ڕاپۆرتی کوردستانی

05:21 - 25/03/2019

ناهیدەی شێخ سەلام.. کوڕی باوکی و دایکی سیاسییەکان‌

پەیسەر

رۆژێک مەلا مستەفا بارزانی، ناهیدە شێخ سەلام بانگ دەکات و پێی دەڵێ: ناهی کچم بۆچی حزبێک دانامەزرێنی بۆ (شێتەکانی کوردستان) خۆت و جەلال تاڵەبانی و نوری ئەحمەد تەها ببنە ئەندامی. ناهیدە دەپرسێ: ئەی کێ بکەین بە سەرۆک؟ بارزانی دەمودەس وەڵام دەداتەوە " لە خۆم زیاتر کێ هەیە... خۆشم دەبم بە سەرۆکتان".

ئەم رووداوە ئەگەر روویەکی گاڵتەوگەپی سیاسییانەی هەبێ، ئەوا روویەکی تری هەیە کە کەسایەتی بزێو و یاخی و جێ متمانەی ئەو ژنە نیشان دەدا لەناو جوڵانەوەی سیاسی کوردستانی عێراقدا، چونکە لە سەدەی بیستەم، هیچ ژنێکی کورد لە کوردستانی عێراقدا نییە هێندەی ناهیدەی شێخ سەلام ژیانی تێكه‌ڵاو بوو بێ لەگەڵ سیاسەت و حزبایەتی و نووسیندا.

ناهیدە کچی شێخ سەلامی شاعیری ناسراوی کوردە و ساڵی ١٩٢٢ لە گەڕەکی سابونکەرانی شاری سلێمانی لە دایکبووە، تەمەنی شەش مانگان بووە کاتێک فڕۆکەکانی ئینگلیز بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەم شارەدا سلێمانی بۆردمان دەکەن. بەهۆی ئەم رووداوەوە ماوەیەکی زۆر خێزانی شێخ سەلام و دانیشتووانی سلێمانی بە گشتیی، لە سەرگەردانی و ترسدا ژیاون.

یەکەمەکان لە ژیانی دا
ناهیدەی شێخ سەلام ساڵی ١٩٢٩ کە ئەو کاتە ماڵیان لە چەمچەماڵ دەبێ، یەکەم کچ دەبێ لەو شارۆچکەیەدا دەچێتە قوتابخانە، لەبەر ئەوەی قوتابخانەی تایبەت بە کچان نەبووە، باوکی دەیخاتە قوتابخانەیەکی کوڕانەوەو لەگەڵ دوو کچی دیکەی هاوڕێی کە ئەوانیش خەڵکی سلێمانین و بەهۆی وەزیفەی حکومیی باوکیانەوە لە چەمچەماڵ دەژین، دەخوێنێ.

لە تەمەنی حەوت ساڵانەوە بزێوی و بلیمەتی لەو کچۆڵەیەدا دەردەکەوێ کاتێ ساڵی ١٩٢٩ باوکی دەیباتەوە بۆ سلێمانی تا بەشداریی بکات لە کۆڕێکی رۆشنبیریی (حەپسەخانی نەقیب)دا کە بۆ چەندین کچ و ژنی شار رێکخراوە. دەسپێکی کۆڕەکەی حەپسەخان بە شیعر و وتارێکی منداڵانەی ناهیدەی شێخ سەلام دەست پێدەکات کە دەبێتە جێی سەرنجی ئامادەبووان بە حەپسەخانی نەقیبیشەوە.

ناهیدە دەیگێڕێتەوە کاتێ باوکی لە چەمچەماڵەوە بۆ ئەو کۆڕەی دەنێرێ، جووتێک کڵاش و قاتێکی کوڕانەی دەکاتە بەر. بەڵام ناهیدە جلە کوڕانەکانی پێیخۆش نییە، کاتێ دەگاتە سلێمانی، جلەکانی دادەکەنێ و جلی کچانە دەکاتە بەر. بۆ خۆی دەڵێ ئەو دەسپێشخەرییەی باوکی بە ناردنی بۆ سلێمانی و لەبەرکردنی جلی کوڕانە، لە داهاتوو رۆلێکی زۆر گەورەیان گێڕا لە ژیان و چارەنووسی دا.

