ڕاپۆرتی کوردستانی

09:09 - 30/03/2019

كێشەیەك بەبەرۆكی پرۆسەی سیاسیەوە‌

پشدەر بابەكر

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی 14 ساڵی رابردوودا بۆتە سەرچاوەی بەشێك لەكێشەكانی ناو پارتە سیاسیەكان، ئەم كێشەیە لەكوێوە سەرچاوەی گرت؟ بۆچی گەورەبوو؟ چ رۆڵێكی لەململانێ سیاسیەكان هەبووە؟

رۆژی 1ی كانونی یەكەمی ساڵی 2004 جلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی لەهاوینەهەواری پیرمام رێككەوتننامەیەكیان واژۆكرد، كە دواتر بەرێككەوتنی بارزانی و تاڵەبانی ناسرا و بووە بەردی بناغەی رێككەوتنی ستراتیژی یەكێتی و پارتی كە لەهاوینی ساڵی 2007 واژۆكرا، بەپێی رێككەوتنی بارزانی – تاڵەبانی پۆستی یەكەمی هەرێمی كوردستان بۆ مەسعود بارزانی و پۆستی یەكەمی كوردیش لەعێراق بۆ جلال تاڵەبانی دەستنیشان كرا.

لەسەر ئەو بنەمایەش  رۆژی 7/4/ 2005 جەلال تاڵەبانی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بەپشتیوانی مەسعود بارزانی بووە یەكەم سەرۆك كۆماری كورد لەمێژووی عێراقی نوێدا، رێك 60 رۆژ دوای ئەوە بەروارە و رۆژی 7/6/2005 پەرلەمانی كوردستان كە لەلایەن عەدنان موفتی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیەوە سەرۆكایەتی دەكرا، یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی دەركرد بەناوی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان/عێراق، یاسایەك كە لە 20 مادە پێكهاتبوو و تەواوی داوكاریەكانی پارتی و مەسعود بارزانی تێیدا جێكرابۆوە، و پێنج رۆژ دواتر و رۆژی 12/6/2005 مەسعود بارزانی وەك یەكەم سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەپەرلەمان دەست بەكاربوو، بەپێی یاساكە بۆ خولی یەكەم سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت و بۆخولەكانی تر لەدەنگدانی راستەوخۆدا دەبێت.

خولی دووەمی بارزانی
لەچوارچێوەی رێككەوتنی  هاوینی ساڵی 2007ی یەكێتی و پارتی ئیدی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی و سەرۆكی هەرێم بۆ پارتی یەكلایی كرایەوە، لەسەر ئەوبنەمایەش لەهەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی هەرێم كە لە 25/7/2009 ئەنجامدرا، ئەندام و لایەنگر و راگەیاندنەكانی یەكێتی و جەلال تاڵەبانی داوایان لەخەڵكی كوردستان كرد دەنگ بەمەسعود بارزانی بدەنەوە بۆ سەرۆكایەتی هەرێم و بەهۆی پشتیوانیەكانی یەكێتیشەوە بارزانی نزیكەی 70%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا.

سەرۆكایەتی هەرێم لەدەستوردا
یەكێتی و پارتی رۆژی 22/6/2009 یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2009 یان لەپەرلەمانی كوردستان لەدوا دانیشتنی پەرلەمان بەزۆرینە تێپەراند، لە پرۆژەی دەستوری كوردستانیش تەواوی داواكاریەكانی پارتی جێیان كرایەوە و بڕیاریش درا، دەستورەكە لە25/7/2009 بخرێتە بەردەم خەڵكی كوردستان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەربدرێت.
بەپێی دەستورە هاوبەشەكەی یەكێتی و پارتی، سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵكدا هەڵدەبژێردرا، دەستورەكە لە 149 مادە پێكهاتبوو، تێیدا سەرۆكی هەرێم ژمارەیەك دەسەڵاتی زۆری پێدرابوو لەوانەش لەمادەی 89 دا دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی هەبوو، هەروەها بەپێی مادەی 92 سەرۆكی هەرێم بەشێك بوو لەدەسەڵاتی جێبەجێكردن و ئەم دەسەڵاتانەی هەبوو:

1- سەرۆكی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێكردن
2- فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگە
3- نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان دەكات لەدەرەوە و هەمەهەنگی نێوان بەغداد و هەرێم رێكدەخات.

