسی پەرلەمانی لەكۆی 550 كورسی بەدەست هێنا، لەبەرامبەردا جەهەپە تەنها 176 كورسی بردەوە بەوەش لەدەسەڵات دوورخرایەوە و ئاكەپە دەسەڵاتی گرتە دەست ، لەئێستادا جەهەپە رابەرایەتی بەرەی ئۆپۆزسیۆن دەكات و چاوی بڕیوەتە گەڕانەوە بۆ دەسەڵات، چونكە پێی وایە قەیرانی دارایی هاوشێوەی قەیرانی ساڵی 2002 بەرۆكی توركیای گرتووە دەیەوێت ئەو قەیرانەی ئەوی پێ لەدەسەڵات دوورخرایەوە بەهۆیەوە بیگەڕێنێتەوە بۆسەر عەرشی حوكمرانی، بەڵام هێشتا دیارنیە لەئامانجەكەی سەركەوتوودەبێت یان نا بەتایبەتیش كە لەهەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی ساڵی رابردوو تەنها 142 كورسی لەكۆی 600 كورسی بەدەستهێنا، لەكاتێكدا ئاكەپە 317 كورسی بەدەستهێنا و لە كۆی 81 پارێزگا تائێستاش ئاكەپە لە 48 پارێزگا زۆرینەیە.

هەدەپە
بۆ هەدەپەش ئەم هەڵبژاردنە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بەتایبەتیش كە لەهەڵبژاردنی ساڵی 2014 دا سەرۆكایەتی شارەوانی 102 ناوچەی بردەوە بەڵام ئاكەپە لەدوای سەپاندنی باری نائاسایی و لەساڵی 2016 وە 95 شارەداری سەر بەهەدەپەی لابردووە و قەیومی لەجێگایان داناوە، و لەئێستاشدا 40 لەو سەرۆك شارەوانیانە لەزینداندان.
هەدەپە كە هەردوو هاوسەرۆكانی پێشووی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسیكداغ هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە لەزینداندان و ئێستا پارتەكە لەلایەن سزای تەمەلی و سەرپیل كەمالەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، ئەگەرچی هەدەپە لەژێر ناوی پارتێكی كوردیدا نیە، بەڵام كار بۆ چەسپاندنی مافەكانی گەلی كورد لەو پارچەیە دەكات و بەرپرسیاریەتیەكی قورسیشی لەسەرشانە، لەلایەك كوردستانی باكور 32%ی خاكی توركیا پێكدەهێنێت و 17%ی دانیشتوانی توركیاش لەباكوری كوردستانن ئەمەش وادەكات پێویستی خزمەتگوزاری و ببێتە خەمی لەپێشینەی دەنگدەرانی هەڵبژاردنی شارەوانیەكان، لەلایەكی ترەوە هەدەپە كار بۆ هێشتنەوەی شارەوانی شارە كوردیەكان دەكات لەدەست خۆیدا.
هێشتا كورد توانیویەتی لەتوركیا پارێزگاری لەخاكەكەی بكات بەوپێیەی 80%ی دانیشتوانی باكوری كوردستان كوردن و توركیش تەنها 12%ی دانیشتوانی ناوچە كوردیەكان پێكدەهێنێت، لەكۆی 81 پارێزگای توركیا، باكوری كوردستان 21 پارێزگایە.

ئەگەرچی كورد دووەم نەتەوەی توركیایە، بەڵام هیچ مافێكی نیە و بەپێی دەستوریش ئینكاری بوونی دەكرێت، ئەوەش كاری هەدەپەی قورستركردووە.