ئەو کاتەی بۆ خوێندنی خانەی مامۆستایان دەچێتە بەغدا، شەوێک کە خەریکی ئامادەکاریین بۆ جەژنی نەورۆز لەگەڵ چەند کچێکی کورددا، لە بەشەناوخۆییەکەیان لەگەڵ کچێکی عەرەب بەشەڕدێن لەسەر ئەوەی قسە بە کورد دەڵێ و بە گێل و نەفام ناویان دەهێنێ. ناهیدە لە بەرچاوی هەموو کچانی داخلیی ئاڵای عێراق و وێنەی مەلیک دەدڕێنێ.

ئاڵای عێراق و وێنه‌ی مه‌لیك له‌ داخی كچێكی عه‌ره‌ب ده‌دڕێنێت

لەسەر ئەم رووداوە، ناهیدە و کچە کوردەکان توشی کێشە دەبن و بۆ ماوەی حەفتەیەک ئەمین زەکی بەگ و چەند کوردێکی دانیشتووی بەغدا، خەریکی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە دەبن چونکە دڕاندنی ئاڵا و وێنەی مەلیک سزای قورسی هەبووە.

ناهیدە لە گەنجیدا لەڕێی (حزبی هیوا)وە تێکەڵی سیاسەت دەبێ و هاوشانی نووسەران و شاعیران و منەوەرانی ئەو کاتی سلێمانی لەوانە ئیبراهیم ئەحمەد و نوری ئە‌حمەدی تەها، وەکو کچێکی چالاک کارە حزبیی و رۆشنبیرییەکانی هەڵدەسوڕێنێ.

دوای حزبی هیوا، ناهیدە یەکەم ژنی کوردە لەم بەشەی کوردستان کە دەبێتە ئەندامی (ژێکاف) هەروەها یەکەم نووسەری ژنە کە لە گۆڤاری گەلاوێژدا بە وتار و شیعر و پەخشان لە چلەکانی سەدەی بیست بەشداری دەکات.

بە درێژایی تەمەنی، راستەوخۆ لەگەڵ شێخ مەحمودی حەفید و عەبدولکەریم قاسم و مەلا مستەفای بارزانیدا گفتوگۆی کردووە و بیروڕای سیاسییان ئاڵوگۆڕ کردووە.

شێخ مەحمودی حەفید هەر بە "کەریمە" ناوی بردووە و دوو بەیت شیعریشی بەسەرا هەڵداوە.

کاتێکیش دەبێتە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان، ساڵی ١٩٦٠ لە کۆنگرەی پێنجەمی ئەو حزبەدا، ناهیدە وەکو یەکەم ژن دەبێتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کە تا ئەو کاتە هیچ ژنێکی کورد نەگەشتبووە پلەیەکی هێندە بەرزی حزبیی.

دوو - ن – کەی پارتی و سلێمانی
ناهیدە هەر بەوەندەوە ناوەستێ کە کچی شاعیر و ئەدیبێک و کەسایەتییەکی سیاسی ناسراوی وەکو شێخ سەلامە، بەڵکو ئەو پیاوەی دەبێتە هاوسەری، ئەویش لە داهاتوودا دەبێتە یەکێک لە کەسایەتییە سیاسی و ناسراوەکانی کوردستانی عێراق. بۆیە ئەم قۆناغەش بۆ ژیان و کەسایەتی ناهیدەی شێخ سەلام گرنگی خۆی دەبێ.

هاوسەری داهاتووی ناهیدە (نوری شاوەیس)ــە کە بنەماڵەکەیان لە سلێمانی ناوبانگیان هەیە و بۆ ماوەیەکیش دەسەڵاتداری ناو حکومەت دەبن. نوری شاوەیس و ناهیدەی شێخ سەلام ساڵی ١٩٤٦ هاوسەرگیریی دەکەن. بۆیە هەندێک لە هاوڕێکانیان پێیان دەڵێن " دوو نوونەکەی سلێمانی".