سەرباری ئەوەش لەمادەی 97ی پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان چه‌ندین ده‌سه‌ڵات دراوه‌ به‌ سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌ ئه‌مه به‌شێكیانه‌:
یەكەم: پێشنیازكردنی پرۆژەی یاسا و بڕیارەكان بۆ پەرلەمانی كوردستان- عێراق.
دووەم: دە رۆژدا لە مێژووی وەرگرتنیانەوە لەلایەن دیوانی سەرۆكایەتییەوە، بۆی هەیە تانە لەبریارەكانی پەرلەمان بدات ‌ بدات.
سێیەم: دەركردنی مەرسوم بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی كوردستان.
چواره‌م: هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستانی بەمەرسومێك لەو حاڵەتانەدا كە ئەم دەستوورە یان یاسای پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی پێدەكات.
پێنجه‌م: دەركردنی مەرسوم گەلێك كە هێزی یاسای هەیە لەدوای راوێژكردن ورێككەوتن لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەوەش لە كاتێكدا كە هەرێمی كوردستان و سستەمی سیاسی یان ئاسایشە گشتییەكەی یان دامەزراوە دەستوورییەكانی بەرەوڕووی مەترسیی تێكدەرانەی ئەوتۆ ببنەوە كە هەڕەشە لەكیانەكەی بكات و پەرلەمان نەتوانێ‌ كۆببێتەوە.
شه‌شه‌م: دەركردنی لێبوردنی گشتی لەوانەی حوكم دراون بەپێی یاسا.
حه‌وته‌م: راگەیاندنی باری نا ئاسایی لەحاڵەتی شەڕ یان داگیركردن یان یاخیبوون یان ئاژاوە یان كارەساتی سروشتی یان بڵاوبوونەوەی پەتا یان هەر بارێكی كتوپڕی دیكە بەومەرجەی ماوەی یەكەم لەمانگێك زیاتر نەبێت و درێژكردنەوەی كاتەكە بە رەزامەندیی پەرلەمان دەبێت و بۆ هەر جارێك لە سێ‌ مانگ زیاتر نابێت.
هه‌شته‌م: رێگەدان بەهێزی چەكداری فیدراڵی بۆ ناو هەرێم لەكاتی پێویستدا بە رەزامەندیی پەرلەمانی كوردستان- عێراق بەمەرجێك كار و جێگەو ماوەی مانەوەیان دیاری بكرێت.
نۆیه‌م: دەركردنی مەرسومێك بۆ قبوڵكردنی دەست لەكار كێشانەوەی ئەنجومەنی وەزیران یان وەزیر و راسپاردنیان بە بەردەوامبوون لە كارەكانیان تا پێكهاتنی وەزارەتی نوێ‌.
ده‌یه‌م: دامەزراندنی دادوەرەكان و سەرۆك و ئەندامانی داواكاری گشتی دوای كاندید كردنیان لەلایەن ئەنجوومەنی قەزای هەرێمەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا لەمادەی 101 دا ئەنجومەنی وەزیران لەژێر چاودێری سەرۆكی هەرێم دایە و لەخاڵی پێنجەمی هەمان مادەدا سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بەرەزامەندی سەرۆكی هەرێم، بۆی هەبوو ناوی وەزیرەكانی بداتە پەرلەمانی كوردستان، لەمادەی 105 بڕگەی دوودا سیاسەتی گشتی هەرێم لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران بەهاوبەشی لەگەڵ سەرۆكی هەرێم دادەرێژرێت.

بەپێی خاڵی دووەمی مادەی 114ی پرۆژە دەستورەكەش ئەندامانی دادگای دەستوری لەلایەن ئەنجومەنی دادوەری بەراوێژ لەگەڵ سەرۆكی هەرێم دیاری دەكرێن، لەخاڵی سێیەمی هەمان مادەشدا ئەندامانی دادگای دەستوری لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە بەمەرسومێك دیاری دەكرێن.
لەمادەی 116 دا سەرۆكی دادگای دەستوری و دادوەرەكانی لەبەردەم سەرۆكی هەرێمدا سوێند دەخۆن
سەرباری ئەوەش پرسی لابردنی سەرۆكی هەرێم و دادگایكردنی لەدەستور یەكلایی نەكرابۆوە و راگەیەندرابوو كە دواتر ئەمە بەیاسا رێكدەخرێت.
ده‌ستور نه‌خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی نیگه‌رانییه‌كی زۆری له‌ناو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان دروست كرد  و لەدوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان لەساڵی 2009 دا پرسی سەرۆكایەتی هەرێم چووە قۆناغێكی تازەوە، گۆڕان جەختی لەرەتكردنەوەی ئەو پرۆژە دەستورەكردەوە و رێگریشی كرد لەوەی بخرێتە دەنگدان، بزوتنەوەی گۆڕان زۆر بەئاشكرا رایگەیاند دەبێت سەرۆكی هەرێم پۆستەكەی تەشریفاتی بێت و سیستمی حوكمرانی پەرلەمانی بێت و هەموو دامەزراوەكانیش لەژێر چاودێری پەرلەمان و دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاكی دابن.

