ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

09:16 - 27/03/2019

چۆن بەرەنگاری داعشی داهاتوو ببینەوە؟‌

پەیسەر

ڕەنگە هەر کام لە ئێمە لە چوار ساڵی رابردوودا بە دەیانجار گوێمان لەو چەند ڕستەیە بووبێت: " دەبێت فکری داعش لەناو ببەین، شەڕی داعش هەر بە چەک ناکرێت بەڵکو دەبێت سەرچاوەکانی بیری توندڕەوی لەناو ببەین، دەبێت لە پەروەردەوە دەست پێ بکەین و..."

هەر لەو ماوەیەدا لە کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە و جیهاندا بە دەیان کۆنگرە و کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی لەسەر چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوە فکری داعش بەستراوە، دروست نییە بڵێین کۆنگرەکان بێ سود بوون، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەم کۆنگرە و کۆنفڕانسانە تا چەندە حکومەتەکان و میدیاکان و خەڵکیان بەرچاوڕوون کردوە لەوەی کە دەبێت لەمەودوا چۆن بەرەنگاری بیری توندڕەوەی ببنەوە؟

بێننە بەرچاوی خۆتان سبەی لە سلێمانی یان لە هەولێر مەلایەک دەستگیربکرێت یان لە وتاردان دووربخرێتەوە لەسەر بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوەی، کە هەر ئێستا کەم نین ئەوانەی بە ئاشكرا بیری توندڕەوی بڵاودەکەنەوە، چی دەقەومێت؟ ئەگەر لە هەولێر دەستگیرکرابێت ئەوا بێ گومان میدیاکان و پەیج و ماڵپەڕەکانی لایەنەکانی دیکە ئەو مەلایە دەکەنە پاڵەوان و پارتیش دەکەنە دێو چونکە پارتی دەستگیری کردووە یان پارتی دووری خستووەتەوە، ئەگەر لە سلێمانیش دەستگیر بکرێت هەمان داستان دووبارە دەبێتەوە.


ئەو کەسانەی کە بیری توندڕەویش بڵاودەکەنەوە لە دۆخەکە تێگەیشتوون لە درزی ناکۆکی نێوان لایەنەکانەوە دەچنە ژوورەوە و بە ئاسانی خۆیان دەکەن بە پاڵەوان، ئەگەر لە هەولێر و دهۆک بیری توندڕەوی بڵاو بکاتەوە، زیرەکانە لە پاڵ بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی دوو جنێویش بە پارتی دەدات بۆ ئەوەی ئەگەر رۆژێک دەستگیرکرا یان دوور خرایەوە هەموو خەڵک بیریان بۆ ئەوە بچێت لەسەر ئەوە گیراوە رەخنەی لە پارتی گرتووە، ئەگەر لە سلێمانیش بیری توندڕەوی بڵاوبکاتەوە بە هەمان شێوە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی دوو جنێویش بە یەکێتی دەدات و...

کە واتە هەنگاوی یەکەمی بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەوەی لێرەوە دەست پێ دەکات، دەبێت لە پەرلەمان یان لە کۆبوونەوەیەکی نیشتمانی نێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان یان بە هەر میکانیزمێکی هاوشێوەی دیکە بێت، پێویستە لە هەنگاوی یەکەمدا هەموو لایەنەکان پێکەوە بڕیار بدەن بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی بخرێتە دەرەوەی ململانێ سیاسییەکان.

کاتێک لەسەر بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی مەلایەک لە وتاردان دوورخرایەوە، یان مامۆستایەک لە خوێندنگەکەی دوورخرایەوە، کتێبێک قەدەغەکرا و ... لایەنە سیاسییەکان پەنا نەبەنە بەر پۆپۆلیزم و موزایدەی سیاسی و لەژێر ناوی بەرگری لە ئازادی نەکەونە دژایەتیکردنی ئەمجۆرە بڕیارانەوە، چونکە دواجار بیری توندڕەوی سەری هەمووان پێکەوە دەخوات.


لە بەرامبەریشدا بۆ ئەوەی متمانە دروست بێت کە کاتێک حکومەت کەسێکی بڵاوکەرەوەی بیری توندڕەوی دەستگیر دەکات یان دووری دەخاتەوە، دەبێت حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بێ لایەنی خۆیان بسەلمێنن، پێویستە بیسەلمێنن کە سیاسەت کاریگەری نەبووە لەسەر بڕیارەکانیان، نەک ئه‌و كاته‌ی مه‌لایه‌كی توندڕه‌و كه‌ خۆی به‌ ئه‌ندامی لایه‌نێكی سیاسی ده‌زانێت له‌گه‌ڵ ده‌ستگیركردنیدا پشتیوانی حیزبه‌كه‌ی وات لێ بكات دژی بڕیاری ده‌سه‌ڵات بوه‌ستیته‌وه‌. 

بۆ ئەوەی متمانە دروست بێت دەبێت دادگاکان سەربەخۆیی خۆیان بسەلمێنن، بەڵام ئەمە کاتێکی زۆری دەوێت تا کۆتایی بهێنرێت بە دەستێوەردانی حیزب لە دادگاکاندا، هەربۆیە ئەگەر چاوەڕێی ئەوە بکەین تا ئەو کاتەی دەستی حیزب لە دادگاکان کورت دەکرێتەوە، پرۆسەی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە کەسانی هەڵگری بیری توندڕەوەی بە دوابخرێت ئەوە زیانێکی گەورەی بە دواوە دەبێت، بەڵام دەکرێت لە ماوەیەکی کورتدا دادگایەکی تایبەتمەند بۆ ئەو مەبەستە دروست بکرێت، کە ئەو دادگایە سەربەخۆ بێت و لە دانانی بەردی بناغەکەیدا هەموو مەرجەکانی سەربەخۆبوونی دادگاکە مسۆگەر کرابێت، کەسانی بێ لایەن کە هەژمونی هیچ حیزبێکیان بەسەرەوە نییە و بە بڕیاری پەرلەمان و رەزامەندی هەموو لایەنەکانی ناو پەرلەمان دادوەرەکانی دەست نیشان بکرێن، رەنگە ئەمە چارەسەرێکی کورتخایەنی گونجاوبێت بۆ ئەوەی نەبوونی دادگای سەربەخۆ نەبێتە ڕێگر لەبەردەم لێپرسینەوە و لێپێچینەوە لەو کەسانەی بیری توندڕەوەی بڵاودەکەنەوە.

هەنگاوی دووەم
هەنگاوی دووەم دانانی پلانێکی درێژخایەنی هاوبەشە لەلایەن حکومەت و پەرلەمانەوە، حکومەت و پەرلەمان دەبێت لیژنە یان ناوەندێکی هاوبەش دروست بکەن، کە ئەرکی ئەم ناوەندە پلاندانانە بۆ چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەوییە، دەبێت حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەند بکرێن بە جێبەجێکردنی پلان و ڕێنماییەکانی ئەم ناوەندە، ئەندامانی ناوەندەکەش دەبێت لە کەسانی شارەزا وەک مامۆستای ئایینی، رووناکبیر و توێژەرەی تایبەتمەند لەسەر ئیسلامی سیاسی، کۆمەڵناس و درونناس و شارەزایانی بواری پەروەردەبن.

هەنگاوی سێیەم
هەنگاوی سێیەمیش دەبێت لەڕێی مزگەوت و مامۆستایانی ئایینی و بانگخوازانەوە بنرێت، واتا دەبێت ئەو کەسانە ئەرکدار بکرێن کە خۆیان بانگەشەکاری ئایینین، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت پێداچوونەوەیەک بە لیستی وتاربێژاندا بکرێتەوە، ئەو کەسانەی کە لە ماوەی رابردوودا بیری توندرەویان بڵاوکردوەتەوە وتاردانیان لێ قەدەغە بکرێت، لە بەرامبەردا مینبەرەکان بەو کەسانە بسپێردرێت کە لایەنگری بیری میانەڕەوین و بانگەشە بۆ پێکەوەژیانی هەموو جۆرە بیروباوەڕەکان دەکەن لەناو کۆمەڵگادا، نەک ئەو کەسانەی بە ئاشكرا دژایەتی شوێنکەوتووانی ئایینەکانی دیکە دەکەن یان بە ئاسانی خەڵکانی رەخنەگر تەکفیر دەکەن.


هەر لەم چوارچێوەیەشدا نەک هەر مزگەوتەکان بەڵکو دەبێت لە هەموو جۆرە میدیایەکیش قەدەغە بکرێت کە دەرفەت بە توندڕەوەکان بدەن میدیاکانیان بەکاربهێنن بۆ بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی.

هەنگاوی چوارەم
هەنگاوی چوارەمیش پەیوەندی بە میدیا و سۆشیال میدیاوە هەیە، لەم چوارچێوەیەدا پەرلەمان دەبێت یاسایەک دەربکات بۆ ئەوەی بڵاوکردنەوەی بیری توندرەوی لە میدیاکان قەدەغە بکات بەبێ ئەوەی یاساکە پێچەوانەی ئازادی رادەربڕین یان یاسای کاری رۆژنامەنووسی بێت، لەم چوارچێوەیەشدا لەلایەن ئەو ناوەندە تایبەتمەندەوە مانگانە یان ناوبەناو رێنمایی بدرێتە میدیاکان بۆ ئەوەی دووربکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوەی، هاوکات دەبێت میدیاکان خۆشیان پلانیان هەبێت کە چۆن دەتوانن بەرەنگاری بیری توندڕەوی ببنەوە، نەک وەک ئێستا کە تەنانەت ئەو میدیایانەی خۆیان بە پرۆفیشنال دادەنێن کەچی ناشارەزایانە و تەنیا بۆ کۆکردنەوەی بینەری زیاتر رکەبەری دەکەن لەسەر ئەوەی کەسە توندڕەوەکان لەسەر شاشەکانی ئەوانەوە دەربکەوێت، یان کاتێکیش چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسە توندڕەوەکان دەکرێت زۆر ناشارەزایانە پرسیاریان لێ دەکرێت هەربۆیە کەسە توندڕەوەکان بە ئاسانی دەتوانن ئەو میدیایانە بەکاربهێنن بۆ بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی خۆیان.

 

هەنگاوی پێنجەم
هەنگاوی پێنجەمیش لەڕێگەی پەروەردەوەیە، وەزارەتی پەروەردە دەبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەو ناوەندەی لەلایەن حکومەت و پەرلەمانەوە دروستکراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەوی، پێداچوونەوە بە مەنهەجەکانی خوێندن بکات و جگە لەوەش ساڵانە خولی راهێنان بۆ مامۆستایان بکاتەوە بۆ ئەوەی چۆن دەتوانن خوێندکاران و قوتابییەکان پەروەردە بکەن کە دوور بکەونەوە لە هەرچەشنە بیرێکی توندڕەوانە کە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی کۆمەلایەتی و پێکەوەژیان.

وەزارەتی پەروەردە رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەوەی، هەموو لایەنە سیاسییەکانیش بە قسە باسی گرنگی کەرتی پەروەردە دەکەن بەڵام هیچ کام لەو لایەنانە لە دانووستانەکانی پێکهێنانی حکومەتدا شەڕ لەسەر وەرگرتنی ئەو وەزارەتە نادەن، ئەمەش بەڵگەیەکی ڕوونە کە هیچکام لەلایەنەکان خەمی پەروەردەیان نییە و بۆیان گرنگ نییە کە بیری توندڕەوی لە وڵات بڵاودەبێتەوە یان نا.


چی دیکەش؟
هەر بەرەنگاربوونەوەی بیری توندرەوی بەس نییە بۆ ئەوەی لە داهاتووی خۆمان دڵنیابین، بەڵام دەبێت ئەو زەمینانەش لاوازبکرێن کە بیری توندڕەوی بەرهەم دەهێنن، بەپێی توێژینەوەکان زۆرینەی ئەو کەسانەی هەڵگری بیری توندڕەوین لە خەڵکە پەراویزخراوەکانی کۆمەڵگان، لە قۆناغێکی ژیانیاندا هەستیان بە ستەم و چەوسانەوە کردووە و بێهیوابوون لەوەی رۆژێک بتوانن دۆخی ژیانیان بگۆڕن و ژیانێکی شایستە و خۆشگوزەرانی بۆ خۆیان دابین بکەن، هەربۆیە بە کەمکردنەوەی جیاوازی چینایەتی، بە پێشكەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە شوێن و ناوچە پەراوێز خراوەکان، بە گشتی بە پێشکەشکردنی حکومڕانییەکی سەرکەوتوو هیوا بۆ خەڵک دەگەڕێتەوە و بەمەش زەمینەی دروستبوونی بیری توندڕەوی لە مێشکی تاکەکاندا لاوازتر دەبێت.

ئەوەش ڕوونە کە دەبێت لەڕووی ئەمنی و سەربازیشەوە ئامادەکاری تەواو بکرێت بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی گروپە توندڕەوەکان، هێزەکانی پێشمەرگە یەکبخرێتەوە و هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتووی تۆکمە و راهێنراو دروست بکرێت، بۆ ئەوەی وەک سەرەتاکانی شەڕی داعش نەبێت کە دوای هێرشی داعش بۆسەر شەنگال و مەخمور خەریکبوو هاوڵاتیان متمانەیان بە هێزی پێشمەرگە نەمێنێت.

بابەتێکی گرنگی دیکە ئەوەیە کە نابێت حیزبە ئیسلامییەکان بە تەواوی پەراوێز بخرێن، بە هاوبەشکردنیان لە بڕیاردان ئاراستە توندڕەوەکانی ناو ئەو حیزبانە لاواز دەبن و ئاراستە میانڕەوەکانیان بەهێزتر دەبن، بۆ ئەمەش سەیرێکی مێژووی کۆمەڵی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی بکەن کە چۆن لە جۆرێک لە توندڕەوییەوە بەرەو میانەڕەوی هەنگاویان نا؟