ژیانی ژن و مێردایەتی نوری شاوەیس و ناهیدە، پڕیەتی لە دوورکەوتنەوە و دابڕان بەهۆی ئەوەی هەردووکیان لێبڕاوانە تێکەڵی سیاسەت بوو بوون.

ساڵی ١٩٦٠ لەسەر داوا و پێداگریی مەلا مستەفابوو کە ناهیدە کرایە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی، ئەو کاتە نوری شاوەیسی هاوسەری ناهیدە لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، ناڕاستەخۆ دژی بڕیار و هەڵسوکەوتەکانی بارزانی بوون و پێیانوابوو تاکڕەوانە بڕیار دەدات و دیسپلینی حزبیی دەشکێنێ.

هاوینی ساڵی ١٩٦١ مەلا مستەفا لە شاری بەغداوە بە کارێکی حزبیی، ناهیدە دەنێرێتەوە بۆ سلێمانی بێ ئەوەی سەرکردایەتی حزب ئاگاداری ئەم سەردانەبێ. کاتێ ناهیدە دەگەڕێتەوە، مەکتەبی سیاسی دەکەونە لێپرسینەوەی لێی کە چۆن خۆسەرییانە و بێ ئاگاداری حزب چووەتەوە بۆ سلێمانی. بۆیە دەگەنە ئەو بڕیارەی کە بۆ ماوەیەک تەجمید بکرێ یان لە حزب دەری بکەن. نوری شاوەیسی مێردی لەناو ئەو کەسانەدایە داوا دەکات ناهیدە لە حزب دەر بکرێ!

ناکۆکییە ژێربەژێرەکان ساڵی ١٩٦٣ تەقینەوەو باڵی مەکتەبی سیاسی و بارزانی بە ئاشکرا کەوتنە تۆمەتبارکردنی یەکتری و درز و کەلێن تا دەهات گەورەتر دەبوون. لەم کاتەدا نوری شاوەیسی هاوسەری ناهیدەی هەڵبژێردراوی بارزانی، کەوتە لای باڵی مەکتەبی سیاسی!

سەرباری هەموو ئاڵۆزیی و ناتەباییەکان،ژیانی ژن و مێردایەتی نوری شاوەیس و ناهیدەی شێخ سەلام تا کۆچی دوایی شاوەیس لە لەندەن لە ساڵی ١٩٨٢ درێژەی کێشا و بەرهەمی ئەو ژن و مێردایەتییە ٨ کوڕە کە گەورەکەیان د.رۆژ نوری شاوەیسە.

رقی شۆڕش تا کوشتن!
رۆژێکی ساڵی ١٩٦٤ لەناو شاری سلێمانی، ناهیدەی شێخ سەلام درایە بەر دەستڕێژو پێکڕا شەش گولـلـەی پێوە نرا. تەقەکەران بە فەرمانی مەلا مستەفا بە قەستی کوشتن ناهیدەیان کردە ئامانج، بەڵام لەو هەوڵی تیرۆرکردنە بە برینداری دەربازی بوو.

سەبارەت بەهۆکاری تەقەکردن و کەوتن بە رقی مەلا مستەفا لە ناهیدە، تائێستا بەڵگەیەکی سەلمێنراو لەبەر دەستدا نییە و بۆ خۆیشی تەنیا بە دێڕێک باسی کردووە کە دەڵێ " ئەو کاتەی تەقەم کێکرا و شەش حەوت گولـلـەم بەر کەوت" ئیتر ناڵێ لەلایەن کێوە و بۆچی تەقەی لێکرا.

 شاوەیسی مێردی ناهیدە، ئاگاداری ئەو پەیوەندییانەبوو لەگەڵ حکومەتی عێراقدا

دەوترێ هەوڵی کوشتنی ناهیدەی شێخ سەلام بەهۆی هەبوونی پەیوەندی ئاشکرا و ژێربەژێرەوە بووە بە حکومەتی عێراقەوە. مەحمودی مەلا عزەت لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێ: نوری شاوەیسی مێردی ناهیدە، ئاگاداری ئەو پەیوەندییانەبوو لەگەڵ حکومەتی عێراقدا.