ساڵی 2013 و كاتێك ماوەی مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم بەسەرچوو، پەرلەمانیش لەكۆتایی ماوەی یاسایی خۆیدابوو، هەردوو فراكسیۆنی یەكێتی و پارتی بەهاوبەشی پرۆژەیەكیان بۆ درێژكردنەوەی ویلایەتی مەسعود بارزانی ئامادەكردوو و رۆژی 30 حوزەیرانی ساڵی 2013 یاسای ژمارە 19ی ساڵی 2013 یان تێپەراند ، بەپێی یاساكەش ماوەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی تا 19ی ئابی 2015 درێژكرایەوە. 
دوای ئەوەی ماوەی سەرۆكایەتی بارزانی لە 19/8/2015 دوای دووساڵ لەدرێژكردنەوە كۆتایی هات پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵیدا هەمان هەنگاو لەرێگەی پەرلەمانەوە بنێت، بەڵام پارتی بەئامانجەكەی نەگەیشت ، لەبری ئەوەش دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان سەردانی لایەنەكانی كرد و رۆژی 9ی نیسانی 2015 سەرۆكی پەرلەمان و سكرتێری پەرلەمان  لەگەڵ نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەشاری سلێمانی كۆبونەو دوای كۆبونەوەكەش رێكخەری گشتی ئەوكاتەی بزوتنەوەی گۆڕأن رایگەیاند ئەوان سیستمێكی حوكمرانی هاوشێوەی بەغدایان دەوێت كە خۆی لەسیستمی پەرلەمانیدا دەبینێتەوە.
سەرئەنجام چوارلایەنی سیاسی كە بریتی بوون لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆران و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی چوار پرۆژەیان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لە رۆژانی 21ی ئایار و 10ی حوزەیران و 15ی حوزەیران و 21 حوزەیرانی 2015 پێشكەش كرد، هەر چوار پرۆژەكەش جەختیان لەگۆڕینی سیستمی حوكمرانی هەرێم لەسەرۆكایەتیەوە بۆ پەرلەمانی دەكردەوە، بەهۆی ئەوەی پارتی پرۆژەی بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم نەبوو رۆژی 12/10/2015 رێگری لەچوونی یوسف محەمەد سەرۆكی ئەوكاتەی پەرلەمان كرد بۆ سەركارەكەی لەشاری هەولێر و بەهۆیەوە لەبازگەی پردێ گەڕێندرایەوە.
دوای ئەوە پارتی بەپشت بەستن بە بۆچوونی ئەنجومەنی شورای سەر بەوەزارەتی دادی حكومەتی هەرێم ماوەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی لەمانگی ئابی ساڵی 2015 درێژكرایەوە و یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش هیچ نارەزایەتیەكی پیشان نەدا، نەك هەر ئەوەش بەڵكو یەكگرتووی ئیسلامی و یەكێتی نیشتمانی پشتیان لەپرۆژەیاسای هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم كرد.

بزوتنەوەی گۆڕان و كاندید بۆ سەرۆكایەتی هەرێم
دوای ئەوەی راگەیەندرا كە رۆژی 1/11/2017 هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم دەكرێت، بزوتنەوەی گۆڕان ئەگەرچی بەهەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵكدا رازی نەبوو بەڵام رۆژی 10/3/2017 وەك یەكەم لایەنی سیاسی كوردستانی محەمەد تۆفیق رەحیمی وەك كاندیدی سەرۆكی هەرێم دیاریكرد.

دوای ریفراندۆم و گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە رۆژی 29/10/2017 پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2017ی دەركرد كە تێیدا دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی بەسەر دامەزراوەدەستوریەكانی هەرێمی كوردستاندا دابەش كرد، و كارەكانی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵپەسێردرا.

تازەبوونەوەی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم 
لەدوای هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی 30ی ئەیلولی 2018 وە گفتوگۆی لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت دەستیان پێكرد، هەرلەسەرەتاوە بزوتنەوەی گۆڕان گۆڕینی سیستمی حوكمرانی و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی لەناو پەرلەمان كردە مەرجی دانوستان و دواجار پارتیش نەرمی بەرامبەر ئەو داواكاریە پیشاندا.

بزوتنەوەی گۆڕان و سەرۆكایەتی هەرێم
بەپێی رێككەوتنەكەی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان كە رۆژی 18ی شوبات واژۆكرا، سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت، بەوەش وەك سەركردەكانی گۆڕان دەڵێن ئامانجەكەی خۆیان بەدی هێنا و لەئێستاشدا كار بۆئەوەدەكەن كە لەپرۆژەدەستوری داهاتوو كە بڕیارە تا سەرەتای ساڵی داهاتوو ئامادەبكرێت،سیستمی حوكمرانی بەتەواوەتی بكرێت بە پەرلەمانی.