ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

10:22 - 28/03/2019

هێشتا باجی وێرانکاریەکانی داگیرکاری داعش دەدات‌

پەیسەر

مەرگەساتی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی پەڕینەوەو گیان لە دەستدانی نزیکەی ١٢٠ کەس کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون، لە ناوچەی گەشتیاری جەزیرەی سەر بە پارێزگای نەینەوا، جارێکی دیکە فۆکەسی میدیایی خستەوە سەر ئەو شارە، کە بەهۆی کۆنترۆڵکردنی زۆرینەی پارێزگاکە لەلایەن رێکخراوی داعشەوە بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ، نزیکەی ٦٥ لە سەدی شاری موسڵ لەسەر هەموو ئاستە جیاوازەکانی ژێرخانی ئابوری و خزمەتگوزاریە بنەڕەتیەکانەوە، زیانی گەورەی بەرکەوت، ئەم رێژەیە لە بەشی راستی موسڵ دەگاتە ٨٠ لە سەد. بەڵام دوای نزیکەی دوو ساڵ لە ئازادکردنەوەی ئەو شارە هێشتا پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەو دووبارە بونیادنانەوەی ئەو شارە زۆر بە هێواشی هەنگاو دەنێت، ئەوەش هاوڵاتیانی ئەو شارەی بە تەواوەتی توڕە کردووەو کارەساتی ژێر ئاوکەوتنی بەلەمەکەی روباری دیجلەیان کردۆتە دەرفەتێک بۆ نیشاندانی ئەو ناڕەزایی و نیگەرانیەی باڵی بەسەر دونیابینی و بیرکردنەوەی هەموو توێژە جیاوازەکانی ئەو شارەدا کێشاوە.

رۆژی ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠١٧ سوپای عێراق بە سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانیەوە گەیشتنە مزگەوتی نور، ئەو شوێنەی داعش بۆ یەکەمجار لەسەر منبەری مزگەوتەکەوە دەوڵەتی خەلافەتی راگەیاند. ئەو سەرکەوتنەی سوپای عێراقی دوای هەڵمەتێکی درێژو شەڕێکی وێرانکە بە دەستهات کە ماوەی ٩ مانگی خایاند، بەهۆیەوە موسڵ باجێکی گەورەیدا، بەشێوەیەک نزیکەی ٥٤ هەزار خانووی مەدەنی وێران بوون و زیانی گەورەیان بەرکەوت.

بە پێی زانیاریەکانی کۆمەڵەی نەرویجی بۆ پەنابەران، هێشتا ٣٨٠ هەزار کەسی پارێزگاکە بەهۆی وێرانبونی خانوەکانیانەوە بێلانەو جێگان و لە ئاوارەییدا ژیان دەگوزەرێنن. هەرچەندە بەشی چەپی شارەکە تا رادەیەک ژیان تێیدا ئاسایی بۆتەوە بەڵام هێشتا شارەکە لە ژێر وێرانەو داروپەردوی رووخاوی دوای جەنگ ژیان بەسەر دەبات بە پێی خەمڵاندنی ئەو رێکخراوە نەرویجیە بڕی پاشماوەی داروپەردوی روخاووی شارەکە نزیکەی ٨ ملیۆن تەنە.

ئەوەی مایەی نیگەرانی دانیشتوانی موسڵە هێشتا سیما وێرانەکانی جەنگی داعش لە شارەکەدا وەک خۆیان ماون، بە تایبەتی لە بەری راستی شارەکەدا تەنانەت هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە تەرمی چەکدارە کوژراوەکانی داعش لە ژێر پاشماوەی داڕوخاوی بیناکاندا ماون.

هەیسەم ئەلحەمدانی گەنجێکی شاری موسڵەو لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێیدا لە ماوەی رابردوودا خۆبەخشانە سەرقاڵی کۆکردنەوەی ئەو تەرمانە بوون، هەیسەم دەڵێت، لە ١٥ی کانونی دووەم هەتاوەکو ناوەڕاستی نیسانی ٢٠١٨ لە ژێر داروپەردووی روخاوی شارەکەدا ٨٣٠ تەرمی چەکدارانی داعشیان کۆکردۆتەوەو رەوانەی پزیشکی دادوەریان کردوون.

هەیسەم ئەو راستیە ناشارێتەوە کە ئەو کارە بەرپرسیارێتی ئەوان نەبووە، بەڵام کەمتەرخەمی دەزگا حکومیەکانی شارەکە هەیسەم و هاوڕێکانی ناچارکردووە بەو کارە هەستن، هەیسەم وتی "ئێستاش تەرم و پاشماوەی پارچە پارچە بووی تەرمەکان لە نێو پاشماوە روخاوەکانی موسڵدا بونیان هەر ماوە".

حکومەتی عێراقی قەبارەی زەرەرو زیانەکانی شاری موسڵی بەهۆی جەنگی داعش بە ٥٠ ملیار دۆلار خەمڵاندووەو لەو بڕوایەشدایە کە ئاوەدانکردنەوەی شارەکە پێوسیتی بە ١٠٠ ملیار دۆلار هەیە بە درێژایی ١٠ ساڵی ئایندە، لەگەڵ ئەوەشدا لە بودجەی ٢٠١٩ تەنها بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلار دیاری کراوە وەکو بودجەی تایبەت بە ئاوەدانکردنەوەی شاری موسڵ.

داگیرکاری داعش بۆ شاری موسڵ و جەنگی ئازادکردنەوەی بووە هۆی وێرانکردنی بەشێکی زۆری ژێرخانئ ئابوری شارەکە، بە پێی زانیاریە نافەرمیەکان ٣٠٨ قوتابخانە زیانی گەورەیان بەرکەوتووەو لە نێویاندا چەندین قوتابخانە بە تەواوی لەگەڵ زەویدا تەخت بوون، هاوکات ٦٣ مزگەوت و کەنیسە و ١٢ پەیمانگا زیانی گەورەیان بەرکەوتووە، ئەمە سەرباری زانکۆی موسڵ و هەردوو کتێبخانەی ناوەندی زانکۆو کتێبخانەی گشتی شارەکەشتا ئاستی وێران بوون زیانیان بەرکەوتووە.

 لە رووی ژێرخانی ئابوری شارەکەشەوە ٤ وێستگەی کارەباو ٦ وێستگەی ئاوو زۆرێک لە شەقامەکانی شارەکە زەرەرمەند بوون لە کۆی ٥ پردی شارەکە هێشتا چوار دانەیان لە کارکەوتوون، ئەمە سەرباری ئەوەی لە کۆی ١٣ نەخۆشخانەی شارەکە ٩ نەخۆشخانەیان زیانی گەورەیان بەرکەوتووەو توانای پێشوازی کردنی نەخۆشیان نەماوەو ٧٦ بنکەی تەندروستی زیانی گەورەیان بەرکەوتووە. بەشێوەیەکی گشتی نزیکەی ٨٠ لە سەدی ژێرخانی ئابوری شاری موسڵ زیانی گەورەیان بەرکەوتووەو هێندەی تر ژیانی هاوڵاتیانی لەو شاردەدا زەحمەتتر کردووە.

لە ساڵی ٢٠١٧دا کۆنگرەی نێودەوڵەتی کوێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق رێکخرا، کە تیایدا وڵاتانی کۆمەکبەخش بڕیاری پێدانی هاوکاری و کۆمەکیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق راگەیاند، بە پێی وتەی لیز گراندی نوێنەری پرۆگرامی گەشەپێدانی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بڕی ٤٢٠ ملیۆن دۆلار لە سندوقی ئاوەدانکردنەوەی عێراق کۆکراوەتەوە کە ئەو بڕە پارەیە بەراورد بە ئاستی زیانەکانی عێراق بڕێکی کەمە.

لە لایەکی دیکەوە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بڕی ٣٥ ملیۆن دۆلاری تەرخانکردووە بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی پەروەردە لە موسڵ. بەڵام هەموو ئەو هەوڵانە نەیانتوانیوە خەم و ئازارەکانی هاوڵاتیانی موسڵ بڕەوێنێتەوەو باری ژیانیان سوک بکات، بە بڕوای بەشێکی زۆریان گەندەڵی و کەمتەرخەمی دەزگا حکومیەکانی شارەکە هۆکارێکی سەرەکی خاو بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی شارەکەیە.

رووداوی ژێر ئاوکەوتنی بەلەمەکەی رووباری دیجلە لە ٢١ی ئازاری ٢٠١٩ جارێکی دیکە دەرگای لەسەر ئەو نیگەرانی و ناڕەزاییانەی دانیشتوانی موسڵ کردوەو لە دەستپێکی داواکاریەکانیاندا خۆپیشاندەران داوای دەست لە کارکێشانەوەی پارێزگاری شارەکەین کرد، رۆژی ٢٤ی ئازار ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی دەنگ نەوفەل عاکوب و هەردوو جێگرەکەی لەسەر کار لاداو تۆمەتبارکرا بە کەمتەرخەمی و گەندەڵی بەهەدەردانی سامانی گشتی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات.

بەڵام پێ ناچێت ئەو رێوشوێنانە هیچ لە خەمی دانیشتوانی شارەکە کەم بکاتەوە، بەوپێیەی دوای دوو ساڵ لە ئازادکردنەوەی شاری موسڵ هێشتا خزمەگوزاریە بنەڕەتیەکان بۆ دانیشتوانی شارەکە لە ئاستێکی زۆر نزم و خراپدایە و بێکاری و خراپی گوزەرانی خەڵکیش هێندەی تر ژیانی لە شارەکەدا سەخت کردووە. لە لایەکی دیکەشەوە چالاک بونەوەی شانە نوستووەکانی داعش و قۆستنەوەی ئەو نیگەرانیانەی خەڵک مەترسیەکی دیکەو وەکو تارماییەکی ترسناک باڵی بەسەر کەش و هەوای سیاسی و ئابوری شارەکەدا کێشاوەو بەرپرسانی عکومەتی ناوەندی خستۆتە بەردەم بەرپرسیارێتیەکی گەورەوە.