هاوسەرەکەی ناهیدە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتییە و پارتی و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقیش هەمیشە لە شەڕ و ململانێدابوون. لەم کێشمەکێش و بێنەوبەرەیەدا، زۆرجار ناهیدە لە سلێمانیدا ماوەتەوە نەک هەر ئەوە بەڵکو مامۆستا و بەڕێوەبەری قوتابخانەش بووه‌.

لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی عێراق تەنانەت دەسەڵاتدارێکی دڕندەو توندڕەوی وەکو (زەعیم سدیق) کە هێمایە بۆ کۆمەڵکوژی و رەشەکوژی خەڵک لە سلێمانی لە ساڵی ١٩٦٣،دەرگای بۆ ناهیدەی شێخ سەلام کراوە بووە.

لە سلێمانی زۆرجار ئەو ئەندامانەی پارتی ... بە باڵی مەکتەبی سیاسی و بارزانیشەوە... کە ناچار دەبوون خۆیان بشارنەوە، ماڵی ناهیدە پەناگەیەکی باش بووە. زۆرجاریش ناهیدەی شێخ سەلام بۆ خۆی بە نامەو نووسراوی بەرپرسانی حکومەتی عێراق، ئەو کەسانەی دەرباز کردووە بۆ دەرەوەی شار.

مەحمودی مەلا عزەت لە کتێبی بیرەوەرییەکانی خۆی " کاروانی بێ کۆتایی" چەند چیرۆکی خۆشاردنەوە و پەنادانی خۆی لە ماڵی ناهیدەی شێخ سەلام دەگێڕێتەوە و دەنووسێ: "ناهیدە پەیوەندی بە بەرپرسانی عێراقەوە هەبوو، نوری شاوەیسی مێردیشی ئەمەی دەزانی. بەڵام بۆ راستبێژیی ئەوەی من بیزانم و ئاگاداری بم، ئەو پەیوەندییانەی بۆ باشە بەکار نەهێنایە، ئەوا بۆ خراپە و دژ بە کورد و شۆڕش بەکاری نەدەهێنا."

یار و نەیاری ناهیدە گەواهی ئەوەی بۆ دەدەن کە "زۆر بوێر و راشکاو بووە. لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی شۆڕشی کورد و حکومەتی عێراقیش هەمیشە کەسێتی و تایبەتمەندییە سەخسییەکانی خۆی پاراستووە و رووپامایی بۆ کەس نەکردووە، هەر کەسێک تانەی لێدابێ، لە کات و شوێنی خۆیدا دەسبەجێ بە تانەوتەشەر وەڵامی داوەتەوە. زۆر پیاو سەرسام بوون بە ئازاییەکەی کە هەمیشە پێی ناسراوەتەوە".

ناهیدە باوکی پێی دەوت " کوڕی باوکی" لە گۆڤاری گەلاوێژدا وتار و شیعر و پەخشانەکانی بە ( کچە کورد ن.س) ناوی نووسراوە، قوتابی و خوێندکارەکانی پێیان وتووە " ست ناهی" لەناو شۆڕش و لای سەرکردەکان " دایە ناهی" بووە. هەموو ئەمانە ناسنامە و هێمان بۆ ژنێک کە دەگمەن و بێ هاوتا بووە لە سەردەمانێک کە سیاسەت و ململانێ سیاسییەکان بۆ زۆرێک لە پیاوەکانیش ئەستەم و دژوار بووە. بەلام ناهیدەی شێخ سەلام بە ناسنامەی خۆی و توانا شەخسییەکانی خۆی توانی تا کۆتایی بیپارێزێ.ئه‌م ژنه‌ سیاسییه‌ی كورد  لە تەمەنی هەشتا و چوار ساڵیدا رۆژی ۲٨ی ۱۱ی ۲۰۰٦ كۆچی دوایی كرد و لەگردی سەیوان لە شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا.