لێکۆڵینەوە

07:45 - 26/03/2019

شێخ مەحموود و شیعر و هەڵوێست و هەجوو‌

سەڵاح سالار

شێخ مەحموودی نەمر، لەگەڵ ئەوەی سیاسیی و سەركردەیەكی گەورەی گەلی كوردە، هاوكات شاعیریش بووە، لەپاڵ شیعریشدا نووكتەباز و قسەخۆش و مەجلیسگەرم بووە.

شیعر لە ژیانی شێخ مەحموودا ڕۆڵی بەلاغ و بڕیار و وەڵام و لێخۆشبوون و زۆر كایەتی تری ژیانی گرتووەتەوە. هەروەها شێخی نەمر پەیوەندیی پتەوی لەگەڵ شاعیران و ئەهلی قەڵەم هەبووە و ڕێزی زۆری بۆ ئەو توێژە پیشان داوە و جێبەجێیشی كردووە.
كوردایەتی بۆ شێخ مەحموود وەك عەشقێكی ئەبەدی بوو


شێخ مەحموود بە شیعر هەڵوێستی كوردانەی خۆی دەربڕیوە كە دەڵێت:
فەرهادی قەومی كوردم و فەریادی كورد ئەكەم
دوژمن بە كوتەكی كاوە وەكو شووشە ورد ئەكەم
بۆ بێستوونی مانیعی ئامالی كوردەكان
وەكوو كۆهكەن بە عەزمی مەتین دەستوبرد ئەكەم
یا كەشتیی كورد ئەبەمە ساحیلی نەجات
یا ڕۆحی خۆم و ئالی پەیەمبەر بە پرد ئەكەم
مەحموودی فیكرەتم ئەخەمە دووی ئەیازی كورد
یا كەسبی وەسڵی میللییەت و نەیلی كورد ئەكەم
من كوردم و بە كوردیی ئەڵێم و بڕایەوە
زیللەت نەما سەعادەتی كوردان گەڕایەوە

لە شیعری (شەڕی سوورداش) هەڵویستی خۆی دەردەبڕێتەوە و لە بەشێكیدا دەڵێت:
نامەوێ ژینی ئەسارەت، بەسمە عومری گومڕەهی
نایكەمە سەر خۆم بەدەستی موددەعەی تاجی شەهی
قەت بە ئەمری دوژمنانم نامەوێ فەرمانڕەهی
نامەوێ تەختی كەی و بەختی جەم و شاهەنشەهی
شیعری دیكەی شێخ مەحممود زۆرن لە بوارە كوردایەتییەكەدا، مشتێك نموونەی خەرمانێكە.
شەڕەشیعر و وەڵامی شێخ مەحموود بە شیعر
هەندێك لە پیاوە ناودارەكانی كورد داوا لە شێخ مەحموود دەكەن شەڕكردن سوودی نییە و دەیانەوێت ساردی بكەنەوە لە پەنابردن بۆ چەك و شۆڕشی چەكداری. شێخ مەحموود بەهۆی ئەوەی پیاوێكی زۆر ئازا و بەجەرگ بووە و سڵی لە شەڕ و زۆریی لەشكری دوژمن نەكردووەتەوە و نابەرانبەریی لەشكرەكەی خۆی و دوژمنیش كاریان نەكردووەتە سەر خەباتی شۆڕشگێڕانەی، بۆیە بەم شیعرە وەڵامی ئەو كەسانە دەداتەوە و سووربوونی خۆی لە شۆڕش دووپات دەكاتەوە.

مودەتێ
مودەتێ عومرم بەتاڵان چوو لە سووچ و قوژبنا
پێمەلەم زۆركرد لەبەر ئیمان لە بەحری بێ بنا
شاهبازێ بووم لە مەیدانی شكاری دوژمنا
جەهلی میللەت بوو بە زیللەت هات بەسەرشانی منا
سەیری جێگە زەخمی پەنجەم كەن بەدایم شاهیدە
دوودڵی لێم بووەتە زنجیر حەوسەڵەی داوم نییە
بۆ نەمانی ئەجنەبی ژینم لەبەر چاوم نییە
بۆیە ئیتر ئارەزووی دیداری قالاوم نییە
گورگی پیر كەڵبەشكاوم تاقەتی ڕاوم نییە
دڵ بەم ئەحواڵەش لەڕێگەی میللەتمدا قاسیدە
ئێوە ناودارانی كوردن حەیفە دواكەوتن لە گەل
دەست بە دەست یەكتر بدەن بۆ گرتنی لووتكەی ئەمەل
عەزم و وریایی و سەباتە بۆ بەدەستهێنانی هەل
دوژمن و بێگانە حەققی میللەتی پێ نابێ حەل
خوێنی ئەوتانە لەلای خوا عەینی زوهدی زاهیدە

هەندێ جار شێخ مەحموود شەڕە شیعری كوردووە، بۆ نموونە كاتێك لەگەڵ ئینگلیزەكان شەڕ دەكات و فڕۆكە بۆردومانی دەكەن. عادیلەخانم كە نەیاری شێخ و دۆستی بەریتانییەكانە بەشیعرێك گاڵتە بە شێخ مەحموود دەكات و دەڵێت:

بە چاوی ئەحمەد بە قەبری پاشا
من ئەم بۆردوومانە زۆر لەلا باشا

هەندێك قسەی دەماودەمیش هەیە كە گوایە ئەم بەیتەی گوتووە:
تەیارە هات بە گیزە گیز
دەرپێی خام پڕ بوو لە میز

شێخ مەحموودیش لەوەڵامی خانمی وەسمان پاشادا دەڵێت:

بە چاوی لەتیف، بە كوڕەكەی خانم
من ئەو بۆردومانە بە گونمە زانم 

تەنانەت لە دەمی خەڵكییەوە جۆرێكی تریش وەڵامی شیخ مەحموود دەبیسترێت بۆ بەیتی (تەیارە هات بە گیزە گیز..تد) بەڵام وەڵامەكەم بە گونجاو نەزانیی و لەبەر ئەوەی لەسەرچاوەی نووسراوەوە دەستیشم نەكەوت بۆیە ئەوەیانم نەنووسی.

شیعر و لێخۆشبوون لای شێخ مەحموودی حەفید
زۆرجار شێخ لە كەسانێ زویر، یان تووڕە بووبێت، بە شیعرێك كە بۆیان ناردووە دڵی ساف بووەتەوە و لە كەسەكە خۆشبووە.
بۆ نموونە بەهۆی هەندێ جموجووڵی نەیارانەی خانەوادەی وەسمان پاشای جاف، كە لە هەڵەبجەوە دژی حكومەتی كوردستان خۆیان پیشان دەدا, لە مانگی شوباتی 1922 شێخ مەحموود ئەحمەدموختاربەگی جاف دەستگیر دەكات و لە ئەشكەوتی (جەسەنە) لە سوورداش ماوەی چەند ڕۆژێك زیندانیی دەكات.
سەرئەنجام ئەحمەدموختاربەگ بە شیعرێك پاكانەی خۆی بۆ شێخ مەحموود دەدەبڕێت و هەروەها گوێڕایەڵیی و موخڵیسیی خۆشی دووپات دەكاتەوە، كە شیعرەكە دەگاتە دەستی شێخ مەحموود ئیتر فەرمانی لێخۆشبوون و ئازادیی بۆ ئەحمەدموختارجاف دەردەكات.
ئەحمەد موختار بەگی جاف كاتێك لە لایەن مەلیكی كوردستانەوە دەستگیر دەكرێت شیعرێك لە بەندیخانەكەوە بۆ شێخ مەحموود دەنووسێت، هەرچەند ناوبراو تەنیا چەند ڕۆژێكی كەم دەستبەسەر بووە، بەڵام هەرزوو كەوتووەتە بیری ئەوەی خۆی خۆی دەرباز بكات، ئەویش بە شیعرێك كە ڕوونكردنەوەی تەواو بۆ پاشای كوردستان بخاتە ڕوو، لەو شیعرەدا هەندێك سازش بۆ شێخ مەحموود دەكات و گلەییش لە خزمەكانی دەكات كە دیارە لێیان نەپرسیوەتەوە و پاشان خاوێنیی خۆی و نیازپاكیی بەرانبەر بە شێخ مەحموود دەردەبڕێت و بەڵێنیش دەدات هەرگیز دژایەتی شێخ مەحموود نەكات. شیعرەكەی شەرحی حاڵی زەبوونی خۆی تێدایە و ئەوە پیشان دەدات كە ئەو بەگزادە و پیاوێكی گەورەیە و بە بەندیخانە و ئەو شوێنە ناخۆشە ڕانەهاتووە و حاڵی خراپە. بە كورتی توانیویەتی سۆزی مەلیكی كوردستان بۆ لای خۆی ڕابكێشێت، بۆیە هەر كە شیعرەكە بەدەستی شێخ مەحموودی نەمر دەگات خێرا فەرمانی ئازادكرانی ئەحمەدموختاربەگ دەردەكات.


ئەمەش دەقی شیعرەكەی ئەحمەد موحتاربەگی جافە

سەبا عەرزی خلوصیی و بەندەگیم، هەم دوعا خوانی
ببە بۆ خزمەت شاهی موحیتی گشت سلێمانی
بڵێ قوربانی تۆبم ئەی صلاح الدینی ئەیبوی
بە زۆری پەنجە وەك حەیدەر، بە سیما یوسفی سانی
ئەبێ ئەم قەومە ئەمڕۆ شاد و خەندان و شاگۆبن
كە چونكە تۆ شاهەنشاه و ڕەئیسی جەمعی كوردانی
لەدەست كافر نەجاتمان بوو، بحمد الله و المنە
لەسایەی دەست و تیغی و هیممەتی تۆ، شێری یەزدانی
خوداوەند بە لوتفی خۆت لە چاوی بەد بەدووریكەی
بە جاهی سەیدی مورسەل، بە ڕۆحی شاهی گەیلانی
لەپاش ئەم ئیحتراماتە بڵێ بەو شاهی دەورانە
چ جورمێكی هەیە ئەحمەد؟ كە كردوتە بە زیندانی
ئەگەر شایەد لە خزمەتتا خراپەی ئەو بووە سابت
بە لوتفی خۆت عەفووی كە، چونكە هەرخۆت ساحیب ئیحسانی
كە جورمێكی نیە، تاكەی لە حەپسا دابنیشێ قوربان
لە تەنهایی لەفكری چۆتەوە ئادابی ئینسانی
ئەگەر داوای كەفیلی لێ ئەفەرموون حازرە یاخود
مەلیك تەئمین ئەكا سەد جار بە ئاین و بە ئیمانی
هەتا مردن وەكو بەندە لە خزمەت شاهی كوردستان
حەیاتی خۆی فیداكا بۆ هەموو ئەمرێك و فەرمانی
من ئەم حەپسیەم لەلا فەخرە بە شەرتێ سەروەری كوردان
لە حەق ئەم بەندەیەی خۆیە، بمێنێ لوتفی جارانی
بە زاتی پاكی بێ هەمتا، بە نووری ئەحمەدی مورسەل
جەنابت سوێند ئەدەم قوربان، بە گشت ئایاتی قورئانی
بە لوتف و مەرحەمەت ئەم بەندەیەی خۆتە عەفوو فەرموو
ئەتۆ سەرفی نەزەر فەرموو، لە جورم و سەهوو نەسیانی
لە لوتفی تۆ زیاتر هیچ پەناهێكی نیە موختار
بەكاری هیچ نەهاتن، دۆستەكان و خزم و خوێشانی
ئەوسا قائیمقام، ئێستا مەحبووس: ئەحمەدی موختار

شێخ مەحموود و لێخۆشبوونێكی تر بە شیعر
شێخ سەلام عازەبانی، كە شاعیر و تێكۆشەر و دڵسۆزێكی شێخ مەحموودبووە، بەڵام ساڵی 1922 كاتێك شێخ سلێمانی بەجێدەهێڵیت و دەگاتە هەورامان، لەوێ سەلام و چەند كەسێكی بەناوبانگ زیندانیی دەكات.
سەلام لەوبارەیەوە دەڵێت: "لە هەورامان لەسەر تەحریكی هەندێ موغریزین شێخ حەپسی كردم لەگەڵ قوماندان ساڵح زەكی بەگ و فایەق كاكەمین و عەزیز قەزاز و ئەمین ڕواندزی، هەشت مانگ لە حەپسخانەی (سیاكۆڵە) كە لە پشتی دزڵییەوەیە مامەوە. كە ئینگلیزەكان سلێمانییان بەجێهێشت، شێخ سەرلەنوێ بەخۆی و حەپس و عەسكەر و ماڵ و مناڵەوە هاتەوە سلێمانی و لێرە بەرەڵڵای كردم".
سەلام شیعرێك بۆ شێخ مەحموود دەنووسێت و ئەوپەڕی دڵسۆزیی خۆی پیشان دەدات و دەڵێت:

كاكە شێخ ئەووەڵ بەحەقی خالقی جەباری تۆ
دووەهەمیش سەید بە تاجی شاهی دۆڵدوڵ سواری تۆ
سێهەمیش یا شێخ بە جەدی ئەتەهەری نازاری تۆ
چوارەمیش قوربان بە شاڵی سەوزی ڕەونەقداری تۆ
بێ ڕق و كینەم لەگەڵتا، دۆستم و غەمخواری تۆ

ئاشتبوونەوە بەهۆی شیعرەوە
كاتێك پیرەمێرد لەدوای 25 ساڵ لە توركیا دێتەوە بۆ كوردستان و سۆز و خۆشەویستی نیشتمان كەمەنكێشی دەكاتەوە بۆ سلێمانی، لەو سەردەمەشدا حوكمی پاشایی شێخ مەحموود دەبینێت و هەندێ شتی ناڕێك و گەندەڵیی و نەگونجاو پەستی دەكات و بە شیعرێك سەرنجی خۆی دەخاتەڕوو:

لەگوێم دێ دەنگی لایلایەی وەتن، دایك جگەرسووتاو
ئەڕژێنێ بەسەر وێرانەكەی خوێناوییا خوێناو
ئەلاوێنێتەوە و ئەگری، سەری شنیە لەماتەمدا
شەو و ڕۆژ كۆتەڵی منداڵەكانە وا لەبەردەمدا
ئەڵێ: لەو گەردشەی كوردا، كوڕی چاكم هەبوو كوژران
ئەوەش مابوو هەموو مردن لەبرسا بێ كفن نێژران
خودا پاداشی ئەم تەنگانەیەی وادایەوە و وام دی
بەپێی خۆی هاتە بەرپێم تاجی گەوهەردارەكەی كوردی
سەلاحەدین جەلالی وای نەبوو تاریخ لەبەرچاوە
هەموو پاشای بەبان مردن بە حەسرەتی ڕۆژێكی واوە
شەوێ دەس ئەهرەمەن كەوت خاتەمی مڵكی سلێمانی
كەچی میر و گزیری پێ ئەكرد، قەدری وەها زانی
بەدەم ئەم ناڵەوە، دەستی درَژ كرد، خستیە سەر شانم
وتی: تۆفیق هاتیتەوە، بۆ باری میحنەت، ئەیزانم
بەڵێ حاڵم پەشێواوە، فڕندە باڵی سووتانووم
نەما غەیری كەلاوە، شەو، بناڵێنە لەوێ وەكو بووم
وتم: دایە، كە دایكم مرد نەگریام، چونكە تۆ ماوی
ئەگەر ئەولادەكانیشت بكوژرێن، تۆ دەبێ چا بی
قەسەم بەو عەزمی كوردەی شانی (ڕیچارد)ی بە شیر ڕووشان
كڵاوی كورد ئەبێ قووچ بێ كە هات و شانی خۆی جووڵان
شەوێ پیاوێك لە بەفرا ما، نەمرد، ئاگرێكی دووری دی
لە لای من نائومێدی كفرە، ئەم ئاگرەی دڵم بۆ كێ

هەندێ كەسی ناحەز ئەم شیعرە دەگەیەننە دەستی شێخ مەحموود و بەمانای خرپ لێكی ئەدەنەوە و زیادەی پێوە دەنێن، هەر ئەو ناحەزانە دێنەوە بۆ لای پیرەمێرد و وای تێئەگەیەنن كە گوایە شێخ مەحموود لە حاجی تۆفیق بەگ تووڕەیە و زۆر پەست بووە و هەڕەشەی كردووە.

ئیتر پیرەمێردیش بۆ ئەوەی دڵی شێخ مەحموود ئاشت بكاتەوە و نەهێڵێت شێخ زویر ببێت، شیعرێكی جوان و پڕمانای بۆ دەنووسێت، هەرچەندە دەڵێن ناوەڕۆكی شیعرەكە فارسییە، بەڵام لای ئێمە گرنگە ئەوەیە كە بە شیعرێك دڵسۆزیی خۆی بۆ پاشای كوردستان دەدەبڕێت و دەڵێت:

ئەبێ بەخشندە مل كەچ كا لە ڕاستی مووچەخۆری خۆی
سووراحی سەر فروودێنێ لەبۆ پیاڵە كە تێكا بۆی
كە ئاو داری لەسەر سەر ڕاگرتووە ئەیزانی چی تیایە
لەلای نەنگە كە پەروەردەی نقومكا گەورەیی وایە
لقی شۆڕی درەخت میوەی ئەخۆن بێ ئەركی بەرد و دار
پەڵی بەرد بۆ پەلی بەرزە، لەقەش بۆ سەر پەلی بەردار
لەدەوری دووریا پەستم دەروون پڕ دەرد و زووخاوم
ئەجەل دێ بمكوژێ، نامناسێ، چیبكەم نامرم ماوم
لەبەر ئاشووبی خێڵم، هیچ شەوێ خەو نایەتە چاوم
خەوی ناخۆش ئەبینم بەم پەرێشان خاوییە خاوم
ئومێدی سەر لەسەر دەركەن، ئەوانەی ڕاست و ڕووناكن
قەڵەم هەر سەر قەڵەم، مۆم بۆ مقەست، هەر بۆ ئەویش چاكن
ئەڵێن مورغی سلێمان ئاو لە ژێر خاكا ئەبینێ ئەو
منیش حەوت ساڵەڕێ دووربێ، بەچاوی دڵ ئەبینم ئەو
چرا ڕووناكی بۆ ژێر خۆی نییە ڕەحمەت لە بابی با
ئەوی ڕووناكی كەچ بینانە گۆڕە، ڕەنجی با بیبا
بە جووت پەروانە و ماسی كە دڵدادەی چرا و گـۆلن
نزیكیی ئەم ئەسووتێنێ، لە دووریی ئاو ئەوان حـۆلن

شێخ مەحموود پیاوێكی دڵساف و دڵپاك بووە و كینەی لەكەس هەڵنەگرتووە، هەر كات تووڕە بووێت زۆر زوو دڵی چاك بووە و ئەو بابەتەی لەبیر كردووە. بۆیە دەڵێن: كاتێك ئەم شیعرەی پیرەمێردی بەدەست دەگات، پێئەكەنێت و ئەڵێت: دەفەرموو من دەرەقەتی بەڵای وا چۆن دێم!

پەشیمانكردنەوە لە هاوسەگیریی بە شیعر 
كاتێك شێخ مەحموود نیازی خواستنی كچێكی هەبووە بەناوی (مینا)، كە هەندێك دەڵێن: لە مەریوان و هەندێكیش دەڵێن لە گوندی دۆڵەسوور بووە، بەڵام كچە زۆر جوان و شۆخ و شەنگ بووە، دیارە نەیویستووە لەگەڵ شێخ زەماوەند بكات و كەسێكی تر، كە دەگوترێت (لاوچاكێكی بڵباس) بووە بەتەمای خواستنی ئەو كچە بووە. بۆیە ناری شاعیر (مەلا كاكەحەمەی بێلوو) بە شیعرێك شێخ لەو بڕیارە پاشگەز دەكاتەوە. ئەمە چەند دێڕێكی شیعرەكەیە

زەرفی مینا شاهی من مەزرووفی ئەڵماسی دەوێ
وەك كونی ماكینە دەرزی تیژ و ڕەققاصی دەوێ
قەتعی ڕێگەی دۆڵەسوور و كانی گەرمی بەر مووان
هیممەتی چاپووك سواری قەومی بڵباسی دەوێ

بەو شێوەیە ناریی شاعیر بڕیار بە شێخ مەحموود دەگۆڕێت و دەستبەرداری ئەو كچەی دەكات، یان ڕەنگە ڕاستتر بڵێین ئەو كچە ڕزگار دەكات.

هەندێ داواكاریی بە شیعر
شێخ مەحموود زۆرجار بەشیعر داوای شتی لێكراوە, زۆرجاریش خۆی بە كورتەشیعرێك، كە بەیتێك یان دوو بەیت یان زیاتربووە داوای شتێكی كردووە. بۆ نموونە: ئەو سەردەمەی شێخ لە گوندی (داری كەلی) دەژیا، وسووئاغا كە پیاوی تایبەت و متمانەپێكراوی شێخ مەحموودە ددانی ژان دەكات و دەیەوێت بڕوات بۆ سلێمانی بۆلای شێخ لەتیفی دانساز، بە شێخ مەحموود دەڵێت نامەیەكی بۆ بنووسێت، لەوكاتەشدا (ناری) شاعیر لەوێ دەبێت، شێخ ڕوو لە ناری دەكات و دەڵێت شتێكی پڕمانا بەناوی منەوە بنووسە بۆ شێخ لەتیف. ناری بۆ نووكتە ئەم بەیتەشیعرە دەنووسێت كە زۆرمانادارە:

وسو موحتاجی دانە وا هاتە لاتان
كە دەستێكتان هەیە ئێوەش لە دانا
ئەگەر سەیر بكەین لە بری وشەی (ددان) نوسیوێتی (دان) كە مانای تر دەبەخشێت، بۆیە عەلادین سوجادی دەڵێت: "ئەم شیعرەی ناری ئەوەندە جوانە، حەوت مانا بە شیرینی هەڵئەگرێ".
كە نامەكە دەگاتە دەستی شێخ لەتیفی دانساز، لەوكاتەدا حیلمی شاعیر كە خوشكەزای شێخ لەتیفە لای شێخ لەتیف دەبێت و سەیری نامەكە دەكات, لێتی تێدەگات ئەمە توانج و نووكتەیە، ئەم وەڵامەی بۆ دەنووسێتەوە و دەیداتەوە بە وسووئاغا بیباتەوە بۆ شێخ مەحموود.
وسو هات ددان بكا یا شێخ لەلامان
بەمەرگی تۆ قەسەم پێنج دەفعە گامان
كە نامەكە دەباتەوە بۆ شێخ مەحموود و دەیخوێنتەوە، دەست دەكات بە پێكەنین و دەڵێت ئەمە كاری حیلمییە.
جارێكی تر شێخ مەحموود بەیتە شیعرێك دەنێرێت بۆ شێخ محێدینی شێخ ساڵحی هەولێر و داوای تووتنی لێدەكات و دەڵێت:
نە موحتاجی دەستوتفەنگتم نە شان و عەبا
موحتاجی چنگێ تووتنی خۆشناوم یان بێشەما

بەسەركردنەوەی هاوڕێیان بە شیعر
نووكتە و شەڕەشیعر و بەسەرهاتی خۆش لە دەوەروبەری شێخ مەحمووددا ڕوویداوە، شێخ خۆی ئەم شیعرە نووكتەئامێزە بۆ شاكیر مەجرووم دەنووسێت كە دۆستی خۆیبووە و ماوەیەكیش لەسەردەمی شێخ مەحموود بەڕێوبەری پۆست و تەلەگراف بووە.

سەد سەلامت لێبێ شێتی پەتەڕی
قەولێكت گرتووە وەك ڕێوی گەڕی
وەتەنت تەرك كرد بۆ پیرەژنێك
زۆر حەیفە بۆتۆ كە ئاخرشەڕی

ئەگەر بەرواردێكی شێخ مەحموود و بەرپرسانی ئەمڕۆی كورد بكەین تێدەگەین ئەمانە زۆر لەپاشەوەن, نە نامەی كەس دەخوێننەوە، نەوە وەڵامی كەسیش دەدەنەوە, تەنانەت چاوێكیش بە میدیاكاندا ناخشێنن و ئاگایان لە هیچ نییە. ئەوان لە دۆڵێك و میللەتێش لە شیوێكن. بەڵام شێخ مەحموود بەو هەموو كەموكووڕییەی حكومەتەكەی و ئەو هەموو نەیار و لەمپەر و كۆسپە ناوخۆییەی هەبوون، كەچی زۆر نزیك بووە لە خەڵك و گەلەكەی، ئاگاداری زۆر شت بووە و شەڕە شیعر و شەڕە نووكتەی لەگەڵ كردوون و كەم تا زۆرێك چاوی لە دۆخی ژیانی خەڵكەكەی بووە.

سەرچاوەكان:
1ـ نووربەخشی، شیعرەكانی مەلیكی كوردستان شێخ مەحموودی بەرزنجی: عومەر مەعروف بەرزنجی. 
2ـ عادیلە خانم، كەسایەتی و ئەردەڵانی بوون و ساحێبقڕانی بوونی:  عادل سدیق.
3ـ شێخ مەحموودی قارەمان و دەوڵەكەی خوارووی كوردستان: م. ڕەسووڵ هاوار.
4ـ دیوانی ناری (مەلا كاكەحەمەی بێلوو): كاكەی فەلاح.
5ـ دیوانی سەلام: ئومێد كاكەڕەش.
6ـ دیوانی حیلمی: ئومێد كاكەڕەش.
7ـ مێژووی ئەدەبی كوردی: عەلادین سەجادی.
8ـ گۆڤاری ڕۆشنبیری نوێ. 
9ـ گۆڤاری كاروان.