ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:42 - 26/03/2019

دەیەوێت لەسەر حسابی هاوڵاتیانی عێراق بژی‌

پشدەر بابەكر

حكومەتی عێراق هەنگاوەكانی بۆ  راكێشانی بۆریەكی نەوت لەبەسرەوە بۆ بەندەری عەقەبە چركردۆتەوە، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت ئوردن دەیەوێت لەسەر حسابی هاوڵاتیانی عێراق بژیەت، سەرچاوەیەكیش لەحكومەتی هەرێم دەڵێت ئاگاداری پرۆژەكانی وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدراڵی نین.

حكومەتی عێراق لەماوەی رابردوودا هەوڵەكانی پەرەپێداوە بۆ راكێشانی بۆری هێڵی نەوتی بەسرە- بەندەری عەقەبە، بەپێی بەدواداچوونێكی پەیسەرپرێس بۆریەكە توانای گواستنەوەی یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی دەبێت و لەو برەش 150 هەزار بەرمیلی دەدرێت بە ئوردن كە بەشێك لەبەرامبەر كرێی گواستنەوەیە و بەشەكەی تریش بەنرخێكی رەمزی وەردەگرێت.

هەروەها چەند كۆگایەك لەسەر بەندەری عەقەبە دروست دەكرێن كە توانای هەڵگرتنی 7 ملیۆن بەرمیل نەوتیان دەبێت، تێچووی  هێڵە نوێیەكە نزیكەی 10 ملیار دۆلار دەبێت، و 1350 كیلۆمەتر درێژە، بەجۆرێك لەبەسرەوە تا نەجەف 350 كیلۆمەترە  و لە نەجەفیشەوە بۆ بەنداوی عەقەبە 1000 كیلۆمەترە.

حكومەتی عێراق بریاربوو هێڵێكی غازی سروشتیش لەگەڵ هێڵە نەوتیەكە رابكێشێت، بەڵام دواتر بەغداد بڕیاری دروستكردنی هێڵە غازیەكەی هەڵوەشاندەوە بەپێی دیزانی ئەوكاتەی پرۆژەكە خەرجیەكەی 18 ملیار دۆلاربوو، بەڵام دواتر دەستكاری كراو بۆ 10 ملیار دۆلار كەمكرایەوە، بەپێی بەدواداچونێكی پەیسەرپرێس هیچ خەرجیەكی راكێشانی ئەو بۆریە لەلایەن ئوردنەوە نادرێت.

عێراق لەئێستادا هیچ نەوتێكی لەرێگەی دەریای سورەوە نافرۆشرێت و دوای تەواوبوونی ئەو هێڵە نوێیەش پێدەچێت بەشێك لەوڵاتانی ئەفریقی لەناویشیاندا میسر ببێتە كڕیاری نەوتی عێراق.

بەپێی زانیاریەكان دروستكردنی ئەو هێڵە نوێیە هاوكاتە لەگەڵ هەوڵی حكومەتی عێراق بۆ راكێشانەوەی بۆری نەوتی حەدیسە و بەسرە، هەروەها لەچەند رۆژی رابردوودا بەغداد هەوڵەكانی چركردۆتەوە بۆ ئەوەی دەست بكاتەوە بە بەرهەم هێنانی نەوت لەكێڵگە نەوتیەكانی گەیارە لەپارێزگای موسڵ.

بەپێی ئامارەكان لەو كێڵگەیە 800 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگ هەیە و پێش هێرشی داعشیش رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتی لێ دەردەهێندرا و حكومەتیش پلانی هەبوو بەلێدانی 364 بیری تر لەسنوری پارێزگای نەینەوا ئاستی بەرهەم بۆ 230 هەزار بەرمیل تا كۆتایی ساڵی 2016 بەرزبكاتەوە  بەڵام بەهۆی هێرشی داعشەوە پلانەكە جێبەجێ نەكرا.

سەرچاوەیەك لەحكومەتی هەرێم بەپیسەرپرێسی راگەیاند، حكومەتی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە بەفەرمی هیچ زانیاریەكی دەربارەی هەناردەی نەوت بۆ ئوردن و پەرەپێدانی كێڵگە نەوتیەكانی پارێزگای نەینەوا پێ نەدراوە.

غالب محەمەد ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپەیسەرپرێسی راگەیاند:  تائێستا بەفەرمی ئاگادارنەكراونەتەوە لەسەر پرسی راكێشانی بۆری نەوتی بەسرە-عەقەبە، سەرباری بۆری نەوتی بەسرە-عەقەبە، باسی ئەوەش دەكرێت كە بۆریەك لەكەركوكەوە بۆ ئوردن رابكێشرێت.

 رۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوت بۆ ئوردن دابین بكات هەروەها باسی راكێشانی بۆریەكی تری نەوت لەكەركوكەوە بۆ بەندەری جەیهان دەكرێت ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی، لەراستیدا ئەوەپرسە ئەوەیە كە ئوردن دەیەوێت لەسەر حسابی هاوڵاتیانی عێراق بژیەت، لەسەردەمی سەدام حوسێندا عێراق بەبێ بەرامبەر نەوتی دەدایە ئوردن و ئێستاش ئوردن هەمان داواكاری هەیە، ئەوەش لەكاتێكدایە بەشێك لەهاوڵاتیانی عێراق خۆیان بەدەست هەژاریەوە دەناڵێنن سەرباری ئەوەش بەسرە كە نەوتەكەی لێ دەردەهێندرێت وێرانەیە و پێویستی بەخزمەتگوزاری هەیە و ناشكرێت چیتر هاوڵاتیانی ئوردن لەسەر حسابی هاوڵاتیانی عێراق بژیەن.

 ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژە بەوەشدەكات كە بەسرە خۆی لەسەر دەریایە وهیچ پێویست ناكات حكومەتی عێراق 10 ملیار دۆلار بۆ راكێشانی بۆریەكی نەوت لەبەسرەوە بۆ كەنداوی عەقەبە خەرج بكات، چونكە دەتواندرێت بەو 10 ملیار دۆلارە 10 پاڵاوگەی مۆدێرن لەعێراق دروست بكرێت كە چیتر عێراق پێویستی بەوە نەبێت بەنزین لەدەرەوە بكرێت.

غالب محەمەد ئاماژەی بەوەشكرد كە داوایانكردووە وەزیری نەوت بانگهێشت بكرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی تائێستا لیژنەكەی ئەوان سەرۆكی نیە وەزیری نەوت نەهاتۆتە ئەنجومەنی نوێنەران و داواكاریەكەیان جێبەجێ نەكراوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و غازی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژە بەوەشدەكات، كە لەسەر پرسی راكێشانی بۆری نەوتی بەسرە-عەقەبە و گرێبەستەكانی ئەم دوایانە داوای بانگهێشتی وەزیری نەوتیان كردووە.

بەوتەی غالب محەمەد سەرباری ئەوەی داعش دەیەوێت زیان بەژێرخانی نەوتی عێراق بگەیەنێت، بەڵام حكومەتی بەغداد سورە لەسەر دەستكردنەوە بەدەرهێنانی نەوت لەكێڵگە نەوتیەكانی عەین زالە و گەیارە و خەباز سەرباری ئەوەش گومانی زۆر لەسەر كارەكانی كۆمپانیای نەوتی باكور هەیە سەبارەت بەگرێبەستەكانی نەوت و پرۆسەی دەرهێنان و گواستنەوە و تەنانەت گومانی دزینی نەوتیش لەكارەكانی دەكرێت بۆیە داوای كردووە ئەو كۆمپانیایە بانگهێشتی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت.

لای خۆیەوە شێركۆ جەودەت سەرۆكی پێشووی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی كوردستان بەپەیسەرپرێسی راگەیاند: هەرێم و بەغداد ئاگایان لەیەك نیە لەبواری نەوت و یەكتر لەپلانەكان ئاگادار ناكەنەوە.

سەبارەت بەبۆری نەوتی عەقەبەش شێركۆجەودەت رایگەیاند ئەوهەنگاوەی بەغداد پرۆژەیەكی ستراتیژیە و كاریگەری لەسەر ئابوری عێراق دەبێت، گوتیشی  لەسەردەمی رژێمی بەعس عێراق نەوتی بەبێ بەرامبەر دەدا بە ئوردن بەڵام ئەمە ئێستا دەكرێت بەبۆری و ئەگەر شەفافیەتی تێدابێت یارمەتی گەشەی ئابوری عێراق دەدات.

سەبارەت بە وەبەرهێنان لەو كێڵگەنەوتیانەی كە داعش وێرانی كردوون و بەغداد دەیەوێت جارێكی تر دەست بە بەرهەم هێنانی نەوت تێیاندا بكاتەوە، شێركۆ جەودەت رایگەیاند بەپێی مادەی 111 و 112ی دەستوری عێراق ئەو بیرەنەوتیانەی دوای ساڵی 2005 لێدراون هەرێم دەتوانێت وەبەرهێنانیان تێدا بكات، بەڵام هیچ مادەیەكی دەستوری و یاسایەكی تایبەت نیە باسی چۆنیەتی وەبەرهێنانی نەوت لەناوچە جێ ناكۆكەكان بكات، سەرۆكی پێشووی لیژنەی نەوت و غاز لەپەرلەمانی كوردستان راشیگەیاند بەغداد لەرێگەی بۆری نەوتی كەركوك- بەندەری جەیهان نەوتی كەركوك و موسڵ و چەند ناوچەیەكی تر رەوانەی توركیا و لەوێشەوە بۆ بازارەكانی جیهان رەوانە دەكرێن و لەرێگەی بۆری نەوتی بەسرە- عەقەبەشەوە نەوتی باشور رەوانەی سەر دەریای سور دەكات و هەردوولاش خزمەت بەگەشەی ئابوری عێراق دەكەن ئەگەر گەندەڵیان تێدا نەكرێت.

رۆژی 14ی كانونی دووەمی ئەم ساڵ عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردن بەسەردانێك گەیشتە عێراق و لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار و عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كۆبۆوە، دیوانی پادشایەتی ئوردن لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند هەریەك لەبەرهەم ساڵح و پادشای ئوردن جەختیان لەپەلەكردن لەراكێشانی بۆری نەوتی بەسرە –عەقەبە كردۆتەوە.

رۆژی 9ی نیسانی ساڵی 2013 عێراق و ئوردن رێككەوتننامەیەكیان بۆ هەناردەی نەوتی عێراق لەرێگەی ئوردنەوە واژۆكرد بەڵام جێبەجێكردنی پرۆژەكە بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنیەوە دواكەوت.